| |
|
Date: 17 Mar 2010 / Views: 680 / Comments: 4
زایەڵەی زەنگەکان دەبیسرێ ,ئهحمهد شێربهگی
 سەرئەنجام پاش ماوەیەک بێدەنگی و چاوەڕوانی لە مەر داوای ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی دێمۆکرات لە هەر دوو باڵی حیزب بۆ پێکهێنانی زەمینەی ئاشتەوایی، دیالۆگ و رەواندنەوەی گرژی یەکانی نێوانیان و هەروەها دانیشتنی دۆستانە و دارشتنی بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ دوارۆژی تەماوی خەبات، دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بە رێبەریی کاک خالیدی عەزیزی و بەریوەبەرایەتی دەرەوەی ولاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە سکرتێریی بەرێز کاک مستەفای هیجری، هەرکام لە دوو راگەیاندراوی جیا جیا دا هاتنە وەڵامدانەوەی ئەو سەدان کەسە لە واژۆکەرانی کەمپینی یەکبوون. هەر لایەنەی لە تەئید یان رەدی ئەم هەوڵە شۆڕشگێرانەیەی ئەو کۆمەڵە لە دڵسۆزان و ئەویندارانی تێکەڵبوونەوەی حیزبی دێمۆکرات نەرین و رای جیاوازی خۆیان دەربری.
هەروەک ئاگادارن، سێ سال لەمەوپێش بە هۆی وێکهەڵنەکردن و نەحاوانەوە لە یەگەڵ یەکتر، ئەو دوو باڵە ماڵێان جوێ کردهوە و حیزبیان بە کردەوە کردە دووبەش. .ئەو لێکترازانە وای کرد کە کەلێنێکی گەورە بکەوێتە ناو ریزی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تۆوی دووبەرەکێکی قێزەون لە نێوان باڵەکانی ئەم حیزبە دا بچێندرێ .
من لێرە دا ناچمە سەر باسی ئەوەی کام لایەن خەتاباری ئەم دابەش بوونە بووە و کێ هۆکاری سەرەکی ئەم لەت بوونەیە. هەرکەسێک تۆزقاڵێک و به ئهندازهی سەره دەرزییەک ئەلف و بێی سیاسی بزانێ، بۆی روون دهبێتهوه که ئەو پەتایەی ئەمرۆ نەک ههر یەخەی حیزبی دێمۆکرات، بەڵکوو بەرۆکی سەرجەم حیزب و رێکخراوەکانی دیکەی گۆرەپانی سیاسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە و خەریکە پشوویان لێدەبڕێ و دەیانخنکێنێ، تەنیا و تەنیا کورسی خوازی، قازانج و بەژەوەندیی تاکە کەسی لایەنەکان و هتد... بوە. با لەمە زیاتر نەچینە ناو ئەم باسەوە، چۆنکە ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ و لە تاقەتی ئەم نووسراوەیە بەدەرە. بەڵام بابچینە سەر ناوهرۆکی وەڵامی ئەو دوولایەنە دژ بەیەکە کە هەر کامیان پێیان وایە حیزبی دێمۆکراتی سەرەکی و ئەسڵین و لە دەلاقەی بیری خۆیان دا بۆ مەسەلەکە چوون. هەرلایەی تێکۆشاوە هەموو ئەو رووداوانەی لەم بەستێنەدا هاتوونەتە پێشێ و ئەمرۆ بەرۆکی گرتوون، بخاتە سەر ئەستۆی لایەنی بەرامبەری.
دەفتەری سیاسی لایەنی جیابۆوە لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە بە باڵی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دا ناوبانگی دەرکردوە، لە وەلامی داوای ژمارەیەک لە بنەماڵەی شەهیدان کە لەودا روویان کردبوە رێبەرایەتی هەر دوو باڵی ئەم حیزبە تا زەمینەیەک برەخسێنن بۆ دیالۆگ و ئەهوەن کردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان، لەو ئەدەبیاتە کەڵکی وەرگرتوە کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا بەداییم گوێمان لێدەبێ و دەیبیسین. بە واتایەکی دیکە کە ئێمە خوازیاری نیزیکین و پێمانخۆشە تێکەڵ بینەوە، بەڵام لایەنی بەرامبەرمان نایانهەوێ. من بەش بەحالێ خۆم ناچمە خانەی باوەرکردن بە گوتارێکی لەم چەشنە و ئەم هەڵوێستەی ئەو هاورێیانەش راست بە پێچەوانەی بیر و ئەفکار و هەڵوێستی بنەماڵەی شەهیدان دەزانم. چونکە لێرەدا بنەماڵەی شەهید و شەهیدان بوونەتە کەرەسەی کەڵک لێوەرگرتن و لە گەورەیی ئەو ناوە بەرزەیەیان کە لە ناو کۆمەڵگای کوردستان دا هەیانە بە قازانجی رێکخراوەیی کەڵک وەرگیراوە. لە بەر ئەوەی ئەو کاتەی کە حیزب شەققی برد و پارچە پارچە کرا، هیچ لایەنێک نە شەهیدو نە بنەماڵەی شەهیدی بە خەیاڵ دا نەهات و حیزبی هەزاران شەهیدی ئەو گەلەیان بەو دەرد و ژانە برد کە ئێستا دەیبینین. ئەگە لێم زویرو عاجز نەبن، دەڵێم ئەوهندە ئەو ئەدەبیاتە چەند پاتە کراوەتەوە، بۆتە بنێشتە خۆشکە و خەڵک گوێیان پڕ بوە و وەرەز بوون. نامهەوێ هەستی هیچ لایەک خەوشدار بکەم و سەری رێز بۆ هەموو تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکرات نەوی دەکەم، بەڵام کاتێک لە ناوی شەهیدان بەمجۆرە کەڵک وەردەگیرێ، هەڵخەڵەتاندن و سیاسەت بازی تێدا دەبینم. ئەو قسانە و ئەو ئەدەبیاتە زریقە و بریقەدارانە دەبوو پێش ئەو لێکدابرانە کرابان. وا باشە بە جیگای ئەوەی پەنجەی تاوانو رەخنەو گازەندە بۆ لایەنی بەرامبەرەکەتان درێژ بکەن و خاڵە لاوازەکانی لەقاو بدەن، باشترە لە پێشدا خۆتان بخەنە ژێر زەررەبین و وەک حەکەمێکی بەویژدان کەم وکوری و عەیبەکانی خۆتان ببینن. چاکە و خراپەکانی خۆتان کە بێشک هەتانە، دەست نیشان بکەن و ئینجا بێنە سەر داوەری کردن. ئەگەر باوهرتان بەوەی ههبێ که هیچکەس و لایەنێک فریشتەی نەجات نیە و لە عاسمان را نەکەوتۆتە خوارێ، هیچ کەسێک بەندەی بێ عەیب نیەو ناتوانێ بڵێ بێ نوقسانم و وەک گوڵ پاکم، بە خۆتان دەڵێن منیش وەک لایەنی بەرامبەرم ئەوەندە تاوانبارم لەم لەت بوونەدا. منێش دەستم هەبوە لەو دابەشبوونە دا. کاتێک رەخنەتان لە خۆتان گرت و هەڵەی خۆتان دەست نیشان کرد، خۆتان دەناسن. کە خۆتان ناسی بەدڵنیایییەوە بە دڵیکی پاک و ئاواڵە و بە ویژدانێکی راحەت و بە بێ غەرەز و بوغزەوە بەرهو پێشوازی یەکگرتنەوەیەکی راستەقینە هەنگاو هەڵدەگرن. ئەو دەمەیە کورد شایی لەدڵ دەگەرێ و هیوا بە خۆی دێنێ کە بزووتنەوەکەی کەوتۆتە سەر رێیەکی راست و بەرەو ئاسۆیەکی روون هەنگاو دەنێ.
ئێستا بابچینە سەر هەڵوێستی لایەنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە نوێنەرایەتی ئەم حیزبە لە دەرەوەی وڵات گرتوویەتی. یەکەم شت کە لەم هەڵوێستە دا دەێتە بەر دیدە، ئەمە لە زەینی خوێنەردا دێنێتە پێشێ که ئەو کەسانەی بە واژۆکردنی پشتیوانی لەو کەمپینە هەستاون، هەموویان لە دەرهوەی کوردستانن و هیچیان لە کوردستان و لە ناوخۆی حیزبەکەی خۆیانەوە دەستپێشخەرو واژۆکەری ئەم کەمپینە نەبوون. لە حاڵەتێک دا وا نیە و ژمارەیەک لە کادرەکانی حیزب و دۆستانی بزوتنەوە لە ناوخۆی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە هاتوچوی رێبەرایەتی ئەو حیزبانەیان کردوە. لە کاتێکدا رووی هەموو واژۆکەرانی ئەم کەمپینە لە کەسی یەکەمی ئەو حیزبە، بەرێز کاک مستەفا وەکوو ئەمیندارو رازگری گشتی ئەم حیزبە بوو، بەڵام نوێنەرایەتی دەرەوەی ئەم حیزبە بۆ ئەوەی لە بایەخی ئەم حەرەکەتە کەم کاتەوە و ئەم هەوڵە تەنیا بە دەرەوەی کوردستان ببەستێتەوە، هاتۆتە وەڵام دانەوە. ئەمە جگە لە دمە لاسکە و زارخوارکردنەوە و بەهێند نەگرتن وبێ بایەخ کردنی نەزەری ئەندامەکانی خۆی، ناتوانێ هیچ ناوێکی دیکەی لێ بنرێ. بەڵام گرینگ نیە، گرینگ ئەوەیە پاش ماوەیەک خۆ گنخاندن و بێدەنگی لێکردن، وەدەنگ هاتن و زەحمەتیان بە خۆیان دا وەڵامێک بدەنەوە. وەڵامێک کە شپرزهیی و سەرلێشێواوی بە سەر هەتا خوارێوە دیارە. نووسەرانی ئەو راگەیاندراوە هەر کەسانێک بن، دەرفەتی بیرکردنەوەیان بە خۆیان نەداوە و ناشارەزایانە سواری شەپۆلی ئیحساسات بوون و چاویان لە راستییەکان نووقاندوە و بە ئانقەست خۆیان لە کێشەکە دزیوەتەوە. بە جۆرێک کە دۆ و دۆشاویان تێکەڵ کردوە و تووشی پسک بوونی زمان هاتوون و لە زمانی دیپلۆماسی بە پێشینەیەکی شەست و چوار ساڵەی حیزبایەتی دوور کەوتوونەتەوە. نەتەنیا باوەشیان بۆ داوای ئەو کۆمەڵە لە ئەویندارانی ئازادی کوردستان نەگرتۆتەوە و بە پێشوازی داوایەکی بەهەق نەچوون کە ئەمرۆ پێویستیترین شرۆڤی رۆژە و پرسێکی گرینگ و هەنووکەیییە، بەڵکوو کەوتوونەتە داوی دۆگماتیزمی ویشک و بێحورمەتێکی ئاشکرایان دەرهەق بە ئەندامەکانی خۆیان، دڵسۆزان، لایەنگرانی بەرەی تەبایی و هەروەها کوردەکانی کوردستانی ئێران نواندووە کە ئەوان واتە کوردی ئێرانێ (رۆژهەڵات) کە لە دەرەوەی کوردستان دەژین و ماف و هەقی ئهوەیان نیە لەسەر حیزبی دێمۆکرات نەزەر بدەن و واژۆی پشتیوانی لەو کەمپینە بکەن و لێیان بخوازن کە ناو ماڵی خۆیان رێکخەن. بۆیان نیە لە سەر حیزبێک نەزەر بدەن کە خۆشەویستیانەو هۆمێدیان پێیەتی و لە مەش زیاتر مۆتۆری ئەو حیزبە بە خوێنی وان دەگەرێ و بە وزەو توانای وان هەڵدەسوورێ. ئەم وتەیە یانی راکردن لە راستییەکان و خۆ جیاکردنەوە لە خەڵکی کوردستان، یانی لە خۆبایی بوون و گوێ نەدان بە ویستی خەڵک و بە هێند نەگرتنی ئیرادەی گەل.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو راگەیاندراوە دا لەگەڵ ئەوەیکە هێندێک بوختانی بێ بنەما و دوور لە راستیان بۆ دوورکردنەوەی بیری تێکۆشەرانی ناو ریزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە راستییەکان هێناوەتە گۆرێ، حەول و تەقەللای ئەو بەشەش لە ئەندامانی حیزبەکەی خۆشیان بێ بایەخ لە قەلەم داوە. چاویان لێ سوور کردوونەوە و هەرەشەو گوڕەشەیان لێکردوون و خەت و نیشانیان بۆ کێشاون کە نەزەراتی خۆیان نەبەنە ناو مێدیاکان و تۆری ئەنتێرنێتەوە. هەر کەسیک ئەمکارەی کرد لە روانگەی ئەم راگەیاندراوە تۆمەتی ئەوەی وەپاڵ دەدرێ کە لەژێر پیلان و دنەدانی لایەنەکەی دیکە ئەم کارەی کردوە و سەر بەوانە.
ئەم هەڵوێستەی نوێنەرایەتی دەرەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ئاوێکی ساردی بە سەر دەستی بەرەی ئاشتخوازان و ئەو هەوڵانەی ئەو ژمارە زۆرە لەو رێگایەدا لە خۆیان نواند، داکرد و بوو بە هۆی ئەوەی لە گەڵ دژکردەوەی زۆرێک لەوانە بەرەوروو بێ و نەرین و ڕای جۆراوجۆری خۆیان دەرببڕن. بە جۆرێک کە لە ناوەرۆکی زۆربەی بۆچوونەکاندا خەمساردی و پێ ناخۆشبوونی پێوە دیارە. بەڵام بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەی بەدوای ئەم راگەیاندراوەی نوێنەرایەتی دەرەوەی ولاتی حدکا تووشی ناهومیدی هاتوون، بە پێچەوانەی ئەو راو نەرینانەی ئەو بەرێزانە کە لە نووسینەکانیان دا رەنگی داوەتەوە و دڵساردی کردون، من بەش بە حاڵی خۆم نە دڵسارد بوومەوە و نە ناهۆمێدی رووی تێکردووم. لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنی من جۆرێکی دیکەیە.
لە لابەلای دەقی ئەم هەڵویستە دا خاڵێکی ئەرێنی و پوزێتیڤی تێدا دەبینم. ئەویش ئەوەیە کە دەڵێ ههر داوایهكو پێشنیارێكی ئهندامی حیزب دەبی راستهوخۆ بۆ ئۆرگانی پێوهندیداری حیزب به تایبهتی رێبهرایهتیی حیزب بنێردرێ، ئەوکاتەیە حیزب به ئهركی خۆی دەزانێ وهڵامی بداتهوه. پێموایە ئەو خاڵە هیوایەک دەبەخشێ و تروسکایییەک دەخاتە نێو دڵانەوە. دەکرێ وەک بنەمایەک بۆ هەوڵەکانی دوایی پشتی پێ ببهسترێ. دەکرێ بە دەستنیشانکردنی ئەو ئەرکانەی لەم راگەیاندنە دا بۆ ئەندامانی ئەو حیزبە دەستنیشان کراوە، لەو رێگایەوە هەنگاوی بە کردەوەی بۆ باویشترێ. بەو ئوسلووبە و بەو شێوەیە کە نووسەرانی ئەو راگەیاندراوە دەریانکردووە، ئەگەر لە بڕیاری خۆیان پاشگەز نەبنەوە و زەخت و زۆری و پاڵپێوەنانی بەدواوە نەبێ و نەچێتە خانەی پاکسازی و تەسفیە کردن، بە پێی ئەو خەت و نیشانەی لەو راگەیاندراوەیان دا دیاریان کردوە بجووڵێنەوە، هۆمێدی وەی لێدەکرێ لە داهاتوو دا ئەو نەمامەی کە ئەو دڵسۆزانەی کۆمیتەی کەمپینی یهکبوون بۆ وەفرین خستنەوەی جەستەی شەکەت و برینداری ئەم حیزبە ناشتوویانە، بێتە بەرهەم.
ئێستا ریزبەندییەکان باش یان خراپ روون و دیارن. تەشکیلاتی نێوخۆیی هەر دوو حیزبەکە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە سیاسەت و هەڵوێستی ئەو لایەنانە ئاگادارن. ئێستا ئەم داخوازە کەوتۆتە ناو بەدەنەی حیزب و ئەرکی ئەوانە لە سیمینار و کۆبوونەوەکاندا ئەم باسە بورووژێنن و بیهێننە بەر باس و لە رێگای تەشکیلاتێوە خواستەکانی خۆیان بەرنە پێشێ. هەر وەکوو چۆن لە نووسینەکانی دیکەم دا رووی قسەم لە بەدەنەی چالاک و راپەڕی ریزەکانی هەر دووک بالی حیزبی دێمۆکرات بوو کە هەر ئەوانن دەتوانن زۆر ئاڵوگۆری بنەڕەتیی بەلای قازانج و بەرژەوەندی گەلی کورد دا بشکێننەوە، ئێستاش داوای من و هاواری من بۆ لای وانە. بۆلای ئەو مرۆڤە خۆنەویستانەی کە ئەو رۆژەی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان پۆشی و پێیان نایە ناو جەرگەی خەبات، یەک ئامانج و یەک هەدەفیان هەبوو، ئەویش خەبات بۆ ئازادیی میللەتێک کە سەدان ساڵە لە سەرەتایی ترین مافی مرۆڤێکی ئەم سەردەمە بێ بەشە. بڕیاریان دا پێشمەرگەی گیان لە سەردەستی گەلێک بن کە ئەگەر رۆژی خۆی هات، خۆی بۆ بکەنە قۆچی قوربانی. قێنی پیرۆزیان بە دوژمنێک برێژن کە لە هەموو کردوەیەکی دژی مرۆڤایەتی بۆ بە چۆک داهێنان و نابوود کردنی ئەم گەلە بێدەرتانە کەڵک وەردەگرێ. پێشمەرگەی کورد گۆپاڵی دەستی کەس نیە. پارێزەری شەرەف و کەرامەتی گەلە. ئەم بەرگە پیرۆزەی بۆ ئهوه لەبەر نەکردووە تا سەنگەر لەبرای خۆی بگرێ و هاورەگەز، هاوخوێن و هاوزمانی خۆی بکاتە نیشانەی پەلاماری خۆی. مەهێڵن ژمارەیەک بەرپرسی بەرژەوەندخواز سواری شەپۆلی هەستی پاک وخاوێنی ئێوە بن، بیانهەوەێ بۆ پاراستنی کورسی و بەرژەوەندییەکانی خۆیان برا لە بەرامبەر برا یا خوشک لە بەرامبەر خۆشک دا رابگرن.
لەم بەستێنەدا ئەو ئەرکانەی کە بەرەورووی کۆمیتەی کەمپینی یەکبوون دەبێتەوە زۆر روون و ئاشکرایە. یەکەم؛ بە پێی وتەیەکی فەرانسەویی''مادام دەستەکانت بەر نەداوەتەوە، شەڕت نەدۆراندوە". کە وا بوو ئێوە کە چڵی زەیتوونتان بە دەستەوەیە و ئاشتیخوازن و لە شەڕی نێوان رۆڵەکانی کورد بێزارن، نابێ ناهۆمێدی رووتان تێکاو دڵسارد ببنەوە. دووهەم؛ دەبێ ئەو مکانیزم و ڕێکارانەی کە یارمەتیدەر دەبن بۆ هەرچی بە ئاکام گەیشتنی هەوڵەکانتان و نزیکبوونەوە لەو ئامانجانەی گرتووتانەتە پێشێ، دەستنیشان بکەن و بیخەنە بەر دیدەی خوازیارانی تەبایی نێوان هەر دووباڵە لێکدابڕاوەکەی حیزبی دێمۆکرات. هەتا لەبەر رۆشنایی ئەو رێکارانەدا هەوڵەکان چرتر بکرێنەوە و وزە و تواناکان بخرێنە بواری راستەقینەی خۆی. لەبەر ئەوەی ئێستا زەنگەکان لێدراون و زایەڵەی ئەو دەنگانە خەڵکی کوردستانیان لەو راستییە گەیاندوە کە چی دیکە ناتوانن بەرامبەر بەو پەرتەوازەیی و لێکدابران و یەکتر بوغزاندنە بێ هەڵوێست بن. چی دیکە ناتوانن خۆیان لە پەیامی ئاشتبوونەوە و ئاشتەوایی کە خۆی خزاندۆتە ناو دڵی هەر تاکێکی کورد کە ئامانجی سەرەکی، رزگاری و ئازادییە دوور راگرن. ئەمە حوکمی گەڵە و کەس ناتوانێ بەرامبەر بە حوکمی گەل بێ تەفاوەت بێ. ئەوەی گوێ نەداتە ویستی خەڵک، خۆی لەو رێگایه هاویشتووە کە لە جەهەتی پێچەوانەی حەرەکەتی ئاوی رووباری بە تەوژمی گەل دا مەلەی بکا.
........... پێشمهرگهکان
RSS
چاپ کردن/Print
|
|
|
سڵاو لا بهڕێوهبهرانی ماڵپهڕی پێشمهرگهكان و ههروهها بهڕیز كاك ئهحمهد شێربهگی دهست خۆشیت لێ دهكهم بۆ دهربڕینی دهردی دڵهكهت.
ئهم شته كه من ئێستا دهینوسم تهنیا و تهنیا نهزهر و بۆچوونی خۆمه وهك كهسێك كه له ناو حدكا دا چاوهكانم ههڵێنا و بۆ ئهو ڕێگایهش دهژیم و لهو رێگایهش دا سهر دهنێمهوه. من پێم وایه هیچ كام له ئێمه موخالیفی یهكگرتنهوه نیه و ئهو دوو باڵه یهكبگرنهوهو بۆ ئامانجی بهجێماوی ئهو ههموو شههیده سهربهرزانه درێژه به خهبات بدهین. بهڵام ئهمه دوو جار له سهردهمی مندا جیا بوونهوه ڕووی تێمان كردووه و ههردووك جارهكهشم زۆر به جوانی له بیره، ئهوهندهش ئاگادار بم پێش سهردهمی منیش جیابوونهوهی دیكهمان تێدا بووه، بهڵام یهك پرسیار خهریكه جهرگ و دڵم دهردێنێت، ئایا پێش جوودا بوونهوهكان سهروهرانی ئێمه پرسێكیان به بهدهنه كردووه تا ئێستا پرسمان پێ بكهن و گوێ له بانگهوازهكانی ئهو هاوڕێانه بگرن؟ بێگومان ههر حیزبێك و ههر ڕێكخراوێك به ئهندامان و بهدهنهكهیهوه وهك رێكخراوێك چاوی لێ دهكرێت. من پێم وایه له كاتی جودابوونهوهكاندا مهسئولین دهبا مهسئولانه ئهندامانی خۆیان و لایهنگرانی خۆیان ئاگادار كردابا و پاشان ههر یهكهو بهشه ماڵی خۆی جوودا كردبا. جا لێرهدا شتێك دێته بهر باس كه ئهگهر مهسئولینی ههر دووك بال خۆیان مایل بن یهك بگرنهوه ئهوا یهك دهگرنهوه و ئهگهر مایل نهبن ئهوا یهكناگرنهوه. جا تهنیا خهفهتهكه بۆ بهدهنه دهمێنێتهوه. مهبهست لێرهدا ئهوهیه كه له هیچ بوارێك دا له سهر بهدهنه حیساب ناكرێت به داخهوه. یهك شتی دیكه لێرهدا خۆمانی لێ دهشارینهوه، ئێمه ئهندامانی حیزب و مهسئولینی ئهو دوو باڵه هیچ بهشه ماڵێكی شهخسیمان له سهر ئهو حیزبه نیه و با كهم خۆمان له كوچهو پهس كوچه بدهین، له هیچ قانونێكدا وهك بهشه ماڵ چاو له ئامانجی حیزبێك ناكرێ، ئێمه خهبات دهكهین دژی ڕژیمی كۆنهپهرهستی ئاخوندی ئێران، ئهو ڕژیمه بهشه ماڵی ئێمهی خواردووه، نهك هاوسهنگهرهكان و هاوڕێباز و هاوزمانهكانی خۆمان. ههر دووك باڵهكه سبهی وهڵامدهری رۆڵهی شههیدهكانن، وهڵامدهری دایكه جهرگسوتاوهكانن كه به 3 تا 4 جگهرگۆشهیان له ڕێگای ڕزگاری بۆ كوردستانهكهمان دا قوربانی كردووه. تكایه ئهو ئامانجهتان گهر لهبیر چووه، وهبیری خۆتانی بێرنهوه. سهركهوتنی گهلی بهشخوراوی كورد ئاواتی بهرزی من و ههموو دڵسۆزانی گهلهكهمانه. له كۆتایی دا جێژنی نهورۆز له ههموو خوێنهرانی بهڕێز پیرۆز بێت.
له گهڵ رێز و حورمهتم ئارهزوو حیسامی
...............