"an independent online kurdish website

مرۆڤ بوونەوەرێکە کە جیهانی

خۆی و بوونی خۆی دەخولقێنێ.”

مارکس- دەستنووسەکانی ئابویی و فەڵسەفی

kamran-amin-kawe

زۆرجار بۆ هەڵسەنگاندنی کەسایەتی‌یەکان بایه‌خ بە وتەکانیان دەدرێ تا ئاکاریان. ئەو ئاکارانە تەنیا ناگەڕێنەوە سەر بۆچوون و هەڵوێستیان سەبارەت بە ڕووداوێکی نێو کۆمەڵگا یان کێشەیەکی سیاسیی، بەڵکوو بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر شێوازی ژیانی ئاسایی‌و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بنەماڵە‌و دۆست‌و کەسانیان. هەر وەکو لە نێو کوردان‌دا بە نێوبانگە «قسە هەزارە و یەکی بە کارە«.

 دەڵێن پاش شۆرشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ زایینی‌و بە دەسەڵات گەیشتنی بۆڵشویکەکان لە ڕووسیە‌دا زۆرجار بە بۆنەی ڕێورەسمی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن، کەسێکیان بۆ باسکردن لەسەر ماڤەکانی ژن و رێزگرتن لەوان  بۆ نێو کۆڕ و کۆمەڵەکان دەنارد.

ڕۆژێک وتەبێژێکی بە نیوبانگیان بۆ کارخانەیەک نارد تا لەسەر کەرامەتی ژن‌و بنەماڵە قسەیان بۆ بکا، ماوەیەک تێپەربوو، هەموو چاوەڕوان بوون، دیتیان مەتەقی لێ‌دەرنایە و ئامادەی قسەکردن نیە. ناوبراو خۆی خافڵاند‌و بە بەیانویەک وەدەرکەوت و ئیتر نەهاتەوە. لێیان کۆڵییەوە، دیتیان لە ڕیزی ئەوەلی کۆبوونەوەکەدا هاوژینەکەی دانیشتووە. دەرکەوت کابرا بۆخۆی چاکی دەزانی کە ئاکاری خۆی‌و قسەکانی یەک ناگرنەوە و ژنەکەی دەتوانێ لەوێ بە درۆی خاتەوە، لەو ڕووە وازی لە قسەکردن هێناو و بۆی دەرچوو.

لە نێوان ئەوانەی کە خۆیان بە سیاسی لەقەلەم دەدەن و جاروبار لاپەرەیەکی زۆر بۆ بەرگریی لە ماڤی مرۆڤ و گەڵی کورد ڕەش دەکەنەوە، کەم نین ئەوانەی کە لە ژیانی ئاسایی خۆیان لە هیچ چەشنە ئاکارێکی نەشیاو وەکو توندوتیژی‌و قسەی پیس و تۆمەتبارکردنی ئەم‌و ئەو کۆتایی ناکەن، بەڵام تێدەکۆشن لە بەرامبەر کەسانی نامۆ یان ئەوانەی کە شارەزارییان لەسەر نی‌یە، خۆیان وەکو ئینسانێکی باش، باوکێکی مێهرەبان، هاوسەرێکی دڵسۆز و خۆشەویست، هاورێیەکی جێگای متمانە‌و مرۆڤێکی ئەمرۆیی و مۆدێرن نیشان بدەن، بەڵام بە پێی کاراکتێر، فەرهەنگ‌و کەسایەتی دوولایانەیان لەهەوەڵین کات‌دا ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشان دەدەن و بۆ دەوروبەرەکانیان دەردەکەوێ کە ئەمانە «گورگن لە کەوڵی مەڕدا«.

بەشێک لەم کەسانە تەنانەت سەرەرای بەسەربردنی ژیانێکی درێژخایەن لە وڵاتە ئوروپاییەکان‌و دوورکەوتنەوەیان لە کۆمەڵگای پیاوساڵار– ئایینی خۆیانیش، بەپێی بەرژوەندی جنسی وەکو «پیاو» و «گەورێ» ماڵێ، پارێزەری هەر ئەو داب و نەریتی خێڵەکی – ئۆڵیی وەدواکەوتووەی کۆمەڵگایەکن کە بە پێی بارودۆخی سیاسی و فەرهەنگی ئەوێ، هەروەها نەبوونی دەرفەت بۆ ژیانێکی ئازاد‌و ئینسانیی بە ناچار بەجێیان هەیشتووە.

ئەم چەشنە کەسانە لە ژێر کاریگەریی فەرهەنگی تاک‌و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای بە‌جێ هێشتووی خۆیان نایانهەوێ کەڵک لە بەشە ئەرێنییەکانی فەرهەنگی ڕۆژئاوا وەرگرن، لە نێو بنەماڵەی خۆیان و بە تایبەتی لە پێوەندیی لەگەڵ هاوسەرو منداڵەکانیان وەکو خاوەن مڵک هەڵسوکەوت دەکەن.

سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە بەشێک لەوانە کە بە هەڵکەوت یان بە ئاگاییەوە ماوەیەک لایەنگر یان ئەندامی ڕێکخراوەیەکی سیاسیش بوون یان هەن، جاروبار وانەی ڕیزگرتن لە ماڤی مرۆڤ بە خەڵکی دیکە دەدەن و دەیانەوێ کاریگەریشیان لەسەر ژیان و داهاتوی گەڵەکەیان بێ‌و هیوای باش‌و ئینسانی بەم و ئەو دەدەن، کەچی بۆخۆیان بەشێک لە سناریۆ وەداوکەوتووی فیکر و پەروەردەی پیاوسالار – ئایینین و هیچ وانەیەکیان لە ئاڵوگۆرەکانی دونیای ئەمرۆ وەرنەگرتووە و پێیان وایە دەتوانن لە وڵاتێک‌دا کە یاسا لەوێ سەروەرە بە شیوەیەکی خێڵەکێی هەڵسوکەوت بکەن.

 ئەو قسەیە دوور لە ڕاستیی نی‌یە کە دەگوترێ «لە ماوەیەکی کەم‌دا دەکرێ شۆرشێک سەرکەوێ و دەوڵەت و سیستمێکی سیاسی بگۆڕدرێ، یاخود لەچەندین دەیەدا باری ئابووریش ئاڵوگۆرێکی گەورەی بەسەردابێ، بەڵام بۆ گۆڕینی بیر و هزر و فەرهەنگ و هەڵسوکەوتی بنەرەتی نێوکۆمەڵگا جاروبار پێویستی بە ماوەیەکی درێژ خایەن و تەنانەت چەند سەدە هەیە.»

بێگومان تەنیا نووسین و دەربڕینی وتەی زێرین و جوان نیشانی ئەورۆیی بوونی ئینسان نی‌یە، بەڵکوو هاوئاهەنگی نیوان قسە و کردەوە و ڕێزگرتن لە کەرامەت و گەورەیی ئینسان کە لە بنەماڵەی هەر کەسێکەوە دەست‌پێدەکا پێوەری کەسایەتی و ئەخڵاقی هەر مرۆڤێکی دادپەروەر و ئازادیخوازە. پێویستە ئینسانی بەرپرس بۆ ڕۆڵگێرانی ئەرێنی لە ژیانی سیاسی – فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی‌دا لە پەروەردەکردنی خۆیەوە دەس پێ بکا و بەر لە هەموو شتێک خۆی لە کاریگەریی داب و نەریتی کۆن و دواکەوتوو ڕزگار کات و پاشان وانەی بەرێوەبردنی ژیانی هاوچەرخ، مرۆڤانە، پێشکەوتوو و بەختەوەرانە بە ئەم و ئەو بدات.


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی