"an independent online kurdish website

من خەبەری هاتنی دیاکۆ م لە سەر بێسیم بە کاک هەمزە نەگوت. پێموابوو کە ئەوە بۆ بواری ئەمنیەتی باش نیە.kavos_azizi_pm

بۆیە کە هاتینەوە خوار کاک هەمزە لە ماڵێک دانیشتبوو و شامیشی نەخواردبوو، هەر چاوەڕیی ئێمە بوو. کە شاممان خوارد و چووینە سەرەوەی چادرەکان تا بخەوین، گوتم کاک هەمزە قسەیەکی خۆش! بەرلەوەی بپرسێ چی بووە؟ گوتم دیاکۆ ئەوە لە باسرمەیە. زۆر خۆشحاڵ بوو و گوتی وەلا ئەگەر هاوڕێیان مەجالم بدەن دەچم دەیبینمەوە. لە بیرمە هیندێک لە هاوڕێیان هەر لەوێ ئامادەییان دەربڕی کە لەگەڵی بڕۆنەوە بۆ باسرمە تا دیاکۆ ببینێ.(دیاکۆی کوڕی کاک هەمزە ئەوکاتی لە لای ماڵە باپیری بوو و دەرسی دەخوێند کە کاک هەمزە ماوەیەکی زۆربوو چاوی پێنەکەوتبوو).

ئەوەبوو کاک هەمزە لەبەر ئەرکی حیزبی نەیتوانی بڕوات و زۆری غەم پێوە دەخوارد. ڕۆژێکیان من و ئەو لە قەراغ چۆمی کونەکۆتر خەریکی لیباس شۆردن بووین. باسی دیاکۆی کرد و چاوی پڕبوو و گوتی : ئارەزووم بوو دیاکۆ ببینم، تازە ئەوساڵیش هیچ نەمتوانی ببینم.

ڕۆژێک دیتم کاک هەمزە ، وابزانم مستەفا، جاسم و شەریف  ، یان زێناڵ؟ بە چەند ئەسپێکەوە چوون بۆ لای مەڕگەوەڕ. پرسیارم لە کاک سەعید گوڵێ کرد کە کاک هەمزە وا بە پەلە و بە ٣ کەسەوە بۆ کوێ چوو؟ گوتی ئەو موهیماتەی کە سەفەری پێشوو هێناویانە لە شوێنێکیان داناوە چوون بێنن. زۆرم پێناخۆش بوو کە فەرماندەری هێز بە٣ کەسەوە بچێت بۆ هێنانی چەند سندۆق فیشەک کە کارێکی هیندە سەخت نەبوو تا حەتمەن دەبێ فەرماندەری هێز بڕوات بۆ هێنانیان.

دوایە کە هاتنەوە پێشمەرگەکان گلەییان هەبوو . چووبوون بە ڕۆژ لە هەمان گوندی “نۆڤێ” لە ماڵێکدا مابوونەوە کە ئەو ماڵە ئەسڵەن  لە بواری ئەمنیەتی یەوە موناسیب نەبوو بۆ مانەوەی پێشمەرگە و بەتایبەتی فەرماندەرێکی وەک کاک هەمزە و فەرماندەر هێزێکی وەک هیزی ئاگری کە دوژمن بەدوایدا بوو تا زەبری لێبوەشێنێ. ئەوەبوو دواتریش هەمان نامۆناسیبی و هەمان نیگەرانی یەکان بە نیسبەت ئەو ماڵە، وەڕاست گەڕان.

گەیشتینە سەرەتای هاوین و مەڵبەند و هەموو هێزەکە لە گەل هیزی کێلەشین و کۆمیتەی شارستانی شنۆ بە بەرپرسایەتیی کاک سەید ڕەسووڵ ئەحمەدی و بە فەرماندەریی کاک محەممەدە ڕەشە بە یەکەوە هاتنەوە. ئەوان گەیشتنە ناوچەی تەڕگەوەر و یەکترمان گرتەوە ، خەبەرهات کە باوکی کاک هەمزە و کاک فەیسەڵ مەزیدی کادری کۆمیتەی شارستانی سەڵماس کۆچی دواییان کردووە. وابزانم ناوی باوکی کاک هەمزەش هەرمحمد بوو و ناوی باوکی فەیسەڵیش هەمان شێوە. لە نیو چادرەکانی شیواکلی سەرەخۆشی مان کرد و کاک هەمزە ئەو جار  غەمی کۆچی دوایی باوکیشی هاتە سەر غەمی نەدیتنی دیاکۆ. ئاخەرلە لایەک نەیتوانیبوو دیاکۆی کوڕی ببینێ، لەلایەک باوکی دوای چەندین ساڵ کە چاوی پێنەکەوتبوو و کۆچی دوایی کردبوو، غەمەکان کەڵەکە دەبوون. بەڵام وەک ئینسانێکی جەسوور و بە ئەزموون هەوڵی دەدا تا هیچکامیان بەو شێوەیە دیار نەبن و هەمیشە هەوڵی دەدا ڕوخساری شاد نیشان بدات.

هاوکات باوکی کاک جەعفەر مەحمود پوور کە بەهۆی شکەنجە و فیشارەکانی ڕێژیم دەمێک بوو دەیناڵاند، کۆچی دوایی کرد. هەر لەوێ سەرەخۆشیمان لە کاک جەعفەریش کرد.

هیزێکی باشمان هەبوو، بەڵام بەهۆی بێ بەرنامەیی تەنانەت نەمانتوانی عەمەلیاتێکی بەرچاو کە شیاوی ئەو هێزە باشە بێ بە هاوبەشی لەو ناوچەیە بەڕێوە بەرین. سەرەتای مانگی گەلاوێژ بوو کە هێزی ئاگری و کێلەشین بۆ جەولەیەکی سیاسی- نیزامی دەیانەویست بچنە ناوچەکانی بەراندێز و قاسملووی ورمێ ، و دۆڵ و دەشتەبێڵی شنۆیە.

هەتا ئەوکاتیش جارێ ئەرکی من دیار نەبوو، هەر وەک کادرێک بە بێ سازماندەهی لەگەل هاوڕێیان دابووم. پێش ئەوەی هیزەکان حەرەکەت بکەن، کاک مەحموود بانگی کردم و گوتی ٣ قسەم بۆ تۆ هەیە: یەکەمیان ئەوەبوو کە کۆمیتەی شارستانی بانە داوای پلەی کادری دەرەجە ٣ی بۆ کردبووم، کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی موافیقەتی کردبوو. دووهەمیان ئەوەبوو کە کاک جەعفەرمەحموود پوور ئەرکی تری وەرگرتبوو، من دەبوایە وەک هاوکاری کاک نایب مەشایخی کاری ماڵی بکەم. سێهەمیان ئەوەبوو کە دەبوایە لەگەل هێز بچمە جەولەکان و فۆرمی بەشی پەزیرشی حیزبیان پیدابووم تا هەرکات کەسێک هات بۆ پێشمەرگایەتی، من ئەو فۆرمانە پڕ بکەمەوە کە هەر واشم کرد . کاک هەمزە لەوێ بوو و داوای کرد کە با کاووس بڕە پارەیەکیشی لە لا بێ ئەگەر خەرجێکی هیزمان هەبوو راستەوخۆ ئەو بۆمان بکات . کاک مەحموود و کاک نایب موافیق بوون و من لەگەلیان چووم بۆ ئەو مەئمووریەتە.

سەفەرەکە خۆش بوو، سەرەتا چووینە گەلی قاسملوو و دواتریش چووینە ناوچەی دەشتەبێڵ. لەوێ تیمی تەشکیلاتی ناوچەش هاتن و لە گەل ئێمە یەکمان گرت کە تەنیا کاک عوسمان رووئیان لە بیرم ماوە. بەرەبەیانێک گەیشتینەوە گوندی قامیشلۆ. ئەو گوندە لە چاڵێکدایە. بچووک و هەڵکەوتەی جۆغرافیایش زۆر خەراپ بوو. هەموو دەوری شاخ، ئەویش خۆی لە ناوەڕاستی دا. نەمان زانیبوو کە سەرەخۆشی یەک لەو گوندە هەیە. بەیانی یەکێک لە جاشە بەناوبانگەکانی ناوچە ویستبووی بێتەوە سەرەخۆشی، بەڵام کەسێک لەو گوندە ڕاست و ڕەوان پێی دەڵێ مەیەوە و گوند پڕە لە پێشمەرگە. ئەویش هەر زوو هێزەکانی ڕێژیم ئاگادار دەکاتەوە وئەوان دەوری گوندیان گرت وابزانم بەرلە سەعات ١٢ بوو.

ئەوان نەهاتنە ناو گوند. لە بەرانبەر گوند تۆپخانەیان دانا و بە دۆشکە تەقەیان لە دەوروو بەری گوند دەکرد.   ئێمە چەند کەس(تاهیر سۆفی، مێهران میرزایی، ناسر فەرنیا، کەریم بێتاری و من) لە ماڵی پێش پێشەوە بووین کە ئەگەر هەرکەسێک هاتباوە گوند دەبوایە لە بەر دەرکی ئەو مالە ڕا دەرباس بوایە. من بە دووربین لە بەر بۆشکەیەک کە لەکەناری دەرگای دەرەوە دانرابوو تەماشای هیزی ڕێژیم و تۆپخانەکەم دەکرد. من دانیشتبووم و ناسریش لە پشت سەری من ڕاوەستابوو. دیتم کەسێک بە ئازەری لە ناسری پرسی تۆ کێی؟ ناسریش گوتی من خاوەنی ئەم ماڵەم. من کە هەستام بە لیباسی تایبەتیی پێشمەرگەی حیزب و ئارمی حیزب لە سەر گیرفانم، دیتم سەربازێکی تورکە بە لیباسی کوردی و کەڵاشینکۆفێکی لە شان بوو. هەر کە منی دیت ئیدی زانی ئێمە پێشمەرگەین. لەوێ ڕا بانگی دەکردە تۆپخانەکە : اینجایند ، ضد انقلابها اینجایند! و هەڵدەهات . من کە بە پەلە هاتمە ژوور، تاهیر گوتی کاووس بە یەک تەکتیر لێیدە. کە ویستم ئەو کارە بکەم، تاهیر تفەنگەکەمی زامن کرد و گوتی دەست راگرە!

گوتم بۆ؟ ئەو کارەی تاهیر پڕ لە ئەزموون بوو. گوتی چ مەعلووم کە ئەوان ئەو کەسەیان بۆ کوشتن ناردبێ تا بیانوویان دەست کەوێ بۆ تەخت کردنی گوند بەسەرمان دا. ڕاست ئەوەش بوو. ئەوان ئەو کابرایەیان ناردبوو بۆ بیانوو تا بە تۆپ وکاتیۆسا تەفر و توونامان بکەن. لەوکاتی دا ناچار بووین بە خەڵکی بڵێین بڕۆنەوە خوار. خەڵک هەمووی چوو بۆ لای تۆپخانەکە. لە بیرمە کابرایەکی بانگی دەکرد و دەیگوت:…. من ئەوە مناڵەکان دەبمەوە خوار، پێیان بڵێ ئەوە نیروی ورمێ هەموو بە ڕێگاوەیە! با لە گوند دەر نەکەون. ئەو خانمەی کە ئێمە لەماڵی دابووین، کوڕێکی جەوانی خوێندکاری هەبوو، هەرچیمان کرد و گوتمان دایە گیان خۆت و کورەکەت برۆن . گوتی من ناڕۆم، نەیهێشت کوڕەکەشی بروات. هات کەپسوولی گازی لابرد ، هەرچی شوێنی باش بوو لە نێو ماڵەکەی دا پێشانی داین و گوتی ئەوانە بۆشەڕ باشن. تەنانەت نانی هێنا و گوتی ئەگەر شەڕ ببێ ئێوە برسیتان دەبێ. هەر دەشیگوت شەر کە دەستی پێکرد غەمی گوندتان نەبێ ، ئیوە موهیمن نەک گوند، مناڵ لە گوند نەماون و هەموومان گەورەیین.

ئەوەبوو ڕێژیم زۆری هەوڵ دا ئێمە بیانوو بدەین، بەڵام بەحەق کاک هەمزە پەیتا پەیتا بە هاوڕێیانی دەگوت: تکایە بیانوو مەدەنە دەستیان. هەتا نەیەنە ژوور لێیان مەدەن. خۆشی لە شوێنێکی زۆر خەراپ هەڵکەوتبوو. لە ماڵێک دابوو بەرانبەر تۆپی ١٠٦. سەربازەکەش لەبەر چاومان چووە لای تۆپخانە. ئەوەبوو بە ئەزموونی خۆمان وەک پێشمەرگە بیانوومان نەدا بە دەست ئەوان تا دونیا تاریک داهات و لە گوند دەرکەوتین ئەویش بە شارەزایی کادر و پێشمەرگەکانی شنۆیە و بەتایبەتی کاک عوسمان رووئیان لە بیرمە .

بە هەرحاڵ گەڕاینەوە لای گەلی قاسملوو و دوایە چووینە بەراندێز و لەوێ کاک تاهیر سۆفی لەگەل ژمارەیەکی پێشمەرگەی شیمال و شنۆ چوونەوە بۆ دەورووبەری شاری ورمێ و ئێمەش بۆ لای مەڵبەند. لە کاتی گەڕانەوە دا هاتینە گەلی کاکەرۆ کە بەرەو گوندی خاپوور کراوی جێرمێ دەچووین. لە شوێنێک ڕاوەستاین تا هاوڕێیان هەموویان بێنەوە. گەلی کاکەرۆ زۆر سەختە ، هاتنە خوار هیندە هاسان نیە ناوەراستی گەڵی بەفر و ئاوێکی خوڕ لە بن ئەو بەفرە کە هەر لەحزە ئیمکانی هەبوو شوێنێکی بەفرەکە کون بێ و ئینسان بکەوێتەو ەنێو ئاوەکە وئیدیا دەبوایە فاتحای بۆ بخوێنین. بۆیە زۆری گرت تا هەموویان هاتنەوە.

ئێمە چاوەروان بووین تا هاوڕێیان بێنەوە وئەوەی لە بیر مە کاک سەعید گوڵی، کاک محەممەد ڕەشە ، سادق حەسەن زادە، شەریف عوسمانی و چەند کەسێکی تر بووین. هەر ئەوندەمان ئاگا لێ بوو کە ٣ چەکدار لە نێو گیاوگۆل هاتنە دەر. ئامادە بووین و ئەوان هاتنە لای ئێمە و گوتیان ئێمە سەربازی کوردین وهاتووین ببینە پێشمەرگە ، ئەوە ٣ ڕۆژە لێرەین نازانین بۆ کوێ بچین. دوویان ئامۆزا بوون و یەکێکی تریشی کە خزمیان بوو و هەرسێکیان خەڵکی بەینی ماکۆ و پۆلدەشت بوون. بەداخەوە دوای ٢ مانگ یەکێکیان جینایەتی خوڵقاندو هەرمووشیان دووبارە چوون بۆ باوەشی ڕێژیم کە لە بەشەکەی تر دا باسی ئەو ڕووداوە جەرگ بڕەش دەکەم کە دوو تێکۆشەری لە حیزب و گەل ئەستاند.

دوای ٣ ڕۆژ پایەگای رزمی- مهندسی بهنق لە نێو شاری ورمێ دا و لە لایەن ەئو تیمەی کە بۆ ئەو ئەرکە چوو بوونە دەورووبەری شاری ورمێ، دەستی بە سەر داگیرا و بە بێ زیان دوای چەند ڕۆژێک بە سڵامەتی هاتنەوە لامان لە کونە کۆتر. مەلا حەسەنی زۆر توورە بوو لە نوێژی جومعە د اگوتی: ئێمە پایەگامان لە شاخی سرتی خەلیل داناوە ،(مەلا حەسەنی نەیدەزانی بڵێ سرتی خەلیل دەیگوت: زڕتی خەلیل) دێمۆکرات ئەوەتە لە نێو شار پایەگا دەگرن و باخچەی من بەربات دەکەن.

دوای چەند ڕۆژێک مەڵبەند بانگی من و نوسرەت ئەحمێ زادە فەرماندەری لک لە هێزی ئاگری کرد کە بڕۆینەوە ناوچەی برادۆست و مەئمووریەتێک کە مەڵبەند پێی سپارد بووین ئەنجام بدەین. ئەوە بوو١١ کەس چووین.

لە کاتی گەرانەوە دا و ڕاست لە بەرەبەیانی ٢٥ ی گەلاوێژ کەوتینە نێو مەیدانی مین و لە ئاکامی تەقینەوەی ٣ مین دا بەداخەوە پێشمەرگەیەکی فیداکاری حیزب بەناوی سەعید نامیانی شەهید بوو و نوسرەت ئەحمی زادە، حەسەن ڕەسووڵی، مستەفا حەسەن پوور ، زێنال و خۆم و دوو کەسی ئاسائی کەلە گەلمان بوون بە هۆی پڕیشکی مینەکانەوە بریندار بووین.

ماوەیەک ئەرشەد نادری کادری دەرمانی و ئەسڵان تەقی زادە ئاگایان لە ئێمە بوو و چاک بووینەوە، بەڵام نوسرەت و حەسەن کە برینیان زۆر قورس بوو، مەڵبەند لە ڕێگای دۆستانی حیزبەوە ناردنی بۆ نەخۆشخانەی حیزب تا چاک بوونەوە. ڕاست لەوکاتی دا خەبەری شەهید بوونی کادری کۆمیتەی سەڵماس فەیسەڵ مەزیدی بەهۆی ئەوەی کە دوو تیمی تەشکیلاتی لە قەراغ گوندی خەراپەی ناوچەی کەناربەڕۆژی ورمێ شەو تووشی یەکتری هاتبوون و تەقەیان لە یەکتری کردبوو، هات و هەموومانی غەمبار کرد. فەیسەڵ تازە باوکی کۆچی دوایی کردبوو، ٣ کچی بچووکی هەبوو، هەروەها عەسکەر عەلیزادە بەرپرسی کۆمیتەی سەڵماسیش بریندار ببوو.

کاتی ئەوە هاتبوو ئیدی لە وەزعی تێکەڵ وپێکەل بێینە دەر. کۆمیتەی شنۆ دەبا بگەڕێتەوە ناوچەی تێکۆشانی خۆی، ئێمەش هیزە ئەسڵی یەکە بۆ لای سەڵماس وکۆمیتەی ورمێ و هیندێک لە پێشمەرگەکانی گومرک لە ناوچەی تەڕگەوەڕ و مەڕگەوەڕ بمێنن.

کاتی حەرەکەت دیتمان کاک هەمزە وەک ئەوەیە کە لەگەڵمان نەبێ. پرسیمان کاک هەمزە لەگەل مان نایەی؟ گوتی من کارم هەیە و ماوەیەکی دیکە دێمەوە. وابزانم ٣ یان ٤ کەسی لە گەل بوو. هەڵبەت خۆی هەڵیبژاردبوون. ئەوان مانەوە و ئێمەش ڕۆیشتین بەرەو ناوچەکانی سەڵماس . هەڵبەت زۆریان هەوڵ دا کە من و مستەفا هەم کەمێک بریندار بووین وهەمیش دەیانەویست من لەوێ سەرپەرەستیی گومرکەکان بکەم وەک هاوکاری بەشی ماڵی ،بەلام من بە کاک مەحموودم گوت کاکە من دێمەوە. دەلیلەکەشم ئەوەبوو کە چەند ساڵ بوو هیچکەس لە بنەماڵەی خۆمم نەدیبوون. دایکم کۆچی دوایی کردبوو دوای ساڵ و نیوێک پێیان گوتبووم. ئەوە بوو موافقەتیان کرد کە بڕۆم، هەرچەند کارو ئەرکی حیزبی ئیزنی نەدام کەس ببینم.

کاک هەمزە دوای ئێمە بەو چەند کەسەوە دەقیق نازانم چدن کەس بوون ، چووبووە مەڕگەوەر و چەند جارێکیش زۆر خەراپ کەوتبوونە کەمینەوە، بەڵام ڕزگاریان ببوو. ئێمەش چووین بۆ قووڵایی ناوچەی سەڵماس و سەردانی زۆر کەس مان کرد. بەتایبەتی کاک مەحموود دەشتی وەک کەسی یەکەم و ناسراوی ناوچە سەردانەکەی زۆر گرینگ بوو و پێشوازی چاک مان لێکرا. زۆر کەس هاتن بۆ پێشمەرگایەتی کە زاستانی ئەو سالە یەک دەورەی فێرگە تایبەت بە مەڵبەندی شیمال بوو ( وابزانم دەورەی ژمارە ٩٠ بوو) .

دوای جەولەیەکی باش گەڕاینەوە ناوچەی سۆما و کاک مەحموود و کاک سەعید گوڵێ دەبوایە لەگەل بەشی هەرە زۆری هێز بگەڕێنەوە لای تەڕگەوەڕ و نیزیک ٢٥ کەسیشمان لە گەل کۆمیتەی سەڵماس ماینەوە کە نایب مەشایخی و عەسکەر عەلیزادە بەرپرسی گشتی بوون و بەرپرسی نیزامی ئەبووبەکر و ناجی بوون . ئێمە دەبوایە جەولەیەکی ناوچەکانی ئەنزەل و کەنار بەڕۆژمان کردبا کە زۆر گرینگ بوو. ئەوەبوو پەیامیان دابە تیمی تەشکیلاتیی ئەنزەل کە لە شوێنی دیاری کراو یەکتر بگرینەوە(فەرهاد میرۆزادە، قاسم کەڵەشی و دێوانە عەبدوللا زادە). ئێمە لە گوندی گێچە یەکترمان گرت و بەرەو کەنار بەڕۆژ چووین کە مەبەستمان ئەنجام دانی عەمەلیاتێک بوو لە نێو شاری ورمێ و کۆمیتە پەیامێکی ڕادیۆی دا بۆ هەستەیەکی تەشکیلاتی کە زۆر فەعال و کارامە بوون و ئەوەش بڵێم کە هەر هەموویان ئازەری بوون. ئەوان دەبوایە بێن و لەگەل هاوڕێیان شوێنی عەمەلیات دیاری بکەن و لەگەڵیشمان بێنەوە بۆ عەمەڵیاتەکە. بەڕۆژ لە کانی سپی بووین و کەسێک مەڕێکی بۆ هێناین و لەوێ پێشمەرگەکان کردیانە کەباب.

لە بیر مە ئەسڵانی تەقی زادە کادری دەرمانی و کەسێکی ئازەری زمان بوو ، هەر جارو بارە رووی دەکردە کارێز کە گوندەکەی خۆی بوو و بە ئازەری دەیگوت: گەلدیم، گەلدیم، واتە هاتم هاتم. چوونکی ساڵی ١٣٦٩ تا ئەوکاتی یەکەم جار بوو ئەسلان بێتەوە ناوچەی ئەنزەل و چاوی بە گوندەکەی بکەوێ. ئێوارەکەی ئەسڵان بە ئیسرار گوتی من ئەمشەو دەمەوێ سەردانێکی ماڵە خۆمان بکەم. پێموانیە لەو جەمعە کەسێک هەبوو بێ کە داوای لە ئەسلان نەکردبێ کە ، تکایە ئیسرار مەکە و مەڕۆ. تووش دەبی و تێیدا دەچی! نایب و عەسکەر و بەرپرسانی نیزامی زۆریان هەوڵ دا کە قانعی بکەن تا نەچێ. هەر ئیسراری کرد. لە کۆتایی دا بەرپرسان ڕازی بوون کە ئەسڵان بڕوات و ڕۆژی دوایی ئێوارەکەی لە نیزیک گوندی حەماملار یەکتری بگرینەوە. بەڵام بەداخەوە تووشی هەمان چارەنووس بوو کە ئێمە لێی نیگەران بووین.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی