"an independent online kurdish website

من تێدەکۆشم قاسملوو لە ڕوانگەی ئەزموونەکانی خۆمەوە بخەمە بەر باس . بەوحاڵەش ئەوەش بۆخۆی کارێکی گرانە. چوونکە دوکتور قاسملوو کەسایەتیەکی هەموو لایەنەی کامڵی هەبوو.braym_lajani_3

دارێک بوو لقوپۆپی جۆراوجۆری لێدەبوونەوە. ڕێبەرێکی سیاسی بوو، رێبەرێکی بەتوانای بزووتنەوەیەکی میللی دێموكراتیک بوو، سەرکردەی حەرەکەتی چەکدارانەی میللەتی خۆی بوو، کەسایەتیەکی سیاسی ناوچەیی و ئێرانی و کوردستانی وتەنانەت جیهانیش بوو، مامۆستای زانکۆ بوو، دیپلۆمات بوو، ڕووناکبیر بوو، ئینتلێکتوڵ بوو، ئەدیب و نوسەر و زمانزان بوو، مێژوو زان و مێژوو نووس بوو، پێشمەرگەبوو، خەباتکاربوو، شارەزای کارووباری فەرهەنگی و هونەر و ئەدەبیات بوو، سەرەڕای هەمووی ئەوانە لە نێو بزووتنەوەی کورد و جوڵانەوەی ڕزگاری خوازی کوردستاندا ئیدەئۆلۆگ بوو. 

بۆیە باسکردن لەسەر ئەو لایەنە جۆراوجۆرانەی کەسایەتی دوکتور قاسملوو لەتوانای من دانیە. وەک ئەوە وایە منداڵێک کە تازە پێی هەڵگرتووە بیەوێ بەسەرکێوێکی گەورەدا سەرکەوێ کە کارێکی غەیرە مومکینە. لەوەتەی وەبیرم دێ لەریزەکانی ئەو حیزبەدام. ئەو شەوەم لەبیرە کە دەڵاوان یانی گوندەکەی خۆمانمان بۆ ئاخر جار بە جێهێشت و کۆمەڵێک پێشمەرگە شەو لە گەڵ باوکم هاتن و ئێمەیان هەڵگرت و بەیانی کە تازە گزنگی دابوو لە کوێستانی کانیەخوای ئاگرمان بە گوێنیان کردەوە. دواتر چوینە زینوێ و خەلان و دۆڵی باڵەکایەتی. دەبێ من ئەودەم شەش ساڵانە بووبم. 

لەوێ لە زێنوێ و خەلانێ بۆ یەکەم جار شەهید ئەحمەد تۆفیقم دیت، ژمارەیەک لە ئاغاوەتەکانی ناوچەی پیرانشار وەک دژکردەوە بەرانبەر بە ئیسڵاحاتی ئەرزی شا هەڵاتبوون.
کاک ئەحمەد قسەی بۆ دەکردن و من لە گەڵ باوکم چووبوومە بنکەی پێشمەرگەکان ئەو ڕۆژەم لە بیرماوە. من لە گەڵ باوکم دەچوومە مقەرەکانی پێشمەرگە و هەزاران وێنەی ئەوڕۆژانە و رۆژانی دواتری ئەو قۆناخەم لە ئەلبوومی بیری تیژی منداڵیم دا هەرماون. دواتریش شێنێ و سونێ و سەنگەسەر و هیران و نازەنین و کۆیە و سلێمانی و دیسان سەنگەسەر و بناری قەندیل تا دەستپێکردنی شوڕشی گەلانی ئێران و دیسان دەورەیەکی دیکە لەو خەباتە. 

ئەودەم ئەوەی ئەمن لە بیرمە حیزب بریتی بوو کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگە کە بە هەموو وجودیانەوە و بە ئیمکانات و تەنانەت چەک و فیشەکی خۆشیانەوە لە خزمەت شۆڕشی کوردستانی عێراق دابوون. تەشکیلاتی حیزبیش لە نێوخۆ لە باری ئیمکاناتی مادیەوە تەداروکاتی دەکرد. ناوی مەلا قادر لاچینی، کاک ئارەحمانی قەرەقشڵاخێ، مام سوارە سەکر، کاک حاسل و مراد رەسوی لەیلانی و مونتەقیمی قازی و دەیان کەسی دیکەم لەبیرە کە دەچوونەوە نێوخۆ و دەهاتنەوە و سەردانی ماڵی ئێمەیان دەکرد.

تامی ئەو شیرینیانەم هەر لە دەمدا ماوە کە کاک مونتەقیمی قازی لە سابڵاخ هەموو جارێ بۆی دەهێنام . لە سەرتاسەری دەزگاکانی شۆڕشدا پێشمەرگەکانی حیزب کار و زەحمەتیان دەکێشا و قارەمانەتیان لە شەڕەکاندا لە خۆیان نیشاندەدا. شەڕەکانی زۆزگ و هەندرێن و کێوەڕەش و دەربەند و سەفین و ناوچەکانی باڵەکایەتی و پشدەر و بیتوێن بە شاهیدی خەڵکی ئەو ناوچانە مەیدانی قارەمانیەتی پێشمەرگەکانی حیزبوون بەرامبەر بە پەلاماری سوپای عێراق. لە ئیدارەکردنی دەزگاکانی شۆڕشیشدا نەخشی بەرچاویان هەبوو. بۆ نموونە لە ئیدارە کردنی کاروباری کۆمەڵایەتی ناوچە ئازادکراوەکانیش بەشداربوون. لە بیرمە ماڵی ئێمە لە شێنێ لە پەنای ماڵی حاکم عەلۆ بوو کە حاکمی شۆڕش بوو. یانی حیزب مەوقعیەت و سترەکتور و هەیکەل و بنکەو بنیاتێکی سەربەخۆی نەبوو و لە ڕاستیدا بەشێک بوو لە هەیکەلی شۆڕش و ژێرمەجموعەی شۆڕش یانی بزووتنەوەی کوردستانی عێراق . هەرچی یارمەتی و ئیمکاناتی مادیش لە نێوخۆوە کۆدەکراوە، دەدرایە سەرکردایەتی شۆرش بۆ تەداروکاتی شۆڕش. وەک ئەوەی کاری تەشکیلاتی حیزب لە نێوخۆ تەداروکی شۆڕشی ئەوبەشەی کوردستان بێت. بەوحاڵەش قازانجەکانی سەرکردایەتی شۆڕش وای دەخواست کە ئەوان تەنانەت هەر ناویشیان لێ نەمێنێ چ دەگا بە خەبات و بەربەرکانی.

کێشە و ئاڵۆزیەکانی نێوخۆیی وگیر و گرفتەکان لەکوردستانی عێراق و پیلانەکانی ساواک ، هەموو ئەوانە هەلوومەرجێکیان پێک هێنابوو کە ئاستی تێکۆشانی حیزب تەنانەت لە خوار سفرەوەش بوو. ئەوەندەش کە لە تەشکیلاتی حیزب مابوو یا لە نێوخۆ لە زیندان دابوو، یا لە کوردستانی گەرمێن پەڕەوازە و بێ رێبەری وبێ ئیمکانات و لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا مابۆوە و مەجالی کاری سیاسی و حیزبی لێ زەوت کرابوو. بەشێکی بەرچاو لە کادرەکانی حیزب یا لە بزووتنەوەی ٤٦ و ٤٧ دا لە نێو چووبوون یا لە کوردستانی عێڕاقیش لە ژیر تاقیب دابوون و پڕش وبڵاوببوون.
ڕاست لە هەلومەرجێکی ئاوادا قاسملوو وەک خدری زیندە هاتە مەیدان و بوو بە عیسای حیزبی دێموکرات. وەک کێو لە بەرامبەر هەموو سەختیەکاندا ڕاوەستا و حیزبی زیندووکردەوە و لە نەبوونەوە جارێکی دیکە گیان و نەفەسی وەبەر پەیکەرەی حیزب خستەوە و لە ڕاستیدا حیزبی سەرلەنوێ خستەوە سەر ڕێ.

تەشکیلاتی حیزبی سازماندایەوە. سەربەخۆیی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ حیزب گێڕایەوە، بەرنامەو پڕۆگرامی تازەی بۆ حیزب داڕشتەوە، رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی دەرکردوە، تێکۆشەر نامیلکەی نێوخۆی تەشکیلاتی حیزبی دەرکردەوە، چەندین دەورەی تەربیەتی کادری بۆ کادرەکان وەڕێخستن ، پێوەندیەکانی حیزبی دەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆر و حیزب و رێکخراوە ئێرانی و کوردستانیەکان رێکخستەوە. لە ڕاستیدا حیزبی درووست کردوە.
قەوارە و کەسایەتی و هەیکەل و هەیبەتی بۆ حیزب گێڕایەوە. تێکۆشەرانی پەرش و بڵاوی حیزبی لێرە و لەوێ کۆکردەوە و ورەی کار و خەباتی پیدانەوە. بەرانبەر هەیمەنەی حیزبی توودە و لایەنە کوردستانیەکان وەستا و ئیجازەی نەدا کەس دەست لە کاروباری نێوخۆی حیزبەوە وەردا.

هۆی ئەسڵی بۆ ئەوەکە کە پاشگری ئێرانی بە ناوی حیزبەوە زیاد کرد ئەوە بوو کە سنورێکی تایبەتی بکێشێتەوە لە باری تەشکیلاتیەوە بۆ ئەوەی چوار چێوەی دەستەڵاتی تەشکیلاتی و مەیدانی کاری تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات دیاری بکات و ڕێ لە دەستێوەردانی لایەنەکانی دیکە لە کاروباری نێوخۆی حیزب بگرێ. هەر واشی کرد و لەو کارەدا سەریش کەوت.

رووناکبیر و ڕەخنەگری بەناوبانگی کورد مامۆستا حەمەی مەلاکەریم دەڵی ئەگەر هێمن هەر بە تەنیا قەسیدەی ئێوارەی پایزی نوسیبا، بەس بوو بۆ ئەوەی ئەو شوێنە گەورەی هەبێ کە ئەمڕۆ لە شیعری کوردیدا هەیەتی. منیش پێم وایە خزمەتەکانی دوکتور قاسملوو بە حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئیران هەر لەو قۆناخەدا کە باسم کرد، بەسن بۆ ئەوەی ڕۆڵی قاسملوو لە مێژووی حیزبدا بە ڕۆڵێکی مێژوویی لە قەڵەم بدەین.
نەخشی دوکتور قاسملوو لە تەیار کردنی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە قۆناخی شۆڕشی گەلانی ئێران و پاشان سازماندانی خەبات و بەربەرەکانی خەڵکی کوردستان بە دژی هێرش و پەلاماری ڕێژیم بۆ سەر کوردستانیش، نەخشێکی درەخشانی حاشا هەڵنەگرە.
من هەر لە نێو حیزب دابووم بەڵام کە داوای ئەندامەتی حیزبم کرد لە سلێمانی قوتابی دەورانی دەبیرستان بووم و هەوەڵین بەرپرسی حیزبیم کاک کەریم حەدادی تێکۆشەر بوو، مانگی جارێ کۆبوونەوەمان دەبوو . لەو دەورەیەدا بوو بۆ یەکەم جار بە خزمەت مامۆستای تێکۆشەر کاک هاشمی کەریمی گەیشتم. هاوینانیش کە سەردانی بنکەی حیزبم لە بەغدا دەکرد، شانازی ئەوەم بە نسیب دەبوو کە بەشیک لە کادرەکانی رێبەری حیزب ببینم.

وەک مۆماستا حەسەنی شیوەسەڵی و کەسانی دیکە.بۆمن هەمیشە شانازی بوو کە بە خزمەت مامۆستا هێمن دەگەیشتم. بەڵام قەت ئەو دەرفەتە هەڵنەکەوت کاک دوکتور ببینم تا ئەوکاتە کە رێبەری حیزب بڕیاری گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات دا و دوکتور قاسملوو، تا موقەدەماتی سەفەرەکەی ئامادەبوو، لەسەنگەسەر ماوەیەک لە ماڵی ئێمە بە نهێنی مایەوە. ئێمە ئەودەم پێمان دەگووت مام شەریف .

کاک سەید ڕەسوڵی بابی گەوەرە کە پێوەندیەکی بەرینی تەشکیلاتی لە گەڵ نێوخۆ هەبوو مەسئولی حەڕەکەتی کاک دوکتور بوو بۆ نێوخۆ. شایانی باسە ئەودەم سەردەمی قەلع وقەمعکردنی تەشکیلاتی حیزبی شوعی عێراقیش بوو لە لایەن حکومەتەوە. بەشێکی زۆر لە کادرەکانی حیزبی شیوعی عێراقیش هەر بە ماشێنەکەی حیزب لە بەغداوە دەگەیەنرانە سەنگەسەر و دواتر بە هاوکاری ئەندامانی حیزب لەو بنارە نەجات دەدران. من کە کوردستان و کوردی دوکتور قاسملووم خوێند بۆوە شانازیم دەکرد کە ئێستا لە نزیکەوە لە خزمەت خۆی دام و مەجالی ئەوەم هەیە شتی لێ پرسم. لەبیرمە لێی پرسیم چ خاتراتێکم لە باوکی شەهیدم لەبیرە. ئەو ماوەیە کە کاک دوکتور لە سەنگەسەر مایەوە بارانێکی زۆر دەباری.

پاش ماوەیەک لە کاک سەید رەسووڵ دەپرسێ کە هۆی مانەوەمان هێندە لێرە چیە. کاک سەید دەڵێ بارانێکی زۆر دەبارێ و رێگای قەندیل نە بۆتەوە و چەندجار کەسانی بڕواپێکراومان ناردوون ئیمکانی ئەوەنیە ئەسپ دەرچێ و سڵامەتی تۆ و دەربازبوونی تۆ بۆئێمە مەسەلەی ئەسڵیە و بۆیە چاوەڕوان ماوینەوە تا هەوا خۆش دەبێت. جیا لەوەش قەرارە هەندێک چەکوچۆلمان بۆ بێ و بە دەستی خاڵی ناتوانین دەو ڕێیە کەوین.

لەوەڵامی کاک سەید رەسووڵ و مامم دا دەڵێ خەڵک لە شەقامەکانی تاران سنگیان دەکەنە قەڵغان و ئیمە دەبێ هەرچی زووتر لە مەیدانی رووداوەکان بین دەنا تەئسیرمان نابێ و دواکەوتنی ئێمە و بەوەخت لە مەیدان دانەبوونمان ئاکامی زۆر خراپی بۆ مەوقعیەتی حیزب دەبێ. ئێمە شۆرش دەکەین و دەڕۆین لە هەرکوێ نەمان توانی برۆین دەمێنینەوە تا دیسان دەتوانین بکەوینەوە ڕێ.

ئەودەم حیزب هیچ چەکوچۆڵێکی نەبوو. سێ کڵاشینکۆف لە لایەن یەکیەتی نیشتیمانیەوە درابوونە حیزب کە لە بیرم دێ دەبوایە بە بەلەم لە گوندەکانی دەوروبەری سەدی دووکان بپەڕێنرینەوە و بگەیەنرێنە سەنگەسەر. ئەوە هەموو ئیمکاناتی حیزب بوو بۆ دەست بە خەبات کردن. لە بیرم دێ دۆستانی حیزب لە گوندی بەلکی ناوچەی سەنگەسەر ئەودەم و لەو بارەوە یارمەتی و هاوکاریەکی گەورەی سەرخستنی ئەو حەڕەکەتەیان کرد. یانی یارمەتی دان بە دەربازکردنی کاک دوکتور. چونکە کاک دوکتور بە نهێنی لە بەغداوە هاتبوو و دەبوایە بە نهێنیش دەرباز بێ.

هەوەڵین پێشمەرگەی حیزب لەو قۆناخەدا مامی شەهیدم کاک قادرلاجانی بوو کە لەگەڵ کاک دوکتور گەڕایەوە. کاک دوکتور لە کورتەباسێک لەسەر مێژووی رێبەرایەتی حیزبدا باسی ئەو حەرەکەتە دەکا. ئەو گەڕانەوەی کاک دوکتور لەو هەلومەرجەدا و چوونەوەی ناوخۆی ولات و سازماندانەوەی رێکخراوەکانی حیزب لە نێوخۆ بە مەوقع ولەکاتی خۆیدا، بوو بە هۆی ئەوە کە حیزبی دێموکرات تەنانەت پاش ئەو هەموو سەرکوت و زەبر و زەنگەش کە بۆ دەیان ساڵ لەسەر تەشکیلاتەکەی هەبوو،جارێکی تریش هەستێتەوە و ببێتە هێزی سەرەکی لە کوردستانی ئێران و ڕۆڵی شیاوی خۆی لە ڕووداوەکاندا بگێڕێ.

من بایەخی مێژوویی ئەو گەڕانەوەی بە وەختی دوکتور قاسملوو وەک گەڕانەوە مێژوویەکەی لێنین لە ئاپریلی ١٩١٧ و تەئسیری ئەو حەڕەکەتە لە سەر هەڵگیرسان و سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەبینم. ئەگەر ئەو حەڕەکەتەی لینین شوێنەواری چارەنوس سازی لەسەر هەڵگیرسان و سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەبوو، حەرەکەتی مێژوویی دوکتور قاسملووش بەوەخت و لەکاتی پێویستدا، بوو بە هۆی ئەوە کە زوو حیزب لە نێوخۆی وڵاتدا رێکخراوەکانی زیندووکاتەوە و ئامادەیی ئەوە پەیدا بکا لەسەر وەزعی سیاسی شوێن دانێ.

بەو جۆرە ئەو گەڕانەوە مێژووییەی دوکتور قاسملوو، بوو بە سەرەتای قۆناخێکی تازە لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەماندا. ئیدی ئاستی فەعالیەت و تێکۆشانی حیزب و مەیدانی کار و چالاکییەکانی هێندە بەرین بۆوە کە هەر زوو بوو بە هێزی یەکەمی گۆڕەپانەکە. بۆیە لەراستیدا ئەو حیزبی دێموکڕاتەی ئەو نەسلەی دوای ئینقلاب دیتوویەتی، بەرهەمی دەستی قاسملووی نەمرە و قاسملوو موهەندیسیەکەی کردوە.
من بە خاتری درێژەدانی مەدرەسەکەم مابوومەوە و نە گەڕابوومەوە. قەت ئەو ڕۆژەم لەبیر ناچێ لە رادیۆ تاران گوێم لێ بوو کاک دوکتور وەک سکرتێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران سەردانی ئیمام خومەینی کرد. من لە ماڵی کاک جەماڵی هیرانی لە ڕانیە میوان بووم. ماڵیان لە لای قولەی رانیەبوو. لە گەڵ کاک کاوە کوڕی کاک جەماڵ رەفیق بووم و ئەوان لە مێژبوو دۆستی حیزب بوون. دواتر کاک کاوە بوو بە پێشمەرگە و شەهیدبوو. کۆلێژی ئیدارە و ئیقتسادی تەواوکرد و چووە نێو شۆڕش بەڵام زوو شەهیدبوو. ئەو بنەماڵە شیوعی بوون و زۆریش دۆستی ئێمەبوون. کە گوێم لەو خەبەرە بوو چاوم پڕبوون لە فرمێسک و بەسەر ڕوومەتی کز و مەلوولم دا هاتنە خوار.
دایکی کاک کاوە و کاک کاوە و خوناوی جوانەمەرگ ڕوویان تێکردم کە ئەوە چیە بۆ دەگری؟ چ بووە؟ وتم گوێتان لێیە کاک دوکتور قاسملوو سەردانی خومەینی کردووە وچۆتە تاران. ئاخر خومەینی ئەودەم کەسێک بوو کە خەڵک وێنەکەیان لە مانگیشدا دەدیت. ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بوو. بەڵام قەت وەک من لەو ڕووداوە حاڵی نەدەبوون. بۆمن ئەو فرمێسکانە ، فرمێسکی شادی و سەرکەوتن بوون. فرمێسکی وەدی هاتنی خەونە کانی دەورانی لاوی و مێرمنداڵیم بوو. تەنیا کەسێک دەیتوانی لەو فرمێسکانە بگا کە غەریبایەتی و تەحقیری دیتبێ.

بۆ من حیزبی دێموکرات شتێک بوو تەنیا لە چوارچێوەی دیوارەکانی ماڵی خۆمان و خاترەکانی دەورانی منداڵیم لە باوکم، کاک پاپیر شکاک، کاک ئەحمەد تۆفیق، کا عەبدووڵڵا و کاک سولەیمانی موعێنی، کاک سمایل شەریفزادە و دەیان تێکۆشەری حیزب و وێنەیەکی پێشەوا و کۆبوونەوەی ئێوارانی چەن کەس لە ئەندامانی حیزبی کە لە کارگەری دەهاتنەوە و شەوانە لە ماڵی یەکتر کۆدەبوونەوە و باسی ڕابردوویان دەکرد. کە بە داخەوە دواتریش کە گەڕاینەوە بە نیشانەی تەحقیر پێ یان دەگوتن دەرچوانی دانشگای قەڵادزێ، ڕەنگە ئەوجاریش کە گەراینەوە پێمان بلێن دەرچوانی دەشتی کۆیە، وەک کاک مەلا محەممەدی عەبباسی، شەهید محەممەد بێژوەیی، عەبدوڵڵا لاجانی و كاک سمایلی حاجی و هتد لەسەنگەسەر.

من کە هەموو عومرم حیزبی دێموکڕاتم لە هەلومەرجی کاری نهێنیدا دیتبوو تەنانەت لە کوردستانی عێراقیش، بۆمن کە ڕاوڕاوێنی کاربەدەستانی شۆڕشم بە تێکۆشەرانی حیزب بە چاوی خۆم دیتبوو، بۆمن کە لەسەر بڵاو کردنەوەی یەکەم ژمارەی کوردستان، ئەویش گەیاندنی بە چەند کەس لە ڕووناکبیرانی کورد لە سەنگەسەر، دیتبووم کە چۆن مامم لە بەرچاوی من بەر شەق دەرا، ئەو خەبەرە خەبەری کۆتایی هاتنی ئەو دەورانە بوو. ناحەق نەبووم کە لە خۆشیان بگریم.

ئێستا دەمدی کاک دوکتور لەو ئاستەدا سیاسەت دەکا و حیزبی دێموکڕات ئاوا لە چڵە پۆپەدایە. یەکەم جاربوو ناوی حیزبی دێموکڕات لە رادوێیەک ببیستم. خۆزگەم بەو ڕۆژە، بریا هەر ئەودەم لە خۆشیان گیانم دەرچووبا. ئەو فرمێسکانە ئاکامی تەزوویی زیندووبونەوە و گەرانەوەی غروور حیزبی و سیاسیم بوون. ئاخر ئەمن دەزانم چ پەت پەتێنیکما پێ دەکرا.

بەو جۆرە دەتوانین بڵێین لەو قۆناخەشدا ئەوە قاسملوو بوو، بوو بە ماتۆری وەگەر خستنەوەی حیزب لە نێوخۆ. ئەوە ئەوبوو بەناخودای کەشتی حیزب وبزووتنەوەی کورد لەو قۆناخە دژوارەدا.

دوکتور قاسملوو بە درێژایی تەمەنی پڕکار و بەرهەمی، خزمەتێکی زۆری بە حیزب و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران کرد. ئەو لەنێو کورداندا لە ئینسانە هەرە وشیار و مەزن و بلیمەتەکانی رۆژگاری خۆی بوو. ڕۆڵی ناوبراو هێندە گەورەیە کە ئێستا مێژوو نوسان ، مێژووی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەجۆرێک دابەش دەکەن کە بۆخۆی گرنگیی ڕۆڵی قاسملوو لەو مێژوەدا دەردەخا. دەورانی کۆمار، دەورانی دوای کۆمار، دەورانی پێش قاسملوو، دەورانی دوای قاسملوو. ئەو جۆرە دابەشکردنە ئەکادیمیکیە ڕۆڵی قاسملوو بە ڕوونی لەو خەبات و بەربەرەکانیەدا ڕوون دەکاتەوە.

لەوەش زیاتر مێژوو نوسان و لێکۆڵەرەوەکان، باس لە شوێنەواری فەرهەنگ و کولتور و سیاسەت و پلان و بەرنامەکانی قاسملوو لە سەر حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی کورد دەکەن. ئەوان پێ یان وایە ئەوە کە حیزب ئێستان ئاوا دەڕواتە پێش و لە ئیدامەکاری نەوەستاوە ، بەشێکی زۆری بەرهەمی ئەو کولتور و سترەکتور و سازماندەهیەیە کە قاسملوو بۆ حیزبی داڕشتوە. دەتوانین ڕۆڵی قاسملوو وەک لۆکۆمۆتیڤ پێناسەبکەین. لۆکۆمۆتیڤ ئەو ماتۆڕەیە کە قەتار بە دوای خۆیدا رادەکێشێ. لۆکۆمۆتیڤ هەمیشە لە پێشەوەیە، بە هێزو پڕ قودرەتە و خێراشە واتە بە سورعەتە. لۆکۆمۆتیڤ هەمیشە بە سورعەتێکی زۆرەوە واگۆنەکان بە دوای خۆیدا دەکیشێ.

جاری وایە لە رێلیش دەردەچێ بەڵام هەر هەڵدەسوڕێ . دوکتور قاسملووش ئەو نەخشەی لە حیزب و بزووتنەوەدا هەیە. ئەو تەنانەت پاش شەهیدبوونیشی بە قودرەتی زۆروە هەروا دەمانباتە پێش. ئێستاش هەروا هێزی لۆکۆمۆتیڤی سیاسەت وپرنسیپە کانی قاسملوویە کە بەسەر حیزبەوە ماوە و دەیباتەپێش. لەو وەزعە ناهەموارەشدا کە حیزبی تێدایە، ئەوە قاسملوویە پاش ٢٣ ساڵ لە شەهیدبوونیشی، هەر ئینێرژی موسبەت بە حیزب و بووتنەوە تەزریق دەکا. ئەوش بۆخۆی لایەنێکی دیکەی گەورەی و دەوری ئەو لە بزووتنەوەیەدا دەردەخا.

ئەستێرەیەکە لەو شەوە زەنگەدا، دەدرەوشێتەوە و بە بیرو ئەندیشەی سیاسی وخەباتگێڕانەی رێمان نیشان دەداو بۆلای خۆی ڕامان دەکێشێ. بیری سیاسی قاسملوو وەک ڤیزشن بەرەو لای خۆی کار و خەباتمان هیدایەت دەکا. بیری سیاسی قاسملوو ئیستا بۆتە پێناسەی بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کوردستان.

تایبەتمەندی هەرە گەورەی دوکتور قاسملوو ئەوە بوو کە نیشتیمانپەروەر، کوردپەروەر و کوردستان پەروەربوو. ئەو کەسایەتیەکی جیهانی، ناوچەیی، ئێرانی بوو، هەویەتی جۆراوجۆری هەبوون. بەڵام کوردستانی بوونەکەی جەوهەری ئەسڵی و هەستەی ئەسڵی کەسایەتی قاسملوو بوو. هەموو هەویەتەکانی دیکەی بۆ بەهێزکردنی هەویەتی کوردستانیەکەی و جێبەجێکردنی ئەو ریسالەتە کە کەوتبوە سەر شانی کە ئازادی کوردستان بوو، بە کار دەهێنان. کوردستانی بە هەموو وجودەوە خۆشدەویست.
بە عیشقەوە تەماشای دەرودیمەنی کوردستانی دەکرد و خوایە وەتەن ئاواکەی لەبەر خۆیەوە دەگوت. دەیگووت دەچمە هەر وڵاتێک و لە هەر کوێ ڕێبەران و کەسانی سیاسی دیکە دەبینم و باسی کێشەی کورد دەکەم، هەست دەکەم کە بە ڕێزو حورمەتەوە وەرم دەگرن. بۆیە هەمیشە شانازی دەکەم کە ڕۆلەی کوردستانم و بە ناوی کوردەوە قسەدەکەم. یەکێک لەو دەرسانەی نەوەی نوێ دەبێت لە قاسملووی فێربێت لە راستیدا ئەو نیشتیمانپەروەربوون و کوردپەروەربوونەیە…

کۆتایی بەشی یەکەم

………….

قاسملوو لە هەموو کەس باشتر توانای فۆڕمۆلەکردنی داخوازەکانی کورد، ڕوونکردنەوەی کێشەی کوردی هەبوو. وتەبێژێکی لێوەشاوەی نەتەوەی کوردبوو لە ئاستی دونیادا. بە چەند زمان لە گەڵ دونیای دەرەوە و ڕۆژنامەکان و کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە کە کوردستانیان بە سەردا دابەشکراوە قسەی دەکرد و مەسەلەی کوردی بەیان دەکرد. هەر بۆیە مێژوونوسان دەڵێن کە لە نێونەتەوەیی کردنی کێشەی کوردا، لە سەرەتاکانی کاردا، نەخشی بنەڕەتی هەبووە. خزمەتی قاسملوو لەوبوارەشدا وناو و ناوبانگی قاسملوو لەو مەیدانەشدا هەتا هەتایە دەمێنێ و شانازیە بۆ نەوەکانی ئێستاو داهاتوومان.

دوکتور قاسملوو پێشمەرگەیەکی ئازاو قارەمانیش بوو. بە جەرگ و نەترس بوو. دلێربوو. لە خەبات و بەربەرەکانی و شەر و مقاوەمەتدا ، نموونەی ورەی بەرز وشکەست ناپەزیری بوو. چ لە شەری سێ مانگەدا، چ لە شەڕەکانی مانگی هێرش و دیفاعدا، چ لە شەرەکانی قۆناخی خەباتی پارتیزانی دا، چ لە دیدار و سەردانەکانی لە جەبهەکانی شەڕ و بنەکانی پێشمەرگەکاندا، هەمیشە ڕووحیەیەکی بەرز و پۆڵاینی هەبوو.

لە بیرمە لە شەڕی جادەی سەردەشت پیرانشار سەردانی کردین و بە مام ئەوڵای سەعیدی گوت مادام ئەتۆ بەو تەمەنەوە، کە لە شەست ساڵ زیاتر بوو، لە پێشی جەبهەدای من لە خەباتی خۆمان نیگەران نیم و شۆڕشی ئێمە دەڕواتە پێش. پەیامەکانی ئەودەم کە ڕۆژانە بۆ هێزی پێشمەرگەو خەڵک لە ڕادوێ بڵاودەبوونەوە، یەکپارچە دەبوونە ورەو هێزیان وەبەر ئەژنۆی ئێمە لە جەبهەکان دەنا.

فەرماندەیی ئەسڵی ئەو شەڕانە بەدەست کاک سەید رەسوڵی بابی گەورە و کاک حەسەنی سیوەسەڵیوە بوو، بەڵام پێشمەرگەکانی ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش لەو شەرانەدا بەشدار بوون. بۆیەکەم جار لەو شەڕانەدا لە گەڵ مۆماستا ئاسۆ محمەدی و کاک ئەمیری ئەلیاسی و کاک خەلیل خەلەبان ئاشنابووم. کاتێک پەیامەکانی دووکتۆر لە رادوێ کە راست لە پێشی جەبهەکەبوو لە ئالێەمەران ڕا بڵاو دەبوونەوە، کاک عومەر شەریفزادە دەی گووت گوێبگرە تەماشاکە کورد هۆشیمینەی خۆی هەیە کە هەزار هۆشیمینەی ڤێتنامی دەسکیشی لە دوو ناکا.

من ئەودەم کە لە سلێمانی دەمخوێند لە پێش ئینقلابدا لەگەڵ کاک سەدیقی ئیبڕاهیمی نوێنەری ئەودەمی حیزب لە سلێمانی کە دواتر بووبە نوێنەری حیزب لە بەیرووت لە ماڵیکدا پێکەوە دەژیاین و کاک سەدیق وێنەیەکی گەورەی هۆشیمین رێبەری خەباتی ئازادیخوازانەی ڤێتنامی هەڵواسی بوو. بەو وتانەی کاک عومەر خەیاڵم گەڕایەوە پێش شۆڕش و سەردەمی ئامادەیی و قەولمدا کتێبەکانی هۆشیمن پەیداکەم و بیان خوینمەوە. من ئەو دەم کادری سیاسی لکی سێی هێزی ئاوارە بووم و لەو شەڕانەدا دەیان هاوسەنگەر و خزم و هاوڕێم شەهیدوبرینداربوون. لەو ماوەدا کاک دوکتور دووجار سەردانی کردین. لەوی یەکەم جار بە خزمەت کاک عومەر شەریفزادە گەیشتم.

قاسملوو بۆ پێشمەرگەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش پەیکەرەی لە شکان نەهاتوویی و مقاوەمەت بوو. دوای ڕاوەستانی شەڕی ئێران و عێڕاق هەوری نا ئومێدی هەموو کوردستانی داپۆشی بوو. هەموو لە دووبارەبوونەوەی ساڵی ١٩٧٥ دەترساین. کاک دووکتۆر زوو بە هەڵسەنگاندی دۆخی سیاسی و بڵاوکردنەوەی لێکدانەوەی خۆی لە هەلومەرجەکە، ئاسۆی خەبات و کاری دەستنیشان کرد و ڕای گەیاند ئەگەر ئاشتی بۆ کورد هیچی تێدانە بێت، کوردی هەموو پارچەکان یەکدەگرن و لە توانایان دایە ئەو ناوچەیە نا ئارام بکەن و خەباتی خۆیان بەرنە پێش. ئیدی ئەوە ساڵی ١٩٧٥ نیە، ئەوە دووبارە نابێتەوە . لە بیرمەنەک هەر ئێمە بەڵکوو پێشمەرگەکانی یەکیەتی و هێزە سیاسیەکانی دیکەش بەو قسانەی دووکتۆر ورەیان هاتەوەبەر و هیواو ئومێدیان بۆ گەڕایەوە.

ڕێبەرێکی بە ئۆتۆریتەبوو. دەیەویست هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دەوری بزووتنەوە و ئامانجە میللیەکانی کۆکاتەوە. هەمیشە لە هەوڵی رێکخستنی هێزە کوردستانی و ئێرانەکاندا بوو. تێدەکۆشا گەروویەکی هاوبەش بۆ هاواری کورد روو بە دونیای دەروە درووستکات. دەیگووت دەبێ بە یەک زمان و فۆڕمۆڵ و بە تایبەتی لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ و پەسندکراوە نێونەتەوەیەکاندا مەسەلەی کورد بەرینە نێو بیرورای گشتی دەرەوە تا لێما وەرگرن. ئەوەی ئەورۆ پێی دەگوترێ کۆنگرەی نەتەوەیی بیرۆکەکەی هی دوکتور قاسملوویە.

دوکتور قاسملوو لە بەیانکردن و دەربڕینی هەڵوێستە سیاسیەکانی دا، گوێی نەدەدایە بەرژەوەندی شەخسی و تێبینیە ڕواڵەتیەکان. لە هەڵوێستگرتندا بۆ ئەو ئامانجە ئینسانی و دێموکڕاتیکەکان و حەقیقەت پێوانە بوون. زۆر جار بە پێچەوانەی ئاڕاستەی ڕووبار مەلەی سیاسەتی دەکرد و لە خنکانیش نەدەترسا.
ئەگەر ئەو ئاڵای بەربەرەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵگرت، رێژیم لەئەوپەڕی هێز و توانا و تەنانەت مەقبووڵیەتیش دابوو. بە دەیان ملێون کەس لە خەڵکی ئێران و تەنانەت هێزە سیاسیە چەپ و میللی و مەزهەبیەکانیش لایەنگریان لێدەکرد و وێنەی خومەینیان لە مانگدا دەدی. بەڵام ئەو زوو ماهیەتی کۆنەپەرستانە و دواکەوتوانەی ئەو رێژیمەی تەشخیس داو کەوتە لە قاودانی. ئەوە ئەو دەم کارێکی زۆر سەخت بوو. جارێک لەوبارەوە وتی ئەودەم باسکردنی مەسەلەیەکی ئاوا تەنانەت لە دەفتەری سیاسی حیزبیش دا بە زەحمەت دەکرا بهێنرێتە گۆڕێ.

مەحکومکردنی بەبارمتە گرتنی پێرسونیڵی سەفارەتی ئەمریکا لە کاتی خۆیدا، مەحکومکردنی پەلاماری سۆڤیەت بۆ سەر بەهاری پراگ، مەحکوکردنی سیاسەتەکانی حیزبی توودە لە پێوەندی دەگەڵ رێژیمدا، رەخنەگرتن لە سۆسیالیزمی مەوجود لە کاتێکدا کە قوتبێکی گەورەی سیاسەتی دونیا بوو. ڕاوەستان لە بەرانبەر هژمۆنی تەڵەبی موجاهیدین، حیزبی توودە و هەندێک هێزولایەنی دیکەی کوردستانی دا هەموویان نیشانەی ڕاستی و دروستی ئەو قسیەیەن.

لە کۆمەڵنساسی سیاسیدا، بەو جۆرە کارە دەوترێ پۆلیتیکلی ئینکۆڕڕێکت. یانی لەباری سیاسیەوە نادرووست. قاعیدە وایە سیاسەتمەدار وەدوای مەقام وقازانج و دەنگ و کورسی پاڕلەمانی وشتی وا دەکەوێ. یانی خۆی دەگەڵ مەینستریم واتە جەریانی غاڵب ڕێکدەخا. بۆیە کەسێک کە دەگەڵ مەینسرتریم دەکەوێتە بەربەرەکانی، کارێک دەکا کە پۆلیتیکلی ئینکۆڕڕێکتە. بەڵام گەورەیی قاسملوو لە سیاسەتدا هەمیشە لەوەڕا هاتوە کە مەینستریمی چاڵێنچ کردوە و خستویەتیە ژێر نیشانەی پرسیار.

ئەگەر لەسیاسەتدا، تێگەیشتنی بەرژەوەندیە میللی و نەتەوەییەکان و خێری گشتی و ئامانجی سەرەکی بە شێوەیەکی واقعبینانە، لە هەموو شت گرنگترە. ئەگەر دۆزینەوەی رێگاو میتۆدی گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی و خێری گشتی مەسەلەیەکی زۆر پڕ بایەخە. ئەگەر هەوڵدان بۆ دەکارکردنی ئەو رێگاو میتۆدانە و تەختکردنی کۆسپەکانی سەر رێگا، کلیلی مەسەلەکەیە، ئەوە بێ شک دەتوانین بڵێین دووکتۆر قاسملوو لەو کارەدا لە ڕیزی پێشەوەی کەسایەتیە سیاسیە ئێرانی و کوردستانیەکان دا بووە. ئەو ئامانجە سیاسیەکانی بزووتنەوەی کوردستان و تاکتیکی خەباتگێڕانە و چالاکی و کردەوەی سیاسیی ڕۆژانەی بە شێوەیەک لێکگرێ دابوون، کە سیاسەت و خەباتی خستبوونە خزمەت ڕزگاری میللەتی ژێرچەپۆکی کورد.

ئەو دەیەویست میللەتی کوردستان ڕزگاربێ و ژیانێکی شیاوی ئەم سەردەمەی هەبێت. لەخۆڕانیە دەیگووت خودموختاری ئەگەر نێوەرۆکەکەی نە بێتە ژیانێکی پڕ لە ڕەفاه و ئازادی بۆ خەڵکی کوردستان، بایەکەخی یەو هەموو خەباتەی نیە. واتە ئەو سیاسەتی بۆ دووشت دەکرد بۆ ڕزگاری کوردستان و بۆ ژیانێکی پڕ لە سەعادەت بۆ خەڵکی کوردستا. ئەوە کە لە زانستگاکاندا پێی دەوترێت ئیمانسیپەیشن پۆلیتیک. سیاسەت لای قاسملوو شتێک نەبوو جگە لە کاروخەباتی رۆژانە بۆ گەیاندی میللەتی کورد بە ئاستی میللەتانی دوونیا.
دەیگووت خەباتی ئێمە دوورودرێژە. میللەتێکی ژێرچەپۆکە تا ڕزگاری رێگایەکی درێژی لە پێشە. بۆیە دەبێ هەم خەبات بکەین و هەم بژین. لە خۆڕانەبوو لە ڕیزەکانی شۆڕشدا بایەخی زۆری بە ژیان و جلوە جوانەکانی ژیان دەدەدا. لە شایی و زەماوەندی پێشمەرگەکاندا بەشداری دەکرد. جوانی و رێکوپێکی و کاروزەحمەتی تەشویق دەکرد. هونەر و مۆسیقا و ئەدەب و ژیانی بنەمەڵەیی تەشویق دەکرد. بۆ چونێک هەبوو کە پیشمەرگە نابێ زەماوەند بکا، ئەو بەتووندی لە بەرانبەر ئەو جۆرە قسانەدا ڕادەوەستا و دەیگووت پێـشمەرگە ئینسانە، ناتوانی لە ئینسانیەتی دابڕنی. حەقی خۆیەتی زەماوەندبکا، بەڵام دەبێ پێێ بلێێن ئیمکاناتی شۆڕش بۆ بەرێچوونی بنەماڵە کەمە.

حزوورێکی بەردەوام و دیاری هەبوو. لە ریزەکانی بزووتنەوەدا، لە نێو بنکەکانی پێشمەرگەدا،لە کۆمیتە شارستانەکاندا، لە نیێ تەشکیلاتی نهێنیدا، لە نێو ڕوونکبیراندا، لە نێو نوسەرانی کوردو ئێرانی و ئەدیب و هونەرمەنداندا، لە نێو کۆڕوکۆمەڵە سیاسیە ئێرانی و کوردستانی و ناوچەیەکاندا، حزووری بەرچاوی سیاسی و مەعنەوی پڕ رەنگی هەبوو. ئێمە چ لە دفتەر باین، جچ لە ناوچە و لە قوڵایی مەیدانەکانی خەباتی پێشمەرگایەتیدا، ئەومان لە پەنا خۆمان دەدیت. پێشمەرگەکانی داڵەهۆ پێ یان وابوو قاسملوو لە هێزەکەی ئەواندا سازمان دراوە. هی هەوشاریش هەر ئەو هەستەیان هەبوو، بە کورتی پێشمەرگەکان لە هەرکوێ بان، هەستیان بە بوونی دوکتور لە لای خۆیان دەکرد. لە هەموو جێیەک ئەو حزوورە گەرم و سەمیمی و سەنگینەی لەنێو ڕیزەکانی شۆڕش و خەباتدا هەبوو. پێشمەرگە کان لە هەزاران کیلۆمیتر دوور لە سکرتاریای حیزبەوە، نەیان دەوێرا ڕیشیان هەبێ، چونکە دەیانزانی کاک دووکتۆر حەز ناکا پێشمەرگە ڕێک و پێک و پاک وخاوین نەبێت.
ئەو حزوورەی ڕێبەری بوو کە هێزی ئەخلاقی و مەعنەوی دابوو بە خەباتی پێشمەرگە. دووژمن لە هەموو بارێکەوە بەهێزتر و پۆشتەوپەرداختر بوو، بەڵام ئەوە هەر پێشمەرگەبوو زەبری دەوەشاند، ڕەمزی ئەوە لە هیزی ئەخلاقی پێشمەرگەوە سەرچاوەی دەگرت. بەشی زۆری ئەو قودرەتە مەعنەویە، دووکتۆر قاسملوو ئیلهامدەری بوو.

شکسپیر باسی هێنری دەکا. کاتێک مێژووی شەڕەکانی نێوان ئینگلیس و فەرانسە دەگێرێتەوە، باس لەوەدەکا کە کاتێک هێنری پاشا و سەرکردەی سوپای ئینگلیس دەبینێ لەشکری فەرانسەویەکان زۆر زۆرتر و پڕچەکترە لە چاو سوپاکەی خۆی. شەوی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە سەردانی خێوەتی هەموو فەرماندەرەکانی خۆی دەکا. هەرکامیان پێی وادەبێت کە ئەوە تەنیا هێنری هەر سەردانی ئەوی کردوە.

هێنری هومید و هیوایان وەبەردەنێ و بە جۆرێک حاڵیان دەکا کە چاوڕوانی زۆری لێیانە. هەر یەکەی لەحزەیەکی کورت لە لایان دەبێت و بەمجۆرە بەیانی کە شەڕ دەستپێدەکا ئەو حزوورە کەمەی شەوی ڕابردوو لە میدانی شەریشدا لە لای هەموو فەرماندەرەکان و لە رێگای ئەوانیشەوە لە نێو هەموو سەربازەکان دا خۆی نیشان دەداو دەبێتە ئیلهام و هێز و ورەو بڕوا بە سەرکەوتن و بەربەرەکانی. لە ڕاستیدا قاسلووش لە نێو بزووتنەوەی کوردا، لە نێو کادر و پێشمەرگەداهێنری بوو. خۆزگە ئێمەش شکسپیرێکمان دەبوو، داستانەکانی خەبات و خۆڕاگری پێشمەرگەکانی کوردستانی وەک شانازی میللی لە ئەدەبیاتی نەتەوەییمان دا تۆماردەکرد.
سونامی بوو لە نێو بزووتنەوەدا،لە مەیدانی خەبات و سیاسەتی ئێران و کوردستاندا، لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دا پارامیترێکی جدی بوو. وەک سونامی بوو، لە هەموو لایەک ڕا دەهات ، نەت دەتوانی خۆی لێ لادەی و لە بەردەستی ڕاکەی. دەکرا موخالیفی بی، دژی بی، بەڵام کەس نەیدەتوانی حاشا لە گرینگی و فاکتۆربوونی ئەوبکا یا ئینکاری بکا. هیچ هێزو لایەنێک نەیاندەتوانی ئینکاری جدی بوونی قاسملوو لە سیاسەت و خەباتدا بکەن. بەتایبەتی لە مەیدانی سیاسەتی کوردستان و ئێراندا.

لە کۆڕوکۆبوونەوەکاندا، لە مەجلیس و میوانی و جەژن و زەماوەندەکاندا، لە نێوماندا، چ لە رۆژانی شایی و چ لە ڕۆژە سەخت و دژوارەکاندا، دەدرەوشایەوە. بە قسەو وتە جوان و پڕماناکانی شوێنەواری لە سەر هەمووان دادەنا. لە خۆڕانەبوو کۆشنێر دوای شەهیدبوونی وتی لە نێو ڕێبەرانی دونیای سێەمدا، من رێزوحورمەتم لە هەموان زیاتر بۆ قاسملوو هەبوو.
قاسملوو ڕووناکبیرێکی خەباتگێر بوو. کاری فکری دەکرد، دەیخوێندەوە، وەزعی سیاسی دونیای لە هەموو گۆشەنیگاکانەوە تەماشادەکرد و وەدوای رووداوەکان دەکەوت. قەت لە خۆی غافڵ نەبوو. براژنە نەسرین لە نۆروێژ وتی ڕەحمان زۆری دەخوێندوە، چاک فێردەبوو. بەڵام فەرقی گەورەی ڕەحمان دەگەڵ کەسانی دی ئەوە بوو کە ئەو هەرچی فێری دەبوو، لەجێی خۆی بەکاری دەهێنا. ئەو فێردەبوو تا لە ژیان و خەباتدا برواتە پێش. ئێواران کە هەموو کارەکانی تەواو دەبوون دەیخوێندەوە.

بە عیشقەوە ئەدەبیاتی کوردی و فارسی و فەڕانسەی و عەرەبی دەخوێندەوە. ئاگای لە ئاخرین رووداوەکانی دونیای ئەدەب و هونەر و سینەماو مۆسیقاو فەلسەبوو. پاش شەهدبوونی دەفتەری سیاسی بڕیاری دا کتێبخانە شەخسیەکەی بدرێتە کتێبخانەی گشتی حیزب و نەوارەکانی بدرێنە ڕادوێ دەنگی کوردستان. بۆم سەیر بوو لە نێو کاسێتەکاندا گۆرانی و مۆسیقای هەموو میللەتانی دونیایان تێدابوو. تەنانەت هی ئەمریکای لاتیین و ئەفریقاش. مۆسیقای سونەتی قەرەجەکانی باشوری ئورووپا و دەیان عنوانی دیکە. کتێبخانەکەشی لەو شاخە لە راستیدا باشترین کتێبی بە زمانەکانی فەرانسەی و ئینگلیسی و عەرەبی وفارسی وتورکی تێدابوون. ئەو کتێبانە لەو شاخە ئەودەم بۆ ئیمە بوونە خۆراکی ڕووح و بەتایبەت کە هی کاک دووکتۆریش بوون بە عەلاقەیەکی زۆرترەوە دەمان خوێندنەوە.

جارێک کلاسێکی بۆداناین کە فێری فیلم هەڵگرتن بین. لەو کلاسەدا هەرکام لە هێزەکانی پێشمەرگە کەسێکیان بە کلاسەکە ناساندبوو. من و خوشکە خەدیجەی مەعزوریش لە رادوێ را چووبوین. بۆمن سەیر بوو لەو کلاسەدا باسی هونەر و سینەما و شانو وچۆنیەتی فیلم هەڵگرتن و بایەخ و گرنگی فیلمە دۆکێۆمێنتارەکانی کرد. سەرسام بووم. ئاخر پێت وابوو ئەو هەر مامۆستای هونەر و فیلم و سینەمایەو بەس.
هەموو ڕۆژێ هەواڵەکانی دونیاو ناوچەو ئێرانی تاقیب دەکردن و پێوەندی نێوان ئەوانی دەدۆزیەوە و باشترین تەفسیری لێ دەکردن و بۆ روونکردنەوەی ڕێی خەبات کەڵکی لێوەردەگرتن. دەیگووت چونکە مەسئولیەتم هەیە ناچارم تەنانەت نەشریاتی هێزەچەپە ڕادیکالەکانی وەک تۆفان و ئەوانی تری لەو تیپەش بخوێنمەوە. چونکە دەبێ بزانم دەڵێن چی؟

پێوەندیەکی بەرینی کۆمەلایەتی و دۆستایەتی هەبوو. لەگەڵ کەسایەتیە سیاسی و ئەدەبی و ڕووناکبیریەکانی کوردو ئێرانی و عەرەب و بیانی پێوەندی هەبوو. چەند ساڵ لەمەوبەر لە کۆمۆنی ئەسکەر لە نزیک ئۆسلۆ مامۆستابووم، موعەلیمێکی ئەفغانستانی دەرسی ماتماتیکی دەگوتەوە و کاتێک یەکەم جار یەکترمان دیت و وتم کوردی ئێرانم، دەستبەجێ باسی خەباتی حیزب و بزووتنەوەی کوردی لەو بەشەی کوردستان لێپرسیم. منیش بۆم باسکرد و وتی خۆشحاڵم کە ئەو قسانەم گوێ لێدەبێ.
من پێم وابوو پاش تیرۆری قاسملوو خەباتەکەشی نەماوە. پێم سەیر بوو دوکتور قاسملووی دەناسی. دواتر بۆی باسکردم کە دۆستی قاسملووبوە و سەردەمێک لە کابوول لە کابینەیەکی ئەفغانستاندا وەزیربووە لە کاتی دەستەڵاتی چەپەکاندا. شانازی دەکرد کە جارێک لە پاریس کاک دۆکتۆری دیبوو. ناوبراو دووساڵ لە مەوبەر گەڕایەوە ئەفغانستان و ئێستا تەنیا منداڵەکانی لێرەن. با ئەوەش بڵێم کە بەڕاستی ئەویش بۆخۆی کانیەکی زانست و زانیاری بوو. پار چوومە دهۆک لە یەکەم رۆژی گەیشتنمدا چوومە میوانیەک.

تازە دانیشتبووم کەسێک هاتە نزیکم و وتی من لە ناوچەی شینکایەتی چەند شەو لە گەڵ کاک محمەدی موکری و چەند نوسەری تر میوانی کاک دووکتۆر قاسملوو بوومە باسی ئەو دیدارانەی دەگێراوە و عیشق و خۆشەویستی کاک دوکتور لە چاوانیدا شەپۆلی دەدا. ئەو مامۆستا محمەد ئەمین بوو کە سەردەمێک مودیری پەروەردەو فێرکردنی دهۆک بووە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم پێوەندیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی هەبوو. هەرکەس یەکجار دیتبای دەچۆ ژێر تەئسیری. سەردانی بریندارەکانی دەکرد، لە ئەحواڵیانی دەپرسی، کەم ئەندامەکانی بەسەر دەکردنەوە…

کۆتایی بەشی دووهەم

..

کوردستان مێدیا


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی