|
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده: "ئێمه له تاراوگه ده‌ژین"
دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده، سكرتێری گشتی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران
- پێم خۆشه پێش هه‌ر شت له دۆخی خۆت بزانم، ژیان و گوزه‌ران چلۆن ده‌ڕوات؟ تۆ له‌مێژه خه‌بات ده‌كه‌ی، ئه‌م خه‌باته كه بۆ تۆ بۆته ژیانێكی ڕۆژانه، چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر باری ده‌روونی و هه‌روه‌ها ته‌ندروستیت داناوه؟ ئایا پێی ڕاهاتووی یان هه‌ست به ماندوو بوون ده‌كه‌ی؟ تكایه له‌م باره‌یه‌وه ئه‌گه‌ر ده‌كرێ به درێژی بۆمان بدوێ؟ - راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه هه‌ر پێم خۆش نه‌بوو باسی ژیانی خۆم بكه‌م، چونكه پێم وایه بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌م وتووێژه ده‌خوێننه‌وه شتێكی گرنگ نییه كه ساغم یان نه‌خۆشم، پیرم یا لاوم. به‌ڵام ئێستا كه پرسیارتان كردوه، ده‌ڵێم وا تێده‌گه‌م كار و تێكۆشان و خه‌بات شوێنه‌وارێكی خراپی له‌سه‌ر له‌شساغیم دانه‌ناوه. ئه‌و كاته‌ی كارێكم به‌ده‌سته‌وه‌یه و ته‌واوی ده‌كه‌م، پێم وایه له‌نوێ له‌دایك بوومه‌وه و عومرێكی نوێم بۆ نووسراوه. ته‌مه‌نم له شه‌ستوپێنج ساڵ تێپه‌ڕیوه. له‌چاو ئه‌و ته‌مه‌نه و ئه‌و هه‌لومه‌رجه كه كوردی تێدا ده‌ژی، به باوه‌ڕی خۆم باش ماوم. ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی به پیری میوانی مرۆڤ ده‌بن وه‌ك ته‌وژمی خوێن و كولسترۆل و قه‌ند و چی و چی، هێشتا به‌لامدا نه‌هاتوون. ئه‌گه‌ر پیریش بووم و ددانم كه‌ل بووه و سه‌رم بۆته سه‌ری قه‌ندیلی، منه‌ت له‌سه‌ر كه‌س ناكه‌م. زۆر كه‌س زووتر له‌م ته‌مه‌نه‌ش پیر بوون و خۆشیان له خه‌باتی سیاسی نه‌داوه. به‌هه‌رحاڵ كورد گوته‌نی: له خوای به‌زیاد بێ".
- حه‌ز ده‌كه‌م درێژه‌ی قسه‌كانمان به مزگێنییه‌ك یان هه‌واڵێكی خۆش بۆ گه‌لی كورد ده‌ست پێ‌بكه‌ین. - مزگێنیی من بۆ ئۆگرانی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌یه كه حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هه‌روا سه‌ربه‌رزانه و به ڕووسووری له مه‌یدانی خه‌باتی پڕ هه‌وراز و نشێوی خۆیدا ڕاوه‌ستاوه و كۆڵی نه‌داوه. كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانیش وه‌ك هه‌میشه پشتوپه‌نای ئه‌م حیزبه‌ن و به حیزبی خۆیانی ده‌زانن. ئه‌وه كه خه‌ڵكی كوردستانی ئێران هیچ كات سه‌ریان بۆ كۆماری ئیسلامی دانه‌نواندوه و ڕێژیم نه‌یتوانیوه زۆر له بڕیار و سیاسه‌ته پاشكه‌وتووانه‌كانی له‌و به‌شه‌ی وڵات‌دا جێبه‌جێ بكا، به‌رهه‌می خۆڕاگریی بوێرانه‌ی گه‌لی كورد و هێزه سیاسییه‌كانی و له پێشه‌وه‌ی هه‌مووشیان حیزبی دیموكراتی كوردستان ئێرانه. ئه‌م حیزبه له خه‌باتی 59 ساڵه‌ی خۆیدا هه‌م سه‌ركه‌وتنی به‌رچاوی بوون و هه‌م تووشی تێشكان و ناكامی هاتوه. هه‌موو حیزبێكی سیاسییش ئه‌و به‌ره‌وپێشچوون و پاشه‌كشه‌یه‌ی دێته ڕێ. گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م حیزبه نه به سه‌ركه‌وتن له خۆبایی بووه و نه به تێشكان له مه‌یدان ده‌رچووه. پاش هه‌موو كه‌وتنێك هه‌ستاوه‌ته‌وه، له ناكامییه‌كانی ده‌رسی وه‌رگرتوه و سه‌ركه‌وتنه‌كانی كردوونه پرده‌بازی په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و ده‌سكه‌وتی تازه‌تر. غه‌یب نازانم، پاشه‌ڕۆژ ناخوێنمه‌وه و سه‌رفه‌سڵ بۆ ئاڵوگۆڕه‌كان دانانێم. به‌و حاڵه‌ش دواڕۆژی خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان و سه‌رانسه‌ری ئێران به ڕوون ده‌بینم. پێم وایه زۆر فاكته‌ری نێوخۆیی و ده‌ره‌كی له‌كاردان كه بتوانن ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان خێراتر بكه‌ن و ئومێدی به‌ره‌وپێشچوونمان پێ‌بده‌ن. له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و فاكته‌رانه به‌رچاوڕوونیی خه‌ڵكی ئێران و یه‌كڕیزڕاوه‌ستانیان به‌رامبه‌ر به ته‌واوه‌تی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ده‌بینم كه به تایبه‌تی له هه‌ڵبژاردنی ده‌وره‌ی حه‌وته‌می مه‌جلیسدا خۆی نواند.
به‌ڕێز حه‌سه‌ن‌زاده بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی خه‌باتی چه‌كدارییه‌وه سه‌یر بكه‌ین، له دۆخێكی باش‌دا نابینێت و له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "بۆچوونی حیزبی دیمۆكرات بۆ شێوه‌كانی خه‌بات، جۆرێكی دیكه‌یه. ئه‌م حیزبه له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا خه‌باتی چه‌كدارانه‌ی به شێوه‌یه‌كی داسه‌پاوی خه‌بات زانیوه و دروشمی [مه‌سه‌له‌ی كوردستان ڕێگاچاره‌ی نیزامیی نییه]ی له كاتێكدا به‌رز كردبۆوه كه هێندێ گرووپی سیاسی بێ‌ئه‌وه‌ی له مه‌یدانی كرده‌وه‌دا شوێنه‌وارێكیان لـێ دیار بێ، ده‌یانگوت [ئازادی له لووله‌ی تفه‌نگ دێته ده‌رێ]، به‌ڵام حیزبی دیمۆكرات كه هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی له مه‌یدانی دیفاع له ئازادی‌دا ڕاوه‌ستابوون و هه‌موو ڕۆژێ قوربانیی ده‌دا، پێی وابوو ئه‌م شێوه خه‌باته دوژمن به حاشا له مافه‌كانی گه‌لی كورد، به ئاماده نه‌بوون بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه و به هێرش بۆسه‌ر كوردستان سه‌پاندوویه‌تی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی خه‌باتی سیاسییه‌وه بۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران بڕوانین، به ئاسانی ده‌توانین بڵێین ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له یه‌كێك له قۆناخه هه‌ره دڵخوازه‌كانی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی خۆی دایه. زیادم نه‌گوتوه ئه‌گه‌ر بڵێم وشیاریی سیاسی هیچ وه‌خت هێنده‌ی ئێستا له‌نێو ڕۆڵه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان‌دا له سه‌رێ نه‌بووه و قه‌ت به‌قه‌ده‌ر ئه‌مڕۆ ڕووناكبیران و توێژی وشیار و خوێنده‌واری كۆمه‌ڵ له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا به‌شدار نه‌بوون. چونكه حیزبی دیمۆكراتی كوردستانیش حیزبێكی قانوونی نییه و به خه‌یاڵی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی "هه‌ڵوه‌شاوه"یه، ڕه‌نگه خه‌ڵكی ناشاره‌زا وا تێبگه‌ن كه ئه‌م حیزبه له‌و ئاڵوگۆڕه‌دا نه‌خشێكی نییه و ئه‌وه‌ی ڕووی داوه هه‌مووی له خۆوه و به ڕێكه‌وته. به‌ڵام به ڕاشكاوی ده‌ڵێم ئه‌م حیزبه له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاپه‌ڕینه فكری و سیاسییه ده‌ژی، كاری تێده‌كا و كاری تێ‌ده‌كرێ، فێری ده‌كا و لێی فێر ده‌بێ، ڕێنوێنیی ده‌داتێ و ڕێنوێنیی لـێ وه‌رده‌گرێ. به هیوای ئه‌و ڕۆژه كه بتوانین ئه‌م باسه پتر بكه‌ینه‌وه یان دیارده‌كه بێ‌په‌رده خۆی به هه‌مووان نیشان بدا."
- شه‌ست ساڵ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌زموونی كار و پوخته‌بوونی پێڕه‌و، ته‌مه‌نێكی درێژه. حیزبی ئێوه خۆی له شه‌ست ساڵ خه‌بات نزیك كردۆته‌وه. ئایا حیزبه‌كه‌تان به هه‌بوونی ئه‌زموونێكی شه‌ست ساڵه‌وه، له بیری ئاڵوگۆڕ له ڕێبازیدا هه‌یه، یان درێژه به‌و ڕێبازه ده‌دات كه شه‌ست ساڵه گرتوویه‌ته به‌ر؟ - هه‌ر حیزبێك له خه‌باتی سیاسیی خۆیدا هێندێ پره‌نسیپی هه‌ن كه پێیان وه‌فاداره و هێندێ دروشمی تاكتیكی یان دروشمی ڕۆژیشی هه‌ن كه به‌پێی هه‌لومه‌رجی تێكۆشان ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ردا دێنێ. حیزبی دیمۆكرات له ڕابردووی نیزیك به شه‌ست ساڵ ته‌مه‌نی خۆیدا زۆر شتی گۆڕیون، تاكتیكی جۆراوجۆری بۆ خه‌بات گرتۆته پێش و هه‌ر له‌و كاته‌شدا هێندێ پره‌نسیپی هه‌بوون كه هه‌میشه پێیانه‌وه پابه‌ند بووه و دڵنیام له‌مه‌ودواش پابه‌ندیان ده‌بێ. بۆ نموونه خه‌بات بۆ دابینكردنی دیمۆكراسی و وه‌ده‌ستهێنانی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی گه‌لی كورد (ئێستا شكڵ و شێوه‌كه‌ی هه‌ر جۆرێك ده‌بێ) یان دابینكردنی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس بۆ گه‌لی كورد ئامانجی درێژخایه‌نن و به تێپه‌ڕینی ڕۆژگار ناكرێ وازیان لـێ بهێنرێ. هه‌روا هێندێك ئه‌سڵی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و ته‌شكیلاتی و سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردان و له‌به‌رچاوگرتنی سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی كورد، به جۆرێك كه نه ده‌ست له كار‌وباری هیچ هێزێكی سیاسی وه‌ربده‌ین و نه ئیجازه‌ی ده‌ستتێوه‌ردان له كار‌وباری حیزبی خۆماندا به هیچ هێزێكی دیكه بده‌ین. له‌وانه‌ش گرنگتر ڕێزدانان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان و پێویستیی ده‌ستوه‌رنه‌دان له كاری به‌شه‌كانی كوردستان له لایه‌ن هیچ هێزێكی به‌شێكی دیكه‌وه، ئه‌مانه هه‌موو له ئه‌سڵه نه‌گۆڕه‌كانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێرانن. له‌وانه زیاتر، هیچ دروشم و بڕیارێك پیرۆز و هه‌تاهه‌تایی نییه و هه‌ر دروشم و سیاسه‌تێك له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی خه‌بات ڕێك نه‌كه‌وت یان له خزمه‌تی بزووتنه‌وه‌دا نه‌بوو، به ئاسانی ده‌كرێ وازی لـێ بێنین.
- به هۆی ڕێبازێك كه حیزبه‌كه‌تان گرتوویه‌ته‌به‌ر، توانیوتانه له گه‌یشتن به ئامانجه‌كانتان نزیكتر ببنه‌وه؟ - ئه‌گه‌ر مه‌ودای نێوان سه‌ره‌تا و كۆتایی بۆ نموونه به هه‌زار كیلۆمیتر دابنێین، گومانی تێدا نییه كه به بڕینی هه‌ر كیلۆمیترێك و ته‌نانه‌ت هه‌ر میترێك له‌و مه‌ودایه‌ش ڕێبوار له شوێنی مه‌به‌ست (مقصد) نیزیكتر ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه بگۆڕین و بڵێین نیزیك ببنه‌وه، ئه‌وده‌م ده‌ڵێم نیشانه‌كان پێمان ده‌ڵێن گه‌لی كورد و بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازانه‌كه‌ی و حیزبی دیمۆكراتی كوردستانیش له گه‌یشتن به ئامانج نیزیك بوونه‌وه. له پرسیاره‌كه‌تدا ڕوون نییه مه‌به‌ست له‌و ڕێبازه‌ی گرتوومانه چییه، به‌ڵام با وای دانێین مه‌به‌ست دروشمی خودمختارییه. باشه، ده‌كرێ بپرسین ئه‌گه‌ر دروشمه‌كه سه‌ربه‌خۆیی بایه یان فیدرالیزم یان كونفیدرالیزم ئێستا ئامانجه‌كه وه‌دی هاتبوو؟ وابزانم ئه‌م جۆره بۆچوونه پشتی به هیچ بناخه‌یه‌كی پته‌و نه‌به‌ستوه. كورد ماوه‌یه‌كی زۆر له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان‌دا دروشمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵگرتووه، و كه بۆی وه‌دی نه‌هاتوه، گه‌یشتۆته ئه‌و باوه‌ڕ و بڕیاره كه داوای چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كورد له چوارچێوه‌ی وڵاته‌كاندا بكا. دووپاتیشی ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌وه‌ی له لای ئێمه نه‌گۆڕه، وه‌دیهێنانی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی گه‌لی كورده و شكڵ و شێوه‌كه نه‌گۆڕ نییه.
- له‌و ماوه درێژه‌ی خه‌باتتاندا چ ده‌سكه‌وتێكی مێژووییتان وه‌ده‌ست هێناوه كه مایه‌ی شانازیی گه‌ل به حیزبه‌كه‌تان بێ؟ - حیزبی دیمۆكراتی كوردستان له ماوه‌ی درێژی خه‌باتی خۆیدا زۆر ده‌سكه‌وتی هه‌بوون كه شانازییان پێوه بكا. دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان، ڕاپه‌ڕینی ساڵانی 47-1346 (68 ـ1967)، خه‌باتی قاره‌مانانه‌ی 25 ساڵی ئه‌م دوایییه، بڵاوكردنه‌وه‌ی گیانی ئاشتی و ئازادی و دیمۆكراسی و ئاگایی سیاسی و له هه‌مووان گشتی‌تر شێلگیربوون و كۆڵنه‌دان و ڕاستوێژی و واقیعبینی له ده‌سكه‌وته گرنگه‌كانی ئه‌م حیزبه‌ن.
- كۆماری كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د یه‌كێكه له‌و ده‌سكه‌وتانه؟ چۆنه كه درێژه پێده‌ری ئه‌و رێبازه نین؟ واته هه‌ڵگری دروشمی خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نین؟ - هه‌روه‌ك له وه‌ڵامی پرسیاری پێشتردا گوتم دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان یه‌كێك له ده‌سكه‌وته گرنگه‌كانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانه. به‌ڵام داخوا ئێمه درێژه‌ده‌ری ڕێبازی ئه‌و كۆماره هه‌ین یان نا، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر تێگه‌یشتن له ڕێبازی كۆماری كوردستان. ئه‌من وای بۆده‌چم كه هه‌وڵی كۆماری كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی گه‌لی كورد له هه‌ر شێوه‌یه‌كی مومكیندا بووه. ئێستاش خه‌باتی حیزبی دیمۆكرات بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس بۆ گه‌لی كورد له كوردستانی ئێرانه، دیسان له هه‌ر شێوه‌یه‌كی مومكیندا. له‌سه‌ر یه‌ك ئه‌مه ئامانجی كۆماری كوردستان و پێش ویش حیزبی دیمۆكراتی كوردستانه، نه‌ك شێوه‌یه‌كی دیاریكراو.
وتووێژێكی پێشه‌وا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌كانی تاران بڵاوكراوه‌ته‌وه كه له‌وێدا لێی ده‌پرسن: "ڕاسته ئێوه ده‌تانه‌وێ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێنن؟" پێشه‌وا ده‌فه‌رموێ نه‌خێر ڕاست نییه، ئێمه خودموختاریمان ده‌وێ و خودموختارییه‌كه‌شمان دامه‌زراندوه.
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده |
ئێستا بزانین ڕێبازی كۆماری كوردستان چ بووه؟ كه‌سێك چاو له ژماره‌كانی "كوردستان" ئورگانی حیزبی دیمۆكرات له ساڵه‌كانی 25-1324دا بكا، شتێكی جێگای سه‌رنج ده‌بینی. پاش راگه‌یاندنی دامه‌زرانی كۆماری كوردستان له مه‌یدانی چوارچرای شاری مه‌هاباد، "كوردستان" ئورگانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان له چه‌ند ژماره‌دا ڕاپۆرتی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ی چاپ كردوه. له هه‌موو ژماره‌كاندا مانشێت ئه‌مه‌یه "جێژنی سه‌ربه‌خۆیی و استقلالی كوردستان" به‌ڵام هه‌ر له یه‌كه‌مین ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌دا وتووێژێكی پێشه‌وا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌كانی تاران بڵاوكراوه‌ته‌وه كه له‌وێدا لێی ده‌پرسن: "ڕاسته ئێوه ده‌تانه‌وێ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێنن؟" پێشه‌وا ده‌فه‌رموێ نه‌خێر ڕاست نییه، ئێمه خودموختاریمان ده‌وێ و خودموختارییه‌كه‌شمان دامه‌زراندوه. پرسیار ئه‌وه‌یه كه بڵێی پێشه‌وای سه‌ركۆمار شاره‌زای ڕێبازی كۆمار نه‌بێ، یان وه‌ك به گاڵته له باره‌ی خومه‌ینی‌یه‌وه ده‌یان گوت: "ئیمام له خه‌تی ئیمام لای داوه؟" خوێندنه‌وه‌ی "كوردستان"ی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌ریده‌خا كه له باره‌ی ستراتیژیی كۆماری كوردستانه‌وه هه‌ر كه‌سه به جۆرێك دواوه؛ یه‌كێك باسی سه‌ربه‌خۆیی كردوه و یه‌كی دیكه باسی خودموختاری. ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی كۆماریش جارێك قسه‌یان له سه‌ربه‌خۆیی كردوه و جارێك له خودموختاری. له‌و پێوه‌ندییه‌دا نووسه‌ر و مێژووناسی كورد مامۆستا مه‌حموود مه‌لا عێزه‌ت لێكدانه‌وه‌یه‌كی جوانی له سێ ژماره‌ی "كوردستانی نوێ"دا بڵاو كردبۆوه كه به‌داخه‌وه ژماره‌كانیم له‌بیر نییه. له‌وێدا ده‌نووسێ ناكرێ ڕێبه‌رانی كۆماری كوردستان به دوو جۆر له‌سه‌ر ئامانجه‌كانی كۆمار بدوێن. كه وایه ئه‌وكاته‌ی باسی خودموختاری ده‌كه‌ن مه‌به‌ستیان خودموختاری له چوارچێوه‌ی ئێران دایه و كاتێك قسه له سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن، مه‌به‌ستیان سه‌ربه‌خۆیی له ئازه‌ربایجانه. چونكه ئه‌و ده‌م هه‌م ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی و هه‌م حكوومه‌تی ئازه‌ربایجان هه‌وڵیان ده‌دا كوردستان هه‌روه‌ك به‌شێك له ئازه‌ربایجان سه‌یر بكرێ و به‌جیا شتێكی بۆ به‌ڕه‌سمی نه‌ناسرێ. ماوه‌ته‌وه ئه‌وه كه بڵێم بێجگه له چوارچێوه گشتییه‌كه (هه‌وڵی وه‌ده‌ستهێنانی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی گه‌لی كورد)، حیزبی دیمۆكرات به هیچ جۆر مه‌جبوور نییه دروشمی كۆماری كوردستان هه‌تا هه‌تایه وه‌ك خۆی بێڵێته‌وه. به‌رنامه‌ی یه‌كه‌می حیزب كه به ده‌ستی پێشه‌وا نووسراوه، داوای خودموختاری ده‌كا. پێشه‌وا قازی پاش دامه‌زرانی كۆماریش ده‌فه‌رموێ ئێمه خودموختاریمان ده‌وێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر حیزبی دیمۆكرات بۆی ده‌ربكه‌وێ كه دروشمێكی جگه له خودموختاری موناسبتر و عه‌مه‌لیتره، نابێ یه‌ك ده‌قیقه سێ و دووی لـێ بكا و ده‌بێ له جێی خودموختاریی دابنێ. ئه‌گه‌ر كۆماری كوردستان دروشمی سه‌ربه‌خۆییشی به‌رز كردبایه‌وه، حیزبی دیمۆكرات بۆی هه‌بوو دروشمێكی دیكه، خودموختاری یان هه‌رچییه‌كی دیكه‌ی له جێگا دابنێ. چونكه ئه‌گه‌ر پێشه‌وا و ڕێبه‌رانی كۆماریش زیندوو بان، به‌پێی هه‌لومه‌رجی خه‌بات هه‌ر ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد.
- پێوه‌ندیی حیزبی دیمۆكرات و ڕێكخراوه سیاسییه كوردستانی و ئێرانییه‌كان له چ ئاستێك دایه؟ ئێوه خۆتان به كام یه‌ك له حیزب و ڕێكخراوه كوردستانی و ئێرانییه‌كان نزیكتر ده‌بینن؟ - زۆرجارمان گوتوه كه شانازی ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ریش پێوه‌ندیی زۆر توند‌وتۆڵمان له‌گه‌ڵ ئه‌م یان ئه‌و حیزب و ڕێكخراوی كوردستانی یان ئێرانی نه‌بێ. له‌گه‌ڵ هیچیان پێوه‌ندیی ئاڵۆزمان نییه. ته‌نانه‌ت "حیزب"ی وا هه‌یه كاری ڕۆژانه‌ی هێرش بۆسه‌ر حیزبی دیمۆكرات و سیاسه‌ته‌كانیه‌تی. ئێمه هه‌وڵمان داوه جوابی ئی واش نه‌ده‌ینه‌وه. ئه‌من ده‌ڵێم پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه كوردستانی و ئێرانییه جیددی و وڵاتپارێزه‌كان له ڕاده‌ی دڵخوازدا نییه و پێویسته هه‌وڵـی زیاتری بۆ بده‌ین. به‌ڵام ئێمه هه‌موو ئه‌وانه‌ی به دڵه‌وه و به ڕاستی بۆ ئازادی و دیمۆكراسی و مافی مرۆڤ له ئێران‌دا تێده‌كۆشن، به هاوپه‌یمان و هاوخه‌باتی خۆمان ده‌زانین. له‌و نێوه‌شدا پێمان وایه ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به دیمۆكراسی و پێویستیی دابینكرانی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی گه‌لانی زۆرلێكراوی ئێران هه‌یه، له حیزبی دیمۆكرات نزیكترن. هه‌ر به‌و پێیه هاوكاری و نزیكی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كان و دوایه‌ش ئه‌و ڕێكخراوانه كه نوێنه‌رایه‌تیی یه‌كێك له گه‌لانی به‌شخوراوی ئێران ده‌كه‌ن به پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی‌تر ده‌زانین.
- له كونگره‌ی یازده‌یه‌مدا بڕیارتان دا كه سكرتێری گشتیی حیزب ته‌نیا دوو ده‌وره مافی خۆپاڵاوتنی بۆ ئه‌ركی سكرتێری هه‌بێت. هۆی چی بوو ئه‌م خاڵه‌تان هێنایه نێو پێڕه‌وه‌كه‌تان و به بۆچوونی ئێوه ئه‌مه تا چ ڕاده‌یه‌ك ده‌توانێ له ڕێكخراوێكی سیاسیی كوردیدا سه‌ركه‌وتوو بێت؟ - ئه‌من پێم وایه بۆ هێزه‌كانی نێو بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان زۆر پێویسته ڕێگا نه‌ده‌ن ته‌نیا یه‌ك كه‌س ببێته جێی متمانه و جێی هومێدی حیزبه‌كه‌یان، یان كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان. ئه‌م به‌نده‌ی پێڕه‌و به پێشنیاری من و به پێداگرتنی من له كۆنگره‌ی یازده‌یه‌مدا خراوه‌ته نێو پێڕه‌وی حیزب، له كاتێكدا بۆخۆم سكرتێری گشتیی حیزب بووم. پێشم وایه زۆر ئاسان ده‌توانێ سه‌ربكه‌وێ. چونكه ئه‌گه‌ر پێمان وابێ خه‌ڵكی به توانا‌مان زۆر نییه، ده‌بێ قبووڵ بكه‌ین كه ئه‌وه‌ی بۆته سكرتێریش یه‌كێكه له‌و خه‌ڵكه و له‌و حیزبه، و له‌و نیشتمانه‌دا په‌روه‌رده بووه. ڕه‌نگه له شتێك‌دا له یه‌كی دیكه هه‌ورازتر بێ و له شتێك‌دا له دواتر. پاشان، خۆ ئه‌و كه‌سه‌ی له سكرتێری ده‌كه‌وێ، قه‌رار نییه فڕی به‌سه‌ر حیزبه‌كه‌یه‌وه نه‌مێنێ. ئه‌و له ته‌نیشتی حیزبه‌كه‌یه‌تی و ده‌كرێ هه‌میشه له توانا فكری و كرده‌وه‌یی‌ییه‌كانی كه‌ڵك وه‌ربگیرێ. نموونه‌ی باش و شه‌ریفی ئه‌م كاره، حیزبی شیوعیی كوردستانه كه تا ئێستا دوو جار سكرتێری گۆڕیوه. پێم خۆشه ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌م كه مه‌به‌ستی ئه‌و به‌نده‌ی پێڕه‌و ئه‌وه نییه كه حه‌تمه‌ن له دوو كۆنگره‌دا هه‌ڵبژێردرێ (هه‌روه‌ك هێندێ كه‌س وای تێگه‌یشتوون)، مه‌به‌ست دوو جار هه‌ڵبژاردنه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو جاره له ماوه‌ی شه‌ش مانگیشدا بێ. چونكه وه‌ك ده‌زانین له حیزبی دیمۆكراتدا سكرتێر كۆنگره هه‌ڵـینابژێرێ، به‌ڵكو له‌لایه‌ن كومیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێ. كه‌وایه ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وت له ماوه‌ی نێوان دوو كۆنگره‌دا كومیته‌ی ناوه‌ندی چه‌ند جاری سكرتێر هه‌ڵبژارد، یه‌ك نه‌فه‌ر ته‌نیا دووجار هه‌قی هه‌یه خۆی كاندید بكا و هه‌ڵبژێردرێ.
- له مێژووی خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورددا ناوی گه‌لێك كه‌سایه‌تی تۆماركراون كه له خه‌باتی سه‌رده‌میشدا ڕۆڵ و كاریگه‌رییان هه‌یه و ته‌نانه‌ت حیزبه‌كان به سه‌رۆك و ڕێبه‌ری جووڵانه‌وه‌كه‌یشیان داده‌نێن. حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران یه‌كێك له‌و ڕێكخراوه خه‌باتگێڕانه‌یه كه له ڕاده‌یه‌كی به‌رچاودا كه‌سایه‌تی له ئاستی ڕێبه‌رایه‌تیدا له‌ده‌ستداوه. یه‌كێك له‌و ڕێبه‌رانه ئه‌حمه‌د تۆفیقه. ئایا حیزبی ئێوه ئه‌حمه‌د تۆفیق به ئه‌ندام و شه‌هیدی خۆی ده‌زانێ؟ - شه‌هیدی حیزب و شه‌هیدی گه‌ل هه‌موو جارێ یه‌ك نین. بۆ وێنه شێخ عبیدلله شه‌مزینی، شێخ سه‌عیدی پیران، شه‌هیدانی 19ی ژوئه‌ن (حوزه‌یرانی 1947) و به كورتی شه‌هیدانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان و هه‌موو ڕێكخراوه سیاسییه‌كان شه‌هیدی گه‌لی كوردن و هه‌موو حیزبه‌كان وه‌ك به‌شێك له نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌شیان پێوه هه‌ن. به‌ڵام ڕه‌نگه له باری حیزبییه‌وه وا نه‌بێ. بۆ وێنه دوكتور قاسملوو شه‌هیدی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێرانه و فؤاد مصطفی سلطانی شه‌هیدی كۆمه‌ڵه‌یه. ئه‌گه‌ر گوتمان فڵانه شه‌هید، شه‌هیدی فیساره حیزب نییه، شتێكمان له قه‌دری وی كه‌م نه‌كردۆته‌وه. هه‌ر به‌و پێیه خوالێخۆشبوو ئه‌حمه‌د تۆفیقیش شه‌هیدی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران نییه، چونكه له كاتی شه‌هیدبوونیدا ئه‌ندامی حیزبی دیمۆكرات نه‌بووه. هه‌ر له‌و كاته‌دا وه‌ك شه‌هیدێكی ده‌ستی زۆرداری جێگای ڕێزی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێرانیشه.
- باشه مامۆستا، چۆنه كه وێنه‌ی مامۆستا هێمنی شاعیر له ڕیزی شه‌هیدانی حیزبی دیمۆكرات له ڕێوڕه‌سمی 2ی ڕێبه‌ندانی ئه‌مساڵدا له سوید، دێته پیشاندان؟ وه‌ك دیاره، مامۆستا هێمن نه‌ك هه‌ر ئه‌ندامی حیزبی دیمۆكرات نه‌بوو، به‌ڵكو لایه‌نێكی دژه‌به‌ری ئه‌و حیزبه‌یشی گرتبوو. - ئه‌وه كه وێنه‌ی خوالێخۆشبوو مامۆستا هێمن له ڕێوره‌سمی 2ی ڕێبه‌ندانی ڕابردوودا له سوئێد دانراوه، ته‌نیا ده‌كرێ وه‌ك هه‌ڵه‌یه‌كی ته‌كنیكی دابنرێ. چونكه له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ مامۆستا هێمن، ئه‌و هه‌ر شه‌هید نه‌بووه و به مردنی خۆی مردوه. كه‌وابێ دانانی وێنه‌كه‌ی هیچ پاساوێكی نه‌بووه. ڕاستیشه كه مامۆستا هێمن له كاتی مردنیدا ئه‌ندامی حیزب نه‌بووه و كاتی خۆی هه‌م له حیزب ده‌ركراوه و هه‌م بڕیاری له‌وه زیاتریشی له‌سه‌ر دراوه. به‌ڵام هه‌م پێش وه‌فاتی هه‌وڵـی له‌گه‌ڵ درا شتێك بنووسێ كه ئه‌و هاوده‌ستییه‌ی له‌گه‌ڵ تاقمی حه‌وت كه‌سی كردوویه‌تی به خراپ ده‌زانێ، كه هه‌رچه‌ند قه‌ولیشی دا نه‌یكرد، هه‌م دوای مه‌رگیشی حیزب له بڕیارێكدا به حورمه‌تی ئه‌و خزمه‌ته‌ی به زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی كردبوو، بڕیاری دژ به مامۆستای هه‌ڵوه‌شانده‌وه و وه‌ك ده‌ڵێن "اعاده حیثیت"ی لـێ‌كرد.
- خه‌باتی ئه‌مڕۆی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران له باشووری كوردستان‌دا (كوردستانی عێراق) وه‌ك خه‌باتێك له تاراوگه ده‌بینی؟
- له‌گه‌ڵ هه‌موو نزیكیمان له كوردستانی ئێرانێ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به خۆشییه‌وه پێوه‌ندییه‌كی پته‌ومان له‌گه‌ڵ نێوخۆی وڵات هه‌یه، هه‌روا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كوردستانی عێراق هه‌ر وه‌ك كوردستانی ئێران به‌شێكه له واحیدێكی گه‌وره‌تره كه كوردستانه، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له چوارچێوه‌ی وه‌زعی ئێستادا كه كوردستان له‌نێو چوار وڵات‌دا دابه‌شكراوه، ئێمه له تاراوگه ده‌ژین. ئه‌وه كه له باری (احساسی)یه‌وه ئێمه خۆمان به میوان و بێگانه نازانین یان كوردی عێراق به‌و چاوه سه‌یرمان ناكه‌ن، به‌داخه‌وه باره سیاسییه‌كه ناگۆڕێ. له باری قانوونییه‌وه ئێمه له‌كوردستانی عێراق خاوه‌نی هیچ مافێكی هاونیشتمانی نیین.
- حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران كه له ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی ی نیشتمانی ی كوردستان دا زیاتر نیشته‌جێیه، چ ڕێگری یان به‌ربه‌ستێك له خه‌باتی خۆیدا له‌لایه‌ن ئه‌و حیزبه‌وه هه‌ست پێ‌ده‌كات؟ - ئێمه له سێنزه ساڵـی ڕابردوودا به هه‌موو توانا هه‌وڵمان داوه هه‌لومه‌رجی كوردستانی عێراق و قازانجی ئه‌زموونی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان له‌به‌رچاو بگرین و بپارێزین. سروشتییه كه ئه‌وه‌ش چوارچێوه‌ی هه‌وڵ و خه‌باتمان به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه.
ئێمه نه له ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌كیه‌تیی نیشتمانی و نه له ناوچه‌ی ژێر كۆنترۆڵـی پارتی دیمۆكراتی كوردستان‌دا تووشی ڕێگری و به‌ربه‌ستێك نه‌هاتووین.
عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده |
له‌وه ده‌رچێ، ئێمه نه له ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌كیه‌تیی نیشتمانی و نه له ناوچه‌ی ژێر كۆنترۆڵـی پارتی دیمۆكراتی كوردستان‌دا تووشی ڕێگری و به‌ربه‌ستێك نه‌هاتووین. ئێمه سوپاس و پێزانینمان بۆ خه‌ڵكی كوردستانی عێراق، بۆ هێزه سیاسییه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان و به تایبه‌تی بۆ پارتی و یه‌كیه‌تی هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و رێز و قه‌دره كه بۆ ئێمه‌ی داده‌نێن. ئه‌گه‌ریش جاروبار هاوكاریی وان له‌گه‌ڵ ئێمه نه‌گاته ڕاده‌ی دڵخواز، ئێمه ده‌زانین له‌به‌ر هێندێ حیسابی سیاسییه كه ناتوانن له‌به‌رچاوی نه‌گرن و بۆیه گله‌یی و لۆمه‌یه‌كمان له‌سه‌ریان نییه. هیواشمان وایه له‌مه‌ودوا هه‌لومه‌رجه‌كه و له‌گه‌ڵ وی‌دا پێوه‌ندییه‌كانی نێوان حیزب و ئه‌م دوو هێزه‌ش باشتر بن.
- یه‌كێك له هه‌نگاوه به‌نرخه‌كانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران، گه‌یشتن به ئه‌ندامه‌تی له ڕێكخراوی ئینته‌رناسیۆنالی سوسیالیست دایه. حیزبی ئێوه چ ڕۆڵ یان كارلێكێكی له‌و ڕێكخراوه‌دا هه‌یه و هه‌تا ئێستا چ ده‌ستكه‌وتێكی سیاسی به هۆی ئه‌ندام بوون له‌و ڕێكخراوه‌دا، به نسیب گه‌لی كورد و حیزبی ئێوه بووه؟ - ئه‌نته‌رناسیونالی سوسیالیست هه‌ر له‌و كاته‌دا كه ڕێكخراوێكی گرنگ و به‌ربڵاوی جیهانییه، ڕێكخراوێكه كه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئیجرایی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه. ئه‌ندامه‌تیی حیزبی دیمۆكرات له‌م ڕێكخراوه‌دا بۆ ئه‌وه نییه كه ده‌سكه‌وتێكی ماددیی لـێ به‌ده‌ست بێنێ. به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه كه له تریبوونێكی گرنگی نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌وه ویست و داخواز و نوخته‌نه‌زه‌ره‌كانی به بیروڕای گشتی بگه‌یه‌نێ و له‌و ڕێگایه‌شه‌وه بتوانێ پشتیوانیی مه‌عنه‌وی له داخوازه‌كانی گه‌لی كورد وه‌ده‌ست بێنێ. پێش ئه‌وه كه ئێمه ببینه ئه‌ندامی ئه‌نته‌رناسیونال سوسیالیست، ئه‌م ڕێكخراوه زۆری بایه‌خ به مه‌سه‌له‌ی كورد داوه و زۆرجار بڕیاری گرنگی له پشتیوانی له ماف و ئازادییه‌كانی كورددا ده‌ركردوه. پاش ئه‌وه‌ش كه حیزبی دیمۆكرات بۆته ئه‌ندام، به ده‌یان بڕیاری بۆ پشتیوانی له داخوازه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و مه‌حكوومكردنی ڕه‌فتاری ده‌وڵه‌تانی حاكم به‌سه‌ر كوردستان‌دا له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوه‌وه ده‌رچوون كه زۆریان به پێشنیاری حیزبی ئێمه و هه‌وڵ و ته‌قه‌لای نوێنه‌رانی حیزب وه‌دی هاتوون.
- ئه‌گه‌ر حیزبی دیمۆكرات پرسی له‌یلا زانا له‌و ڕێكخراوه‌دا بێنێته به‌ر باس، چ ئاكامێكی ده‌بێ؟ - پێش ئێستاش ئه‌نته‌رناسیونالی سوسیالیست لانی‌كه‌م جارێك و پێم وایه زیاتریش، له‌سه‌ر ژنه خه‌باتگێڕی كورد، له‌یلا زانا وه‌ده‌نگ هاتوه و دڵنیام ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه‌ش ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بخرێته ده‌ستووری كاری كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نته‌رناسیۆناله‌وه، پشتیوانیی لـێ ده‌كرێ. به‌ڵام هه‌روه‌ك گوتم بڕیاره‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه زه‌مانه‌تی ئیجرائی‌یان له پشت نییه.
وه‌ك ده‌زانین، هه‌ر حیزب و ڕێكخراوێكی سیاسی له ڕێبازی خه‌باتی خۆیدا هه‌رده‌م له مه‌ترسی و كه‌ندوكۆسپه‌وه نزیكه. ئایا حیزبی دیمۆكرات له خه‌باتی خۆیدا چ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی له ڕێی خۆیدا ده‌بینێ، به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده گوتی: "هه‌موو كاتێك له‌سه‌ر ڕێگای خه‌بات و خه‌باتگێڕانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران‌دا كه‌ندوكۆسپ و مه‌ترسی هه‌ست پێده‌كه‌ین. به‌ڵام هونه‌ری حیزبێكی خه‌باتگێڕ له‌وه دایه كه له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان نه‌سڵه‌مێته‌وه، به‌ره‌نگارییان له‌گه‌ڵ بكا و كه‌ندوكۆسپ له‌سه‌ر ڕێگا لابه‌رێ. هه‌تا ئه‌و كاته‌ی تێكۆشه‌رانی حیزب له مه‌یدانی خه‌بات دان و به ئیراده‌وه به‌گژ كه‌ندوكۆسپه‌كاندا ده‌چنه‌وه، هیچ مه‌ترسییه‌ك ناتوانێ پێشی به‌ره‌وپێشچوونی كاروانی پڕسه‌روه‌ریی ئه‌و خه‌باته بگرێ."
- مامۆستا، زۆرجار زاراوه‌ی "ئه‌ده‌بیاتی حیزبی" له ئه‌ندامانی حیزب ده‌بیسترێت. ئه‌م ده‌ربڕینه هه‌ڵگری چ واتایه‌كه؟ ئایا حیزبی ئێوه ئه‌ده‌بیاتێكی تایبه‌ت به خۆی له ده‌ربڕینه سیاسییه‌كانیدا هه‌یه؟ - زاراوه‌ی "ئه‌ده‌بیاتی حیزب" شتێك نییه حیزبی دیمۆكرات دایهێنابێ. ئه‌مه زاراوه‌یه‌كی ناسراوه و له ڕاستیدا هه‌موو حیزبێكیش ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. له سروشته تایبه‌تییه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران ده‌توانم باسی ئه‌و شته بكه‌م كه پێی ده‌ڵێن "نه‌زاكه‌تی كه‌لام" واته زمان خاوێنی. ڕه‌نگه زمانشڕی و جنێودان سروشتی زاڵ به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی حیزبێك یان ڕێكخراوێكی دیكه‌ی سیاسی‌دا بێ. دیاره نموونه‌ی جیاوازیی ئه‌ده‌بیاتی حیزبی دیمۆكرات له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی حیزبه‌كانی دیكه، چ كورد و چ ئێرانی، زۆرن، به‌ڵام با زه‌حمه‌تی ناسینی ئه‌و نموونانه بده‌ینه به‌ر ئه‌وكه‌سانه‌ی پێیان خۆشه حیزبی دیمۆكرات و ئه‌ده‌بیاته‌كه‌ی بناسن.
- بۆچی ڕێژه‌ی خه‌باتگێڕانی ژن له ئاست پیاو له حیزبی دیمۆكراتدا به‌رچاو نزمه؟ ئه‌گه‌ر به ژماره‌یه‌كی ڕێژه‌یی داینێین، ته‌نانه‌ت 5% و 95% ناگرێته‌وه. - نازانم به چ پێوانه‌یه‌ك ڕێژه‌ی خه‌باتگێڕانی ژن له‌نێو حیزبی دیمۆكراتدا به 5% له به‌رامبه‌ر 95%دا داده‌نێن؟
- مه‌به‌ستم كادر و پێشمه‌رگه‌یه! - باشه، قبووڵی ده‌كه‌م كه ڕێژه‌ی ژنان به‌داخه‌وه ڕه‌نگه ده‌وری ده تا پانزده له‌سه‌د زیاتر نه‌بێ. به‌ڵام ئێمه هه‌موو ئه‌ندامان و لایه‌نگران و ته‌نانه‌ت دۆستانی حیزبیش به خه‌باتگێڕ ده‌زانین و ئه‌گه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه سه‌یری مه‌سه‌له‌كه بكه‌ین، دڵنیام ئه‌و ڕێژه‌یه ده‌گاته ده‌وری 30% تا 35%. خۆ ئه‌گه‌ر واقعبینانه چاو به ڕێژه‌ی به‌شداریی ژنان له به‌رامبه‌ر پیاوان له تێكۆشانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا بخشێنین، به‌داخه‌وه ده‌بینین كه له پێشكه‌وتووترین وڵاتانی جیهانیشدا ئه‌و ڕێژه‌یه زۆری ماوه بگاته ڕاده‌ی به‌رامبه‌ری. جا له وڵاتێكی دواكه‌وتوو یان باشتر بڵێین دواخراوی وه‌ك كوردستان و به‌تایبه‌ت له‌ژێر سێبه‌ری زوڵم و زۆر و چه‌وسانه‌وه و له هه‌لومه‌رجی سه‌ختی خه‌باتی نهێنیدا و سه‌رباری هه‌مووانیش به بوونی هێندێ نه‌ریتی دواكه‌وتووانه‌ی كۆمه‌ڵـی كورده‌واری، چۆن ده‌توانین چاوه‌ڕوان بین ژنان و پیاوان وه‌ك یه‌ك له چالاكییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌شدار بن؟ له‌گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌مانه‌شدا كه‌مبوونی به‌شداریی ژنان له كار و تێكۆشانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان‌دا ناته‌واوییه‌كه كه به‌شێكی به‌رپرسایه‌تییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر حیزب، و به باوه‌ڕی من هیچ تێكۆشه‌رێكی حیزبی به تایبه‌تی له ئۆرگانه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ریدا نابێ خۆی له‌ژێر باری ئه‌و به‌رپرسیارییه به‌رێته ده‌ر.
- مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده، زۆر سوپاست ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كاتی به‌نرخی خۆت بۆ ئه‌م دیمانه‌یه به ئێمه دا. دوایین پرسیارم ئه‌وه‌یه: به‌پێی ئه‌زموونێكی درێژ كه له خه‌باتدا هه‌تانه، دواڕۆژی حیزبه‌كه‌تان له ده ساڵـی داهاتوودا چلۆن ده‌بینن؟ - ئه‌منیش سوپاسی ئێوه ده‌كه‌م كه ئه‌م وتووێژه‌تان ڕه‌خساند. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ش ده‌بێ بڵێم چاره‌نووسی حیزبی دیمۆكرات له چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان جیا نییه و له‌سه‌ریه‌ك ئاسۆی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد له ساڵـی تازه و ساڵانی دواتردا به ڕوونی ده‌بینم. ئه‌وه‌ش كه بۆ حیزبی دیمۆكراتی ئاره‌زووده‌كه‌م پێش هه‌موو شتێك كار و چالاكیی زیاتر له هه‌موو بواره‌كانی كاری سیاسی، دیپلۆماسی، ته‌شكیلاتی و ته‌بلیغاتی و هی دیكه دایه. حیزبی سیاسی نابێ چاوه‌ڕوان بێ ده‌سكه‌وت و سه‌ركه‌وتنی له ئاسمانه‌وه بۆ ببارن. به‌ڵكو ده‌بێ هه‌وڵ بدا هه‌قی هه‌بێ خۆی له وه‌دیهێنانی هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكدا به به‌شدار و كاریگه‌ر بزانێ.
سازدانی: مه‌جید ئه‌حمه‌دی
پێش کۆنگره‌ی 13 ی حیزب
|