"an independent online kurdish website

ئەوەی ڕاستی بێ ئەم کورتە نووسینەم ماوەیەکی زۆرە ئامادەم کردبوو، بەڵام هەربە مەسلەحەتم نەدەزانی بڵاوی بکەمەوە.

سەرەنجام ویستم لە ٢٢ مین ساڵی تێرۆری دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی دا بخەمە بەردیدی خوێنەران بە گشتی و ئۆگرانی ڕێبازی ئەو شەهیدانە بە تایبەتی. لام ڕوونە کە دەکەومە بەرلۆمە و گازندەی هاوڕێیانم ، بەڵام ئەو گازندە و لۆمەیە لەگەل ئەوەێ ڕێز لە بۆچوونی هاوڕێیانم دەگرم ، پاشگەزم ناکا لە دەربڕینی ئەوەی کە باوەڕم پێ یە، من هەمیشە گوتوومە و دیسانیش دەێڵێمەوە کە هیچ شتێک لە خۆ سانسۆری ناخۆشتر و دژوارتر نیە ، هەڵبەت لە نەزەر خۆمەوە بۆی دەچم.

دوکتۆر قاسملوو ٢٥ و دوکتۆر شەڕەفکەندی ٢٢ ساڵە لە نێوماندا نین و ئێستاش چەمینی پشتمان بە هۆی باری قورسی غەمی لە دەست دانیان و هاوکات جێی بەتاڵیان هەر پێمانەوە دیارە و گۆچانی ئەو پشت چەمینە بەدەستمانەوەیە. ئەگەر کەس نەزانێ کە تێرۆری ئەو دوو ڕێبەرە هەڵکەوتوو و تا ئێستاش بێ هاوتایەمان چ ئازار و چ بۆشایی یەکیان لە بزووتنەوەی کورد دا بەجێ هێشتووە ، خۆ ئێمەی ئەندامی بنەماڵەی ئەوان چاک دەزانین ئەوان چیان لەگەل خۆیان بردەوە و ئێمە بە نەمانی ئەوان چیمان لە دەست دا! لە کام لووتکەڕا داگەڕاینەوە کام قووڵکەی نوقوم بوون.

ئەوەی ئامانجی منە لەو کورتە نووسینەدا ئەوەیە کە: هەمووی ئێمە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان شانازیی ئەوەمان پێ بڕاوەتەوە کە یان قوتابی و هاوسەنگەری ئەو دوو ڕێبەرە بووین ، یان ئەوانەی کە ئێستا لاون ڕێبواری ڕێگای ڕێبەرانی شەهیدن، ئیدیعای ئەوە دەکەین کە زۆر شت لە دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەڕەفکەندی فێر بووین. منیش حاشا لەوە ناکەم ، بێ گومان لێیانەوە فێر بووین. لانی کەم ئەوە فێر بووین کە خەبات بکەین لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤ . فێر بووین کە لە پێناو بەرژەوەندیی حیزبی دا بەرژەوەندیی نەتەوەیی نەکەینەوە قوربانی. فێری ئەوە بووین کە کورد نەتەوەیەکی زوڵم لێکراوە و پێویستیی بە فیداکاریی ڕۆڵەکانیەتی. کەوابوو شت لەو گەورە ڕێبەرانە فێر بووین ، ڕەنگە شاهکاریشمان نەکردبێ کە لە دوو گەورە ڕێبەری نەتەوەکەمان کە هەردوویان لە   زانکۆ مامۆستا بوون ، شت فێر بوبین. هەر وادابنێین ئەوان هەر مامۆستان وئێمە قوتابی ، وەک هەموو قوتابی یەک کە لە مامۆستاکەی فێر دەبێ .

بەڵام لە بڕگەی جیاواز و بە پێی پێویستیی فەردی و مەحفەلی ، ئەو فێربوونە کراوەتە نەوعێک پڕووپاگەندە بۆ فەرد و بگرە مەحفەلی بچووکی نێو حیزب ، کە ئەو فەرد و مەحفەلانە ئامانجی گرتنە دەستی دەسەڵاتی حیزبیان هەبووە . زۆر جار ئیغراق کراوە و دەکرێ. کەسی وایە بە خۆی قەبڵاندووە کە ئەو لە هەموو کەس زیاتر لە قاسملوو و شەڕەفکەندی شت فێر بۆوە ، ئەوەش بەو ئامانجە بەیان دەکا کە گوایە من قوتابی و ڕێبواری هەرە لێهاتووی ڕێبازی ئەوانم و مافم لە هی ئەوانی تر زیادترە ، چوونکی لە خەڵکی تر زیادتر شت لەو ڕێبەرانە فێر بووم ، ئەو ئیدیعایە بە دوور نیە لە ڕاستی و بێ گومان ئاستی فێر بوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازی هەیە و ئەوە سروشتی قوتابی و مامۆستایە. بە حەق کڕیاری ئەو قسە هەست بزوێنانەش چ لە نێو حیزب و چ لە نێو کۆمەڵگای کوردی دا یەکجار زۆرن. هی وایە پێیوایە هەم زۆر شت فیر بووە، هەم وەک ئەوان ڕێبەری کردنی بزووتنەوەی کردۆتە سەرلەوحەی کارەکانی و هەرکاتێکیش دەچێتەوە بەر ئاوێنە لە باتی وێنەی خۆی، وێنەی ڕێبەرانی شەهید دەبینێ.

بەڵام لەو بەینە دا بۆچوونێکی جیاوازترم هەیە و مەرجیش نیە هاوڕێیان و هاوبیرانی ئێستا و ڕابردووم لەگەلی دا کۆک بن، بەڵام چوونکی قەناعەتی منە، دەخەمە بەر دیدی خوێنەران و بەتایبەتی هاوڕێیانی دێمۆکراتم.

من ئەو مودەعیانە بە سەر چەند بەش دا دابەش دەکەم:

یەکەم : زۆر کەس لە نێو حیزب بە گشتی و کادری ڕێبەریی حیزب دا بەتایبەتی شتی بە نرخ لەو ڕێبەرانە فێر بووە کە هەرکامەیان نرخ و بەهایەکی نەتەوەیین و دەتوانرێ بکرێنەوە مێتۆدی کار و خەباتی ئێستا و داهاتوومان . هەر وەها ئەو کەسانە لە بواری زانستی ، هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی سیاسەت و خەباتی شۆڕشگێڕانە ، ڕێبەری کردن و دیپلۆماسیەت و شێوەی ڕێبەری کردن لەو دوو سەرکردە شەهیدە فێر بوون.

بەڵام بەداخەوە لە پراکتیک دا ئەو شتانە تەنیا بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی حیزبی و بەرژەوەندیی خۆی و دەورووبەری کە زیاتر مەحفەلێک بوون و هەن بەکار هێناوە ، نەک حیزب و بزووتنەوە بە گشتی. واتە ئەو شتانەی کە لە قاسملوو و شەڕەفکەندی فێر بۆوە تەنیا لە خزمەت خۆی و مەحفەلەکەی دابووە و بەس.

دووهەم : دەستەیەکی تر لە ئەندامانی حیزب بەگشتی و کادری ڕێبەری بەتایبەتی هەبوون و هەن کە ئەوانیش مودەعی ئەوەن کە زۆر شت لەو ڕێبەرانە فێر بوون و لە قسە و لێدوانیان دا بەردەوام باسی دەکەن و نموونە و فاکت لە دوو سەرکردەی شەهید دێننەوە و دەیانەوێ وا نیشان بدەن کە زۆر شت لێیان فێر بوونەتەوە.

بەڵام دە عەسڵ دا ئەو دەستەیە کەمترین شت و لە هیندێک بواریش دا هیچ شتێک لە قاسملوو و شەڕەفکەندی فێر نەبوون. تەنیا و تەنیا لە ئیدارە کردن و ڕێبەری کردنی حیزب و بزووتنەوە دا دەیانەوێ وابنوێنن کە جێی ئەو ڕێبەرانەیان پڕ کردۆتەوە . واتە تەنیا ڕووبە خەڵک خۆیان بە قاسملوو و شەڕەفکەندی نیشان دەدەن و لە ئەساس دا شتێکی ئەوتۆیان لێ فێر نەبوون. تەنیا و تەنیا لاسای قاسملوو و شەڕەفکەندی دەکەن.

سێهەم: دەستەکیش هەن و زۆر شت لە قاسملوو و شەڕەفکەندی فێر بوون، بەڵام نە دەرەتانی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە و نە خۆشیان هیندە هەوڵیان داوە تا ئەو زانیاریانەی کە فێری بوون بخەنە بواری کار و خزمەت لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەیی . واتە فێر بوون ، بەڵام هەوڵی ئەوەیان نەداوە تا بەکاری بێنن. ئەو دەستەیە کەمینەیەکی زۆر زۆر بچووکن.

چوارەم : دەستەیەکی دیکەش هەیە کە نە باوەڕیان بەو ڕێبازە هەبووە و هەیە کە دوای پێشەوا قازی ،قاسملوو و شەڕەفکەندی ئاڵاکەیان بەبەرزی راگرتووە و تەنانەت نە هاوڕێ و هاوبیری ڕاستەقینەی ئەو ڕێبەرانەبوون. ئەوان زۆرجار لە پشت گەورەیی ئەو ڕێبەرانە دا سەنگەریان گرتووە، بەڵام سەنگەرەکەیان ڕووی لە خودی ئەو ڕێبەرانە بووە. ئەوان کەسانێکی بەرژەوەندیخواز و لە باوەڕ دا لەرزۆک بوون. شۆڕش و بزووتنەوەی کوردیان لا گرینگ نەبووە و زۆرتر حەز و ئاواتەکانی خۆیانیان وکە تاک و مەحفەل پاراستووە .

بە کورتی

بەداخەوە ڕێبەرانێک مان هەبووە و هەن ، یان زۆر شت لە قاسملوو و شەڕەفکەندی فێڕ بوون و ئەو شتانەیان بۆ خۆیان و بنەماڵە و مەحفەلەکەیان بەکار هێناوە ،یان ئەوەی کە کەسانێکیش هەبوون و هەن شتێکی ئەوتۆ لەو ڕێبەرانە فێر نەبوون ، بەڵام لاسایی قاسملوو و شەڕەفکەندی دەکەن لە و ئەدای سیاسەت و ڕێبەری کردنی حیزب دا. بۆیەشە وەزعی حیزبی ئێمە گەیاندرایە ئەمڕۆ کە بەداخەوە دوو بەشە و هەرکام لەو دوو بەشەش کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و تەشکیلاتیی هەیە کە چارەسەر کردنیان لە توانای ڕێبەریی ئێستایان دا نیە ، بەتایبەتی کێشەی هەرە سەرەکی کە یەکنەخستنی دووبارەی حیزبە لە قەوارەیەکی واحید دا .

سڵا ولە گیانی پاکی دوکتۆر سادق شەڕەفکەندی ، ئەو ڕێبەرە زانا و پێشمەرگەیەی هەتاسەرمان .

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی