چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بیرم له نووسینی بابه‌تێک کرده‌وه که سه‌باره‌ت به ڕۆژنامه و بڵاوکراوه‌کانی باشوری کوردستان و لایه‌نه جیاوازه‌کانی ڕۆژنامه‌نووسیی بنووسم، به‌ڵام خۆم لێپاراست. ئه‌م جاره‌یان به دوای کورته سه‌فه‌رێکمدا بۆ باشوری کوردستان له هاوینی 2009 دا، به هاندانی چه‌ند هاوڕێیه‌کم بیرۆ‌که‌که‌م خسته بواری کرداره‌وه.
زمانی کوردیی وه‌ک هه‌ندێک له زمانه‌کانی تری جیهان پێکهاتووه له چه‌ندین زاراوه، که کورد‌یش پێکهاتووه له ئه‌م زاراوه‌گه‌له که بریتین له : کرمانجیی، سۆرانی،زازاکی و زاراوه‌ی گۆرانی بریتییه له: هه‌ورامی، له‌کی و که‌لهوریی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که من له کوردستاندا بینیم ، ڕۆژنامه‌کان به‌ته‌نیا که‌ڵک له زاراوه‌ی کرمانجیی سه‌روو و خواروو یان باشتر بڵێین له کرمانجی و سۆرانی وه‌رده‌گرن و زاراوه‌کانی تریان له‌بیر کردووه و به‌و کاره‌یان له ده‌وڵه‌مه‌ندیی زمانی کوردی‌یان که‌م کردووه‌ته‌وه.
گه‌لی کورد خاوه‌ن زمانێکی سه‌ربه‌خۆ و ده‌وڵه‌مه‌نده و زمانه‌که‌ی که‌وتووه‌ته خانه‌ی زمانه‌کانی هیند و ئه‌وروپایی و هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه ده‌یان وشه‌ی هاوبه‌ش و هاوشێوه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی هیند و ئه‌وروپایی هه‌یه و هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ش جیاوازیی له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی عه‌ره‌بی سامی و تورکه تاتاره‌کان هه‌یه و نامۆیه له‌گه‌ڵیاندا.
هه‌موو ده‌زانین که گه‌لی کورد و خاکی کوردستان له ساڵی 1514 و شه‌ڕی چاڵدیرانه‌وه به خاکی ئێران و تورکیا و دواترش به دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی عێراق له ساڵی 1923دا ، دابه‌شکرا به سه‌ر وڵاتانی سوریا و عێراقی تازه دامه‌زراودا. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌زانین که کوردستان به دوای داگیرکرانی له لایه‌ن ئیسلامه‌وه بۆ ماوه‌ی دوو سه‌د ساڵ پێگه‌ی عه‌ره‌به سامییه‌کان بووه و هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ش له چنگ خه‌لیفه‌کانی عوسمانیی و تورکه تاتاره‌کاندا بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چونکه زۆرینه‌ی کورد موسوڵمانن و ته‌نانه‌ت به ڕێگه‌ی خوێندنی قورئان له حوجره‌کاندا فێری خوێندن و نووسین بوون، کۆمه‌ڵێک وشه‌ی عه‌ره‌بی و تورکی ئاوێته‌ی زمانی کوردیی بووه.
له‌به‌ر ئه‌وه زۆر ئاساییه که باوکه‌کانمان له‌و وشه ناڕه‌سه‌نانه که‌ڵکوه‌رگرتبێت که خزوانه‌ته ناو زمانه‌که‌مانه‌وه ، به‌ڵام جێی پرسیار ئه‌وه‌یه که بۆچی سه‌ره‌ڕای ده‌یان وتار و هۆشیارکردنه‌وه‌ی نووسه‌ران و زانایانی زمانی کوردیی، ڕۆژنامه و بڵاوکراوه‌کانی کوردیی و میدیاکانمان له باشوری کوردستاندا ، چاو له‌و راستییه ده‌نوقێنن و ئه‌وانیش ئه‌و وشانه ده‌رخۆاردی نه‌وه‌کانمان ده‌ده‌ن و ڕۆژانه به ده‌یان و بگره به سه‌دان جار دووپاتیان ده‌که‌نه‌وه و ده‌یانخه‌نه ناو مێشکی مناڵانی کورده‌وه؟
ئایا تێکه‌ڵاویی سیاسیی و بازرگانیی کاری کردووه‌ته سه‌ر ئه‌و ڕه‌وشته، یان خه‌م نه‌خۆریی ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکانمان؟ له هه‌ر لاوه تێی بڕوانین ، من ئه‌وه به هه‌ڵه‌یه‌ک ده‌زانم که به‌ر گره له راست کردنه‌وه و پاراوکردنی زمان و پێکهێنانی زمانێکی یه‌کگرتووی کوردییدا که کوردی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان که‌ڵکی لێ وه‌رگرن. له هه‌مان حاڵ‌دا له ناوچه‌کانیشدا ده‌بێت ڕێز له زاراوه‌کانی کوردیی بگیرێت له نووسین و قسه‌کردندا.
هه‌روه‌ک گوتم هاوینی ئه‌م ساڵ به دوای 16 ساڵ دووریی، نزیکه‌ی مانگێک له‌کوردستان بووم. گۆڕانی سیمای شار و کۆڵان و گوونده‌کان سه‌رسامهێنه‌ر بوون و حکوومه‌تی کوردستان هه‌نگاوی باشی له بواره‌کانی چاکسازیی و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌و ئابووریی وڵات هه‌ڵگرتووه ، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا خه‌ڵک ڕه‌خنه‌یان له گه‌نده‌ڵیی به هه‌موو شێوازه‌کانییه‌وه هه‌بوو. کاتێک مرۆڤ له په‌نای ئه‌و هه‌موو کارکردنه‌دا گوێبیسی ئه‌و ڕه‌خنانه ده‌بێت، خه‌فه‌ت ده‌خوات. به‌ڕای من به‌شێک له‌و که‌م وکورییانه ده گه‌رێته وه بۆ خه‌ڵکه‌که خۆی.
بۆ نموونه به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه بۆخۆی ده‌توانێت له جیاتی ئه‌وه‌ی که له سه‌ر تابڵۆی قووتابخانه بنووسێت ( قووتابخانه‌ی عه‌نکاوه‌ی دوواناوه‌ندی تێکه‌ڵاو)، بیگۆڕێت به (خوێندنگه‌ی دوواناوه‌ندیی تێکه‌ڵاوی عه‌نکاوه). له تابڵۆی فڕۆکه خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر نووسراوه ( فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تی) ئایا هه‌ولێر نێوده‌وڵه‌تییه یان فرۆکه‌خانه‌که‌ی! به ڕاستی ئه‌و که‌موکورییانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به ده‌سه‌ڵاته‌وه نییه و به‌رپرسانی خوارووی حکوومه‌ت و ده‌زگاکان بۆخۆیان تیایدا به‌رپرسیارن و ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ن.
له گرامه ری فارسی دا ئه‌گه‌ر وشه‌یه‌ک (ش) پاشکووی بێ کوردی نیه وه‌کوو : جهش، پوزش، ورزش.... یان وشه‌ی گووشاد که له زمانی فارسی‌دا واتای فره‌وان بوون ده‌گه‌یه‌نێت له باشوری کوردستان له جیاتی وشه‌ی دڵ ئاوه‌ڵا به‌کار دێت بۆ نموونه ( به دیتنت زۆر گووشاد بووم)، به جێی (به‌دیتنت دڵئاوه‌ڵا بووم) که شیاوی ئه‌و مه‌به‌سته نییه. وشه‌ی مشتومڕی کوردی بووه‌ته (کیشمه‌کیشم) ، یان وشه‌ی دڵه‌ڕاوکێ ده‌که‌ن به (بیم)ی فارسی و وشه‌کانی توورکیی وکوو: ئیش(کار یان شۆڵ)، قۆنده‌ره (پێڵاو) و زۆر شتی تر......
به بیر‌و بروای من له باشووری کوردستان له جیاتی هێنانی وشه‌ی: ئه‌سعاف، شوڕته، حه‌ریق، جنسیه، فندق، مطعم، استنساخ ..... وای به باشتر ده‌زانم که له‌م وشه گه‌له که ناسراوترن به گوێی خه‌ڵکی و ده‌قی نێوده‌وڵه‌تیه‌که‌ی درووستره وه‌کوو: ئامبووڵانس، پۆلیس، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژانه‌وه، ناسنامه، هوتێل، ڕێستوران و کۆپی که‌ڵک وه‌ربگیردرێت. هیوادارم ده‌زگاکانی په‌یوه‌ندیدار و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی کوردستان به دڵ فراوانیه‌وه ئاوڕ له‌م که‌موکورییانه بده‌نه‌وه.
بابه‌تێکی تر که ده‌مه‌وێ بیخه‌مه به‌رباس، کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مانه له باشوری کوردستان که یارمه‌تی دان و رێزگرتنه له هونه‌رمه‌نده بێگانه‌و نامۆه‌کان، که ده‌بینرێت زیاتر ڕێز له گۆرانیبێژو وهونه‌رمه‌ندکانی فارس، عه‌ره‌ب و تورک ده‌گیردرێت تا هونه‌رمه‌نده کانی خۆیی، که ئه‌م دیارده به ڕاده‌یه‌که، که به بڕوای من حاڵه‌تی قیزه‌ونی به خۆیه‌وه گرتووه.
24 ی سێپتبمه‌ری 2009 گۆرانیبێژی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردخه‌ڵکی شاری سنه، جه‌مشید ده‌گه‌ڵ (موعین ئیسفه‌هانی) له هه‌ولێر کۆنسێرتیان هه‌بوو. چه‌ندین مانگ پێشتر شه‌هرام و شۆهره‌ی سه‌وله‌تی کۆنێسرتیان به‌ڕێوه‌برد. به وته‌ی خۆیان به 2 شه‌و کۆنسێرت 150000 دۆلاریان به ده‌ستهێنا و ته‌نانه‌ت له لایه‌ن کاک نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی حکوومه‌تی‌پێشووه‌وه پێشوازیی کران. قه‌ت دژی ئه‌وه نیم که کورد له باری فه‌رهه‌نگییه‌وه ده‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی دراوسێ هاوکاری بکات و کۆمپانییه‌کانمان له‌و بواره‌دا چالاک بن و سه‌رمایه‌کانیان وه‌گه‌ڕ بخه‌ن. ئه‌وه‌ش ده‌زانم که هونه‌ر سنور ناناسێت و گوێگرتن له ئاواز و گۆرانیی نه‌ته‌وه‌کان به گوێره‌ی سه‌لیقه مرۆڤ له دڵ ده‌نیشێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاره‌ک بکه‌ین له خه‌ڵکی باشوری کوردستان له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵات ، ئه‌گه‌ر هونه‌مه‌ندێکی کورد ، له‌وان بۆ نموونه مه‌زهه‌ر خاله‌قی دووایی زیاتر له 15 ساڵ دوور که‌وتنه‌وه له گۆرانی چڕێن له هه‌ولێر کۆنسێرتی هه‌بێت یان ناسر ڕه‌زازی، یان شڤان په‌روه‌ر حازرن بچن بۆ کۆنسێرته‌که‌یان و 150000 دۆلاریان بده‌نێ؟
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه که له ساڵی 1992 کاتی ڕه‌وه‌که‌ی کوردستان ، له وڵاتانی ئه‌وڕووپی شه‌پۆلێکی به‌رچاو له خێرخووازانی ئه‌و وڵاتانه، به کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ندین میلیۆن دۆلار بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ی باشوور نێردران، دانماڕکیش خه‌ڵکه‌که‌ی بێبه‌ش نه‌بوون له‌و یارمه‌تیدانه. هاوکاتیش مووعینی ئیسفه‌هانی تووری کۆنسێرتی ده‌بێ له ئه‌رووپا، دانماڕکیش یه‌کێکیش له‌وان، له لایه‌ن ئه‌وکه‌سانه که یه‌کێک له‌وان کورد بوو، به داخڵه‌وه دێنه کن مووعین که یارمه‌تی هاوڕه‌گه‌زه‌که‌ت ده‌دی که ئێستا لێیقه‌وماوه، ئه‌ویش ده‌ڵێ به‌ڵێ به‌سه‌ر چاو(نرخی بڵیته‌که‌ی 300 کڕۆنی دانماڕکی که ده‌کاته نیزیکه‌ی 50 دۆلار) کاکه مووعین 5 کڕۆنی دانماڕکی ده داخڵه‌که داوێ، که ناکاته یه‌ک دۆلاریش!!!
خۆ هه‌ر ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ی مووعینی ئیسفه‌هانیه که ساڵانه چه‌ندین جار گوونده‌کانی باشووری کوردستان تۆپ باران ده‌کات زه‌ره‌ری گیانی و ماڵی لێده‌که‌وێته‌وه. ڕووناکبیره‌کانی وه‌کوو عه‌لیڕه‌زا نووریزاده باس له‌وه ده‌کات که ئه‌وکه‌سانه‌ی باس له جوێبوونه‌وه‌ی ئێران ده‌که‌ن جاشن!
له وڵاتی سوید ساڵانه به بۆنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه کۆنسێرت و جه‌ژن ده‌گیرێ. زۆر گۆرانیبێژی ناسراوی کوردی به‌شدار ده‌بن، به‌ڵام هه‌میشه به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆنسێرته‌کان سکاڵای ئه‌وه ده‌که‌ن که ز‌یانیان کردووه. 3 یان 4 گۆرانیبێژی کورد کۆنسێرت داده‌نێن و بڵیته‌که‌ی به 15 دۆلار (120 کڕۆنی سوئدی) ده‌فرۆشن به گه‌وره ساڵان و مناڵانی ژێر 12 ساڵییش به خۆڕایییه، که‌چی مشتومڕێکی زۆری لێده‌که‌وێته‌وه که خه‌ڵک ڕووتانده‌وه‌یه و گرانه و شه‌ڕه چه‌قۆ و لێدان و کوتانی لێده‌که‌وێته‌وه. هه‌رله‌و کاته‌شدا ئه‌گه‌ر گۆرانیبێژێکی فارس ده‌گاته ستۆکهۆڵم، کورده‌کان به‌بێ ئه‌وه‌ی که نرخی بڵیته‌که‌یان بۆ گرنگ بێت، به ڕێژه‌یه‌کی زۆر به‌شداریی تێدا ده‌که‌ن و وه‌ک مرۆڤێکی شارستانیی له کۆنسێرته‌که‌دا ده‌جووڵێنه‌وه.
ئاماده‌کردنی: ئارام قادری
...........
پیشمه‌رگه‌کان
RSS
چاپ کردن/Print