"an independent online kurdish website

ئەوە بوو پایەگا دەستی بە سەر داگیرا و چەک و چۆڵێکی زۆریش کەوتە  دەستی پێشمەرگەکان بە بێ هیچ زیان و زەرەرێک بۆ پێشمەرگەکان. kavos_azizi_pm

گرینگیی گرتنی پایەگای میرداوود لەوە دابوو کە لە قووڵایی ناوچە و نیزیک لە شاری ورمێ بوو ، بۆیە دەنگدانەوەیەکی یەکجار بەرینی هەبوو. هەر وەها یەکەمین پایەگا بوو کە دوای سازماندەهیی تازە دەگیراو دەتوانم بڵێم تا سالانی هەفتاش کە چەندین پایەگای ڕێژیم لە شیمالی کوردستان گیران، هەمان ڕێچکە بوو. چوونکی ئەو پایەگایە وای کرد کە هیزەکانی ڕێژیم تووشی وەحشەت هاتن و بە بیستنی ناوی هێزی ئاگری حیسابی تەرەفێکی جیددی و بە هێزیان بۆ دەکرد کە لە بەشەکانی دواتری ئەم نووسینەدا ئەو ئیدیعایەم باشترمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

هەر ئەو شەوە بەشێک لە چەژ و چۆڵەکەلەگەل خۆمان هێنامان و بەشێکیش شاردرا و دواتر پێشمەرگە چوون و هێنایان.

بەڵام سێ ئەسیرەکە!

هەر وەک گوتم ئەوان حوکمی ئیعدامیان هەبوو ولە زیندان هەڵات بوون. ئەوان ئەسیری ئەسیرەکان بوون و ئازاد کران. ٣ گەنج بوون، خۆشحاڵ و ڕزگار بوو. لەبیرمە هەرکامەی ٣ ، ٤ چەکی دەستکەوتی هەڵگرتبوو.هەر پێشمەرگەیەک ئەو شەوە ماندوو بوایە ئەوان زوو دەچوونە هاوکاریی.

بەیانی گەیشتینە کەڵان کانی کە گوندێکی غەدر لێکراوی خاپوور کراو بوو، بەڵام هیندێک چادری لێ بوو. کە گەیشتینە چادرەکان فەرامەرز گوتی ئانتینی بێسیمەکەم نەماوە. بەس لەبیری بوو کە پشتی گوندی ئەرزین ئاخرین تەماسی گرتبوو و ئانتینەکەی مابووە. بەڵام خۆ لەوێ تا کەڵانکانی هەم ڕێگایەکی زۆرە، هەم زۆر جێگا بە ڕێگاکەدا نەهاتبووین و گیایەکی یەکجار زۆر بوو. کە فەرامەرز باسی کرد، خاوەن ماڵ گوتی من دەڕۆم و دەیبینمەوە. کەس باوەڕی نەدەکرد بیدۆزێتەوە. ئەو چوو ئێمە دەستمان کرد بە نان خواردن. وابزانم سەعاتێکی پێچوو، هاتەوە و ئانتینەکەی دۆزیبووە وە.

ڕاست لەوکاتی دیدەبانەکانی ئێمە چووبوونە سەر خەتی هاوڕێیانی لکی ١، ئەوان لە شاخی دالانپەڕ خەریکی تێکشاکاندنی هێرشی دوژمن بوون و توانیبویان زەبرێکی قورس لە هێزی هاوردەی تیکابی بۆ مەڕگەوەڕ بوەشێنن و دەیان جاش و پاسدار بکوژن. لەو شەڕە دا پێشمەرگەیەک بە ناوی(ب..)بریندار ببوو.

 

ئەو گەیشتە لامان و دیدەبان گوتی هێزێکی زۆر لە لای کورتەکەوڵ و بانی ڕا بۆ لای سەرەوە دێت. ئەوەبوو بەرپرسان پێیانوابوو نابێ خۆمان دەرگیر بکەین و پێشمەرگە ماندوون و کەس نەخەوتووە. بۆیە هەر زوو خۆمان کۆکردەوە و خۆمان لە شەڕ بوارد. هاتینە لای میربهال وکاک عەلی و ئەوان چوون بۆ لای بنکەی مەڵبەند و ئێمەش وەک هێز لەو ناوچەیە ماینەوە و تیمێک لە بەرپرسانی نیزامی چوون بۆ ناوچەی برادۆست و دیاربوو مەبەستیان شناسائی جێگایەک بوو بۆ عەمەلیات.

کە ئەوان گەڕانەوە ، دوو ڕۆژ دواتر کەوتینە ڕێ بۆ برادۆست و لە٣ی گەلاوێژی ١٣٦٥ ڕۆژەکەی لە کانی ماهین بوون. ئەو شوێنە دەکەوێتەوە پشتی گوندی ئالووسان. پەلی ٣٢ دیدەبان بوو. چادرەکانی خەڵک دەستە دەستە لە بناری چیای بابۆس دانرابوون. کاتی نیوەڕۆ بوو ، مەڕی خەڵک هاتبووە بۆ بێر. خەڵکی خەریکی بیری مەڕەکەیان بوون(مەڕدۆشین) ڕاست لەو کاتی دا تاقمێکی ١٢ کەسی جاش و پاسدار هاتنە نێو جادرەکان و دەستیان کرد بە خستنی ڕەشماڵی خەڵک و شیری ژنانیان دەڕشت. لە خەڵکیان دەدا. تەماسمان گرت و بە بەرپرسانمان گوت حال و مەسەلەیەکی وا هەیە، با لێیان دەین. زۆر ناخۆش بوو، لە بەر چاوی ئێمە ئەو خەڵکەیان چۆن سووکایەتی پێدەکرد؟ بەرپرسان گوتیان نابێ کاری وابکەن و ئێمە بەرنامەی لەوە گەورەترمان بەدەستەوەیە.

ئێمەش دەبوایە ئەو بڕیارە جێ بە جێ بکەین و ویژدانمان عەزابمان بدا. بەڵام خەبەرمان لەوەش نەبوو کە ڕاست ئێوارەکەی دەچین و لە هەمان پایەگا دەدەین کە ئەو جاش و پاسدارە لێی هاتوون. ئێوارەکەی گوتیان وەرنە خوار، کەچووین هەر زوو کۆبوونەوەیان دەست پێکرد و باسیان کرد کە دەمانەوێ ئەمشەو بچینە سەر پایەگای گوندی مەلوونە لە دەشت برادۆست.

تیمبەندییەکان خوێندرانەوە و تەقەمەنیی پێویست دابەش کرا. هەموومان کە زیاتر لە ١٥٠ کەس بووین، کەوتینە ڕێگا و چەند کەسێک لەوێ مانەوە تا وەک هیزی حەساوە و ئامادە بۆ بەیانی لەوێ بێ. چوونکی ئەوانەی دەچوون بۆ عەمەڵیات، خەو و خۆراکیان نەبوو، ماندوو دەبوون، بۆ بەیانی دەگەراینەوە کانی ماهین. بۆیە دەبوایە هێزیكی ئیستراحەت کردوو مان لەوێ بوایە. هێزێکی ٢٥، ٣٠ کەسی لەوێ مابوونەوە.

وابزانم دەوروو بەری سەعات ١١ی شەو بوو کە هەموو تیمەکان دامەزران و فەرماندەری عەمەڵیات کە بەهادر ئازەری بوو. دەستوور درا بۆ دەست پێکردنی عەمەڵیات. ئەوەبوو یەکەم ئارپی جی خرایە نیو پایەگا و شەڕ دەستی پێکرد. لەو پاتەگایە دا تەنیا یەک کەس شەڕی دەکرد و زۆریش بە جیدی موقاومەتی دەکرد. دوای ٤ دەقەیەک ئەفرادی نێو پایەگا تەسلیم بوونەوە. ١٩ کەس گیران. یەک کەس کوژرابوو، ئەویش ناوی ئەنساری و جاشێکی خەڵکی گوندی نێچەڵان بوو و تەنیا کەس کە شەڕی دەکرد لە بەرئەوەی فەرماندەری ئەو گورووپە ١٢ کەسەیەی کە باسم کرد، ئەو ئەنساری یە بوو. دیاربوو دەستی عەداڵەت نەیهێشت شەوێکی بە سەردا دەرباس بێ و گەرووی پیسی کوشی.

لە جەریانی تەقە لە پایەگا دا، کەس و کاری چەند سەرباز کە خەڵکی خودی ئەو گوندە بوون و لە نێو پایەگاکە بوون، هاتبوونە لای پێشمەرگەکان و دوعایان بۆ سەربازەکانیان کردبوو کە نەکوژرێن. یەکێکیان کاتێک پێشمەرگە ئارپی جی دەتەقێنێ، دەڵی : یا شێخ جەماڵ، یاشێخ جەماڵ! شیخ جەماڵ خۆ بدە بەر ! فەقی محەممەد زادە(ڕووحی شاد) بەو خانمە دەڵێ : دایەگیان شێخ جەماڵ مەجبوور نیە خۆی بداتەوە بەر ئارپی جی! دیار بوو شیخ جەماڵ کاری خۆی کرد و هیچ یەک لەو سەربازانە نەکوژران و دوای دوو مانگ ئازاد کران. بەڵام دواتر ڕێژیم چەند کەس لەو سەربازانەی بە تاوانی ئەوەی کە گوایە هاوکاریی پێشمەرگەیان کردووە لە تەسلیم بوونی پایەگا، ئیعدام کرد کە یەک لەوان ناوی زێڕۆ بوو.

پایەگا تەواو بوو، پایەگایەک کە چەندین جار پێشمەرگە چووبوونە سەری و بۆیان نەگیرابوو ، ئەوجار گیرا. چەک و چۆڵێکی زۆری تێیدا بوو، پێشمەرگە سڵامەت بوون. سەربازەکانی خەڵکی ناوچە کەس نەکوژرابوو. ئەوەش دیسان هەر ئاکامی زەبری ترسێنەری گرتنی پایەگای میرداوود بوو کە زۆر دوور نەبوو لە مەلوونە.

ئەو شەوە من لە گەل چەند کەسی دیەک ئەرکی دانانی مین لە نیوان خانێک بۆ پایەگای گردی تەلەویزیۆن مان لە سەر شان بوو. راست لەوکاتەی کە عەمەڵیاتی سەر پایەگا دەستی پێکرد، ئێمەش دەستمان کرد بە دانانی مینەکە.

من خەریکی هەڵقەندنی جادە بووم کە هەتا بڵێی سەختبوو. چەکەکەشم لە لا نەبوو و تەنیا سەرنیزەیەکم لە لابوو. پێنج کەسیش وەک نیگەبان لە ٤٠، تا ٥٠ میتریی من ئامادە بوون. هەر ئەوەندەم زانی کەسێک گەیشتە سەرم و راچەڵەکی و گوتی ئەوە خەریکی چیت؟ منیش کە گیانم لێ بوو بە بەڵا، ڕاست گوتم ئەوە نابینی مین دادەنێم؟ نەمزانی کێ یە؟ دوو کەسی دیکەش هاتن و لەو دەنگە دەنگە دا بووین کە سراجەددین جاجۆیی(ڕووحی شاد ) هات گوتی ئەوە چیە؟ گوتم چیە؟ تەنیا پێنج نیگەبانم هەبووە ، ئەو کابرایە هاتە سەر سەرم.

دەی گوتمان چی بکەین؟ کەسێک وەک بەرپرس لە گەل مان بوو ، گوتی ئێمە مینەکە دادەنێین .ئەوکارەمان کرد. دەی چی بکەین لەو ٣ کەسە؟ ئەو “بەرپرسە” گوتی ئەوە” تعهد”یان و ناویان دەنووسین ، بابڕۆنەوە و لای هیچکەس باس نەکەن. خولاسە هەرچی کردمان ئەو “بەرپرسە” قەبووڵی نەکرد و بە قەوڵ ئەوانیش دوو هەزار سوێندیان خوارد کە ئاشکرای نەکەن.

ئەو سێ کەسە لە بەر سەربازی هەلدەهاتن کە ئەوکات ڕەشبگیریی هەبوو و سەربازەکانیان یەک سەر دەناردە بەرەکانی شەڕی ئیران عێراق، ئەوان دەیانەویست بچنە گوندی ئالووسان.

ئێمە هاتینەوە و لە گەل هاوڕێیان باسمان کرد، شتەکە لە دەستمان دەرچوو بوو. ئەو  “بەرپرسە” هیندێک کەوتە بەر ڕەخنە و گلە و گازندە، بەڵام سوودی نەبوو. بەیانی گورووهی زەربەتی سێرۆ بە توویتایەک و یەکێک لەو ٣ کەسە هاتبوونە ئەو شوێنە و مینەکەیان دەر هێنابوو. ئیستاش کە بیری لێدەکەمەوە ئەوکارەمان مناڵی ٣ ساڵەش نایکا، بەڵام بەرپرسێکی نابەرپرس ئەو خەسارەی لێدایین. ئەو “بەرپرسە” ش دواتر لە لیباسی جاشیەتی و لە شەڕ لە گەل پێشمەرگە دا کوژرا.

 بەداخەوە ئەو شەوە لە دوای عەمەڵیاتەکە کادرێکی محەڵلی حیزب لەو گوندە میوان بوو بە شیوەیەکی نادیار شەهید بوو.

کاک تەتۆ خەڵکی ئاوکێی گەلی بەردەڕەش بوو و وازی لە پێشمەرگایەتی هێنابوو ، بەڵام دواتر زانیمان کە کادری محەڵلی بووە. کەسێکی جێی باوەڕی خەڵک و دڵسۆز و فیداکار بوو، رووحی شاد بێ.

ئەوەبوو بەیانی کە گەراینەوە لای هاوڕێیان، دوای هیندێک ئیستراحەت، لەو شوێنە نەماین و چونەوە سەر سنووری باکوور و ڕۆژهەڵات. ئێوارەکەی هاوڕێیانی کۆمیتەی سەڵماس لێمان جیا بوونەوە کە وابزانم سێ تیم بوون و تیمێک بەرەو ئەنزەل، کەنار بەڕۆژ دەبا چووباناوە وتیمێکیش بۆ سەڵماس شپیران و تیمەکەی دیکەش بۆ سۆما برادۆست. شەو گەڕاینەوە بۆ میربهال و لەوێ ماوەیەک ماینەوە.

هیندەی پێ نەچوو دووبارە کاک حەسەن بازووکا هات و گوتی هیز مەئمووریەتێکی هەیە بۆ پەلی ٣٢ و ٢٤ . ئەوەبوو جێگری هێز بەهادور ئازەری و حەسەن بازووکا لە گەڵمان دانیشتن و گوتیان ئێوە دەبێ بڕۆن بۆ عەمەڵیاتێک لە شارەدێی سیرۆ کە سنووری فەرمیی نێوان ئیران، تورکیەیە و گومرک، اطلاعات، زەربەت و سوپای پاسداران و هەنگی ژاندارمێری و بەخشداریی لێ یە.

سێرۆ هەزاران کەس لە هیزەکانی ڕێژیمی لێبوو، و وابزانم زیاتر لە ٧ پایەگا موحافیزەتی لێدەکرد. لێدانی دام و دەزگای جێگیر لە سێرۆ کارێکی هیندە هاسان نەبوو. بەڵام ئەو مەئمووریەتە نە تەنها بۆمان سەخت نەبوو ، بگرە زۆر خۆشحاڵی کردین کە پەلی ئێمە ئەوندە جێی موتمانەیە بۆ مەڵبەند. بەرپرسی یەکەم سەعید مەحموود نەژاد جێگری لکی ٣ بوو ، و فەرماندەری پەل فەرامەرز عوسمانی و جێگرەکەی عەبدوڕەحمان دەشت پێمان بوون.

ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژ دیسان لە ناوچەی برادۆست و ئەوجار بۆ هەستیارترین و تەیارترین شوێنی ناوچە دە بەرنامە دابووین. ڕۆژەکەی لە نیزیک ئالووسان ماینەوە و ئێوارەکەی سازماندەهی کراین و کەوتیەن ڕێ.کە چووینەوە  یەکێک لە پێشمەرگە هەرە باشەکانمان (لاوە نەبی زادە)لە خەودا مابووە کە وابزانم بەدوایشدا گەڕان و نەیانزانی لە کوێ خەوتووە. بە هەرحاڵ چوونکی لەو پێشمەرگەیە دڵنیابووین کە  کەسی  تەسلیم بوون نیە و حەتمەن لەشوێنێک خەوتووە ، چووین بۆ عەمەڵیاتەکەمان و بەیانی کە گەڕاینەوە دیتمان ئەوە لاوە لەوێ یە.

بۆ سەعات ١٢ یەکەم ئارپیجی لە خودی مەقەڕی اطلاعات دراو لە ماوەیەکی کورتی ١٠ دەقەیی دا ٩ ئارپیجی لە بەخشداری، سوپای پاسداران و اطلاعات دراو ، بە بیکەیسی و چەکی سووک مەجالی دەستکردنەوەیان پێنەدرا. ئەوان هەرگیز بیریان لەوەها عەمەڵیاتێکی گورجووگۆڵی پێشمەرگە لەو ناوەندە نەدەکردەوە.

دەتوانم بڵێم ئێمە لە گوندی خانیک دەرباس بووین ، جا ئەوان دەستیان کرد بە ئاگر بارانی ناوچە. دواتر کە خەبەر هات چەند پاسدار و بەسیج لەو عەمەڵیاتە دا کوژرابوون، و چەند فەرماندەرێکیش تووشی سزای قورس هاتبوون. بەشێک لە بەخشداریش ئاگری گرتبوو. لە هەمووی گرینگتر ئەوە بوو کە سەدان ماشێنی باربەریی تورکی وئۆرووپایی شاهیدی عەمەڵیاتەکە بوون، گومرگی تورکیە کە چەند میتر دوورتر بوون بەهەمانشێوە شاهید بوون. ئەوە بوو توانیمان بەرلەوەی دونیا ڕووناک بکاتەوە مەیدانی عەمەڵیاتمان بەجێ هێشت و دەرباس بووینە ئەو شوێنەی کە ئیمکانی دەرگیر بوونی کەم بوو و لاوەش لەوێ چاوەڕوانی دەکردین.

ئەوجار کە گەڕاینەوە لای مەڵبەند و ماوەیەک لەو ناوە ماینەوە، گەیشتینە ٢٣ی گەلاوێژ کە لە نەکاو هاوڕێیان کاک عەلی و ئەندامانی دیکەی مەڵبەند هاتنەوە لامان کە لە قەرەغان بووین. دیسان کۆبوونەوەیەکی بەرپرسان کراو بەیانیی ٢٤ ی گەڵاوێژ بەرەو شاخی میربهال هەڵکشاین. دیاربوو بەرنامەی عەمەڵیاتی بوو. چوونکی هەرکات دەچووینە مەئمووریەت کە فیشەکی زیادیی بی کەیسی، نارنجۆکی دەستی و گولە ئارپی زیادیمان پێبوایە دەمانزانی کە دەچێن بۆ عەمەڵیات. ئەوانیشمان باری دوو ئەسپ پێبوو ، چوونکی دەبوو بە شەوی ٢٥ ی گەلاوێژ کە دامەزرانی حیزب بوو.

kavus_ensari

 کاووس              و                    ئەنسار عەزیزی  ٢٤ گەڵاوێژ، قەرەغان، بەرلەوەی حەرەکەت بکەین.

بۆ نێوەڕۆ چووینەوە لای کۆمەلە چادرێک کە لە سەرەوەی دەربەند بوون ، ئێمە دابەش بووینە نێو چادرەکان. سێبەر داگەڕان و ئێمە بەرەو لای دەربەند کەوتینە ڕێ. کە گەیشتینەوە سەرەوەی گوند، هەموومان کۆبووینەوە و جێگری فەرماندەری هێز بەهادر ئازەری باسی چۆنیەتیی عەمەڵیات، شوێنی عەمەڵیات و تیم بەندییەکانی کرد.

ئامانج دەست بە سەر داگرتنی پایەگای گوندی دەربەند و خۆشەکۆ بوو. تا ئێمە لە کۆبوونەوەکە تەواو بووین دونیا تاریکی کرد و هەر کەس بەرەو ئەرکی دیاری کراوی کەوتە ڕێ.

ئەو عەمەڵیاتە یەکێک لەو عەمەڵیاتانە بوو کە زۆر بێ بەرنامە بوو. با بزانین چۆن؟

کاتێک گەیشتینەوە لای دەربەند بوو بە درەنگی. نیزیک سەعات ١٢ ی شەو بوو. بۆ تیمی ئێمە باش بوو، بەڵام بۆ تیمی خۆشەکۆ درەنگ دەکەوت و فریای گەڕانەوە نەدەکەوتن بۆ ئەوەی پێش رووناک کردن لە دەشتایی بچنە سەرەوە وبگەنە شوێنێک کە لە ئەگەری دەرگیر بوون دا بتوانن دیفاع بکەن.

بەلام لە پڕ ڕا جێگری هێز بڕیاری دا کە تیمی دیاری کراو بۆ پایەگای خۆشەکۆ، بچنە سەر پایەگای خێبەر! بێ ئەوەی بەرنامە ڕێژیان بۆ کردبێ. تێمەکان زۆربەیان سازماندەهیەکەیان تێک چوو. بە هەرحاڵ چارەیەکی دیکە نەبوو کە ئەو عەمەڵیاتە جێ بە جێ بکەین. سەعات گەیشتبووە سەرەوەی ١ ی نیوەشەوی ٢٥ی گەلاوێژ. بە دەستووری جێگری هێز عەمەڵیاتەکە دەستی پێکرد.

لە پایەگای دەربەند هاوڕێیان لە ماوەیەکی کورت دا گەیشتنەوە بەر دەرگای پایەگا و ئەوان ئیدی موقاومەتێکی ئەوتۆیان نەمابوو. تەنیا ئەوەی کە هەیانبوو دۆشکەی پایەگای گوندی” تلوو” بوو بە بست بە بستی ئەو ناوەی دەوکوتا. من و ئەبوو بەکر ئیبراهیمی ئەرکمان ئەوەبوو کە تەقە نەکەین و بەس ئەگەر بریندار هەبوو بیانگوێزینەوە لای ناوەندی فەرماندەهی. لەنەکاو گوتیان بریندار هەن. کە من وئەبوو بەکر ویستمان بچینەوە بۆ لای بریندارەکان، بە هۆی گولەی گڕداری دۆشکە، زەوی یەکی گەنم بوو یان جۆ نازانم، ئاگری گرت. ئەو دەوروبەرە بوو بە گڕ و ڕووناکی.

تا ئێمە گەیشتینە هاوڕێیان، دۆشکەی ئەوەی پێکردین کە با بە دەواری شڕی بکا. هەرکە گەیشتین بەرپرسی ئەو تیمەکەی لای خۆمان، جێگری لکی ٣ ، گوتی فیشەکمان تەواو بوون و تەنای چەند گولە ئارپی جیمان ماوە، تۆ و ئەبووبەکر تەقەیەکی توند لە پایەگا بکەن تا هاوڕێیان بتوانن بریندارەکان لەو ڕۆناکایە دەرباس بکەن. گوتمان ئاخەر مافی تەقە کردنمان نیە و دوایە بەرخوردمان پێ دەکەن. ئەو تووڕە بوو وگوتی: من پێتان دەڵێم تەقە بکەن! ئێمەش کە ەهرکاممان ٩ خەشابی هەبوو و من خۆم ٤ نارنجۆکیشم هەبوو و پێموایە ئەبووبەکریش بە هەمان شیوە.

تەقەمان کرد و وابزانم ئەبووبەکر ئارپی جییەکی لەو لامپە دا کە مۆزاحیم بوو و لامپەکە نەما و هیندێک هاسانتریش بوو بۆ دەرباس بوونی هاوڕێیان. بە هەر حاڵ پایەگا نەگیرا و بریندارەکانمان هێنایەوە و ئەوان کە دیتیان پاشەکشەمان کرد، زۆر بە خەستی ئاگربارانی کردین، بەڵام فاسیلەکە زۆر نەبوو کە دەکەوتینەوە نەدیوی ئەوان و ئەوپەڕەکەی یەک کیلۆمیتر دەبوو و تەنیا خۆمپارە ٦٠ هیندێک خەتەری هەبوو.

لە پایەگای خێبەریش بە هەمان شیوە دوو بریندارمان هەبوو و ئەو شەوە نەمانتوانی عەمەڵیاتێکی سەرکەوتوو بکەین. چوونکی عەمەڵیاتەکە بەبەرنامەیەکی باش دانەڕێژرا بوو. بریندارەکان لە لای خۆمان جەعفەر مەحموود پوور و سەرهەنگ بوون و لە پایەگای خێبەر دیوانە عەبدوللا زادە و هاشم بوون کە بەداخەوە هاشم چاوێکی لە دەست دابوو.

ئێمە زۆربەمان سەرکەوتنە قەبری بەیبوون، تاو هەڵات و جەند کەسێک مابوو کە سەرکەون. ئەوانیش سەرکەوتن و هاتنە خوار بۆ لای هاوڕێیانی مەڵبەند و نەمانتوانیبوو جێژنانەیەکی شیاوی ٢٥ ی گەلاوێژ پێشکەش بە خەڵکی کوردستان بکەین. دوای چەند سەعاتێک ئیستراحەت، گوتیان مەڵبەند بەرنامەی هەیە بۆ جێژنی ٢٥ ی گەلاوێژ. ئەوەبوو لە قەرەغان جەژنێک مان گرت و خەڵکێکی زۆریش بەشدار بوو.

کاک عەلی کاشفپوور پەیامێکی پێشکەش کرد و هاوکات هیندێک دڵی هاوڕێیانی پێشمەرگەی دایەو ە وگوتی: نابێ پێتانوابێ کە عەمەڵیاتەکەتان سەرکەوتوو نەبووە، چوونکی پایەگاتان نەگرتووە، ئیوە زەبرێکی باشتان لە دوژمن داوە. لەگەل ئەوەی کە باوەڕمان بە قسەی کاک عەلی بوو، نەماندەتوانی قەبووڵی کەین کە عەمەڵیاتەکەمان باش بووە.

دوای جێژن فەرامەرز و حەسەن بازووکا بانگی من وئەبوو بەکریان کرد. گوتیان باشە ئێوە ناوتان نووسیوە بۆ فیشەک؟ گوتمان دەی فشەکەکانمان مەسرەف کردووە. گوتیان مەگەر قەرار نەبوو هەردووکتان تەقە نەکەن؟ گوتمان با، قەرار بوو، ەبڵام وەزعەکە وای لێهات کە جێگری لک دەستووری داینێ تەقە بکەین تا هاوڕێیانی دیکە دەرباس بنەوە.

ئەوجار بانگی جێگر لکیان کرد، ئەو گوتی من گوتوومە تەنیا هەریەکە و یەک خەشاب مەسرەف بکا. خولاسە جێگری لک لە قسەی خۆی ساحیب دەرنەکەوت و من و ئەبووبەکر بۆ یەک هەفتە سزا دراین. سزاکە بەڕاستی خۆش بوو، لە تەشویق خۆش تر بوو.

گوتیان بۆ یەک هەفتە فیشەکتان نادەینێ و تەنیا یەک خەشابتان دەبێ پڕ بێ. ئەو هەفتەیە ڕەختێکی بەتاڵ و سووک مان هەبوو، نەدەچووینە دیدەبانی و گەشتی سەر شاخەکان. ئاخەر ڕۆژ بوو بانگیان کردین و گوتیان ئەوە ئیدی سزای ئێوە خەڵاس بوو و نامەیەکیان داینێ بۆ بەرپرسی تەقەمەنی تا فیشەک وەرگرین. هەر بە شۆخی گوتم کاک حەسەن نابێ بۆ هەفتەیەکی دیکەش تەمدیدی بکەن؟ گوتی یانی پێتان خۆشە؟ گوتم ئەرێ وەلا، چوونکی ئەوە ئامادە دەبین بڕۆینە ناوچەکانی سەڵماس، ئەگەر فیشەکمان نەبێ ماندوو نابین. ئەوەش سزای ئێمە.

ئەوەبوو ئیدی خۆمان ئامادە کرد و بووینە دوو دەستە . چوونکی لکی ١یش هاتبوو و دەبا لە دووبەش دا بچینەوە ناوچەکانی سەڵماس و کۆبوونەوەیەکی بەرین لە لایەن مەڵبەندەوە بۆ هەموو کادر و پێشمەرگەکان کە لەوێ حازر بوون ڕێکخرا. هەر لە کۆبوونەوەکە دا مەعلووم بوو کە هەرکام لە تیمەکان ئەرکیان لە کام ناوچەیە و کام بەرپرسیان لە گەل دەبێ؟

درێژەی هەیە……

هەر لە ئیستاوە سلاو دەنێرم بۆ گیانی پاک و هەر گیز نەمری شەهید عەبدوڕەحمان دەشت پیمان کە سبەی ١٨ ی خەزەلوەر ٢٧ مین ساڵی شەهید بوونیەتی. زۆرم هەوڵ دا تا چۆنیەتیی شەهید بوونی بکەوێتەوە ڕۆژی شەهید بوونەکەی، بەڵام فریای نەکەوتم.

بۆ بەشەکانی تر

1

3

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی