بیست و چار ساڵ لەمەوپێش، لە ١٣/٧/١٩٨٩، دکتۆر ئاوڕەحمانی قاسملو و دوو لە یارانی وی بەدەستی مرۆڤکوژانی ڕژێمی فرقەیی ئێرانێ لە ئوتریش شەهید کران. ئەو شیعرە پێشکەشە بە بیست و چارەمین ساڵوەگەڕی شەهید بوونی ئەو ڕێبەرەی کوردستانێ.kirmanj

————— ——————– ———————

بۆ دکتۆر قاسملو


ڕۆحیکی پاک بووی

لە ئێوارەێیکی هاوینیی پەڵەی هەوری ترست دەشکاند

لە ئایەتولا ئەهریمەنەکان یاخی بووی

نهێنییەکانت دەپشکنی و لە لووتکەی خۆر دەنیشتیەوە

عەوداڵی دونیای ئازادیی بووی

دەمێکیان وەکوو گیانێکی باوەڕ بەخۆ هاتیە خوار و

لەسەر ترۆپکی گفتوگۆ

بەسەر قەنارەی مەرگ و مەنفا شۆڕ بوویتەوە

تۆ لە کاروانسەرای خاکێکی سووتمەڕۆ

لەسەر شۆستەی سبحەینەکان

شەختەی دیلێتییت دەتاواندەوە

بە ناو کاناڵی ترس و تۆنێلی خوێن سەفەرت دەکرد

وێنەی وڵاتێکی دیلت لە تیشکی خۆر

لە تریفەی مانگەشەو، لە سرووشتی جوانی وەرزەکان و

لە سادەیی ئەو غوڕبەتە درووست دەکرد

ئێوارەیێک ڕۆحت کەوتە ناو هەناوی مەرگ و

بۆ نەوەکانی میدیا ــــ بۆ

ئەم وڵاتە بێ پەرژینە بوو بە مێژوو

لە ڕۆژێکی هاوینییدا تۆ ون بوویت و

نە تۆ کوردستانت دیتەوە و نە کوردستانیش تۆ

تۆ هەڵوەدا بوویت و ڕۆحت لە مەنفا بزر بوو

نیشتیمانیش لە هەژمەت تۆ خۆی لە تەم گرت و سەراپا خەم بوو.


دوکتۆر کرمانج گوندی

https://www.peshmergekan.com


فارسی