"an independent online kurdish website

کۆبانی کە ئیستا بۆتە ڕەمزی بەرخودانی ڕۆژئاوای کوردستان و لە هەمان کاتیش دا بە هۆی جیدیەت و بەدەنگەوەهاتنی سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان ، هێزی هاوپەیمانانی دژی داعش بەسەرکردایەتیی ئەمریکا و هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان پاڵ پشتی لەو بەخوردانەی کۆبانی دەکەن و شەڕ لە ٥٩ مین ڕۆژی خۆیدایە.kavos_azizi12

  تورکیە زۆری هەوڵدا کە بەو شێوەیە نەبێ و دەیهەویست خەڵکەکە لە کۆبانێ دەربکەوێ و ئەوشارە وێڕای ئەو ژمارەیەی گریلاکانی پاراستنی شارەکە خەڵتانی خوێن بکرێن، بەڵام لەم هەوڵەی دا نە تەنیا سەرنەکەوت، بگرە تووشی خەساری ئیعتیماد  لە لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هات. بۆیەشە جۆرێک ئۆغدە  بە نیسبەتی ڕۆژئاوای کوردستان لە لای دەسەڵاتدارانی تورکیە دروست بووە و دەهەوڵی بەرەیەکی تر و پیلانێکی تردان.

هەر وەک دیتمان لەلایەک تورکیە زوو دەرگای کردەوە تا خەڵک شار چۆڵ بکەن و لە لایەکی دیکەشەەوە پشتگیریی هەمەلایەنەی بۆ داعش دەنارد. هەروەها تورکیە هەوڵی ئەوەی بوو کە ناوچەیەکی ئەمن لە نێو سنووری سووریا دروست بکا و خۆشی ببێتەوە کوێخا و دەمڕاستی ئەو ناوچەیە تا هەم لەلایەک نەوتی بەلاشی دەستکەوێ و لە لایەکی دیکەشەوە ئەو مەوجوودیەتەی کورد کە لەوێ دروست بۆوە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەبەین ببات.

ئەوەبوو تورکیە هەتا ئەم ساتەوەختەش بە جیدی دەستی لە پاڵ پشتیی داعش هەڵنەگرتووە ونەهاتۆتەوە نێو هاوپەیمانیەتیی نێو دەوڵەتی بە دژی داعش. بەڵام ئەوە بوو کە دیتمان ئەمریکا لەگەل هەرێمی کوردستان هەماهەنگیی پیویستیان کرد و لە کاتێکی زۆر چارەنووس ساز دا لەڕێگای هەوایی یارمەتیی پاڕێزەرانی کۆبانیان دا و تا ڕادەیەک بۆ تورکیە دەرکەوت کە ئەمریکا بێ منەتە لەوەی کە تورکیە ڕێگای زەمینی بدات یان نا ؟ بۆیە تورکیە بۆ ئەوەی هەمووی لەدەست نەچێتەوە دەر ڕێگای دەرباس بوونی کاروانێکی پێشمەرگەی باشووری دا تا دەرباس بنەوە کۆبانێ.

ئیستا ئیدی خەتەری جاران لە سەر کۆبانی نەماوە و ئیمکانی ئەوەی کە داعش بەتەواوی شارەکە داگیر بکات کەم بۆتەوە ، و لەگەل ئەوەش دا ئەو شوێنانەی کە داگیری کردوون وەرنەگیراونەتەوە و جارێ داعش مەوجوودە و نابێ زۆریش دڵنیابن لەوەی کە سەرکەوتن مسۆگەرە.

دەزانین کە داعش و بەرەی نوسرە تا ماوەیەک لەمەوبەر شەڕیان بوو و داعش توانیبووی نوسرە شکست پێ بێنێ و زۆر ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی نوسرەی خستیە دەست خۆی و ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی نوسرەش بەیعەتیان لەگەل خەلیفەی داعش کرد. هەر وەها لە بەرەی شۆڕشگێرانی سووریەش ژمارەی هەرە زۆریان بە هەمان شێوەی ئەو ژمارە زۆرەی چەکدارانی نوسرە بەیعەتیان لەگەل خەلیفە کردووە و ئیستا داعش لە سووریەی دەرەوەی دەسەلاتی ئەسەد دا لایەنی هەرە باڵادەست و خاوەن هێزە و بگرە ڕۆژانە نەوت لە ڕیگای تورکیەوە سادر دەکا و داهاتەکەی دەکاتە خەرجی شەڕ.

چەند ڕۆژێک دەبێ کە نوسرە و داعش ئاگر بەسێکیان ڕاگەیاندووە. ئەوەش دەتوانین وای بۆ بچین کە ئاگربەستی نێوان ئەو دوو لایەنە توندئاژۆیە بۆ چەسپاندنی هاوپەیمانیەتی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولایەن، دەستپێکی هێرشی تازەی نوسرە دەبێ بە دژی کورد کە ئەم جارەیان لە کانتۆنی عەفرین دەست پێدەکاتەوە. نوسرە سالانی پێشوو بە دژی کوردەکان شەڕێکی توندی دەکرد . بەتایبەتی ‌هێرش بۆ “سەرێ کانیێ” .

نوسرە ئیستا پانزدە کیلۆمیتر لە عەفرین دوورە کە مەودایەکی یەکجار زۆر کەمە بۆ شارێک. لەهەمان کاتیش دا لە هێرشەکانی ئیحتیماڵیی داعشیش دڵنیاییە کە ناکرێن. بۆیە بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە بەرەی نوسرە و داعش دەهەوڵی ئەوەدان کە هێرش بکەنە سەر عەفرین.

لە وەها دۆخێک دا بۆ ئەوەی کە سیناریۆی کۆبانی دوبارە نەبێتەوە، پێویستە لایەنی کوردی هەر لەمڕۆوە دەهەوڵی دابین کردنی چەک و چۆڵ و هێزێکی زیاتر بێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی نوسرە و داعش بۆ سەر عەفرین. هەمووشمان دەزانین کە تورکیە ئەمجارەیان زیاتر لە جاران پشتیوانیی نوسرە و داعش دەکا بۆ شەڕ بە دژی عەفرین. تورکیە دەیەوێ ئەوەی لە ” سەرێ کانیێ و کۆبانی” دەستی نەکەوت ، لە عەفرین دەستی بکەوێ .

جارێکی دیکەش دوپاتی دەکەمەوە کە شەڕ و هێرش بۆ سەر عەفرین لە بەر دەرگایە و هیچ گومانێکی تێدا نیە. کەوایە سەرکردایەتیی کورد پیویستە لەبیری دابین کردنی چەک و ئیمکاناتی بەرگری دابێ.

نابێ چاوەڕوان بین تا نوسرە لە سەر چەند بینایی و تەپۆڵکە ئاڵای ڕەشی نەگبەتیی خۆیان هەڵدەنەوە، جا کورد هەستێتەوە سەرپێ کە ئەوکات ڕەنگە درەنگ بێ. 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی