"an independent online kurdish website

بەمەمەبەستی ورووژاندنی باس لە سەر کۆمەڵێک بابەتی گرینگی ڕۆژ بە نیسبەت پرسی کورد و کوردستان دەمانەوێ ئەم چەند پرسیارە بێنینە گۆڕێ و ئێوەی بەڕێزیش ڕاو سرنجی خۆتان باس بکەن تا هەرچی زیاتر کۆمەڵگای کوردستان لەگەل ئەم کۆمەلە بابەتە باسەکان بەرفراوانتر بکاتەوە .fatih_aresh12

. ئەم کۆمەڵە بابەتەی کە دەمانەوێ بپرسین، لە نەزەر ئێمەو ەگرینگترین باسگەلی ئیمڕۆی ئێمەی کوردن کە راستەوخۆ بە چارەنووس ئێمەوە بەستراونەتەوە.

ئەوەی لەم دیمانەیە دا دەیخوێننەوە ولامەکانی بەڕیز کاک  فاتح ئارەش  نووسەر و تێکۆشەری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە پڕ بە دڵ سوپاسی دەکەین .

ئامادەکاری دیمانە: کاووس عەزیزی 

١. دوای ماوەیەک بێ دەنگی لە باس و بابەتی پەیوەندیدار بە کۆنگرەی نەتەوەیی یەوە، ئەوە دووبارە ئەو باسە دەوروژێندرێ و گوایە بەرەو کۆنگرە دەڕۆین، دەمانەوە بپرسین، کۆنگرە دەگیرێ؟ ئاکامی کۆنگرە دەتوانێ چارەسەری لانی کەمی کێشە وکەم و کۆڕی یەکانی نێو بزووتنەوەی کوردی بکا؟ بە گشتی ڕاتان لە سەر کۆنگرەی نەتەوەیی چیە؟


و. کورد نەتەوەیەکە کە دابەش کراوە و وێرای ئەوەی کە بێ دەسەڵات و ژێردەستە بووە توانیویەتی بەشێوەهای جۆراوجۆر فیکری ئەوەی کە یەک نەتەوەیە بپاڕێزێت، بەڵام دابەشکردنی کوردستان هێندێک مەودا و بۆشایی پێکهێناوە، ئێستاکە باری ڕامیاریی نێونەتەوەیی و ئەو وڵاتانەیی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە هێندێک ئاڵوگۆڕی بەسەرداهاتووە، واباشە کوردیش پلان و ستراتیژی بۆ کەم کردنەوەی ئەو ناتەباییانە کە لە تەمەنی لێکدابڕانی نەتەوەیی دا پێکهاتووە هەبێت، کۆنگرەی نەتەوەیی دەتووانێت هۆکارێک بێت بۆ یەکدەنگ کردنی کورد و کم کردنەوەی ململانێی حیزبی و هەستیی دەسەڵاتخوازی لە کوردستاندا، لە ڕووانگەی منەوە تا شێوەی نازانستییانەیی دەسەڵاتخوازی و بەرژەوەند پەرستیی چارە سەر نەکرێت و، کورد بەو قەناعەتە نەگات کە دەبێت بەرژەوەندی تاکی و حیزبی خۆی قوربانی بەرژەوەندی گشتیی کات کۆنگرەی نەتەوەیی ناتووانێت کێشەی کورد بەشێوەی لەباری ڕوو لە ئامانج بەڕێت. پێموایە فیکری گرتنی ئەو کۆنگرە لە گەڵ دوو کێشە رووبەروو کراوەتەوە یەکەم کێشە و ململانێی ناوخۆیی کە سەرچاوەکەیی بەرژەوەندی و دەسەڵاتخوازییە، دووهەم کێشەی سازکراوی دەرەکییە بەمەبەستیی ڕاگرتن و ستۆپ پێ کردنی گەشەیی نەتەوەیی کورد. دەکڕێت ئەو کۆنگرەیە دواخرێت بەڵام ئیمکانی نییە بتووانن بۆ ماوەیەکی زۆر بەربەستیی بۆ دروستکەن.

 ٢. ئەوە ماوەیەکە دیسان شاڵاوی ئیعدام لە ئێران و کوردستان دەستی پێکردووە و لە ماوەی کورتی سەرۆکایەتی حەسەن ڕووحنای دا کۆمەڵێک بەندکراوی سیاسی ئیعدام کراون کە بەداخەوە لەو شاڵاوە دا کورد و بەلووچ پشکی شێریان وەبەر کەوتووە، ئێوە ئەو سالاوە بۆ کام هۆکار دەگەڕێننەوە و ئەرکی ئێمەی کورد بە گشتی و حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و جڤاکی یەکان لەم قۆناغە هەستیارە دا دەبێ چی بێ؟

‌و. فیکری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەشێوەیی جۆراجۆر ئاڵۆگۆڕی بەسەردهاتووە، کۆمەڵانی خەڵک لەو کۆمەڵگایە دا لە گەڵ زۆر کێشە و گرفت ململانێ دەکەن، ئاڵوگۆڕە پێکهاتووە کانی دوروبەری ئێران نەیانتوانیوە جوابگۆیی لانی کەمی ویستوداوخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتانە بن، لە عێراقی سەردەمی دیکتاتۆرێکی وەک سەدام حوسێن دا لە زۆر شوێن لەو وڵاتەدا سواڵکردن قەدەغەبوو بەڵام لە عێراقی ئێستاکەدا، شەش میلیون نەفەر لە ژێر خەتی فەقردا دەژین و بێعەداڵەتیی کۆمەڵایەتیی، ڕامیاری و ئابووریی لەو پەری خۆی دایە.

سەردەمێک کە ئەحمەدی نیژاد سەرکۆماری ئێران بوو و ئەو کۆمەڵگایی روو لە ئاستێکی نادیار و نا ڕوون دەبرد بەڵام هەڵبژاردنێک هاتە گوڕێ و زۆربەی خەڵک بۆ دوورکەوتەنەوە وڵات لە قەیرانێکی نا روون بەناچاری لە نێوان خراپ و خراپ تر دا خەراپیان هەڵبژارد بەڵام ئەم هەڵبژاردنە بوو بە هۆکارێک تا هێندێک تاکو ڕێکخراو بەپێچەوانە بیرکەنەوە و وەک تروسکەیەک لە نێو تاریکی دا چاو لە رۆحانی کەن وهێندێک چاوەڕووانی لایان دروست بێت، ئێستاکە دەسەڵاتدارانی رژیم دەیانهەوێت بەشێوەی دژی مرۆڤانە بە کوشتنی زیندانیانی سیاسیی وەڵامی ئەو چاوەڕووانیانە بدەنەوە. هەروەک هەمووان ئاگادارن شێوەی دەسەڵات لە ئێراندا بەپێچەوانەی سیستمی مەوجودی جیهانی یە، لە ئێراندا دەسەڵاتدار کەسێکە بە ناوی ئیمام و ئیمام وەک نوێنەری خودا لە سەر زەوی چاوی لێدەکەن و خەڵکیش بە ئومەت پێناسە دەکرێن و ئاغای رۆحانی تەنها ئامێرێکە بۆ سرینەوەیی بەشێک لە کێشە نێونەتەوەیی و نێوخۆییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەدی نیژاد. گرینگ ترین و لەبارترین کار لەم سەردەمدا بۆ کورد لەو پارچەیی کوردستاندا جەماوەری کردنی خەباتە و هاندانی کۆمەڵانی خەڵکە بۆ پێداگرتن لە سەر مافی خۆیان بەڵام پێموایە حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو بارییەوە زۆر لاوازن یان بڕوایان پێ نی یە.


٣. ڕۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی ترسناک دایە، لە لایەک هەڕەشەی ئیسلامییە توندئاژۆکان بە هاندانی دەوڵەتی تورکیە و کۆمەڵێک لایەنی دژ بە کوردی دیکە، لە لایەک تاکڕەویی لایەنێکی کوردی و پەڕواێز خستنی باقی لایەنەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەو بەشە لە نیشتیمان ، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ پێتانوایە ئەو وەزعە بەرەو کوێ دەروا؟

و. ئیسلامی ئاژاوەگێر کێشەیە بەڵام ئەگەر دەستیی نەیارانی کوردی لە پشت نەبێت ئیمکانی ئەوەیی کە بتواوانێت لە کوردستاندا بۆ ماوەیەکی درێژخایان هەرەشە بێت نی یە.

وڵاتی سوریە بەگشتیی بووە بە کارتی یاری دەستیی دەولەتانی رۆژهەڵاتی ناوین و هەرچەشنە ئاڵوگۆڕێک لەو وڵاتەدا کارتێکردنی جیاوازی لە سەر وڵاتانی دەراوسێ بەتایبەتیی کورد دەبێت. ئەگەر ئێران و ئەسەد بتوانن قەیرانە نێوخۆی و دەرەکی یەکان چارەسەر کەن ئاڵوگۆڕەکان یان چاوەڕووانی یەکان روو لە قۆناغێکی تایبەت دەکەن و ئەوکات مەسەلەی کورد زیاتر لە پێوەندی یەکانی دەوڵەتانی نەیاردا دێتەگۆڕێ، ئێران و تورکی یە دوولایەنن کە تووانی وەرگێرانەوە و تەفسیر قەیرانەکان یان گۆڕانی پارامیترەکان بە بگۆڕ هەیە چوونە دەسەڵاتن لە ناوچەکەدا و لە سەرمەسەلەی کورد یەکگرتوون، ئەگەر ئەمڕۆکە کورد نەتووانێت پلاتفۆرمێکی هاوبەشیی هەبێت بۆ داهاتوو ئەوە کێشە کورد لەو بەشەدا بە هێندێک پێشنیاری لاوەکی کۆتایی پێدت و کارتێکرنەکان لە سەر باشووری کوردستان زیاتر دەبن و هیچ هێزێکی کوردی بەتاکی ناتووانێت بەشێوەی واقعیی کێشەی کورد چارەسەرکات، چەندە خۆ بەکەم زانین زیانبارە دوو ئەوندە هەستیی خۆ بەدەسەڵات زانین زیانی هەیە. فەیلەسووفێکی دانمارکی دەڵێت تەنها باوەڕ بە بۆچوونی خۆت هۆکارێکە بۆ کردنەوەی دەرگای کێشە بەڵام گوێگرتن لە کەسانی دیکە هۆکارێک دەبێت بۆ دابین بوونی ئاسۆی هێوا و پێداچوونەوە.

٤. دوای هەڵبژاردنی پارڵەمانی باشوور ، کۆمەڵێک گرفت هاتۆتەوە ئاراوە و هەتا ئێستاش دوای مانگ و نیوێک نەیانتوانیوە حکوومەت پێک بێنن، ئێران دەخالەتی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە کار وباری ناوخۆی باشوور دا دەکا ، هیزەکان یەکتر تەحەموڵ ناکەن، ئەو دۆخە بە ترسناک دەبینن؟ ئەگەر ئەو گرفتانە درێژەیان هەبێ ، کێ یە ئەو گرێ کوێرانە بکاتەوە؟ ئەوەتە لایەنی توندئاژۆی ئیسلامی تەنانەت سروودی نەتەوایەتیی کوردی قەبووڵ نیە و بە کفر دەزانێ؟

و.  ئەوەی کە تا ئێستاکە نەیانتوانیوە حکوومەت پێک بێنن لەوە دەچێت زۆر کێشە نەبێت بەڵام هۆکاری پێک نەهاتنەکەی چ بێت گرینگە.
لە ڕووانگەی منەوە نوری مالکی کابرایەکە کە بە فیکر و کردار لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە، واباشە کورد پێکەوە گرێدڕاوی ئەو بەشەیی عێراق لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە شیکاریی سیاسیی خۆی دا لە بەرچاو بگرێت و پلانی بۆ بەرپەرچ دانەوەی پرۆژەی پێداچوونەوە بەسەر هێندێک یاسایی لە وڵاتی عێراقدا لە داهاتوودا هەبێت.

سەردەمێک دەسەڵاتدارانی کورد لەو بەشەیی کوردستاندا بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشێکی گرینگی کۆمەڵانی خەڵکیان لە بیرکرد ئەو لە بیرکردنە بۆشاییەکی لە نێوان دەسەڵاتی کوردی و کورد دا پێکهێنا کە تا ڕادەیەک بە قازانجی کۆماری ئیسلامی تەواو بووە، حکوومەتی هەرێم بۆ دەستەبەرکردنی باوەڕ لە نێوان گەل و دەسەڵاتدا دەبێت هەنگاوی بەپەلە هەڵگرێت و گەلی کوردیش نابێت مانومەوجودییەتی خۆی فیدای هەڵەی چەند کەس کات و دەبێت وەک هەمێشە بەڕاشکاوی و لێبوردوویی لەو ئەزموونە دیفاع کات و ئیجازە ندات کە کۆماری ئیسلامی و ڕایەلکەیی جاسوسی ئەو هۆکارێک بێت بۆ لە باربردنی ئاکامی ساڵەها خەبات و قوربانی.

پێغەمبەری ئیسلامی وتویەتی ” حب الوطن من الایمان” کەوابێت ئەگەر ئایینیکانی کوردستان ڕێز بۆ قسەکانی پێغەمبەری ئیسلام دانێن دەبێت ڕێز بۆ سرودی نیشتیمانی کورد و ئەو خاڵە کە دەلێت” دینمان ئاینمان هەرنیشتمانە (کوردستانە)” دانێن و ئێمەی کورد بەگشتیی و حکوومەتی کوردستان بەتایبەتی دەبێت بەشێوەی دور لە دەمارگرژیی ئەوە لە مێشکی ئەو تاقمەیی کۆمەڵگاکەمان کەین کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان کوردستان و افغانستاندا هەیە ئەگەر هاوکاری نەکەن زیان بە بەرژەووەندی ڕامیاریی کورد و حکوومەتەکەی دەگەیەنن.



٥. ڕەوتی ئاشتیی نێوان پ ک ک و دەولەتی تورک پێشڤەچوونێکی ئەوتۆ بە خۆیەوە نابێنێ و هەرکام لەو دوو لایەنە یەکتری تاوانبار بە خەتماندنی پڕۆسەکە دەکەن، ئێوە پێتانوایە ئەو پڕۆسەیە بە لانی کەمی ئاکامێکی دڵخواز دەگا؟ ئەگەر پڕۆسەکە یەکجارەکی بە بن بەست گەیشت ، ئەوجار دەبێ لایەنی کوردی کام ڕێگا بگرێتەوە بەر؟


و. حکوومەتی تورکی یە بەشێوەی عادیلانە چاو لە کێشە کورد وەک نەتەوەیەک ناکات باوەری بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتیی بۆ چارەسەری کێشەی کورد نی یە بەڵام باری ئابووریی و هەوڵدان بۆ بە ئەندام بوون لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئوروپا هۆکارهایەکن تا هێندێک سرنج بداتە کێشە کورد، هەروەها زڵم و زۆرداری حکوومەتی تورکییە و لەم دوایانەدا بوژانەوەیی ڕامیاریی کە لە ئاکامەی خەباتی بێ پسانەوەی نەتەوەیی دا سەری هەڵداوە هۆکارێکن تا خەباتی جەماوری لەو پارچەیی کوردستاندا زۆر بەهێزبێت و کێشەی کورد بەرزەق کاتەوە و حکوومەتی تورک ناتووانێت لە بەرچاوی نەگرێت. بەگوێرەی بیرکردنەوەی من رەوتی ئاشتیی تورکیا و پکاکا لە گەڵ مەسەلەیی سوریە پێکەوە گرێدڕاون و چۆنیەتیی چارەسەری سیاسیی کێشە و ناتەبایەکانی سوریە کارتێکردنی زۆر کاریگەری لە سەر پکاکا و عێراق لە داهاتوودا دەبێت.

 

٦. ئەم ڕۆژانە باسی ئەوە دەکرێ کە گوایە دوو لایەنی دابڕاوی ” دێمۆکرات” بۆ گەیشتن بە یەکیەتیی دووبارەی تەشکیلاتیی خۆیان گەڵالەی خۆیانیان گۆڕیوە. لایەنی حدکا پێداگری لە سەر گەڵالەی کۆنگرەی ١٠ بۆ یەک گرتنی هەردوولایەنی حدکا دەکا، لایەنی حدک پێیوایە ئەو گەڵاڵەیە کاتی بە سەر چووە و پێویستە وەک دوو حیزبی سەربەخۆی جیاواز یەک بگرنەوە، داخوا پێتانوایە ئیرادەی یەک گرتن ویەکڕیزی لە لای ڕێبەرانی هەردوولا تا چ ئاستێک جیدی یە؟ یان ئەسڵەن پێویستیی یەک گرتن چیە؟ چۆن دەتوانن یەک بگرن و چەندە پیوسیتە ئەو یەک گرتنە؟

و. یەکێتی و یەکبوون بۆ گەلی کورد لەم سەردەمەدا زۆر پێویست و لازمە، هەموو دڵسۆزان و دۆستان دەبێت بۆ دەستەبەر بوونی یەکێتیەک کە لە بەرژەوەندی جولانەوەی نەتەوایەتی دابێت هەوڵ بدەن، کاتێک باس لە یەکێتی دەکەن مەبەست لە یەکێتی بۆ دابەشکردنی کورسی و دەسەڵات نی یە بڵکە یەکێتی بۆ پێشبردنی ویست و داوخوازییەکانی کوردە، كێشەیەک سەری هەڵداوە دەبێت ڕێگای کارتێکردنی بۆ بەبینینەوە و یان دەبێت ساڵها نرخی بۆ بدەین، کێشە روو دەدات بەڵام بۆ دەربازبوون لەو دەبێت بەپێچەوانەکەیی بجووڵێنەوە و بیکەین بە هۆکاریک بۆ گۆڕینی ڕێبازی پێش لە سەرهەڵدانی کێشەکە و وەک ئامێرێک بۆ خۆ نوێ کردنەوە بەکاری بێنین، ئەگەر وانەکەین مانومەوجوودییەتیی خۆمان لە دەست دەدەین، بەکورتی ئەوانەیی کە مێژوویی خۆیان ناناسن مەحکووم بە لە نێو چوونن. زانایەک بە ناوی بیرنارد مەحمود وتەوێتی “ئەگەر سواری قەتارێک بوویت کە بە ڕێگای هەلەدا ڕۆێشت بەزانە کە هەر ئیستگەیەک کە دەگەیت ئیستگەیەکی هەڵەیە” بەکورتی هەر دوو باڵی حیزب هەلەیان کردەوە و تا چارەسەری زانستیانە بۆ ئەو کێشەیە پێدا نەکەن بەردەوامن لە هەڵە. لە نێو زۆربەی هەرە زۆری بەدەنەیی هەر دووک لادا شێوە یەکگرتن و یەکگرتنەوەیەک هەبوو و بەردەوامە، کێشە ی سەرەکی لە ڕێزی بەشێک لە ڕێبەرایەتیی هەر دوولادایە و ئەگەر بەڕاستیی واز لە بەرژەوەندی تاکەکەسی بێنن و بەو قەناعەتە بگەن کە دەسەڵات لە حیزبێکی سیاسیی دا نابێت میراتی بێت یەکگرتنەوە کارێکی زۆر ساکارە. زانایەک وتویەتی بۆ ئەوەی بتوانیت کارتێکردنت لە سەر دەوروبەری خۆت هەبێت واباشە پێش لە هەموو شتێك بتوانیت خۆت بگۆڕیت، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر بیانهەوێت بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ کار بکەن دەبێت ئاڵوگۆڕ لە خۆیاندا دروستکەن.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی