|
کوردستان – چرای رێنیشانده‌ری دێمۆکراسی له
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌دا
و: ره‌شید حه‌یده‌ری
13ی دیسامبری 2004
سڤه‌رکر ئورێدسۆن،
Sverker Oredsson،
سه‌رۆکی کومیته‌ی سوئیدی بۆ مافی ئینسانیی کورده‌کان له لوند
- مالمۆ، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئولله شمیت،
Olle Schmidt،
ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ریی کومیته‌که و ئه‌ندام پارله‌مانی
پێشووی ئوروپا له حیزبی گه‌ل، ده‌نووسن:
" سوئید ده‌بێ گۆشه‌گیری و له په‌راوێزدا مانه‌وه‌ی کوردستان
بشکێنێت."
شتگه‌لی خراپ و ناخۆش زۆر جاران خێرا روو ده‌ده‌ن و به
سه‌ردێڕی گه‌وره بڵاو ده‌کرێنه‌وه. به‌ڵام شتگه‌لی باش و
موسبه‌ت هه‌نگاو به هه‌نگاو و له سه‌ره‌خۆ روو ده‌ده‌ن و
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه له هه‌را و هوریا به دوورن.
هه‌واڵه ناخۆشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئه‌ژمار
نایه‌ن. به‌ڵام راست له‌م کاته‌دا شتێکی زۆر هیوابه‌خش
خه‌ریکه روو ده‌دات. له کوردستانی عیراق، ناوچه‌یه‌ک، که
دانیشتوانه‌که‌ی له چوار ملیۆن که‌س پێک هاتووه و له‌گه‌ڵ
تورکیه و ئێران هاوسنووره، له ساڵی 1992 ه‌وه کۆمه‌ڵگایه‌ک
بونیات ده‌نرێت که به هۆی یاسای بنه‌ڕه‌تی‌یه‌وه به‌ڕێوه
ده‌چێت و خاوه‌نی سه‌قامگیری‌یه‌کی زۆر زیاتره و تێیدا
دیمۆکراسی له حاڵی گه‌شه‌کردن‌دایه.
عیراقیش دانی به‌م راستی‌یه‌دا ناوه. کاتێک باری نائاسایی له
وڵات‌دا راگه‌یه‌ندرا، ئه‌و باره کوردستانی نه‌گرته‌وه.
چه‌ند حه‌وتوو پێش، له گه‌شتێک بۆ کوردستان گه‌ڕاینه‌وه.
گه‌شتێک که پڕ بوو له ئه‌زموونی سه‌یروسه‌مه‌ره له ئازار و
راوه‌دوونان له‌سه‌ر سنووری تورکیه/عیراق، که له‌وێدا
کاربه‌ده‌ستانی مه‌ده‌نیی تورک حاشایان له بوونی کورد و شتێک
به‌ناوی کوردستان ده‌کرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، هه‌ستمان کرد که
تورکیه ئێستا له به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌ند ساڵی رابردوودا،
باشتر له‌گه‌ڵ حه‌شیمه‌تی گه‌وره‌ی کورده‌کانی وڵاته‌که‌ی
مامه‌ڵه ده‌کات. ئه‌وه به‌شێکه له خۆ گونجاندنی ئه‌و
وڵاته له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌کانی یه‌کێتیی ئورووپا.
له کوردستان، زۆربه‌ی کات، له دوو شاری میلیۆنیی ئه‌ربیل و
سوله‌یمانیه بووین.
ئه‌ربیل ناوی عه‌ره‌بیی شاره‌که‌یه و کوردی‌یه‌که‌ی ده‌بێته
هه‌ولێر. هه‌ولێر و به‌گشتی باکوری کوردستان (مه‌به‌ست باکوری
کوردستانی عیراقه) له‌لایه‌ن پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه
ئیداره ده‌کرێت له حاڵێک‌دا به‌شی باشووره‌که‌ی، به
سلێمانی‌یه‌وه وه‌ک پێته‌خت، له ده‌ست یه‌کێتیی
نیشتمانی‌دایه.
هه‌ڵبه‌ت دابه‌ش بوونی وڵات به‌و شێوه‌یه جێگای خۆشحاڵی نییه
به‌ڵام، به‌و حاڵه‌ش، پێشکه‌وتنه‌کان له شه‌ڕی نێوخۆیی
کورده‌کان له نیوه‌ی 1990 ه‌کانه‌وه به‌رفراوانن و هه‌ر دوو
لایه‌ن به‌ته‌واوی رێکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که دوای هه‌ڵبژاردنی
2005 وڵاته‌که وه‌ک تاکه یه‌که‌یه‌ک به‌ڕێوه ببرێت. هه‌ر
ئێستا پارله‌مانێکی یه‌کگرتوو هه‌یه که نوێنه‌رایه‌تیی
ته‌واوی کوردستان ده‌کات و کاری بۆ ده‌کات.
له هه‌ر دوو شاردا، چاومان به رێبه‌رانێک که‌وت که خاوه‌ن
لێزانیی زۆر، بیرکراوه و بروامه‌ند به داهاتوو بوون. یه‌کێک
له‌و دانیشتنانه، که گرینگی‌یه‌کی تایبه‌تیی هه‌بوو، دانیشتن
له‌گه‌ڵ رێبه‌ری ئه‌فسانه‌یی، مه‌سعوود بارزانی بوو.
به‌دڵنیایی‌یه‌وه خاڵی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌و و یاسر
عه‌ره‌فات‌دا هه‌یه، به‌ڵام جیاوازیی هه‌ره گه‌وره
ئه‌وه‌یه که بارزانی تێده‌کۆشێ ده‌وڵه‌تێکی دیمۆکرات و
سه‌قامگیر بونیات بنێت.
به‌ڕوونی له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان گله‌یی و ره‌خنه
هه‌بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و رێکخراوه جینۆسایدی کورده‌کانی
به‌ڕاشکاوی مه‌حکووم نه‌کردبوو. هه‌ر وه‌ها ره‌خنه له
رشوه‌خۆریی به‌ربڵاو له نێو پرۆگرامی نه‌وت به‌رامبه‌ر به
خۆراک و نه‌توانکاریی گشتیی رێکخراوه‌که له درێژه‌ی
ساڵه‌کان‌دا هه‌بوو.
بارزانی گوتی کوردستان ئاماده‌یه له مانگی ژانویه‌ی ساڵی
داهاتوودا هه‌ڵبژاردن بکات و هه‌روه‌ها پێی له‌سه‌ر ئه‌وه
داگرت که دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان چی دیکه دوو حکوومه‌تی
جودایان له هه‌ولێر و سلێمانی‌دا نابێت. یه‌کگرتوویی نێوان
هه‌ر دوو رێبه‌ری کورد، بارزانی و تاڵه‌بانی، به‌م دوایی‌یه
له دانیشتنێکی نێوانیان‌دا ده‌رکه‌وت.
که وا بوو، کوردستانی عیراق له‌سه‌ر رێگای راست ده‌ڕوات.
دیمۆکراسی به‌هێزتر ده‌بێت و دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
کار ده‌که‌ن. سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌نگاوێکی ئاسایشی و نزیک بوون
له شه‌ڕه‌کانی باقیی عیراق، کورده‌کان خه‌ریکن سه‌قامگیر
ده‌بن. زۆر له کورده سوئیدی‌یه‌کان بۆ به‌شداری کردن له
بونیاتنانه‌وه، وه‌ک خاوه‌ن شه‌ریکه، له قوتابخانه‌کان،
نه‌خۆشخانه، زانکۆ و دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تی‌یه‌کان،
ده‌گه‌ڕێنه‌وه. راهێنه‌رێکی وه‌رزش له "ستافانس‌تۆرپ" ئه‌وڕۆ
له نووسینگه‌کانی حکوومه‌ت‌دا راوێژکاره. به‌ڕێوه‌به‌رێکی
کاتی فه‌راغه‌ت، که خه‌ڵکی مالمۆیه، ئێستا له وڵاته‌که‌ی
خۆی‌دا خاوه‌ن شه‌ریکه‌یه.
سوئید ده‌بێ چی بکات؟ یان چی له ده‌ست دێت بیکات؟
به‌ر له هه‌موو شتێک، سوئید ده‌بێ گۆشه‌گیری و له په‌راوێزدا
مانه‌وه‌ی کوردستان بشکێنێت. له چه‌ند مانگی داهاتوودا، که
چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هێڵی ئاسمانیی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌م له
هه‌ولێر و هه‌م له سلێمانی بکرێته‌وه، سه‌فه‌ر بۆ کوردستان
زۆر ئاسانتر ده‌بێت. به هه‌مان شێوه، سیستمێکی گونجاوی
بانکی، نامه‌گه‌یاندن و پێوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی بایه‌خی زۆریان
هه‌یه. سوئیدی‌یه‌کان و ئورووپایی‌یه‌کانی دیکه ده‌بێ له
نێوان کوردستان و به‌شه‌کانی دیکه‌ی عیراق‌دا جیاوازی دابنێن.
له کوردستان‌دا مرۆڤ ده‌توانێ له ئاسایشی له‌بار و گونجاو‌دا
بژی.
سیاسه‌توانانی سوئیدی، جگه له لارش لیۆنبۆری، پێویسته
سه‌رنج بده‌ن که لێره ناوچه‌یه‌ک سه‌رهه‌ڵ‌ده‌دات که
ده‌توانێ وه‌ک نموونه‌یه‌ک، که شیاوی ئه‌وه بێت به
رێچکه‌ی‌دا بڕۆن، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌دا خزمه‌ت بکات.
یه‌کێتیی ئورووپا ده‌بێ نوێنه‌رێکی ره‌سمیی له
ناوچه‌که‌دا هه‌بێت. ئه‌نیستیتۆی سوئید ده‌بێ له ئاست ئه‌و
هۆگری‌یه به‌هێزه‌ی له نێو کوردان‌دا به‌رامبه‌ر به
کولتووری سوئیدی هه‌یه، وه‌ڵامده‌ر بێت. زانکۆکانی سوئید
ده‌بێ له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو زانکۆی هه‌ولێر و سلێمانی پێوه‌ندی
دابمه‌زرێنێت. شه‌ریکه سوئیدی‌یه‌کان ده‌بێ ئاگادار بن که
لێره ناوچه‌یه‌ک هه‌یه که سه‌قامگیری‌یه‌که‌ی له
په‌ره‌گرتن دایه و له زۆر باره‌وه، له‌وانه له بواری
گه‌شتوگوزاری‌دا، خاوه‌نی پوتانسیه‌لێکی زۆره.
رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پڕه له رێژیمی کۆنه‌په‌رست، دیکتاتۆر و
نادیموکراتیک. ئێستا که رێژیمێکی نوێ به ئامانجی روون بۆ
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی یاسایی دیمۆکراتیک له په‌ره‌سه‌ندن
دایه، با ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌رته‌سکیش بێت، ده‌بێ سوئید وه‌ک
باقیی ئورووپا له‌و ئامانجه پشتگیری بکات. ئه‌م کێشه‌یه
ته‌نیا پێوه‌ندیی به کوردستانه‌وه نییه. ئامانجی ئه‌م
ناوچه‌یه (کوردستان) ده‌توانێ وه‌ک ئولگوو و نموونه‌یه‌ک بێت
بۆ وڵاتانی دیکه و ناوچه‌کانی دیکه.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م نووسراوه‌یه:
به سوئیدی
به ئینگلێزی
|