"an independent online kurdish website

 پێشەکی: ماوەیەکی زۆرە کە ئیمکانی ئەوەی کە روو لە دوربینی هیچ تەلەفزیۆنێک ڕاوەستم نەبووە، بەڵام چەند رۆژی پێش لە لایەن تەلەفزیۆنی نەورۆزەوە بانگکرام بۆ ئەنجام دانی وتووێژێکfatih_aresh12

لە پێوەندی لە گەڵ سەلەفییەکانی جوانڕۆدا، وێرای سوپاس و ڕێزی زۆر بۆ نەورۆز تێ وێ بەڵام هۆکاری سەرەوە لە گەڵ کەمی کات دوو فاکتەر بوون تا نەتووانم قسەکانم لەو ماوەیەدا خڕکەمەوە و شیکاریی زۆر کۆنکڕێت و هەمەلایەنە بەو شێوەیە کە لە هەڵسوکەوتی کۆمەڵاتی و ڕامیارییم دا هەیە لە سەر ئەو ناتەبایی هەبێت. هەر بۆیە ئەو وتووێژە تەلەفزیۆنییەم بەکافی نەزانی و ئەم بابەتەم نووسا، هیوادارم کەڵکی هەبێت.

 

باسکردن لە سەر فیکرێک یان ناتەباییەک لە شوێنکدا بەمانایی باسکردن لە چۆنیەتیی بارودۆخ ئەو شوێنەیە هەر بۆیە بەباشی دەزانم کە هەڵسنەگاندنێکمان لە سەر هێندێک تایبەتەمەندیی مێژوویی شوێنی جێگای باس هەبێت.

جوانڕۆ شارێکی کوردستانە و لە کوردستاندا ئایینی ئیسلام جێکەوتووە و زۆربەیی خەڵکی کورد مسلمانی شیعە یان سوونین، کاتێک باس لە ئایین و کورد دەکەین واباشە کە باسی ئەوەش بکەین کە بەشێکی زۆری گەلی کورد لە کوردستاندا ئایینی یارییان هەیە کە وەک یادگارێک لە باوباپیرانی ئێمە ماوەتەوە و مێژووەکەیی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش لە ئێستاکە.

وێرای ئەوەی کە گەلەکەمان لە بارە جۆراوجۆرەکانی پێویست بە پێشکەوتن چەوساونەتەوە بەڵام ئایینی جیاوازی دیکە لە کوردستاندا هەبووە کە لە لایەن هەر سێ ئایینی جیکەوتوو لە کوردستاندا ڕێزیان لێگیراوە و لە گەڵ هەڕەشەیی جیدی نەمان و تاواندەنەوە لە ڕێگای زبروزنگەوە رووبەروو نەبوونەتەوە و ئایین بۆ کورد زۆرتر وەک بابەتێکی تایبەت بە تاکەکەسەوە پێناسەکراوە.

 

دانیشتووانی جوانڕۆ بە تایبەتیی قەڵای جوانڕۆ کورد و زۆربەیان سوونین و تا ئەو جێگایە کە من ئاگاربم لە مێژە کە مزگەوت و خانەقا لە جوانڕۆدا هەبوو و خەڵکیش خۆیان بە مسلمان زانیوە و زۆر کەسیش لە مەراسمە ئایینییەکاندا چالاکانە بەشداری کردوە.

ئەگەر چاو لە مێژووی جوانڕۆ یان جوانڕۆییەکان کەین ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە جوانڕۆییەکان وێرای ئەوەیی کە زۆربەیان دیندار بوون هاوکات مەسەلەیی نەتەوایەتیی و پێشکەوتن بۆ ئەوان زۆر گرینگ و جێگای سرنج بووە و توانیویانە باڵانسێک لە نێوان دینداری، پێشکەوتن، ئەرکی نەتەوەیی و تاکە کەسی خۆیاندا بنیات نەن.

گومان لەوەدا نییە کە خەڵکێک کە بیر لە مافی نەتەوایەتیی خۆی دەکاتەوە یانی کۆیلەیاتی سیاسی ڕەت دەکاتەوە، کەسێک کە حازر بە قەبووڵی کۆیلەیی نەبێت پێشکەوتووە و هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی بۆ ئەو جێگای سرنج و وردبوونەوەیە، وێرای ئەوەی کە هەڵسوکەوتە نەتەوەییەکانی جوانڕۆ بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە بەشێوەی پێویست لە مێژووی کوردستاندا باسییان نییە و وەک مەهاباد بۆ هەموو گەلی کورد ناسراونین بەڵام ئەگەر بە شێوەی ناوچەیی چاو لە مێژووی ئەو خەڵکەکە کەین ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە ئەو ناوچەیی کوردستان زۆر شانازیی تۆمار نەکراوی لە مێژووی کوردستاندا هەیە. جوانڕۆییەکان لە باری پێشکەتنی کۆمەڵایەتییەوە زۆر پێشکەوتوو بوون و ئافرەت لە جوانڕۆدا لە مێژ زەمانە کە  بەپێی پێشکەوتنی کۆمەڵگا بەهایی کۆمەڵایەتیی و ڕامیاریی خۆی هەبووە، مێژووی جوانڕۆ ئەوەمان بۆ دەردەخات کە جوانڕۆ لە کوردستاندا لە باری پێشکەتنەوە زۆر لە دوای سنە نەبوو و لە باری هەستیی نەتەوایەتییەوە ئەگەر پێش لە مەهاباد نەبێت زۆر لە دواش نییە.

هێندێک ناتەبایی و تایبەتمەندی هۆکار بوون تا مەودایەک لە نێوان جوانڕۆ و بەشەکانی دیکە کوردستان لە سەردەمی شۆڕشی ١٣٥٧ ڕچاوکات بەڵام کاتێک کە شۆڕش گەلانی ئێران سەرکەوت هەستیی نەتەوایەتیی لە جوانڕۆدا زۆر بەهێزبوو بۆ نموونە بەشداری هەراوی خەڵک لە شەڕ و پێکدادانە نەتەوەییەکان لە شارەکانی دیکەیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەروەها دیسان هێندێک تێڕووانین و بیرۆکە بوونە هۆکارهایەک تا ئەو مەڵبەندەیی کوردستان نەتووانێت لەو سەردەمەدا بە گوێرەی دەستپێکردی سەرەتایی بەشێوەی لەبار بەردەوام بێت لە بە ئەنجام گەیاندی ئەرکە نەتەوایەتییەکانی، بەڵام ڕاپەرین و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە پیشانیدا کە جوانڕۆ نە مردووە و هێشتاکە هەر زیندووە و هەرکات کە هەست بە ناتەبایی لە کوردستاندا کات بێدەنگ نابێت و لێبراوانە لە گۆڕەپانی نەتەوەیی دایە، دەمهەوێت بڵێم کە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانە زەنگێکی ئاگاداری و هۆکارێک بوو تا رژیم بیرکاتەوە.

تا ئەو جێگایە کە من ئاگاداربم کۆمەڵگایی جوانڕۆ کۆمەلگایەکی تێگەیشتووە و مرۆڤەکانی کۆمەڵگایەکی پێگەیشتوو تووانی ئەوەیان هەیە کە چاک و خڕاب لێک جیاکەنەوە کە وابوو دەبێت هۆکارێک هەبێت کە هێندێک فیکری دواکەوتوو و دژی مرۆڤایەتیی لە شوێنێکی ئەوتۆدا ئیمکانی سەرهەڵدانی هەبێت و جوانڕۆی ناوەندی کوردایەتیی، خۆشی، شایی و هەڵپەڕکێ وەک مەڵبەندی زیندوو کردنەوەوەیی کێشەی سەردەمی سەفەویەکان و عوسمانییەکان چاوی لێ دەکڕێت.

 

بەداخەوە ماوەیەکە باس لە سەرهەڵدانی نائاسایی سەلەفییەت لە جوانڕۆدا دەکرێت کە بۆ زۆرکەس کە شارەزایی لە سەر مێژوو و خەڵکی جوانڕۆ هەیە جێگای داخە، ئاساییە کە لە وڵاتێکدا کە ئایین دەسەڵاتە عەداڵەتی ڕامیاریی، ئابووری، ئایینی و کۆمەڵایەتیی ڕچاونەکڕێت، لە وڵاتێکدا کە ئایینێک بە سەر ئایینەکانی دیکەدا زاڵە هەمووکات هەوڵدەدات تا باوەڕەکانی دیکە سەرکوت و لە نێویان بەڕێت ناتەبایی زۆرە، لە ئێرانی ئمرۆکە دا حکومەتێکی ئایینی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و بۆ بەهێزکردنی باوەڕی خۆی هەوڵدەدات و بە سەدان میلیارد لە سەروەت و سامانی وڵات لەو وڵاتە و وڵاتانی دیکە لەو پێناودا خەرج دەکات، ئەم خەرجرکردن و هەوڵدانە هۆکارێک دەبێت تا لە ئایین و باوەڕەکانی تر کەس یان کەسانی دیکە کە هەست بە ئاسیمیلە (تواندنەوە) بوون و بێعەداڵەتی دەکەن بیرکەنەوە، ئاکامی ئەو بیرکردنەوە دەبێتە هۆی زیندووکردنەوەیی ناتەباییەکانی سەردەمی سەفەویی و عوسمانییەکان و سەرئەنجامەکەی ئەمڕۆ یان بەیانی دەبێتە پێکدادانێکی کۆمەڵایەتیی یان ئایینی.

بەڵام ئەمە هەموو لایەنێکی کێشەکە نییە، هەروەک بۆ خۆتان باش دەزانن مرۆڤ هەمووکات بەدوای شتی تازەدا دەگەڕێت، لە کۆمەڵگایەکدا کە ئازادییە سیاسییەکان سەرکوت دەکرێت، کۆڕ و کۆبوونەوەیی جۆراوجۆر قەدەغەیە، باڕ و مەیخانە بەڤە و عەیبەیە، بێکاری لەوپەڕی خۆییدایە بەڵام ماددە هۆشبەرەکان (مخدرات) زۆرە، لە تلەفزیۆن و مزگەوتدا، لە بازار و کوچەدا باس هەر باسی ئایینە و تەنها بیری ئازاد لە کوردستاندا سەلەفییەتە روونە کە بەرهەمەکەیی دەبێتە زۆری موعتاد و باوەڕی کۆنی سەلەفییەت بەداهێنانی تازەیی دژی ئنیسانییەوە دەبێتە جێگرەوە.

 

هەروەک لە سەرەوە باسم کردووە کۆمەڵگای جوانڕۆ مێژوویەکی تایبەت بە خۆی لە ناوچەکەدا هەیە بەڵام پێناسەکەی من لە سەر جوانڕۆ وەک مەڵبەندی کوردایەتیی، پێشکەوتن، کولتووری خۆشی و شایی لە گەڵ دەنگۆیی ناوبردنی جوانڕۆ وەک ناوەندی سەلەفییەت یەک ناگڕێتەوە، لە ڕووانگەی منەوە وشەی ناوەندی دواکەوتوویی(سەلەفییەت) لە گەڵ مێژووی جوانڕۆ زۆر ناتەبایە و ئیمکانی بۆ ناڕوات کە جوانڕۆ لە ماوەی سی وپینج (٣٥) ساڵدا چەند هەزار ساڵ گەڕابێتەوە بۆ دواوە و دەبێت هۆکارهایەک لە پشت ئەم گەڕانەوە شێوازییەدا بێت.

 

بەگوێرەیی لۆژیک و شیکردنەوە ئاساییە کە لەو شوێن و ناوچانە کە سوونی مەزهەب هەیە سەلەفی یان باوەڕی لە قوماشی سەلەفی هەبێت چوونکە ئەم بوونە و شێوەکەی لە زۆر بواردا لە بەرژەوەندی رژیم دایە و بەگوێرەی بەرژەوەندی لە گەڵی هەڵسوکەوت دەکات.

بۆ نموونە رژیم لە هێندێک شوێن لە کوردستاندا بۆ جێبەجێکردنی یاسایی ئەمر بە معروف و نەهی لە مونکر کێشەیی هەبوو بەڵام ئێستاکە سەلەفییەکان ئەستۆداری ئەو ئەرکەی ئەوان بوون.

 ئەم بابەتە دڕێژەیی هەیە. سەلەفی، وەهابی و جەهادی بۆ دەرەوە لە کوردستان!

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی