"an independent online kurdish website

وتاری 4 ، پێشکەش بە 25مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو هاورێیانیmejid_heqi-0

مرۆڤ لە ناخی خۆیدا هەست بە گرنگی بایەخ و بەهاکان دەکات. شیکردنەوەی وردی بایەخەکان کارێکی ئەستەمە. بایەخ بابەتێکە کە بە زەحمەت بتوانرێت بە شێوەی کۆکنرێت و دیاری کراو شرۆڤە بکرێت. مژاری وا کەرەسەی بیرکردنەوەن. کەوابوو بیری کراوە پێویستی بە روونکردنەوەی مژارەکان دەکات. بۆ ئەوەی نەتەوەیەک ساز بکرێت، پێویستمان بە پێکهێنانی بە مژارە هاوبەشەکانە.

بەهاکان، کۆدەکانی مانیفیستی ئەخڵاقی رێکخراوەن. بایەخەکان نیشان دەدەن کە رێکخراو باوەڕی بە چیە. دیاری کردنی بایەخەکان دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ئاوات و خۆزگە و چاوەڕوانیەکان. گەر پێشڤەچوونێک لە پێناو گەیشتن بە بایەخەکان نەبێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەندامانی رێکخراو سستی بکەن و خۆیان لە رێکخراو و ناوەندی بڕیاردان دوور بزانن. رێبەریی بایەخەکان لە بڵاوکردنەوە و وەشانی ناو رێکخراوەدا دەست پێ دەکات. رێبەر دەبێ بتوانێت بنەماکانی بەهاکان بناسێت، پێویستی ئەوان هەست بکات و لە پێویستی و گرنگی بایەخ و بەهاکان بگات.  قاسملوو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیە، لە هەوڵی پێکهێنانی ناسنامە و بەها و کۆدەکانی هاوبەشی دێموکرات بوو، بۆ ئەوەی ئەندام بوون لە حیزبی دێموکرات دا هەڵگری پەیامێکی “ئەرزشی” بێت و هەمیش دێموکرات بوون ببێتە بەهایەکی گرنگ لە خەباتی نەتەوایەتیدا. وتەی قاسملوو کە دێموکرات شۆرشگێرە و پێشمەرگە شۆرشگیریکی دێموکراتە لەو روانگەیەوە دەشێ ببیندرێت.

رێبەر لە رێکخراودا دوو ئەرکی لە سەر شانە: یەکەم دەبێ هەلی پێشکەوتن و سەرکەوتن بۆ رێکخراو پێک بێنێت. دووەم ئەوەی کە دەبێ بەجۆرێک رێبەری رێکخراو بکات، کە بتوانێت لە هەلەکان کەڵک وەرگرێت بۆ بە ئامانج گەیشتن. بەشی یەکەم بە گشتی “ستراتێژی” ناو دەبردرێت و ئەرکی دووەم پێی دەوترێت “ئەرکەکانی ئۆپێراتیڤ”.

بەرێوەبەری بایەخەکان بە واتای دیاری کردنی ناوەرۆکی ئەوانە واتە شی کردنەوەی ئاسۆی رێکخراو، بەرێوەبەری ئامانجە کولتووریەکانی رێکخراوە (ئاستی ستراتێژی)، وزە دان بە ئاستی ئۆپەراتیڤی رێکخراوە و جێگرکردنی بەهاکان لە ئاستی کردەوە دا و هەروەها بەنۆرم کردنی بەهاکانە. بەهاکان هەروەها پرسێکی رێکخراوەیی و رێکخستنین. بە هۆی ئەوەی کە بایەخەکان بۆ تاکی مرۆڤ گرنگن. واتاکان پێوەندیان بە هەستی تاکەکەسەکانەوە هەیە. بایەخەکان وەک ژێنی مرۆڤ ڤان کە زۆرجار دەبنە هۆی رێنوێنی مرۆڤ بەبێ ئەوەی کە کەسەکە هەست پێ بکات یان بە زانینەوە بڕیاریان لە سەربدات.

ئەو کەسەی کە رێبەری بەهاکان دەکات، ناچارە پێداچوونەوە بە کردار و شێوەی رێبەری خۆی بکات. بە پێچەوانەی رێبەرانی نەریتی رێبەری بەهاکان، شێوازی رێبەریەکەی شێوازی رێبەری بە کۆمەڵە. رێبەری بەهاکان، رێبەرێکی خۆ ناوەند بین نیە و رێبەری دەکاتە پردێک بۆ پێکهێنانی هەست و باوەڕی هاوبەش. لە میتینگی گەورەی مەهاباد، کە لەودا چالاکی ئاشکرای حدکا راگەیاندرا، دکتۆر قاسملوو لە میتینگەکەدا، لە وەڵامی “بژی قاسملوو”ی خەڵک دا داوا دەکات کە ناوی ئەو نەهێنن و دروشمی “بژی دێموکرات بدەن”. ئەو هەروەها بۆ ئەوەی تاکپەرەستی هەروەک لە پێرەوی ناوخۆی حدکادا هاتووە، بە مەحکووم دەزانێت، داوا دەکات کە وێنەکانی لە بنکەکان و نووسینگەکانی حیزبی نەدرێت. ئەم نەریتە ئەمڕۆشی لە گەڵ بێت، لە ناو بنەماڵەی دێموکرات دا – هەرچەند بە لاوازیش بێت – بەرێوە دەچێت و کولتووری تاکپەرەستی و گەشە سەندنی دێکتاتۆری لە ناو حیزبی دێموکرات دا نەیتوانیوە جێگای خۆی بکاتەوە و دەسەڵات و ئاڵوگۆری دەسەڵات ببێتە شتێکی بنەماڵەیی و میراتی. 

بەرێوەبەری بایەخەکان، شتێکی جیاواز لە بەرێوەبەری رێکخراو و دیاردەیەکی جیاواز لە خودی رێکخراو نیە. بەرێوەبەری بەهاکان پێوەندی هەیە بە هەموو رێکخراوەکە و شێوازی رێبەری، ژینگەی رێکخراوە، کولتووری هەڵسوکەوتی ناوخۆیی و رووبەدەرەوەیی رێکخراوە و هەڵبژاردەکانی، ئامانج و تاکتیکەکانی رێکخراو لە خۆی دەگرێتەوە. بەرێوەبەری بایەخەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە رێبەران بە دڵ و گیانەوە ئەرکی رێبەری جێبەجێ بکەن و کردار و وتەیان هاوساز بن. ئەو دەبێتە هۆی گرێدراوەیی ودەروەست بوون بە رێکخراوە و هەرگاڤ لە کاتی گۆرانکاریەکانی رێکخراوەییدا بەرەورووی لێگەر و چالش دەبێتەوە. رێبەری بایەخەاکن دەبێتە هۆی گۆڕانی کولتووری بەرێوەبەری، گەشەکردنی ئاستی رێبەران و بەرپرسان و پێکهاتنی شێوازە نوێەکان.

کەمتر کەسێک هەیە لە دەیەی هەشتای زایینی دا، پێشمەرگەی دێموکرات بووبێت و دە سیمای دێموکراتی نەخوێندبێتەوە یا خود لە دیواری بنکە و مقەرەکان نەبینی بێت. ئەو دە تایبەتمەندیە کە بە سیمای دێموکرات ناسراون، کۆدی ئەخڵاقی و بایەخەکانی دێموکرات بوون، کە تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت، بەهای گرنگ و جێی سەرنجن. قاسملوو وەک داهێنەری ئەو بنەما ئەخڵاقی و تابلۆی ئێتیکی و ئەخڵاقی لە ناو دێموکرات و بزاڤی نەتەوایەتیەدا، ئەو بنەمایانە هاوکات لە گەل گەشەسەندنی رێبەری بەهاکان لە ولاتانی ژاپۆن و ئورووپا بەرەو کوردستان هێناو بەو شێوەیە دەیهەویست ئاسەواری چاکی بەجیهانی بوون و خۆ رێکخستن لە ناو بزاڤی کورد دا گەشە پێ بدات.  ئەمرۆ بەداخەوە ئاسەوارێکی زۆر لە سیمای دێموکرات بە شێوەی چالاک دیار نیە و سەرەرای ئاڵوگۆری زۆری کۆمەڵایەتی، هاتنە کایەی نەوەیەکی نوێ و گەشەکردنی گشتی کۆمەڵگا، دە سیمای دێموکرات تەنیا جاروبار ئاماژەی پێدەکرێت و هەوڵ بۆ دەوڵەمەندتر کردن و قووڵتر کردنی دەدرێت.

لێکۆلینەوەکانی زانستی رێبەری دەسەلمێنن کە زۆر لە تایبەتمەندیەکان لە هەموو بارودۆخێکدا بۆ رێبەر و رێبەری گرنگن. یەکەم ئەوە کە رێبەر دەبێ جێ بڕوابێت.  دەبێ وەک قسەکانی خۆی بژیت. رێبەری تەنیا هەڵسوکەوتی فەرمی و فەرماندان نیە. رێبەری جۆری بوونی مرۆڤە. رێبەری راستگۆ تەنیا ئەو شتەی کە راستە دەدوێت و مرۆڤەکان کاتێک بڕوا بە رێبەر دەکەن کە وتەکانی بە وتەی دکتۆر سەعید شەرەفکەندی جێگری بەهەقی دکتۆر قاسملوو “شکڵێکی ماددی و دەستگر بە خۆیەوە بگرێت.”   

تایبەتمەندیەکی دیکە کە لێکۆلینەوەکان دەسەلمێننن دەبێ رێبەر هەیبێ ئەوە کە بزانێ هێزی ژێر رێبەری خۆی بەرەو کوێ رێبەری دەکات. ئەوەکە “واقع بین بین”، “چاوەرێ بین با بزانین چی دەبێت”، “هەڵوێستی خۆمان دوای رووداوەکان دەرببڕین”، “سەرمایەگوزاری لە سەر کەسانێک کە دڵنیا نیت، بۆ حیزب دەبنە مال (بخوێنە دەبنە دەروێشی خۆت) چاک نیە” … و زاراوەگەلێکی دیکە کە بەداخەوە لە موددەعیانی جێنشینی دکتۆر قاسملوو دەبیسترێت، رێبەری نیە بەڵکوو دێماگۆژی و بەفێروودانی هێز وتوانای حیزب و گەلە. سێهەمین تایبەتمەندی دیکەی رێبەریی بایەخەکان ئەوەیە کە ئەو دەزانێت چی دەکات. بەرلەوەی کە بمانهەوێ سواری پاسێک بین، دەمانهەوێ دڵنیابین لەوەی کە شۆفێرەکە کەسێکی جێی بڕوا، شارەزا، تەندوروستە و مادەی هۆشبەر یان ئەلکۆهۆلی بەکار نەهێناوە. جیا لەوە دەمانهەوێ بزانیک پاسەکە بەرەو کوێ دەبات. داخوا شارەزای رێ و شوێنی لێخورێن بەتایبەت لە جادە شاخاویەکانی کوردستاندایە یان نە. قاسملوو خاوەنی ئەو سێ تایبەتمەندیە گرنگە بوو و بۆیەش گرنگی میراتی هزری و شێوازی رێبەری ئەو هەرچی لە مێژووی تیرۆری ئەو دوور دەکەوینەوە، زیاتر دەردەکەوێت و “بێ قاسملوویی” زیاتر هەست پێ دەکرێت.

 

رێبەرێک بیهەوێ رێکخراوەکەی بەرەو داهاتوو رێبەری بکات، دەبێ خۆی بۆ رێبەری کولتووری و چاندی ئامادە بکات. بۆ ئەوەی بتوانین بەو ئامانجە بگەین دەبێ زاراوەی “کولتوور و چاند” لە ناو رێکخراودا جێ بگرێت و لە مەیدانی کردەوەدا خۆی نیشان بدات. چاند یان کولتووری رێکخراوەیی چۆنیەتی هەڵسوکەوتە، شێوەی کارو چالاکی ئەندامانی رێکخراوە و ئەندامان لەو کولتوورەدا خۆیان لە ناو بنەماڵەی خۆیان هەست پێ دەکەن. لە سەردەمی رێبەری قاسملوودا بەشێکی زۆر لە باسەکانی پێوەندیدار بە کولتووری رێکخراوەیی رێنیشاندەر و ئایدیالی رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی دەبیندران. ئەمرۆ کێشەی رێبەری لە ناو حدکادا لەوەدایە کە بنەماکانی بایەخەکانی جێی باوەڕی ئەندامانی بنەماڵەی دێموکرات و شێوەی هەڵسوکەوتی رێبەران لە دژایەتی لە گەڵ یەکتردان و  حیزبی دێموکرات لە ناو قەیرانی کولتووری دا دەژیت. قەیران بەو واتایەیە کە زۆر شتی پێوەندیدار بە ژیانی رێکخراوەیی کۆن بوون و پێویستیان بە گۆران هەیە.  ئامانج لە رێبەری ئەوە کە رێکخراو گۆرانکاری بەسەردابێت بەرلەوەی کە “ناچار” بە گۆرانکاری بکرێین.

بیست و پێنج ساڵ دوای تیرۆری دکتۆر قاسملوو و هاورێیانی، ئەمرۆ لە هەمووکات زیاتر حیزبی دێموکرات پێویستی بە گفتگۆی دۆزینەوە، کۆنکرێت کردن و شی کردنەوەی بنە بەها و بایەخەکانی خۆی هەیە. لە نەبوونی بەها هاوبەشەکان یان بە وتەیەکی روونتر لە قەیرانی بایەخەکاندایە کە حیزبی دێموکرات تووشی لێکدابڕان، پەراوێزخران و پەراوێز کەوتنی ئەندامان، لایەنگران و چالاکانی خۆی بووە.  لە گفتگۆی پێوەنیدار بە بایەخەکاندا دەبێ بەردی بناغەی بەها هاوبەشەکان بە شێوەیەک دابرێژرێن کە زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگا خۆی تێیدا ببیننەوە و بە بەهای هاوبەشی خۆیان بزانن. کۆمەڵگا لە دەوری بەها هاوبەشەکاندا کۆ دەبێتەوە. بۆیە دەشێ جیا لە بەها تایبەتیەکان، بەها هاوبەشەکان بدۆزرێنەوە و بەهێز بکرێن. ئەمرۆ جێی خۆیەتی بزانین داخوا ئەو کەشەی بە سەر ریزەکانی حیزبی دێموکرات دا حاکمە، پرسی بایەخ و بەهاکانە یا خود نەریتێکی بەرژەوەندی خوازانەی کەسانێکە کە وشەی “گۆڕان” بۆیان ترسناکترین دیاردەیە؟

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی