"an independent online kurdish website

لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکاندا بەگشتی چەمکی یەک قەبوڵ نەکردن و جیابوونەوە وەکوو کێشەیەکی هەرە گەورە و چارەسەر نەکراو سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا جیابوونەوە و بوونی بیر و رای جیاواز و قەبووڵ کردنیان کرۆکی دێموکراسی و پێکەوە ژیانە و بوونی کۆمەڵە حیزبێک هیچ کێشەیەک و گوناحێکی تێدا نیە.ajin_shexi


بە داخەوە بەشێک لە دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات رەخنە لەو حیزبە دەگرن کە گوایە نەدەبوو جیابوونەوە تێیدا روویدابا، یان حیزب نەدەبوو بووبا بە دوو و کۆمەڵێک لەم جۆرە قسانە کە رۆژانە لە گۆشە و کەنارەکانەوە گوێبیست دەبین و زۆربەشیان تەنیا رێگا چارە بۆ جوبران کردنەوەی کێشەکە بە یەکگرتنەوە دەزانن.

یەکگرتنەوە بەواتای چی؟ حیزبی دێموکرات و کۆمەڵگاش دەبێ ئەوە قەبووڵ بکەن کە برادەرانێک لەو حیزبە دابڕاون و ئێستا حیزبێکی دیکەیان بە ناوێکی تا رادەیەک جیاواز دامەزراندوە و وەکوو باقی حیزبە نوێکان خاوەن داری لە کۆماری کوردستان و بە قسەی خۆیان ”حیزبی دێموکراتی پێش جیابوونەوە” دەکەن.

حیزبی دێموکرات ئێستا دوو حیزب نیە یان بە وتەی هەندێک لە باشوورییەکان دوو بەرە نیە، حیزبی دێموکرات لە کۆماری کوردستانەوە و لە رێبەرایەتی نەمران قاسملوو و شەرەفکەندییەوە هەتا ئێستا بە دەیان هەزار کەس هاتوونەتە ریزەکانییەوە و بە دەیان هەزاری دیکەش ریزەکانی ئەو حیزبەیان بە جێ هێشتووە، پێویستە خەڵک لەوە تێبگات کە ئێستا حیزبێکی دیکە بە ناوی دێموکرات بوونی هەیە و پێویستە قبووڵ بکرێت و رێز لە بیر و بۆچوونەکانیان بگیردرێت، بەڵام حیزبێک کە خاوەنی مێژووی پڕسەروەری و میراتگری راستەقینەی قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی بێت ئەوا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

لە مێژووی ئەو حیزبەدا زۆر دابڕان و بە وتەی هەندێ لە برادەران جیابوونەوە رووی داوە، گەورەترین هەڵەش کە رێبەرایەتی ئەو کاتی حیزب دوای شەهید بوونی د. شەرەفکەندی کردیان، هاتنەوەی بەشێک لەو برادەرانەی کە لەسەردەمی د. قاسملوو دا لە حیزب لایان دابوو و ناوزەد کردنی بە یەکگرتنەوە کە دەکرا هەر وەرنەگیردرێنەوە یان دوای گەڕانەوەشیان بە ناوگەلێکی وەکوو پەیوەست بوونەوە یان گەڕانەوە ناودێر بکرابایە بوو، ئەگەر ئەو یەکگرتنەوە رووینەدابا لەوانە بوو کە چی دیکە کەس ئەو مافەی بە خۆی نەدابا کە ناوی جیابوونەوە یان رەسمیەت دان بە بوونی دوو حیزب بە هەمان بیر و باوەڕ بهێنێت.

بە داخەوە ئەنجامی ئەو هەڵەیە کە بە یەکگرتنەوە ناو زەدکرا لە دەیەیەکدا بە دیار کەوت و یەکێک لە هەرە مۆرە ئەسڵییەکانی یەکگرتنەوە بووە ماتۆڕی جیابوونەوەی دوای کۆنگرەی ١٣ و ئەو برادەرانەی کە نیاز پاکی خۆیان راگەیاندبوو و گەڕابوونەوە نێو حیزبی دێموکرات جارێکی دیکە و بە بەهانەی جیاواز ریزەکانی ئەو حیزبەیان جێ هێشتەوە.

ئەکرێت و ئەتوانین بڵێین کە شتێک بە ناوی جیابوونەوە رووی نەداوە هەتا یەکگرتنەوە بێتە کایەوە، تەنها بەشێک لە هاوڕێیان، کە خۆیان بە پەیڕەوی کۆنگرەی ١٢ دەزانی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەی ١٣یان پێ پەسەند نەکرا کە پەسەندیشیان کردبوو، ریزەکانی ئەو حیزبەیان وەکوو هەزاران کەسی دیکە جێ هێشت و حیزبێکی نوێیان بە ناوێکی تا رادەیەک جیاواز پێکهێنا، تەنها هەڵەیەکیش کە کردیان و بە رای من مەبەستیان لەو کارەشیان ئەوە بوو کە وەکوو کارتێکی فشار یان لە ئەگەری سەرنەکەوتنیان بۆ یەکگرتنەوە بە کاری بهێنن، موزایەدە کردن بە مێژووی حیزبەوە و خاوەنداریکردنی ئەو مێژووە بوو، دەنا دەیان توانی وەکوو باقی جیابوونەوەکانی دیکە ”جیابوونەوەی یەکیەتیی لە پارتی و گۆران لە یەکیەتیی” بە ناو و بیرێکی جیاوزەوە قورسایی و سەنگی خۆیان بسەلمێنن، بە داخەوە لاسایی کردنەوە بە تایبەتی لە فەرهەنگی رۆژهەڵاتی شتێکی زۆر باوە و چلۆن برادەران لاسایی تاقمی حەوت کەسیان کردەوە لە جیابوونەوە و باقی حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتیش لاسایی دێموکراتییان کردەوە و یەکترییان قەبووڵ نەکرد و لەسەر رەگی هەمان حیزبی پێشوو حیزبێکی نوێیان دامەزراند، کە ئەمە بۆخۆی دەبێتە هۆکاری یەک نەگرتن.

تەنها چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتەی ئێستا دەبێ حیزبەکان وەکوو حیزب رەفتار بکەن نەک دوو بەرەی جیاواز و تەنیا لە فکری پێکهێنانی ئیتلاف بن نەک یەکگرتنەوە، چوونکە هیچکات دوو فکری جیاواز لە یەک ماڵدا کۆنابێتەوە بەڵام لە گەڕەکێکدا بە سەدان فکر و بۆچوون هەیە، پێویستە ئیتلافێک لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان پێکبێت و حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات گرینگترین هۆکاری دامەزرانی خۆیان لە بیر نەچێتەوە کە خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیەکە، نەک لە فکری جیابوونەوە و پاشان یەکگرتنەوە بن، قسەیەکی کۆنی کوردی هەیە کە دەڵی جام کە شکا چاک نابێتەوە یان ئاو کە رژا کۆنابێتەوە.


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی