ئەمە وەڵامێکی پڕ لە ڕق و کینە بوو. ئەو دەستەی کە بۆ ئاشتیخوازی درێژ کرا، لە داو خراو بە  گوللەی چەکی ئۆتوماتیکی وڵامی درایەوە.Thomas_Hammarberg.jpg

ئەو ڕەشەکوژیە قیزەونە لە وییەن زەربەیەکی کاریگەر بوو هەم لە کورد و هەم لە پرسی رەوای کوردیش، هەروەها دژی چارەسەری ئاشتیخوازانە و خەباتی مافی مرۆڤ. تێروری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، عەبدوڵا قاردی‌ئازەر و فازڵ ڕەسوڵ کاردانەوەی نێونەتەوەیی لێ دەکەوێتەوە. (لێکەوتەوە)

ئەو رژیمەی کە لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە فشاری لەسەرە بۆ ئەوەی ددان بە ئاشتی و مافی کۆمەڵایەتی خەڵکدا بێنێ، بە رەشەکوژی نهێنی هەموو ئەو مافە نێونەتەوەییانەی پێشێل کردووە. جەلادەکانی تاران هیچ بایەخێک بە بیروبۆچوونەکانمان نادەن.

ئەم تێرۆرە ناجوامێرانە مێژوویەکی تاڵە کە بووە هۆی وەستان و قەتیس مانەوەی پرۆسەیەکی ئاشتیخوازانە. کاتێک قاسملوو لە سەردانێکدا بۆ ستۆکهۆڵم لە مانگی ژونی ساڵی ١٩٨٩ دا باسی هەندێک مەرجی نوێی کرد کە بەتەمان لەگەڵ رژیمی تاراندا دەست بە وتووێژ بکەن. ناوبراو ئاگای لە مەترسییەکانی ئەو وتووێژەش بوو، بەڵام بۆچوونەکەی وابوو کە دەیوت ئەمە ئەرکێکە و دەبێ بەجێی بگەیەنم. عەبدولڕەحمان قاسملوو ڕێبەرێکی لێهاتووی گەلی کورد بوو کە لە باری سیاسیەوە بە سەر دەسەڵاتدارانی ئێراندا زاڵ بوو. ناوبراو لە سەرەتای ساڵانی هەفتاوە سکرتێری یەکەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، کە گەورەترین حیزبی کوردیە لەو وڵاتەدا (ئێران).

بەو پێوەندییە بێ وێنانەی کە ناو براو لە بلۆکی ڕۆژهەڵات و هەروەها لە ڕۆژئاوادا هەیبوو، وایان لێ کردبوو کە لە جیهاندا تاکە رێبەرێکی کورد بێ کە لە بواری کێشەی کورددا بایەخ بە قسەکانی بدەن. قاسملوو سوسیالدێموکرات بوو هەر لەو پێوەندیەشدا بۆ کۆنگرەی ئێنترناسیونالیست لەمانگی ژونیدا بۆ  ستۆکهۆڵم بانگهێشت کرابوو. (ساڵی ١٩٨٩).

سەرەڕای ئەو هەموو ساڵەی کە بە ناچاری لە دەرەوەی وڵات ژیا بوو، پێوەندی لەگەڵ نێوخۆی وڵات هەر بەردەوام بوو. بەناوبانگ بوونی قاسملوو لە کوردستاندا لە پلەی یەکەم نە تەنیا لەسەر ڕێفۆرمی کۆمەڵایەتی بەڵکو لەسەر گۆڕنکای قوتابخانەکان و کلینیکی تەندروستیش بوو.

ناوبراو بێرێکی پان ـ کوردیستی هەبوو، بەڵام لە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە ئێراندا سەرکەوتوو نەبوو. ئەو کاری زۆر و ڕێگای نوێی گرتبووە بەر بۆ باش کردنی پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکان لە وڵاتانی تردا و بەتایبەتی کوردستانی عێراق. قاسملوو ڕێبەرایەتی ئۆپۆزیسیونی کوردی ئێرانی دژی رژیمی شا لە ئەستۆ بوو و هیوای بە شۆڕشێک بۆ باشتر کردنی ژیانی داهاتووی گەلان لە ئێراندا و بەتایبەتی بۆ کوردەکان ئەو بەشەی کوردستان هەبوو. بەڵام رژیمی خومەیەنی پێشنیاری ئاشتیخوازانەی قسملووی رەد کردەوە و بە پێچەوانەی خواستەکانی ئەوان، داوای لێ دەرکردن خۆیان بەدەستەوە بدەن.

قاسملووی دوور ئەندێش دژی ئەم بۆچوونە بێ نێوەڕۆک و تووندڕەوانە ڕاوەستا. حیزبەکەی ئەو نەیدەویست بە تەواوەتی لە ئیراندا جیا ببێتەوە، هێڵە گشتیەکانی ناوبراو ئەوە بوو کە کورد مافی چارەی خۆ نووسینی لە کوردستان لە نێو چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتدا بە دەستەوە بێ. ئەو جۆرە سیاسەتوانانەی کە سیاسەتێکی وەها (ئاشتیخوازانە) رەد دەکەنەوە و جگە لە سیاسەتوانانی شێت و گێژووێژ شتێکی تر نیەن.

ئەی ئێستا چارەنووسین چ دەبێ؟  تووڕەیی، تاڵی و تفتی و شکوگومان برینێکی وا قوڵیان پێک هێناوە کە تاکو ماوەیەکی درێژ سارێژ نابێت. تێرۆری وییەن کارەساتێکی نوێ نیە کە لە لایەن رێبەرانی سەرەڕەو و کۆنەپەرەستی ئیران دژ بە کورد ئەنجام دەدرێ: چۆن مرۆڤ بتوانێ لەگەڵ رەشەکوژە تێرۆریستانە بئاخفێ؟

بەڵام لە هەمان کاتدا، لەوانەیە ئەم تێرۆرە بێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆش و خورۆش و هەڵچوونێکی نوێ، لێرەدا دەبێ ئەگەری هەلێک پێک بێ بۆ یەکگرتنی ڕێکخراوە سیاسیەکانی گەلی کورد. ئەمەش شتێکی زۆر پێوست و گرنگە.  سەرەڕای ئەمانەش بەم زوانە بۆ رێبەرانی تاران دەردەکەوێ کە ئەو تێرۆرە خوێنڕێژانەی وییەن چەندە کارێکی نەزانانە و شێتانە بوو. بەم کردارانەیان سەروەری و ئابڕۆی وڵاتەکەیان قیزەون و لاواز کردووە. بەم کردەوانە خۆیان و حکومەتەکەیان لە بەرچاوی کۆمەڵگای نێوەنەتەوەیەوە خستووە و دووریش نیە لە داهاتوودا لە نێوخۆی وڵاتدا دەسەڵادارانی ئێران ببن بە چەند دەستە و تاقم. مرۆڤ دەتوانێ تەنیا هیوادار بێ کە ئەو بەشانەیان کە باشتر بیر دەکەنەوە بتوانن هەلومەرجێکی گونجاوی وا بڕەخسێنن کە حکومەتەکەیان بە ئاقارێکی باشتردا بەرن.

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە: گرنگی و پشتیوانی لە مافی گەلی کورد ئەمڕۆ لە هەموو شتێک گرینگترە.

سەرچاوە: Kurdistan bulletinen. Nr.2 – 89))

نووسینی: توماس هاماربێری Thomas Hammarberg

dr-qasmlu_hamid-teymuri

وەرگێڕانی لە سویدی: حەمید تەیموری


[1] شاری ویەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش (نمسا)

چەند وتەیەکی توماس هاماربێری لە سەر نەمر قاسملوو

z0S9o2MxSE8

{jcomments off}

فارسی