"an independent online kurdish website

ئەسلان ڕۆی و زۆریش بە پەلە و بە تاسەوە بوو.’

*

دێوانە ، ڕەزا سەفدەری و کەسێکی دیکە بەڕاستی لە بیرم نیە کام یەک لە هاوڕێیان بوو، چوون بۆ لای زەنگاوا و گولانک تا لەوێ چاوەروانی ئەو تیمە تەشکیلاتی یە بکەن کە قەرار بوو بە چەک و چۆڵەوە بێنەوە شوێنی دیاری کراو تا یەک بگرینەوە. ئێمەش داگەڕاینەوە گوندی” چڕێ ” و تا سەعات ٣ی نیوە شەو لەوێ بووین و حەرەکەتمان کرد چووینە خوارەوەی گوندی مسکینی و لە شوێنێک ماینەوە.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٥ ی خەرمانانی ١٣٧٣بوو کە چووینە نێو ئاوایی مسکینی. مەسیرەکە وایە کە بێسیمی Icom نەدەکرا قسە لەگەل دیوانە و ئەوان بکرێ. چیای سپی مانع بوو. سەعات نیزیک ١٢ بوو لە مسکینی دەرکەوتین و چووین بۆ لای کانی سپی و لەوێ را بە نێوان هەردوو کوورەی سەرێ و خوارێ دا دەرباس بووین بۆ لای گولانک.

پەیوەندی لەگەل دێوانە گیرا و یەکترمان گرتەوە. ئەوەبوو دێوانە باسی شەهید بوونی ئەسلانی کرد.

هەروەک پێشتر گوتم ئەسلان بۆ چاو پێکەوتنی بنمەاڵەکەی کە ٤ ساڵ بوو هیچ کەسێکی نەدیت بوو، چووبووە ئاوایی کەهریز کە هەموویان ئازەری زمانن. ئەو گوندە لە سەر جاددەی ورمێ- سەڵماس هەڵکەوتووە و شەهیدی وەک یارمحمد تاهیری و سەعید چراغی هەبوو. حیزب لەو گوندە وەک باقی شار و دێهاتی کوردستان نفووزی بەرچاوی هەبوو. سەرەڕایی ئەوەی کە خەلکی گوندەکە ئازەری زمانن، بەڵام کورد دۆست و کوردستان خۆشەویستن هەتا ئیستاش.

کاتێک ئەسلان لە مالە باوکی دەبێ(٢٥ ی خەرمانان) و ژمارەیەک دۆست و ئاشنای بەدەوری یەوە دەبن، هێزیکی زۆری دوژمن بە ماشێنی بارهەڵگر دەگەنە بەردەرگا و لە هەموو لایەکەوە تەقە لە ناو ژورەکە دەکەن. بەداخەوە ئەسلان و چەند کەسێکی تر شەهید دەبن و ژمارەکیش لەوا کەسانەی کە لەوێن دەگیرێن و هەر هەمووشیان دواتر ئیعدام کران کە چەند کەسیان لە بنەمالەی شەهیدان یارمەمەد و سەعید چراغی و خودی ئەسلان بوون.

ئەو باسە هیندێک لایەنی تەشکیلاتی هەیە، بۆیە هەر ئەوندە باسی دەکەم. چوونکی پێشتریش باسم کرد کە ئەو کەسانە چەند کەسیان ئەندامی چالاکی حیزب بوون و لە ڕێگای مەئمووریەتی حیزبی دا بوون .

ئێمە بە شەهید بوونی ئەسلان و خودی رووداوەکە بە گشتی زۆر غەمبار بووین . نیزیک بە هەموو بەرنامەکانمان بۆ ئەو مەئمووریەتە  گرفتیان تێکەوت کەوت.

ئەو ڕۆژە ئێمە لە نێوان گوندەکانی قوجغ و زەنگاوا و تەندوورۆک کەمینمان دانا ، بەڵام هێزەکانی ڕێژیم هاتوو چوویان لەو ڕێگایە قەتع کرد و هێچمان دەست نەکەوت ، بۆیە هەر ئەو ڕۆژە سواری چەند ماشێنێک بووین و هەر بە ڕۆژ هاتینە سۆما. لەبیرمە کە چووینە گوندی تەندوورۆک، بێچەجووک ، بەردەڕەش ، باوان و شاممان لە گێچە خوارد.

ئەو شەوە تا بەرەبەیان لە گێچە بووین و دوایە چووینە لای دێمان- بۆتیک کەئەو دوو گوندە ساڵی ١٣٦٤ ڕیژیم خاپووری کردبوون. دەورووبەری ئێوارە بوو کە هاوڕێیان بریاریان دا عەمەلیاتێک ئەنجام بدەن و بۆ ئەو عەمەلیاتەش بازڕەسیی “چهار راه سرو” یان هەڵبژارد کە ١٠ کیلۆمێتر لە سێرۆ دوورە و ٦٠ کیلۆمێتریش لە شاری ورمێ. سێرۆ دەروازەی ئێران تورکیەیە. جگە لە بازڕەسی، پایەگایەکیش هەر لەوێ بوو. وەک موحافیزی بازڕەسی وابوون و هێزەکەی تا بڵێی بەد ڕەوشت و ڕیشوەت خۆربوون . زۆر ئازار وئەزیەتی خەڵکیان دەدا.

ئەوە ڕۆژی ٢٧ ی خەرمانانی ١٣٧٣ بوو. ئێوارەکەی تیم بەندی کراین و بەشێکمان بۆ سەر خودی پایەگا و بەشێکیش وەک پشتیوان . من خۆم لە نێو بەشی دووهەم د ابووم.

بە هەرحال کاتی هات و هێرش کرایە سەر بازڕەسی و پایەگاکە. هەر لە ماوەیەکی کورت دا پێشمەرگەکان توانیان چەند کەس بکوژن و بریندار بکەن و هیندێکیش بە دیل گیران، بەڵام زۆرینەیان لەو کاتەی کە ماشێنی شەخسی دەرباس دەبوون کەلکیان وەگرت و هەڵاتن. با بۆ مێژوو بڵێم ، ئەو پێشمەرگانە ژمارەیان کەم بوو، بەڵام هەرکامەی مێرخاس و داستان خولقێنێک بوون.

پایەگا گیرا، هەر لە ساڵی ١٣٦٠ تا ئەو شەوە، یەکەم جار بوو کە هەتا بەیانی بازڕەسی یەک وجوودی نەبوو ، پایەگا کە ئاگری تێبەردرا و دەستکەوتەکان کۆکرانەوە. بەڵام هەر وەک لە بەشی دووهەمدا ئیشارەم پێکرد بوو کە سێ سەرباز هاتبوونە نیو پێشمەرگەکان، یەکێکیان بە ناوی عەبدوڵڕەحمان دۆتکانلۆ میلان ئەو شەوە بە سووکی بریندار بوو و هەر بە برینداری جینایەتی خوڵقاند کە لە بەشی چوارەم دا باسی دەکەم.

تیمی سەر پایەگا لەبیرمە کە بە مینی بووسێک هاتنە لامان. خۆشییەکەی ئەوەبوو کە ، هەم موسافیرانی داخیلی و خاریجی شاهیدی عەمەلیاتەکە بوون، هەم خەڵکی ناوچەکانی سۆماو برادۆست شاهیدی بوون و ڕێژیم قەت پێیوانەبوو لەو شوێنە عەمەلیات بکرێ. ئەو ڕێگای تڕانزێتی نێوان ئێران و تورکیە یە، تەنانەت ماشێنە بارهەڵگرە ئۆرووپایەکانیش بەوێدا دەرباس دەبن.

لە سەر جاددە ی ئەسڵی چەند وانێت بارێکی سایپا مان راگرت و سواری بووین بە نێو دێهات دا چووین، بەتایبەتی شارەدێی گەنگەچین. ئەو شەوە مانگەشەوێکی زۆر خۆش بوو. من لەگەل ماشێنی یەکەم بووم. هاوڕێیانی لە پشتەوەی ماشێنەکان دانیشتبوون تا دیار نەبن ، وئەگەر ماشێنی دیکە ڕووبەڕوو دەهاتن نەیاندەدیتنەوە. کە تەماشام کرد ئەسپەکەی ئێمە کە هیندێک فیشەک و شتی وای لە سەر پشت بوو، ئەویش سواری سایپایەک کرابوو.(( بەلام هاوڕێیان لە بیریان چووبوو گولە ئارپیجییەک کە لە بەر گوریسەکەی کرا بوو، دەربێنن. هەرماشێنێک تووشمان بووبێ یان بە نێو هەر گوندێک دا چووبین کە زۆریش بوون، هەموویان ئەو ئەسپەیان بۆ پرسیار بووە. تا بە بێسیم هاوڕێیانمان ئاگادار کردەوە و پێمان گوتن ئەو ئەسپە “مسلح” ە گولە ئارپیجی دەربێنن با خەڵک نەیبینێ))

ئەوەبوو چووینە گوندی فریزیان ، لەوێ پشوویەکمان دا و ئەوجار ئیدی بە شاخەکان دا سەرکەوتینە پشتی گوندی کۆران و ڕۆژەکەی لەوێ بووین. تاو هەڵات تەماشامان کرد ئەوە سەڵمان کووهی کە بەرپرسی تیمی تەشکیلاتیی سەڵماس شپیران بوو، بە تاقی تەنیا لە شاخی” فاتمە شیو” هاتە خوار. پێمان سەیر بوو. کاتێک ئێمە بەرەو مەئمووریەت چووین ئەوان سێ کەس بوون، بەڵام ئەنوەر و محەممەد دیار نەبوون.

کە پرسیمان بۆ بە تەنیایی؟ گوتی ئەنوەر و محەممەد جوونەتە مەئمووریەت و من بە تەنها لێرە ماوم. بەرپرسی کۆمیتەی سەڵماس کاک عەسکەر عەلیزادە پێی ناخۆش بوو و گوتی ئەوە کارێکی ئووسووڵیت نەکردووە کە بە تاقی تەنیا لەو شاخە ماوی و لە گەل هاوڕێیانت، کە بەرپرسیان بوویت نەچوویتە مەئمووریەت.

ئێوارەکەی دەبا بچینەوە گوندی کۆران و دوایە سەرکەوینە لای سوڵتانی(بەرزیۆک) . شەو من هیندێک کاری ماڵیم کرد و ئاگام لە هیچ نەبوو. وابزانم سەعات ٣ ی نیوەشەو لە گوند هاتینە دەرو هەوا سارد بوو.زۆربەمان باڵتۆمان نەبوو. تا قەدەمێک دەچووینە پێش هەوا سارد تر دەبوو. چوونکی بەرەو شاخ دەچووین.

قەڕاغ ئاوەکان بەستەڵەکیان کردبوو. لە شوێنێک دانیشتین تا بحەسێینەوە، دیتم هاوڕێیان باسی سەڵمان و هێنانی کچێک دەکەن! پرسیم چی بووە؟ گوتیان نەتوازانیوە کە سەڵمان کچێکی هێناوە؟ خولاسە هەستایین و ڕۆیشتین تا دونیا ڕووناکی کرد و تاو هەلات، دیتمان ئەوە سەڵمان و سراجەددین جاجۆیی و ئەو کچە لە بن بەرێکی گەورە دا ئاگرێکیان هەڵکردووە و دانیشتوو تا ئێمە بێین.

سەرکەوتین و چووینە بەرەزیۆک و ئێوارەکەی کەسێک کە پێشتر ناردبوومان بۆ کڕینی لیباسی کوردیی یەک ڕەنگ بۆ هەموو ئەو تیمە هات و گوتی ئەوەلیباسەکانم هێناون، بەس نەمتوانی لە گەل خۆم بێنم ، ئەوە لە گوندی حەسەنی دامناون. ئێوارەکەی چەند پێشمەرگەیەک چوون وهێنایان و لە لیباسی دڕاو و کۆن ،کون  ڕزگارمان بوو و بووینە خاوەنی لیباسی تازە. بەڵام هەر لە باڵتۆ خەبەرێک نەبوو. تەنیا چەند کیسەخەو و پەتوومان هەبوو، ئەویش لە سەرمای ئەو شاخە دا.

دیسان دەبوایە بەشێکمان بەرەو تەڕگەوەڕ چووباینەوە. چەند لاوی تازە هاتوو بۆ پێشمەرگایەتی ، سەڵمان کە تازە ئەو کچەی هێنابوو، سراجەددین دەبا بچێتەوە مەڵبەند و کامێرا تازەکەی وەرگرێ بۆ فیلم هەڵگرتن(چوونکی فیلم هەڵگری مەڵبەند بوو) و ئەو بریندارەی کە باسم کرد. ڕۆژی ٣٠ خەرمانان هات و دوا نیوەڕۆ دەبێ ئەوان حەرەکەت بکەن. خۆیان ئامادە کرد و هەرکامەی بە جۆرێک خۆشحاڵ بوو. سراجەددین خۆشحاڵ بوو کە دەچێ کامێرا تازەکەی وەردەگرێ کە دۆستێکی حیزب لە باکووری کوردستان بۆ مەڵبەند کڕی بووی. سەڵمان تازە خەریک بوو ژیانی هاوبەش پێک بێنێ و تازەهاتووەکانیش بەرەو لای مڵبەند و لەوێ را بەرەو فێرگەی سیاسی نیزامی بچن.

سراجەدین وئەوان حەرەکەتیان کرد و سەڵمان هیندێک دواکەوت. من لەگەل سەڵمان چووم تا خوارەوەی هاوڕێیان و زۆر خۆشحاڵ بوو. گوتی فڵانی تا ئێستا لە مقەڕ بووم بۆم نەدەکرا ، بەڵام ئەم زستانە خۆم بە باشی فێری ئنگلیزی دەکەم. خوا حافیزیم لە سەڵمانیش کرد و گەرامەوە. وابزانم ئەبووبەکر ئیبراهیمیش تا گوندی سۆریان لەگەلیان بوو. بەڵام ئەو هەر تا سۆریا دەچوو.

ڕۆژی دوایی دەگەنە گوندەکانی” کاولە گوند” و” پاگەنک” کە گوندی باکووری کوردستان بوون ودەولەتی خەڵکی گواستبووەوە و چۆڵ کرابوون. بە ڕۆژ لەوێ دەبن. ئێوارەکەی دەکەونە ڕێگا بەرەو لای گەلی بەڕدەڕەش و بچنە قەرەغان کە بنکەی مەڵبەند لەوێ بوو. دەگەنە بەرانبەر گوندی” دێرێ” لە ناوچەی گەلی بەردەڕەش و ئیدی بە قەول لەو شوێنانە کە ئیمکانی کەمین وبوونی هیزی ڕێژیم هەیە، دەرباسیان بووە و دادەنیشن تا چەند دەقیقەیەک بحەسێنەوە. بێ خەبەر لەوەی کە هەمان سەربازە بریندارەکە دێت و چەکەکەی کە لە دەست یەکێک لە تازەهاتووەکانە وەردەگرێ و سەڵمان و سراجەددین دەکاتە ئارمانجی قینی خۆفرۆشانەی خۆی و تێرۆریان دەکا.

عەبدوڵڕەحمان دۆتکانڵۆ میلان ئەو دوو تێکۆشەرە شەهید دەکا، تازە هاتووەکان هەرکامەی بۆ لایەک هەڵدێت سەرگەردان و ناشارەزا دەکەونە نێو ئەو دارستانە. ئەو خائینەش کچێک کە تازە هاتبووە بۆ پێشمەرگایەتی بە هەڕەشە و زۆری تفەنگ لە گەل خۆی دەباتەوە. تا خەبەر دەگاتە مەقەر و پێشمەرگە دێن، تازە هەموو شتێک کۆتایی هاتووە!

بۆ دۆزینەوە بابەتەکان، کۆپی سەردێرەکانی خوارەوە بکەن و لە بەشی گەڕانی ماڵپەڕ دەتوانن بینا دۆزنەوە. 

 

  • لە باسڕمە تا نۆڤێ و شەهید بوونی کاک هەمزە بێهنام! بەشی یەکەم. کاووس عەزیزی

  • لە باسڕمە تا نۆڤێ و شەهید بوونی کاک هەمزە بێهنام! بەشی دووهەم. کاووس عەزیزی

  • لە باسڕمە تا نۆڤێ و شەهید بوونی کاک هەمزە بێهنام! بەشی سێهەم. کاووس عەزیزی
  • لە باسڕمە تا نۆڤێ و شەهید بوونی کاک هەمزە بێهنام! بەشی چوارەم و کۆتایی. کاووس عەزیزی
  • بۆ شەهید هەمزە بێهنام. کاروانچیەک لە خانێ

  • مامۆستا حەسەن زادە و معمایەک کە دوای ١٩ ساڵ لای بەڕێزیان هەربە معمایی ماوەتەوە!

  • چونیەتی شەهید بوونی کاک هەمزە بێهنام فەرماندەری هێزی ئاگری، لاوە نەبی زادە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی