"an independent online kurdish website

هەر وەک پێشتر باسم کرد کە سەڵمان و ئەوان ڕۆژی ٣٠ ی خەرمانان لای ئێمە حەرەکەتیان کرد . ئەو کچەی کە سەڵمان هەڵیگرتبوو، بە ڕێگای گەوەڕ دا بە ڕێکرابوو بۆ لای وارگەنم کە  لە مقەری   مەڵبەند نیزیک بوو.kavos_azizi_pm

ڕاست کاتێک کە تەرمی شەهید سەڵمان و شەهید سەراج دەگاتە مزگەوتی گوندەکە و خەریکی ئامادەکارین بۆ شۆردنەوەیان وبە خاکسپاردنیان، ئەو کچەش دەگاتە گوندەکە و دەچێتەوە سەر تەرمی بێ گیانی خۆشەویستەکەی .

سەڵمان و سراج لە گۆڕشتانێک کە پێشتریش چەند شەهیدمان لێی نێژراون وەک: یووسف ڕەشیدی ، کامیل ئیبراهیمی، ڕۆستەم زرنگی، جەلال نەبی زادە، سەعید نامیانی ، نێژراون. ئەو گۆڕستانە تەنیا شەهیدەکانی پێشمەرگەی دێمۆکرات لێی نێژراون و ساڵی ١٣٧٤ کاتێک ڕێژیم جاددەی بەوێدا دەکێشا بۆ شاخی قەرەغان، شۆفێری بۆڵدوزێر ویستبووی ئەو قەبرانە تێک بدا، بەڵام خەڵکی ئاوایی وارگەنم بەگژیان دا چووبوونەوە و ئیزنیان نەدابوو.

ڕۆژی ١ ی ڕەزبەر بوو. ئێوارەکەی ناجی چووبووە شاخی گردبەران کە بەرزترین لووتکەی ناوچەیە تا لەگەل مەڵبەند تەماس بگرێ.

وەک ئێستا لە بیرمە، من و عەسکەر و نایب دانیشتبووین و گوێمان لە ناجی بوو کە ڕابیتی مەڵبەند بوو لە گەل عەسکەر. هەر یەکەم جار گوێمان لێبوو ناجی گوتی: “چۆن بووە؟ لە کوێ؟ کابرا کیوە چووە؟ ” ناجی دوای یەک مەکس، گوتی: تەء(تەء بە کرمانجی واتە بەداخەوە، مخابن، حەیف). کەپرسیمان ناجی چی بووە. شتەکەی بۆ با سکردین.

ئەوە بوو غەمی لە دەست دانی دوو هاوڕێ و هاوسەنگەرمان بەسەردا باری . غەمی لە دەستدانیان تەنیا ئەوە نەبوو کە دوو تێکۆشەر شەهید بوون، چەندین بنەماڵە ، و بنەماڵەی گەورەی دێمۆکرات کەسی خۆیانیان لە دەست دابوو. غەمی گەورە ئەوەبوو کە بە دەستی کوردێکی خۆفرۆشی بێ ویژدان ئەو دوو سەرمایە مەعنەویە لێمان ئەستێندرابوون .

وابزانم ١١ ی ڕەز بەر بوو کە ئێمە بەشی هەرەزۆری ئەو کادر وپێشمەرگانەی کە لە ناوچەی سۆما بووین بەرەو مەڵبەند (تەڕگەوەڕ) کەوتینە ڕێ. بەرپرسی کۆمیتەی سەڵماس (عەسکەر عەلیزادە) و چەند کەسێک مانەوە بۆ هیندێک کار وباری حیزبی و ئەوانیش وابزانم ١٥ ی مانگ هاتنەوە.

کە هاتینەوە کاک مەحموود دەشتی وەک بەرپرسی مەڵبەند لەوێ نەمابوو وگەڕابووە باسرمە. تەنیا کاک هەمزە وەک بەرپرس لەوێ مابووە و چەند کەس لە کادرەکانی کۆمیتەی ورمێ و ژمارەیەکی ١٥ بۆ ٢٠ کەسی لە پێشمەرگەکانی هێز . بە ئێمەشەوە کە گەیشتین، بووینە ٣٠ بۆ ٣٥ کەس . ونیزیک ١٠ کەسیش تازەهاتوومان هەبوو. کە هاوڕێیانی کۆمیتەی سەڵماسیش هاتن ، جا ژمارەمان گەیشتە ٤٠ بۆ ٤٥ کەس. بەرپرسی کۆمیتەی ورمێ لە ناوچەی بەراندێز بوو، بەس لە بیرم نیە کە کام یەک لە هاوڕێیانی کۆمیتەی لەگەل دابوو.

بەڵام پێمخۆشە لێرە دا ئیشارە بە نوقتەیەک بکەم کە لاوازیی ئێمە نیشان دەدات.  ئێمە هاتین و دیتمان ئەو ژمارە کادر و پێشمەرگانەی کە لە لای کاک هەمزە بوون، بە جۆرێک ناڕاحەت و دەمی هەرکامیان دەکرایەوە پڕ بوو لە تووڕەیی لە کاک هەمزە. کە پرسیمان بۆ؟ گوتیان دوای ئەوەی کە عەبدورەحمان دۆتکانلۆ سەڵمان و سراجی شەهید کردووە، کاک هەمزە عەبدال دۆتکانلۆی ئامۆزای قاتڵەکە و عەلی مستەفەوی کە ئەویش خزمیان بوو و لەگەل قاتڵ هاتبوون، هاوڕێ لە گەل کەسێکی دیکە بە ناوی سەید ئیسلام کە ئەویش هەر خەڵکی ناوچەی ماکۆ و ئاشنای ئەو ٣ سەربازە بوو، ئەو ٢ ساڵ بوو پێشمەرگە بوو، بە چەکەوە ناردوونی کە گوایە عەبدوڕەحمان بکوژن! بەڵام ئەو ٣ کەسەش ڕاست چوونەتە سوپای پاسداران و بوونەتە بەسیج. شتەکە ڕاست بوو. بەڵام عەلی مستەفەوی نەببوو بەسیج و هەتا چەند ساڵ دواتریش کە خەبەرمان هەبوو هەر لە زیندان بوو. بەڵام ئەو دوانەی دیکە وێڕای قاتڵ بوون بەسیج و وابزانم هەتا ئێستاش بەردەوامن. (( ئەو کچەی کە قاتڵەکە لە گەل خۆی بردبوو، ڕێژیم دە زیندانی کرد و دوایە بە دانی وەسیقەیەکی زۆر ئازاد کرا و نەگەڕایەوە پێشمەرگایەتی))

سەیر ئەوەبوو کە کاتێک لە کاک هەمزەمان پرسی شتێکی وا هەبووە، نە تەنیا پێی کارێکی بێ لیکدانەوە نەبوو، بگرە هەر دەیگوت بە خوا ئەوان قەوڵیان داوە و بەو زووانەش ڕەحمان دەکوژن و دێنەوە! هەرچی دەمانگوت کاک هەمزە ئەوان ئامۆزا و خزمی خۆیان ناکوژن و بگەڕێنەوە، ئەو قەبووڵی نەبوو.

ڕۆژی ١٨ ی مانگ بوو کە وادیار بوو لە گەل بەرپرسی کۆمیتەی ورمێ کە لە بەراندێز بوو، ڕێک کەوتبوون کە گوایە بەرنامەیەکی عەمەڵیاتیان هەیە و دەیانەوێ کاک هەمزە و ژمارەیەک پێشمەرگە ئەو عەمەڵیاتە ئەنجام بدەن. دانیشتبوون کە و خەریکی چای خواردن بووین (وینە)…. کاک هەمزە باسی کرد کە سبەی دەچنەوە ناوچە. دیارە ئەندامانی مەڵبەند ئاگادار بوون، بەڵما لانی کەم من وەک خۆم ڕۆژێک بەرلە حەرەکەت ئاگادار بووم کە کاک هەمزە باسی کرد.

بە شاهیدی هەر هەموومان کە لەوێ بووین و بەشی هەرەزۆریشمان لە ژیان د اماوین، زۆرمان ئیسرار کرد کە : تکایە کاتی ئەوە نیە ئێوە بەو ژمارەکەمەی پێشمەرگە، ئەو هەوا سارد و سەرمایە، بەو هیزەی کە دوژمن لە ئیسفەهان ڕا واریدی کردووە بە ناوی “تکاور” خۆتان لە قووڵایی ناوچە مەدەن. من وەک خۆم لە کاک هەمزە پاڕامەوە کە مەڕۆن. بە گاڵتە گوتی : کاووس بە خوا تۆش خەریکە ترسەنۆک دەبی!‌ گوتم کاکە وەڵا من ناترسێم ، چوونکی لە مەئمووریەتەکە دانیمە تا بترسێم. بەڵام دڵی من دەترسێ. ئەو بە تەواوی باوەڕی کردبوو کە بە قەوڵ “بەرنامە عەمەڵیاتی” یەکە سەرکەوتوو دەبێ و زەبرێکی باش لە دوژمن دەدات.

بەڵام بە شاهیدی هاوڕێیانی ئەوکات و هەتا ئێستاشی لە گەل بێ، بەو ئەزموونەی کە منیش هەمبوو، ئەو ئاشنایەتی یەی کە منیش هەمبوو، نەمدەتوانی باوەڕ بەو شتە بکەم کە گوایە گوروهی زەربەتێک هەرچی شەوە دێتەوە شوێنێک تا بەیانی لەوێ دەبێ! بەڵام کاک هەمزە باوەڕی کردبوو. ئەو هاوڕێیانەی دیکەی مەڵبەند و کۆمیتەی ورمێ و سەڵماس و پێشمەرگەکانیش کە لە گەل مەئمووریەتەکە نەدەچوون ، داوای لە کاک هەمزە دەکرد کە مەڕۆن، بەڵام سوودی نەبوو. ئەوەش زیاد بکەم کە زۆربەی پێشمەرگەکانی ئەو مەئمووریەتە نابەدڵ بوون بۆ چوونی مەئمووریەتەکە و پێیان وابوو ڕەنج بە خەسار دەبن.

دوا نێوەڕۆی ١٨ ی مانگ نایب مەشایخی پێی گوتم کاووس هیندێک پارەی ئێرانی بدە بە کاک هەمزە بۆ خەرجی هێز. گوتم کاک نایب خۆت دەزانی کە هەرچی پارەیە ئێمە بەستەبەندیمان کردووە و ناتوانین بیکەینەوە. تەنیا ١٤٠ هەزار تمەنم پێ بوو. کاک هەمزە گوتی بەسە و بەشی باتریی بێسیمەکان دەکا. پێویستمان بە پارەی زۆر نیە.

لەوێ چەند وێنەیەکمان بە کامێرای کۆنیکای من لە گەل کاک هەمزە و هاوڕێیان گرتمان و بەیانی زوو ئەوان حەرەکەتیان کرد بەرەو ناوچە. هەوایەکی بارانیی سارد، تەم و مژ، پێشمەرگەکان زۆربەیان لیباسی گەرمیان نەبوو، حەرەکەتیان کرد. لە بیرم نیە ژمارەیان چەند کەس بوون، بەس ٢٠ کەس، یان زیاتر دەبوون .

ئەوان بەرەو ناوچە وئێمەش کە ژمارەیەک کادری سەڵماس و ورمێ و بەشی ماڵی لە گەل ژمارەیەکی ١٥ کەسی تازەهاتووە بەرەو ناوچەی شەمزینان و لەوێ ڕا بەرەو خاکورک کەوتینە ڕێگا. وردە وردە بەفر دەباری و شاخەکان بەری نزار بەفر و بەری بەڕۆژ سارد و سەرمابوو. خەلکی دڵسۆزی حیزب لە ناوچەی شەمزینان یەکجار زۆر بوون، ئەوان هاوکاریان کردین تا پەڕینەوە ئەوبەری لای چەمکە بی و سەرکەم.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٦ ی ڕەزبەر بوو کە ئێمە لە سنوور دەرباس بووین و گەیشتینە خاکورک. خواکورک هەوای گەرمتر بوو، شەوێک لە خواکورک ماینەوە و ڕۆژی دوایی ئێوارەکەی ماشێن مان بۆ هاتنە گەرووی “کەڤۆرتە” کە ئەوکات لە دەست پکک دا بوو. ئێمە بە لای قەلەندەر دا چووین و نەمان زانیبوو کە قائم مەقامی ناوچەی مێرگەسۆریش بە سەردان لەو ناوچەیە یە. دەشتە هێرتمان تەواو کرد و گەیشتینە سەیترەرەیەکی پارتی و چەکیان لێ کێشاین کە ڕاوەستین. ماشێنەکان ڕاوەستان و چەکدارێک هات و لە نایب مەشایخی کە لە گەل ماشێنی پێشەوە بوو ، پرسی ئێوە مەفرەزەی قائم مەقامن؟ نایب گوتی” بەڵێ”! هە رکە بەڵێی گوێ لێ بوو ، فەورەن داوای لێبۆردنی کرد و گەرایەوە . گوێمان لێبوو کە بە هاوڕێکانی گوت ئەوە جەماعەتی قائم مەقام بوون. ئێمە بەو ” بەڵێ” یەی کاک نایب رزگارمان بوو لە ڕاگرتنی چەند سەعات. ڕەنگە ئەو بەڵێ یە بۆیە جێی باوەڕ بوو بۆ ئەوان، چوونکی هەموومان بە کرمانجی قسەمان دەکرد کە خۆشیان بادینی بوون و شەوێکی تاریکیش بوو .

ئەوەبوو بۆ سەعات دەورووبەری ١١ ی شەوی ٢٧ گەیشتینە باسرمە ، ڕاست ئەو سەعاتانەی کە کاک هەمزە شەهید ببوو و بەداخەوە ئێمە نەمان دەزانی.

من نامەوێ بە وردی باسی چۆنیەتیی شەهید بوونی کاک هەمزە بکەم . چوونکی من لەوێ نەبووم و هەرچی بیڵێم لە زمان کەسانی ترەوەیە. بەلام ئەوە بڵێم کە: کاک هەمزە بە پێی پیلانێکی “اطلاعات” ی سوپای پاسداران و بە هاوکاریی ژمارەیەک جاش و جاسووسی ناوچە تێرۆر کرا. هەمووی ئەوشتانەی کە باسیان دەکرێ پیلانی لە داوخستنی کاک هەمزە بوون. لەو بەینە دا چەند خاڵ هەیە کە دەمەوێ ئیشارەیان پێ بکەم:

hemze_eme

عەلی مەجیدیان. شەهید ناسر فەرنیا. کاووس عەزیزی.  شەهید هەمزە بێهنام. سەید محەممەد تاهیری. ئەیاز سەحرایی ئەم وێنەیە ڕۆژی ١٨ ی مانگ بە کامێرای من گیراوە، واتە ٩ ڕۆژ بەرلە شەهید بوونی کاک هەمزە.

١. بە جێ هێشتنی جەنازەی کاک هەمزە کەمتەر خەمی یەک بوو کە زۆر جاری تریش لە درێژایی خەباتی چەکداری دا بەرچاو دەکەوێ. ئەوە کاتی خۆشی بەرپرسانی نیزامیی ئەوکات لێپرسینەوەیان لەگەل کرا و تا بزانم سزاش دران.

٢ . کاک هەمزە بە پیلانی ڕێژیم وبە بەرنامە تێرۆر کرا کە کۆمەڵێک هۆ هەیە و کاتی خۆی هەموویان لە ئیختیار هەیئەتی لێکۆڵینەوەی دەفتەری سیاسی و کۆمسیۆنی سیاسی – نیزامی نراون.

٣. هەرکەس پێیوابێ کە دەستێک لە نێو خودێ پێشمەرگەکان دا هەبوو، بە بێ ئەوەی “مطلق” ی بکەمەوە، دڵنیام کە شتی وانیە.

٤. لەو پیلانە دا کاک هەمزە خۆشی کەمتەر خەمی کرد و تەنانەت دەبوایە تێێینی و ئاگاداری یەکانی هاوڕێیانیشی وەبەر چاو بگرێ ، کە بەداخەوە نەیکرد.

٥. ناوی ٤ کەس لەو گورووپەی کە تێرۆرەکەیان ئەنجام داوە و ئەو کەسەی کە ماشێنەکەی لە ئیختیار ئەو تاقمە ناوە، من و زۆر کەسی دیکە دەزانین و هەر هەمووی ئەوانەش لە ژیان دا ماون کە بەشداری تێرۆرەکە بوون.

دوایە هاوڕێیان بۆیان باس کردین کە کاک مەحموود پەیامێکی بۆ کاک هەمزە دابوو و لە وەزعی تیمەکەی ئێمەی پرسیبوو. چوونکی دەنگۆیەک بڵاو کرابووە وەکە تیمێکی پێشمەرگەی حیزب لە سنووری شەمزینان کەوتوونەتە سەر مین و تەلەفاتی زۆریان بووە. . کاک هەمزەش کۆدی ڕەمزەکەی هەڵەی تێیدا ببوو و پەیامەکە وادەرهاتبوو کە گوایە تیمی ئێمە کەوتوونەتە سەر مین و چەند کەسیان تێیدا چوون. زۆریش ناراحەت ببوو بە و پەیامە.

هەر وەک باسم کرد ڕۆژی ٢٧ گەیشتینە مقەڕ لە باسرمە. ڕۆژی دوایی خەبەرێک گەیشتبووە مەڵبەند کە کاک هەمزە شەهید بوو. ئەوان بێسیمی ڕاکاڵیان لە لا نەبوو. تیمێک کە لە بیرم نیە کێ بوون ، چوون بۆ لای سنوور تا هەواڵێک وەرگرنەوە. بەداخەوە هەواڵەکە راست بوو.

ئەوەبوو دوای چەند ڕۆژێک ، هاوڕێیانێک کە لە گەل کاک هەمزە بوون هاتنەوە. ئەو دیمەنە هەرگیز فەرامۆش ناکەم. ئەوان هەموویان کوڕی ڕۆژی تەنگانە بوون. میرخاس و قارەمان بوون. بەڵام کە هاتنەوە ، راست وەک کۆمەڵێک مناڵی هەتیو هاتنە بەرچاوی من. هەر ڕاوەستام و تەماشای دابەزینی هاوڕێیانم دەکرد بە روخسارێکی غەمگین هاتنەو ەمقەڕ. خۆم هەتیویم بینیوە و لە تەمەنێکی زۆر کەم دا باوکم لە دەست داوە. بۆیە کاتێک هاوڕێیان هاتنەوە وکۆڵەپشتی یە ئادیداسەکەی کاک هەمزەیان پێ بوو، وەک هەتیو وابوون. گریانی زارا خانمی خێزانی کاک هەمزە و بەیانی کچی پێموانیە هەتا ئەو ڕۆژەی کە سەرم لە بەردی گرێچینی قەبرم دەکەوێ، لە بیریان بکەم. لە لایەک زارا خانم وبەیان، لە لایەک گوڵنازی خێزانی شەهید فەیسەڵ مەزیدی و هەر سێ کیژۆڵە وردەکەی و دەزگیرانی خێر نەدیوی سەڵمان، لە لایەک پەتوو و کیسەخەوی بەتاڵی کەشفەددین، سەعید، ، سراجەددین و ئەسڵان، تەنیا پێشمەرگە دەیتوانی تەحەمولی ئەو غەمە گەورەرانە بکات.

کاک هەمزە بێهنام فەرماندەری زۆر داستانی پێشمەرگایەتی بوو، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی ئەویان کوشت هەر هەموویان لە دایک و باوکێکی کورد هاتبوونە دونیا .

سلاو لە گیانی پاکی کاک هەمزە بێهنا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان.

ئێوەش هەرلە خۆشی دابن و هەر وەک لە سەرەتاش دا گوتوومە ، ئەوانەی کە من نووسیومە مەرج نیە دەقاو دەق ئەوشتە بن کە بوون. چوونکی ١٩ ساڵ بە سەر روداوەکە دا دەرباس بووە و سروشتی یە کە منیش ١٩ ساڵ پیرتر بووم و هیچ دەستنووسێکیشم نەبوو وەک سەرچاوە.

ئەگەر ئەجەل مەجال بدات تا بیرەوەری یەکی تر ماڵ ئاوا

….

 ئەم دوو وێنەیە تایبەتن بە خۆم و سوپاسی ئەو کەسە دەکەم کە بۆی ناردووم. ئەوە هەم گوندی نۆڤێ یە  و هەم  ئەو ماڵەی کە پێشمەرگەکان لێی بوون و کاک هەمزە ویستوویەتی لەگەل بەرپرسەکەیان قسە بکات کە ، هەرلەو کاتە دا کەوتۆتەوە بەر دەست درێژی جاشە تێرۆریستەکان.

novi_gund1novi_gund2

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی