له نزیكبوونه‌وه‌ی كۆنگره‌ی 13ی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران و
ده‌نگۆی خۆكاندیدكردنی به‌ڕێزان باباعه‌لی میهرپه‌روه‌ر و مسته‌فا
هیجری بۆ پۆستی سكرتێری، به پێویستمان زانی چه‌ند پرسیاری
پێوه‌ندیدار به كۆنگره و هه‌روه‌ها پلان و به‌رنامه‌ی سكرتێری
داهاتووی ئه‌و حیزبه، له‌و به‌ڕێزانه بكه‌ین.وه‌ڵامی به‌ڕێز مسته‌فا هیجری ئه‌وه بوو كه هه‌تا ئێستا خۆی بۆ كاندیتاتۆری سكرتێری حیزبی دیمۆكرات نه‌پاڵاوتووه. به‌ڕێز باباعه‌لی میهرپه‌روه‌ر ئاماده‌ی دیمانه‌كه‌مان بوو و لێره‌دا ده‌قی پرسیار و وه‌ڵامه‌كان ده‌خه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ر.
یه‌كه‌م پرسیارم له به‌ڕێز باباعه‌لی میهرپه‌روه به‌وه ده‌ستپێكرد كه بۆچی ئه‌ندام ده‌نگ به ئه‌و بدات؟ میهرپه‌روه‌ر له وه‌ڵامدا گوتی: "سروشتییه كه هه‌ر كه‌سێك خۆی بۆ پۆستێكی سیاسی، ته‌شكیلاتی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ... كاندید بكا، هه‌وڵ ده‌دات نه‌زه‌ری ده‌نگده‌ران بۆلای خۆی ڕابكێشێ. ئه‌و كاره له ڕێگای ته‌بلیغاتی هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێ. به خۆناساندن به ده‌نگده‌ران و به شیكردنه‌وه‌ی به‌رنامه و نه‌زه‌ر و بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر مه‌سایلی جۆراوجۆری سیاسی ـ ته‌شكیلاتی تا بتوانێ متمانه‌ی ئه‌ندامان بۆلای خۆی ڕابكێشێ. دیاره له حیزبی ئێمه‌دا ئه‌ندامانی ڕێبه‌رایه‌تی بۆ زۆربه‌ی به‌ده‌نه‌ی ته‌شكیلاتی ناسراون. ڕابردووی تێكۆشان و پێشینه‌ی خه‌بات چ له پله‌ی ڕێبه‌رایه‌تیدا و چ له پله‌كانی دیكه‌ی ته‌شكیلاتیدا یه‌كێك له پێوانه‌كانه كه كاندیدا ده‌توانێ پشتی پێ ببه‌ستێ."
له‌وه‌ی كه به‌ڕێز میهرپه‌روه‌ر چ بیرۆكه‌یه‌كی نوێی بۆ داهاتووی حیزبه‌كه‌ی له جیاوازی له‌گه‌ڵ كاندیدای تر هه‌یه، گوتی: "له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا پێم خۆشه ته‌نیا ئه‌وه باس بكه‌م كه من چ بیرۆكه‌یه‌كم هه‌یه، ئه‌وه نابێ به‌و مانایه لێكبدرێته‌وه كه كاندیدا یا كاندیداكانی دیكه چه‌شنی ئه‌و بیرۆكه‌یان هه‌یه یان نا. باشتر ئه‌وه‌یه وه‌ڵامی ئه‌و به‌شه له پرسیاره‌كه له خۆیان ببیسن.
|
من بۆ
یه‌كه‌م جار له حیزبی دیمۆكراتدا ڕێگه‌یه‌كی نوێم بۆ
ململانێی سیاسی و ته‌شكیلاتی هێناوه‌ته كایه‌وه.
ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه چه‌ند مانگ پێش به‌ستنی كۆنگره به
پێشكه‌ش كردنی به‌رنامه‌یه‌ك كاندیداتۆریی خۆم بۆ پۆستی
یه‌كه‌می حیزب ڕاگه‌یاندوه. سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌كه
و دید و بۆچوونی خۆم له‌سه‌ر مه‌سایلی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ
ئه‌ندامانی حیزب له كۆبوونه‌وه‌كانی حیزبی‌دا كه‌وتوومه
وتووێژ و باس و موناقیشه. گوێم بۆ ڕه‌خنه و
پێشنیاره‌كانیان گرتوه و له دیالۆگێكی ڕاسته‌وخۆدا
وه‌ڵامم داونه‌ته‌وه.
|
|
من
هه‌وڵ ناده‌م به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بووه ببم به سكرتێر،
به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌ده‌م ڕێگه و ڕه‌وشتێ له‌حیزبدا جێگیر
بكه‌م كه ئه‌ندامانی حیزب به چاوێكی كراوه‌تره‌وه و
له ڕێگای خودئاگاهییه‌كی زۆرتره‌وه و به دوور له
جه‌ناحبازی له حیزب‌دا سكرتێری دڵخوازی خۆیان
هه‌ڵبژێرن.
|
- به باوه‌ڕی تۆ پێشینه‌ی كار و خه‌باته كه زێده‌تر ساخكه‌ره‌وه‌ی ده‌نگه‌كانه یان بیرۆكه و پێشنیازی نوێ بۆ داهاتوو، یان شتێكی دیكه؟
- به باوه‌ڕی من هیچكام له‌وانه به ته‌نیا ناتوانێ ساخكه‌ره‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بێ. هه‌م پێشنیار و ڕێبازی نوێ بۆ ئێستا و داهاتوو پێویسته، هه‌م پێشینه‌ی خه‌بات و تێكۆشان كه بۆخۆی متمانه‌به‌خشه بۆ ئه‌ندامان كه ئه‌وانه‌ی خۆیان كاندید كردوه، ئه‌زموونی چه‌ند ساڵ خه‌بات و تێكۆشانیان له پشت سه‌ره و هه‌روه‌ها چه‌ند ده‌توانن خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م ڕێك بخه‌ن و بچنه پێش. جگه له‌وانه‌ش توانای فكری و هێزی به‌یان و ئیقناع و به‌ڕێوه‌به‌ری و زۆر شتی دیكه كه بۆ وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی یه‌كه‌م له حیزب‌دا پێویستن.
- به‌پێی پێڕه‌وی حیزبه‌كه‌تان، ئه‌وه كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبه كه سكرتێر هه‌ڵده‌بژێرێت. ئایا تۆ پێشكات كه‌شی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ویست و داخوازی ئه‌ندامانی نێو ئه‌و كۆمیته‌یه‌ت بۆ ئاشكرایه كه ده‌ته‌وێ خۆت كاندید بكه‌ی؟
- ئه‌وه ڕاسته كه به‌پێی پێڕه‌وی حیزب سكرتێر له‌لایه‌ن كومیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه هه‌ڵده‌بژێرێ. من پێم وایه نه ته‌نیا كاندیدای سكرتێری، به‌ڵكو كاندیداكانی ڕێبه‌ری به‌گشتی ده‌بێ بۆخۆیان یا به‌كۆمه‌ڵ به‌رنامه و پرۆگرامێك پێشكه‌ش به به‌ده‌نه‌ی حیزب بكه‌ن و بیر و بۆچوونی خۆیان سه‌باره‌ت به داهاتوو و ئێستای حیزب بۆ ئه‌ندامان شی بكه‌نه‌وه. ئه‌ندامانی حیزب ده‌بێ بزانن چ كه‌سانێك ده‌یانهه‌وێ له داهاتوودا ڕێبه‌ریی ئه‌و حیزبه بگرنه ئه‌ستۆ. له نه‌زه‌راتیان تێ بگه‌ن و بیر و ڕِایان هه‌ڵسه‌نگێنن.
كاری حیزبێك ته‌نیا به هه‌ڵبژاردنی سكرتێرێك جێبه‌جێ نابێ، ئه‌گه‌ر ڕێبه‌رایه‌تییه‌كی كارامه، به‌به‌رنامه و خاوه‌ن نه‌زه‌ر هه‌ڵبژێردرێ سكرتێر هه‌ركه‌س بێ ده‌توانێ به هاوفكری و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆی ڕێبه‌رایه‌تی زۆر به باشی به‌رنامه‌كانی حیزب ڕاپه‌ڕێنێ. ده‌نا سكرتێر هه‌ر ئه‌ندازه‌ش كارامه بێ، ناتوانێ له‌و پۆسته‌دا سه‌ركه‌وتوو بێ.
به ده‌ستپێشخه‌ری بۆ ئه‌و شێوه كاره و كاندیدكردنی خۆم پێشوه‌خت (به‌پێی سوننه‌تی پێشووی حیزب) ئه‌و تابۆیه‌م شكاندوه. ئه‌وه به درووست نازانم ئه‌ندامانی كومیته‌ی ناوه‌ندی له كۆنگره‌دا و ڕۆژی هه‌ڵبژاردن خۆیان كاندید بكه‌ن و كه‌س پێشتر لێی به‌ئاگا نه‌بێ. سكرتێریش هه‌ر به‌و جۆره‌یه و له‌و قاعیده به‌دوور نییه.
له‌وه‌ی كه ئایا پێویسته كاندیدا تێبكۆشێ بۆ ڕاكێشانی ده‌نگی ئه‌ندامانی كومیته‌ی ناوه‌ندی، به‌ڕێز میهرپه‌روه‌ر له وه‌ڵامدا گوتی: "هه‌روه‌ك باسم كرد، ئه‌گه‌ر ڕاكێشانی نه‌زه‌ری ئه‌ندامانی كومیته‌ی ناوه‌ندی بۆ ئه‌وه بێ كه پێكه‌وه به‌رنامه‌یه‌كی ڕوون و دیاریكراو و ڕاگه‌یه‌ندراو جێبه‌جێ بكه‌ن و له ده‌وری كۆ ببنه‌وه، به باشی ده‌زانم."
به‌ڵام له‌وه‌ی كه میهرپه‌روه‌ر وه‌كو خۆی بۆ گه‌یشتن به پۆستی سكرتێری چ هه‌وڵێك ده‌ده‌ات و شێوازی كاری بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی ئه‌و به باشی ده‌زانی، چۆنه، گوتی: "باشترین شێوه بۆ كاندیداتۆری بۆ هه‌ر پۆستێكی حیزبی ئه‌وه‌یه كه شه‌فاف و ڕوون له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و بیروڕا و نه‌زه‌ری خۆت بێنیه گۆڕ و ده‌ره‌تانی ئازاد بیركردنه‌وه به ده‌نگده‌ران بده‌ی. گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به حیزب و به به‌ده‌نه‌ی حیزب ئه‌وه‌یه كه ڕێز له ده‌نگی سه‌ربه‌خۆی ئه‌ندامان بگیردرێ. كه‌ش و هه‌وایه‌كی سالمی وا ساز بكرێ كه ئه‌ندامانی حیزب چ پێش به‌ستنی كۆنگره و چ كاتی كۆنگره و چ پاش كۆنگره هه‌ست به شادمانی، هه‌ست به ته‌بایی، و هه‌ست به كاریگه‌ریی به‌شداریی خۆیان له به‌رنامه‌كانی حیزب‌دا بكه‌ن. كۆنگره ده‌بێ ببێ به ئاكامی كاری ده‌سته‌جه‌معی هه‌موو ئه‌ندامان و كه‌س به ناهه‌ق خۆی به مه‌زڵووم نه‌زانێ. هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ڕێبه‌ری و غه‌یره ڕێبه‌ری ناچار نه‌بن به پێچه‌وانه‌ی ویستی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌نگ بده‌ن."
- له‌و باوه‌ڕه‌دای به بوونی تۆ به سكرتێر، گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره و به‌رچاو له سیاسه‌ت و شێوازی خه‌باتی حیزب‌دا پێك دێت؟
- سكرتێری گشتی حیزب هه‌ر كه‌سێك بێ له پێشدا به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و خه‌ت و ڕێبازه‌یه كه كۆنگره، كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ده‌فته‌ری سیاسی دیاری ده‌كا. سكرتێری سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه كه بتوانێ هه‌ماهه‌نگی، ته‌حه‌رروك، گیانی هاوكاری و زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه و سیاسه‌ته‌كانی حیزب پێكبێنێ. گه‌وره‌ترین و پڕبایه‌خترین ئه‌ركی سكرتێری حیزب ڕاگرتن و پاراستن و به‌هێزكردنی یه‌كێتی و یه‌كپارچه‌یی ڕیزه‌كانی حیزبه. كار له حیزب‌دا كاری ده‌سته‌جه‌معییه. بڕیاره‌كان بڕیاری تاكه‌كه‌س نین. گرنگتر له بڕیاردانیش میكانیزمی به‌ڕێوه‌بردنی بڕیاره‌كانه. حیزبێك ده‌توانێ سه‌ركه‌وێ كه خاوه‌نی نه‌زم و دیسپلینێكی ئاگاهانه، دیمۆكراتیك، تێكه‌ڵاو له‌گه‌ڵ ڕێز و خۆشه‌ویستی و هاوكاری و هاوخه‌باتی بێ.
به گۆڕانی سكرتێرێك گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره به‌رچاو ناكه‌وێ، له‌به‌ر ئه‌وه گۆڕانكارییه‌كان به زۆر شتی دیكه‌وه به‌ستراون و مودیرییه‌تی سكرتێریش ده‌توانێ یه‌كێك له‌وانه بێ.
- به باوه‌ڕی تۆ ئه‌و شته كه ده‌بێته هۆی كاندیدبوونی چه‌ند كه‌س بۆ پۆستی سكرتێری له حیزبێكدا چییه؟ بیری سیاسی جیاواز یان شتگه‌لێكی تر؟
- من پێم وایه بۆ كادرێكی حیزبی قه‌بوول كردنی به‌رپرسایه‌تی بۆخۆی مه‌سه‌له‌یه‌كی جێگای سه‌رنجه و ده‌بێ به بایه‌خه‌وه چاوی لـێ‌بكرێ. ئه‌وه كه چه‌ند كه‌سێك خۆیان بۆ پۆستی سكرتێری كاندید بكه‌ن، گرفت نییه، به‌ڵكو گرفت ئه‌وه‌یه له حیزبێكدا ده‌ره‌تان بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سی دیكه بتوانێ بۆ پۆسته "كلیدی"یه‌كان خۆ كاندید بكا، نه‌بێ.
به‌خۆشییه‌وه له‌نێو ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی ئێمه‌دا له‌سه‌ر مه‌سایلی سیاسی هاوده‌نگیی ته‌واو هه‌یه. له‌وانه‌یه له مێتۆد و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی مه‌سایلدا جیاوازیی بۆچوون هه‌بێ، به‌ڵام جیاوازیی سیاسی له‌سه‌ر خه‌ت و ڕێبازی حیزب نییه. هه‌روه‌ك باسیشم كرد، بوونی چه‌ند كاندیدا بۆ پۆستی سكرتێری ده‌بێ وه‌ك دیارده‌یه‌كی موسبه‌ت چاوی لـێ بكرێ نه موشكیل خوڵقێن. هه‌ر ئه‌ندازه كاندیداكان زیاتر بن و كه‌ش و هه‌وای سالمی ململانێی سیاسی له ئارادا بێ، داهێنه‌ری و خه‌لاقیه‌تیش زۆرتر ده‌بێ. ده‌نگده‌رانیش ناچار نابن له‌گه‌ڵ ته‌نیا كاندیدێك ڕووبه‌ڕوو بن.
- به بۆچوونی تۆ هه‌بوونی مافی خۆكاندید كردن بۆ پۆستی سكرتێری ته‌نیا له دوو ده‌وره‌ی به دوای یه‌كدا، بۆ حیزبێكی كوردی له هه‌لومه‌رجی ئێستادا، گونجاوه؟
|
به
بۆچوونی خۆم له هه‌لومه‌رجی ئێستادا هه‌بوونی ئه‌و
به‌نده كه سكرتێری حیزب ته‌نیا دوو ده‌وره به دوای
یه‌كدا ده‌توانێ خۆ كاندید بكا، گونجاو نییه.
|
- به‌هۆی هه‌بوونی ئه‌م به‌نده (مافی دوو ده‌وره سكرتێری) له‌نێو پێڕه‌وی حیزب‌دا، چ ئاكامێك له دوای په‌سندبوونی ده‌بیندرێت؟ ئایا حیزب سه‌ركه‌وتنی وه‌ده‌ست هێناوه یان جۆرێك دووبه‌ره‌كی سه‌ری هه‌ڵداوه؟
- وه‌ك ئیشاره‌م پێ كرد، نه له ئاكامی هه‌بوونی ئه‌و به‌نده‌دا حیزب سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێناوه و نه تووشی دووبه‌ره‌كی بووه. بوونی وه‌ها به‌ندێك بۆ كاتێك موناسیب و له‌بار بوو كه حیزب له هه‌لومه‌رجێكی دیكه‌دا بوایه و تێكۆشانه‌كه‌ی به شێوه‌ی ئاشكرا و قانوونی له نێوخۆی وڵات‌دا بوایه. ئه‌و كات ده‌ستئاوه‌ڵایی زیاتر ده‌بوو و كه‌سانی شیاو بۆ ئه‌و پۆسته بێگومان له ئێستا زیاتر ده‌بوون. هیچ شتێك به‌شێوه‌ی "مطلق" باش یان خراپ نییه. ئه‌وه به‌پێی شه‌رایه‌ت و وه‌زعیه‌ته كه مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌بێ به باش یا خراپ.
به‌هۆی دیاریكردنی دوو كه‌س بۆ پۆستی سكرتێری، سروشتییه كه هه‌ر كاندیداتۆره‌و كۆمه‌ڵێك لایه‌نگر به‌ره‌و خۆی ڕاده‌كێشێت. ئایا ئه‌م ڕه‌وته نابێته هۆی سازبوون و سه‌رهه‌ڵدانی دووبه‌ره‌كی له‌نێو حیزب‌دا؟
- خۆكاندیدكردنی چه‌ند كه‌سێك بۆ پۆستی سكرتێری له خۆیدا نابێته هۆی سازبوون و سه‌رهه‌ڵدانی دووبه‌ره‌كی له‌نێو حیزب‌دا. به‌ڵكو ئه‌گه‌ر شێوازێكی دیمۆكراتیك ڕه‌چاوبكرێ و ململانه‌یه‌كی شارستانیانه له ئارادا بێ، ده‌بێته هۆی زیندوویی و شادابیی حیزبه‌كه‌ش. بوونی چه‌ند كاندید بۆ هه‌ركام له پۆسته‌كانی ڕێبه‌ری نیشانه‌ی قه‌بووڵی به‌رپرسایه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌وه‌یه و جێگای خۆشحاڵییه. گرنگ ئه‌وه نییه چه‌ند كاندید بۆ پۆستی سكرتێری هه‌یه و كێ هه‌ڵده‌بژێرێ، گرنگ ئه‌وه‌یه چ ڕێبازێك بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردانانه هه‌ڵده‌بژێرین.
- به‌ڕێز باباعه‌لی میهرپه‌روه‌ر، دوا وته‌ت بۆ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر، پێش كۆنگره؟
- به نه‌زه‌رم بایه‌خی كۆنگره‌ی 13 له‌وه‌دا نییه كه كێ بۆ پۆستی سكرتێری هه‌ڵده‌بژێردرێ یا هه‌ڵنابژێردرێ، گرنگ ئه‌وه‌یه چ به‌رنامه‌یه‌ك بۆ دواڕۆژی حیزب و جووڵانه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كا. له ماوه‌ی نێوان كۆنگره‌ی 12 و 13دا زۆر ئاڵوگۆڕ له جیهان و ناوچه‌دا ڕوویان داوه. ئه‌و ئاڵوگۆڕانه كه له ناوچه‌كه‌دا هاتوونه ئاراوه، چه‌نده ده‌توانن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد ببێ؟ چه‌ند ده‌توانن دیمۆكراسی و ئازادی و مافی گه‌لان له ناوچه‌دا دابین بكه‌ن؟ ئێمه چه‌نده ده‌توانین له‌و هه‌لانه به قازانجی خۆمان كه‌لك وه‌ربگرین؟ وه‌زن و سه‌نگینی ئێمه له‌و نێوه‌دا چه‌نده؟ چۆن خۆمان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌و مه‌یدانه‌دا ئاماده ده‌كه‌ین؟ چۆن ئینسجام ته‌شكیلاتی و یه‌كپارچه‌یی حیزب ده‌پارێزین و پته‌وتری ده‌كه‌ین؟ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی له نێوخۆ له‌گه‌ڵ قه‌یرانی نه‌بوونی مه‌شرووعییه‌ت به‌ره‌وڕوویه، ناڕه‌زایه‌تی له ڕێژیم له په‌ره‌گرتن دایه. هه‌وڵی ڕێژیم بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به چه‌كی ناوكی و پشتیوانی له تیرۆریزم و بنیاتگه‌رایی و سیاسه‌تی ئاژاوه‌نانه‌وه له‌ناوچه‌دا، سیمایه‌كی ڕه‌شی له ڕاده‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییدا لـێ درووست كردووه.
كورد به‌گشتی و به‌تایبه‌تی له كوردستانی عێراق له وه‌زعیه‌تێكی له‌بار دایه. له كوردستانی ئێران هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵك له جاران زیاتر گه‌شه‌ی كردوه و ئاگاهی خه‌ڵك له ئاست پێشێلكرانی مافه‌كانیان چووه‌ته سه‌ر. كۆنگره بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه چ ڕێگایه‌ك نیشان ده‌دا؟ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه و زۆر پرسیاری دیكه‌ش له ئه‌ستۆی كۆنگره‌یه. به‌شێكی زۆر بچووكی كاری كۆنگره دیاریكردنی ڕێٍبه‌رایه‌تی حیزبه.
له كۆتایی‌دا پێویسته ئیشاره به‌و مه‌سه‌له‌یه بكه‌م كه ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی وه‌ك هه‌میشه چاوی بڕیوه‌ته كۆنگره و ئاكامه‌كانی. به شناختێك كه له ئه‌ندامانی حیزب به گشتی و نوێنه‌رانی كۆنگره به‌تایبه‌تی هه‌مه، هیوادارم كه ئه‌ندامانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران كه له ڕێگای گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان ده‌ستیان له‌نێو ده‌ستی یه‌كتر و پشتیان به پشت یه‌كه‌وه‌یه، ئیجازه نه‌ده‌ن كه دوژمنانی حیزب له ململانێی دۆستانه و حیزبییانه‌ی دیمۆكراتیكی نێوخۆی حیزب كه‌لكی خراپ وه‌ربگرن. ئامانجی هه‌موومان له پێناو خه‌باتی لێبڕاوانه و بێ‌وچان دژی كۆنه‌په‌ره‌ستی و دیكتاتۆری ڕێژیمی حاكم یه‌كه.
ئه‌ركی سه‌رشانمانه له‌و قۆناخه حه‌ساسه‌دا له به‌رانبه‌ر گه‌له‌كه‌مان، شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كانمان و زیندانییه سیاسییه‌كان و بنه‌ماڵه به‌ڕێزه‌كانیان و هه‌موو دۆستان و لایه‌نگرانی حیزب تێ‌بكۆشین كه كۆنگره به سه‌ركه‌وتوویی به‌رنامه‌كانی خۆی به‌ڕێوه به‌رێ و په‌یامی یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك ڕه‌نگی پێ بێ و چاوی دوژمنان كوێر بكا.
سازدانی دیمانه: مه‌جید ئه‌حمه‌دی