"an independent online kurdish website

رۆژی یەکشەممە، ٢٩،٠٩،٢٠١٣ دەستی تیرۆریزمی ئیسلامی گەیشتە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان و گیانی لە چەند کەس لە هاووڵاتیان ستاند و بەدەیان کەسیش لەو رووداوەدا برینداربوون.terrorist

ئەو تیڕۆرە ڕەشە بەدوای ئەو زەنجیرە تیڕۆرانەدا دێت کە لە ڕۆژو هەفتەکانی رابردوودا، لە ناوچەکانی دیکەی عێڕاق دا ، لە ئەفغانستان، پاکستان، کینیا هتد دا لە لایەن دەستەوتاقمە تیڕۆریستە جۆراوجۆرە ئسلامیەکانەوە ئەنجام درابوون.

خاڵی هاوبەشی نێوان هەموو ئەو کردەوە تیڕۆریستیانە ئەوەیە کە دەیانەوێت خەڵک قەسابی بکەن، گەورەو بچوک، ژن و پیاو، پیروجوان، منداڵ و گەورە، نیزامی و خەڵکی ئاسایی پێکەوە دەکەنە ئامانج. مەبەست ئەوەیە لەوڕیگایەوە تامی دۆزەخ و ئاگری جەهەننەم بە خەڵک بچێژن یا بە خەڵک نیشاندەن.

ئەو میتۆدە تیڕۆریستیە، کا ناوێکی دیکەی تیڕۆڕیزمی نێونەتەوەەییە، تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێ و گوناهبار و بێگونا‌ه پێکەوە دەخاتە بەر پەلاماری خۆی.

ئەو فەلسەفە سیاسیەی پاکانە بۆ ئەوکردەوە تیڕۆریستیانە دەکات، سەرچاوەکەی شەریعەتە. لەو فەلسەفە سیاسیەدا ئینسان هیچ حەق حقوقێکی نیە. دەبێ تەنیا بیر لە دونیای دیکە بکاتەوە و بەس ئەگەر نا بەزەبری شمشێر دەبێت بهێنرێتە سەر عەقل و ڕێگای ڕاست. ئەوە جەوهەری تیرۆریزمی ئیسلامیە.

تایبەتمەندیی بنەڕەتی تیڕۆڕیزمی ئیسلامی ئەوەیە کە ئیسلامی سیاسی بناژۆ لە گەڵ نەریتی شۆڕشگێرانەی روبسپێر تادەگاتە لینین، دەگەڵ میتۆدە ئەنارشیستیەکانی باکۆنین تا بایدەر مینهۆف تێکەڵاو دەکات. دەستەو تاقمە تێرۆریستە ئیسلامیەکان، لە قاعیدەوە بگرە تا دەگاتە تالیبان و ئەوانی تر خۆیان بەو چەک و چۆڵ و تی ئین تی و بۆمبانە پڕ چەک دەکەن کە شارستانیەتی رۆژئاوایی هەر وەک ئازادی بەیان و ئازادی عەقیدە و ئازادی تێکۆشانی سیاسی بۆی دەستەبەر کردوون.

هەموو ئەو دەستەو تاقمە جۆراوجۆرە ئیسلامیانە یەک ریسالەت بۆ خۆیان قایلن. ئەویش بردنەپێشی هەمان ئەو ریسالەتی هەزار و چوارسەد ساڵەیە کە موسوڵمانەکانی سەدری ئیسلام بە ریسالەتی خۆیانیان دەزانی. یانی بە قسەی خۆیان ئامانجیان بریتیە لە ڕزگار کردنی خەڵک لە کوفر و جەهل بە زەبری شمشێر. ئەوەیە کەبێ هیچ چەشنە تێبینیەک ئایاتی ڕەحمەتی خۆیان بەشکڵی بۆمب و تی ئێن تی، بە شێوەی بۆمبای ئینسانی و سەیارەی مینرێژ کراو ، لە شوێنە قەڵەباڵغەکاندا، بەسەر خەڵکدا دەبارێنن.

 

ئەو موسوڵمانە بە قسەی خۆیان ئیماندارانە کە پاسپۆرت و ڤیزای بەهەشتیان لە باخەڵدایە، لەو رێگایەوە دەیانەوێت، ر‌ق و تووڕەیی و قەهری خوداوەندی میری مەزن بەتەشخیسی ئاغا و وەلی نیعمەتەکانیان، بە هەموان، کافر و موسوڵمان، نیشان دەن. بۆیە دەکوژن و وێران دەکەن و خۆشیان دەکەنە بۆمبی ئینسانی و چاوەڕوانن دوای ئەنجامدانی عەمەلیاتەکە لە بەهەشتی بەریندا، پاڵی لێبدەنەوە و هەتا هەتایە خەریکی کەیف و رابواردن بن لە گەڵ ئەو حۆریە جوانانەی کە بە مژۆڵی چاوانیان جەرگی پیری حەفتا ساڵە ئەنجن ئەنجن دەکەن.

لەوەش زیاتر ئەگەر بۆیان بکرێ تاڵانیش دەکەن. ئاخر ئەوە هەم غەنیمەتە و هەم سەوابیشی هەیە. ئەوە سوننەتی موسوڵمانانی سەدری ئیسلامە کە لەکاتی پەلاماری کوردستان و بە قسەی خۆیان فەتحی ئێمەدا، دەیان کوشتین و ژن و کچ و ماڵ و سەرووەتیشیان لێ بەتاڵان دەبردین. ئەوان ژن و دایک و کچەکانمانیان بە کەنیز دەگرتن و بۆ تێرکردنی غەریزە جنسیەکانیان رەوانەی سەحرای عەرەبستانیان دەکردن و سەروەوت و مەروماڵاتەکەشمانیان بە غەنیمەت دەگرت و لەنێوخۆیان دا دابەشیان دەکرد.

ئەو میتۆدە تیڕۆڕیستیە ئامانجەکەی ئەوەیە کە ئەوکەسانەی بە قسەی ئەو لەخوا بێخەبەرانەی بەرێوەی دەبەن، کە ئیمان نایەنن، بترسن و بتۆقن.

تیڕۆریزمی ئیسلامی، بەو شکڵە مۆدێڕنەی کە ئێستا دەیبینین، واتە خوێنرێژی بە ناوی مەزهەب، لە گەل هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە سەری هەڵداوە.

سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٨دا، بەنزین بوو بەسەر ڕادیکالیزم و بنیاتگەرایی ئیسلامی دا ڕاژا. سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی پێویست بوو بۆ گەشەکردنی ڕادیکالیزمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا. چۆن سەرکەوتنی سەعدی کوڕی وەقاس کاتی خۆی لە شەردا بوو بە هۆی بڵاوبوونەوی ئیسلام لە کوردستان و باقی ناوچەکەدا، ئاواش سەرکەوتنی ئیسلامی بنیات گەرا لە ئێران، بوو بەهۆی گەشەکردنی تیرۆریزمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا. ئەگەر ئیسلام لە سەدەی حەوتەمدا لەلایەن رۆم و ساسانی و کوردەکانەوە تێکشکابا، لە خودی عەرەبستانیشدا، لە مەککەو مەدینەشدا، قودرەتی خۆی لە دەست دەدا و ئیتر هەڵنەدەستایەوە. ئەگەر ئەو عەرەبە پێخواسانە لەو هەموو فەتح و دونیا داگیرکردنەدا، ئاوا سەرمەست نەبوایەن و ئەو هەموو دەسکەوت و پاداش و کەنیز و غەنیمەتەیان دەستنەکەوتایە، ڕووحیەی شەریان لە دەست دەدا و ئاواغەڕڕە نە دەبوون. لە ئاکام دا دەگەڕانەوە دەورانی پێش دەعوەتی موحەمەد.

شۆرشی ئیسلامیش لە ئێران هەمان نەخشی ئیلهام بەخشی بۆ تیرۆریزمی ئیسلای لە ناوچەکەدا گێڕا. دەساڵ دواتر سەرکەوتنی ئیسلام گەرایی لە ئەفغانستان، هێندەی دیکەش بەنزینی بەسەر ڕا دیکالیزمی ئیسلامیدا کرد. سەرکەوتنی جیهادی دژی سۆڤیەتی لە ئەفغانستان بە هاوکاری ئەمریکا، ئیدی ڕادیکالیزمی ئیسلامی کردە فاکتۆرێکی سیاسی.

 

ئێستا بنیاتگەرایی و ڕادیکالیزمی ئیسلامی شێوە و ناوی جۆراوجۆری لەسەر دادەنرێ. بەڵام جەوهەرەکەی یەکە. سەلەفی، رەنسانسی ئیسلامی، ئیسلامی سیاسی و ڕادیکالیزمی ئیسلامی. ئەو بنیاتگەراییە لە کۆتایی چەرخی هەژدەهەمدا، لە بیابانەکانی عەرەبستاندا سەری هەڵدا. عەبدولوەهاب بە خوێندنەوەیەکی حەنبەڵی لە قورئان، فرقەی وەهابی لە ئیسلامدا بنیات نا. ئەو دەیەویست رۆڵی محمەد وەک فاتح و خاوەن دەعوەت لەسەردەمیکی تازەدا بگێڕێ. بەڵام لەسەرەتای قەڕنی نۆزدەهەمدا خدێوی میسر لەسەر داخوازی و بە فەرمانی خەلیفەکەی واتە سوڵتانی عوسمانی، کۆتایی بە فەتح و فتوحاتی عەبدوول وەهاب هێنا. پەیامی عەبدوول وەهاب نەگەیشتە هیچ کوێ چونکە زۆر و شمشێری لە پشت نەبوو. واتە شمشێرەکەی کول بوو. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، کەسێکی دیکە بە ناوی مەهدی خەیاڵی زیندووکردنەوە و ئەحیای ئیسلامی لە سوداندا کەوتەسەر. لەسەرەتادا لە کارەکەیدا سەرکەوت و توانی حکومەتێکی ئیسلامی تەواو لەسەر مۆدێلی چەرخەکانی ناوەڕاست بنیات بنێ. بەڵام ئەویش سەرەنجام تێکشکا چوونکە شمشێرەکەی کاری نەدەکرد.

ئەگەر مێژووی ئیسلام بخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە شمشێر و سەرەنێزە و زۆروێژی و لەو دوایانەشدا دۆڵارە نەوتیەکان، دەوری بەرچاویان لە برەوپێدان و بڵاوکردنەوەی ئیسلامدا گێراوە. ئەو پەیامە بێ پشتیوانی سەرەنێزە و دٶڵارە نەوتیەکان بە هیچ کوێ ناگا.

ئەگەر دەمانەوێ ئینفلۆنزای تیرۆریزمی ئیسلامی لە کوردستان نەتەنێتەوە، دەبێ پێشی پێبگرین و ڤیرۆسەکەی ئیزۆلەبکەین و نەیەڵێن بڕواتە پێش. ئەو پەیامە تەنیا بە زەبرێ شمشێر و دۆڵارە نەوتیە دەوڵەتیەکان دەچێتە پێش، با شانسی چوونەپێشی لێ بەربەست بکەین. یەک هەنگاو بڕاواتە پێش، سەرمەست دەبێ . باشمشێرەکەی لە دەست دەبێنین.

 

برایم لاجانی

٣٠.٠٩.٢٠١٣

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی