"an independent online kurdish website

خوێنەری بەڕیز، هاوڕێیان و هاوسەفەرانی ئەوکاتم، ئەوەی من دەینووسم ، مەرج نیە هەمووی وەک ئەوە بێ کە بووە، ئەوانە کۆمەڵێک لەوشتانەن کە دیومن و ١٩ ساڵە لە سینگم دا پاراستوومن.kavos_azizi_pm

بێگومان دەرباس بوونی کات و چوونە سەری تەمەن رەنگە زۆر رووداوی وەک خۆی نەپاراستبێ. بەڵام بە سەداقەتەوە دەڵێم کە هیچکامیان نە موبالیغەیە، نە هیچ ئامانجێکی تایبەتی، تەنیا گێرانەوەی بیرەوەری یەکی ژیانی پێشمەرگایەتییە و بەس. بێ گومان ئەوە ئەو شتانەن کە من دیومە و لە بیرم ماون، هاوڕێیانی دیکەم لایەنی دیکەیان لە بیرە کە من نەمدیوە و لە بیرم نەماوە ، بۆیە ئەوان دەتوانن ئەو بیرەوەرییە کامڵتر بکەن.

بەهاری ساڵی ١٣٧٣ بوو. بنکەی ئێمە وەک مەڵبەندی شیمال، کۆمیتەی شنۆ و مەڵبەندی سپی سەنگ لە باسرمەی دەشتی هەریر بوو. بەرپرسی مەڵبەند کاک مەحموود دەشتی سەفەرێکی دەرەوەی کردبوو و کاک هەمزە بێهنام هەم فەرماندەری هێز و هەمیش وەک ئووسلی سازماندەهی حیزب بەرپرسی کاتیی مەڵبەند بوو. لە نەکاو شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکیەتی دەستی پێکرد. باسرمە کەوتە دەست پارتی و شەقڵاوا کەوتە دەستی یەکیەتی.

لەو بەینە دا بۆ ئێمە زۆر سەخت بوو. چوونکی دەبوایە هاوسەنگیی بپاریزین و تووشی گرفت نەبین. کەرتی ڕێکخستنی باسرمەی یەکیەتی مامۆستا حەوێز بەرپرسی بوو کە مامۆستایەکی هەتا بڵێی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بوو. وابزانم خەڵکی گوندی هەرووتی بەرانبەر باسرمە بوو.

کاتێک بەیانی زوویەک هیزەکانی بادینانی پارتی هاتن و کۆمیتەی یەکیەتیی یان لە هەریر لە دوای شەڕێکی خوێناوی دەست بە سەر دا گرت و بەرەو شەقلاوا دەچوون ، جارێ کەرتی باسرمەی یەکیەتی مابووە وە. دیارە لە بەر بوونی ئێمە پارتی و یەکیەتی نەیاندەویست شەڕ لە باسرمە بکرێ.

کاک هەمزە بەیانی زوو هات و هیندەی پێ نەچوو کاک سەید ڕەسووڵ ئەحمەدی کە بەرپرسی کۆمیتەی شنۆبوو ئەویش هات. کۆبوونەوەیەکیان کرد و وادیاربوو کە ساغ ببوونەوە تا بچنە لای بەرپرسی پارتی وهاوکات داوا لە کەرتی ڕێکخستنی یەکیەتیش بکەن کە بە بێ شەڕ بنکەکەیان هەڵبگرن.

کاک سەید ڕەسوول و چەند کەسێک ،کە منیش یەک لەوان بووم ، چووینە لای سیساوا کە فەرماندەهی هێزەکانی پارتی لەوێ بوو. کە گەیشتینەوە شوێنەکە هێزێکی زۆری لێ بوو. ئەگەر لە بیرم مابێ بەرپرسی هیزەکە کەسێک بوو بە ناوی ” تەمەر کۆچەر” کاک سەید ڕەسووڵ داوای لێکرد کە لەبەر بوونی ئێمە و بنەماڵە و بنکەکانمان ، لە باسرمە شەڕ نەکەن.

ئەو بەرپرسە دیار بوو ئینسانێکی مەنتیقی بوو ، بۆیە گوتی ئێوە خۆتان بڕۆن داوا لە کەرتی ڕێکخستنی یەکیەتی بکەن تا بنکەکەیان هەڵبگرن و هەرکەس بچیتەوە ماڵە خۆی و کارمان پێ نیە.

ئێمەش لەگەڕانەوەمان دا چووینە نێو کەرتی یەکیەتی کە ٣٠ ، ٤٠ کەسێکی لێ بوو. زۆر نائۆمێد بوون. هەموو دەوروو بەریان گیرابوو، تەنیا ئەوان لەو نێوەراستە دا مابوونەوە. بەتایبەتی مامۆستا حەوێز کە خەڵکی شەڕ و شتی وا نەبوو زۆریش مرۆڤێکی لێهاتووبوو. ئەو مامۆستای قوتابخانە بوو( بەداخەوە هەر چەند رۆژ دواتر لە گوندی باویان کەوتە کەمینی پارتی و  شەهید کرا).

کاک سەید ڕەسووڵ داوای کرد کە هەموو کەل و پەلەکانتان بێننەوە لای ئێمە و بنکەکەتان چۆڵ بکەن، با تووشی شەڕ نەبن. کەسێک تێیدا بوو ناوەکەیم لە بیر نیە، بەس دەزانم هەرکی بوو. دەیگوت مومکین نیە ئێمە وا بە سادەیی بنکەکەمان چۆڵ بکەین. مامۆستا حەوێز گوتی : کاکە گیان ئێمە ئەوە هیزەکەمانە، ٣٠، ٤٠ کەسین. هەزاران کەسی پارتی ئەوە لە ناو باسرمە و دەور بەرین و هەموو دەورووبەریشمان گیراوە تا نیزیک شەقڵاوە، ئێمە ناتوانین موقاومەت بکەین.

ئەوەبوو هیندێک کەل و پەلیان هەبوو هێنایانە ئەنباری ئێمە و بنکەکەیان چۆڵ کرد و شەڕێک نەقەوما. چەند کەسی یەکیەتی کە لە بنەماڵەی زێرۆ بەگی هەرکی بوون هاتنە مقەڕی ئێمە و پارتی داوای نەکردن، دەشیان زانی کەلەوێن. بەڵام دوای یەک ڕۆژ بەرپرسێکی پارتی بە ناوی جەلیل فەیلی هات کە وەستا فەتتاح(ئەویش لە کلاوقاسم لە لایەن یەکیەتی یەوە کوژرا) ناوێکیشی لەگەل بوو، و بە هەڕەشە و گوڕەشە گوتی هەر ئیستا ئەو کادرانەی یەکیەتی تەحویلی ئێمە بدەنەوە!  من کاک سەید ڕەسوول ئەحمەدیم زۆر چاک دەناسی، بەڵام لەو کاتە دا کاک سەید وەک ئینسانێکی جەسوور، نەترس، بڕیار دەر و خاوەن هەڵویست ، خۆی و کلاشینکۆفەکەی بە ٧٥ تیری یەکەوە وەک جاری جاران گورج و گۆڵ هاتەوە و سرتەیەکی لە گەل کاک هەمزە کرد و چووە پێش و گوتی : کاک جەلیل! ڕێزمان هەیە بۆ ئێوە، بەڵام من ئەو کەسانە تەحویل نادەم هەتا ئەگەر حیزبیش داوام لێبکا. هەر کات ئەو کادرانەی پارتی لە بنکەی سولەیمانی ئێمە تەحویلی یەکیەتی دران، ئەوکات ئێمەش ئەوانە تەحویلی ئێوە دەدەین. جەلیل فەیلی گوتی من بە زۆر لە بنکەی ئیوە دەردێنم! ئەوجار کاک سەید گوتی: من لیرە ٦٠٠ پێشمەرگەم هەیە، هەر هەمووی بە کوشتن دەدەم بەلام یەک کەست تەحویل نادەمەوە! برۆ هەرچی دەکەی بیکە! جەلیل کە دیتی بڕیار زۆر جیدی یە، چوو و هەتا ئێستاش نەگەڕایەوە.

بەداخەوە چەند ڕۆژ دواتر کە ئیدی مامۆستا حەوێز چووبووە دەرو گەیشتبووە لای هیزەکەی یەکیەتی لە لای هیران ، نازەنین و خەریکی کار وباری تەشکیلاتی بوو، لە لای سیساوا کەوتە کەمینی پارتی و کوژرا.

هێندەی پێ نەچوو کاک کەماڵ بوورکای سکرتێری گشتیی ئەوکاتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان/باکوور میوانی مەڵبەندی شیمال بوو. شەڕ لە بەینی شەقڵاوا و باسرمە زۆر گەرم بوو. کەپکی حەمەد ئاغا وکڵاو قاسم ببوونە قەسابخانەی ڕۆلەی کورد. کاک کەمال بوورکای دەبوایە بگەڕێتەوە لای دوکان کە بنکەی ئەوانی لێبوو. ٢ کەسی لەگەل بوو.

بەیانی کاک هەمزە و کاک نایب مەشایخی بانگیان کردین و من و کەماڵ شەریفی بە ماشێنێک چووینە فەرماندەهی هێزەکانی پارتی لە سیساوا.

لە پێرێکی بڕنەو بەدەستمان پرسی کێ بەرپرس لێرەیە؟ ئەو گوتی : فازیل متنی/ من یەکەم جار بوو “متنی” ببیسم.

ئێمە چووینە لای و کەماڵ شەریفی داوای لێکرد کە هاوکاری بکەن تا کاک کەماڵ بوورکای لە لای دۆڵی بالیسان را بگەڕێتەوە لای دووکان. ئەو زاتە وڵامێکی زۆر ڕەقی داینەوە و گوتی: ئەو بە دوو کەسەوە لە چی دەگەڕێ؟ بۆ ناچێ لە جێی خۆی دابنیشێ؟ بەهەرحال ئەوەبوو گوتی با بڕوات لە لای بالیسان را بروات و ئێمە لە لای خۆما ڕا پێشی پێ ناگرین. دیارە کاک کەمال هەر واشی کرد.

هەر لەو کاتی دا بوو کە دەبوایە تیمێکی ٢٠ تا ٢٥ کەسی لە کادر وپێشمەرگەی مەڵبەند بڕۆنەوە ناوچە. چوونەوەکە سەخت بوو. تەنیا واسیتەکاری و … بوو ڕۆڵی دەبینی. ژمارەیەک کادر وپێشمەرگە بە بەرپرسایەتیی کاک سەعید گوڵی وەک جێگری هێز و کاک تاهیر سۆفی وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ورمێ لە ئاخیر مانگی بەهار دا وەڕێکەوتن کە جارێ ناوجە بەفری زۆر بوو.

هەر دوای چەند ڕۆژێک خەبەرهات کە بەداخەوە کاک کەشفەددین ڕادی پێشمەرگەی دێرینی حیزب لە دەرگیریەکی پێشمەرگەکان لە گەل هێزەکانی ڕێژیم لە گوندی خانەگێ سەر بە ناوچەی تەڕگەوەڕ شەهید ببوو و ناجی فەقی پووریش بریندار بوو.

ئەوەبوو کاک هەمزە خۆی و ٣، یان ٤ پێشمەرگەی دیکە بە هیندێک موهیماتەوە بەرەو ناوچە چوون.

من ئاگاداری ئەوە نیمە کە مەڵبەند بڕیاری دا بوو یان نا، بەس دەزانم کە ڕەخنەیەکی زۆر لە کاک هەمزە دەگیرا کە بۆچی خۆی هەم فەرماندەری هێز و هەمیش بەرپرسی مەڵبەند، بە ٣، ٤ پێشمەرگەوە دەچێتەوە ناوچە و باقی هێزەکەی نەبردۆتەوە؟

ئەوەبوو نیوەڕۆیەک ئێمە لە ساڵۆن بووین و خەریک بوو نانی نیوەڕۆ بخۆین، کاک نایب مەشایخی بەرپرسی ماڵیی مەڵبەند بوو ، هات و بانگی کردم، گوتی ئەوە کاک هەمزە محەممەد حەقدارو مستەفای ناردووە تا چەند کەسێک بڕۆن بگەنەوە خۆی لە مەڕگەوەڕ و بەرەو تەڕگەوەر بچن، تۆش خۆت ئامادە بکە ئێستا ماشێن دێن و دەتان بەن. هەر ئەوندەبوو کە زوو لیباس و شتەکانم کۆ کردەوە و ماشین هاتن.

ئەو تیمە ئەگەر بە دەقیقی لە بیرم مابێ ئەو کەسانەی خوارەوە بوو:

سەڵمان کووهی ئەندامی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس

ئەنوەر کۆهەنساڵ کادری کۆمیتەی شارستانی سەڵماس

جەعفەر مەحموود پوور هاوکاری بەشی ماڵی مەڵبەند

مێهران میرزایی بەشی تەقەمەنیی هێز بوو

محەممەد حەقدار هاکاری کادر بوو لە کۆمیتەی سەڵماس

مستەفا حەسەن پوور جێگیر پەل

منیش وەک کادرێک لە گەلیان بووم کە تا ئەوکات ئەرکی من دیار نەبوو، چوونکی تازە لە کۆمیتەی شارستانی بانە ڕا هاتبوومەوە مەڵبەند.

بەهەر حاڵ چووین ودیاربوو سەیتەرەکان ئاگادار بوون و پێشیان بە ئێمە نەگرت و بەس دەیانپرسی : ئێوە جەماعەتی دیمۆکراتن؟ دەمانگوت بەڵێ، و تەواو.

تا خنێرە لۆلان بە ماشێن چووین. لەوێ چەند ئەسپێک لای عابید و جاسم بوون کە لەوێ چاوەڕوانی ئێمەیان دەکرد.

ئەوشەوە بە مانددویەتیەکی زۆر گەیشتینەوە نازداری داغێ. بەفر زۆر بوو، هەوا سارد، ڕێگاکە بەستەڵەکی کردبوو. هەر چۆنێک بوو کردمانە بەیانی.

من نیزیک ساڵ و نیوێک بوو سیگارم تەرک کردبوو، بڕیارم دابوو تا پێم نەکەوێتەوە سەر خاکی شیمالی کوردستان سیگار نەکێشم. لەگەل ئەنوەر پێکەوە دەڕۆیشتین. کە گەیشتمە سەر خاکی ئەولای سنووری دەستکر، پاکەتە سیگارێکم پێبوو دەرم هێنا و سیگارێکم داگیرساند. ئەنوەر گوتی کاووس! ئەوە چیە؟ من داستانەکەم بۆ کاک ئەنوەر گێڕایەوە.

ئێمە دوا نیوەڕۆکەی گەیشتینە گەلی گادەر و راست ئەو شوێنەی کە بە قەبری شەهاب ناودێر کراوە( ئەو شوێنە قەبری فەرماندەری قارەمانی هیزی پێشمەرگەی دێمۆکرات شەهاب سەییادی و هاوڕێکەی شەهید سەدیق ڕۆستەم نەژاد لەوێ یە کە لە هاوینی ساڵی ١٣٦٥ لە جەریانی گرتنی ٧ پایەگای ڕێژیم لە گەلی گادەران دا شەهید ببوون). ئێمە بارگە و بنەمان خست و بڕیارمان دابوو کە ئەو شەوە لەوێ بمێنین.

من چووم بۆ کۆکردنەوە گوێنی و چیلکە بۆ چا لێنان. لە پڕ دیتم کاک هەمزە و زێناڵ دەرکەوتن. ئەوان ئاگادار نەبوون کە ئێمە هاتووین. پییان سەیر بوو. دوای چاک و خۆشی ، چووینە لای هاوڕێیانی تر. کاک هەمزە دەم و چاوی لەبەر سەرما هەمووی تەرەکی بوون، لێوی برین ببوون. بەڵام کە ئێمەی بینی زۆر خۆشحاڵ بوو و گوتی بەخوا ئەوە ٣ ڕۆژە من و زێناڵ هەر لەو گەلی گادەرانە دەخولێینەوە و کەسمان نەدیوە. جارێ زوو بوو و هیچ کەس نەهاتبووە کوێستان. جێی زۆربەی هەوارچیەکان بەفر بوو.

ئەو شەوە لەوێ ماینەوە. ڕۆژی دوایی بەرەبەرە سەرکەوتینە لای دیوی دۆلەترشین ولەوێ ڕا بۆ لای سەرگەڕی مامەشێخ لە بناری داڵانپەڕ. ئێوارەکەی لە خوار سەرگەڕ چایەکمان خوارد و کاتی ئەوەبوو کە مەسیری درباس بوون بۆ لای بەرەگەوران و قوڵۆزەن دیاری بکەین، ئەو گوندە دیاری بکەین کە لێی لابدەین.

زۆربەمان پێمان وابوو کە بۆ ئەوەی بەشێکی مەسیری خۆمان ببڕین و جا لابدەین، ئەو شوێنەش گوندی گرک بوو. ئەو گوند دەبووە نیوەی مەسیری ئێمە بۆ ئەو شەوە. هەمیش گوندێکی ئارام بوو.

کاک هەمزە قەبووڵی نەکرد و گوتی هەر دەچینەوە نۆڤێ . هەرچی گوتمان کاکە نۆڤێ هەوەڵی حەرەکەتی ئێمەیە، دەستپێکی دەشتەکەیە، با هیندێک بڕۆینە ناوەوە جا پشوویەک بدەین. خولاسە کاک هەمزە قەبووڵی نەکرد و ئێمەش بڕیاری ئەومان بەڕێوەبرد.

چووینە گوند و وابزانم بووینە ٣ بەش من و چەند کەس لە هاوڕێیان لە هەمان ماڵ بووین کە بەداخەوە دواتر کاک هەمزە لە حەوشەیان دا شەهید بوو. کاک هەمزەش لەگەل ٢ پێشمەرگە چوونە ماڵیکی دیکە و هاوڕێیانی دیکەش هەر لە پەنا ئەومالە بوون کە ئێمە لێی بووین وبە هەردووک بەشەکە یەک نیگابانمان هەبوو ، نازانم کاک هەمزە نیگابانی هەبوو یان نا؟ بەلام کاک هەمزە و سەڵمان بێسیمیان کراوە بوو و جار و بارە پرسیاری وەزعەکەیان لە یەکتری دەکرد.

سەعات ١٢/ ١ ی شەو بوو لە نۆڤێ حەرەکەتمان کرد. ئەوەی لە بیرم بێ محەممەد حەقدار ، مستەفا و من وەک تیمی پێشێ دەچووین وهاوڕێیانی تر بەدوامان دا دەهاتن و ٢ ئەسپیشمان پێ بوو.

دونیا خەریک بوو ڕووناکی دەکرد ، گەیشتینە پشتی گوندی ئەورسی، واتە دەرباس بووینە ئەوبەری مەڕگەوەڕ بەرەو لای تەڕگەوەڕ دەچووین.

٢ ڕۆژی برد تا گەیشتینە لای چیای شەهیدان و لەبەرەڕەشۆکان پکک پێشیان پێگرتین وگوتیان ئیجازە نیە لێرە دا بڕۆن. هەرچی کردمان ڕیگایەکی دیکەمان نەبوو، ئەوانیش دەیان گوت ئێرە مەنتیقەی نیزامی یە و ناتوانن پێیدا بڕۆن. کار گەیشتەوە ئەوەی کە ئەنوەر گوتی: تکایە کارێک مەکەن کە چەقۆ بگاتە سەر ئێسک! قامکی ڕاکێشایە خوار و گوتی: ئیوە دەزانن ئێرە خاکی ئێمەیە؟ دەزانن ئەوە قەبری قارەمانترین فەرماندەری ئێمەیە لە بن ئەو دارانە نێژراوە؟ ( مەبەست مەزاری شەهید برایم شێخاڵی بوو) ئەوەبوو دیتیان کە ئێمە پیداگرین لە سەر ئەو مەسیرە، وازیان هێنا.

بۆ بەیانییەکەی چووینەوە لای چادرەکانی ئاخورک کاک سەعید گوڵێ و ناجی و پێشمەرگەکان لەوێ بوون. ٣ ڕۆژ پێکەوەبووین. تاهیر سۆفی، عەزیز مۆراد پەرەست و کەسێکی دیکەش بوو لە بیرم نیە، چووبوونە مەئمووریەتی تەشکیلاتی لە گەلی بەراندێز و قاسملوو. ناجی جارێ برینەکەی باش نەببوو. کەشفەددین کە کادری دەرمانی بوو و شەهید ببوو ، کەس نەبوو بە وەزعی ناجی رابگا، بۆیە برینەکەی باش نەبوو.

هەر وەک گوتم دوای ٣ ڕۆژ، سەڵمان، ئەنوەر و محەممەد چوون بۆ ناوچەی تێکۆشانی خۆیان ، واتە سەڵماس .

لەو کاتی دا کە وابزانم ٢٧ ی جۆزەردان بوو بەفرێکی زۆر باری و خەڵکی تەڕگەوەڕ کە هاتبوونە کوێستان پەریشان بوون، مەڕ و ماڵاتێکی زۆریان مرد و لەبەین چوو.

کاک هەمزە ڕۆژێک بانگی کردم و گوتی کاووس ئەوە کاک مەحموود دەشتی هاتۆتەوە و پەیامی رادیۆی بۆ داوم کە بڕۆینەوە تەماس. تۆ دەتوانی بڕۆیەوە چیای شەهیدان، یان کیوارستان؟ گوتم بەڵێ دەتوانم . من و زێنال چووینە سەری کیوارستان کە بەرزترین نوقتەی ئەو ناوچەیە بوو.

کە سەعات بوو بە پێنجی ئیوارە، بێسیمم کردەوە و دیتم دەنگی سراجەددین جاجووی هات. ئەوانیش هاتبوونەوە سەری حەسەن بەگ. دەنگیان زۆر خۆش دەهات. وابزانم کەسێکی دیکەش لە لای سپیلک بوو کە رابیتی سراجەددین و کاک مەحموود بوو.

نیزیک بە یەک سەعات من ڕابیتی کاک هەمزە بووم بۆ گەیاندنی پەیامەکانی بە کاک مەحموود.

لە ئاخیر دا سراجەددین گوتی: کاووس بە کاک هەمزە بڵی دیاکۆ هاتۆتەوە( مەبەست دیاکۆی کوڕی کاک هەمزە بوو)

درێژەی هەیە……

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی