| |
|
Date: 2 Mar 2010 / Views: 233
ئێران: سزای مه‌رگ، ترساندن و تۆقاندن , سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی
 فێڤرییه2010
فیدراسیونی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤ له بانه‌مه‌ڕی 1388ی هه‌تاوی راپۆرتێکی 40 لاپه‌ڕه‌یی سه‌باره‌ت به سزای ئێعدام له کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکرده‌وه. ئه‌م راپۆرته له ژێر ناوی ئێران: سزای مه‌رگ، ترساندن و تۆقاندن, سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی، له لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی ئێعدام کۆڵیوه‌ته‌وه. له‌وانه چوارچێوه‌ی قانوونی قه‌زایی له ناوخۆی وڵات، چوارچێوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، له سێداره‌دانی لاوان و مێرمنداڵان، که‌مایه‌تییه مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و شێوه‌کانی ئێعدام به گوێره‌ی راپۆرته‌که له کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، 20 جۆره تاوان هه‌ن که سزایان مه‌رگه. هێندێک له‌م تاوانانه چه‌ندین لقی دیکه‌یان هه‌یه. زۆربه‌ی ئه‌م تاوانانه وه‌کوو به‌شێک له تاوانه گرینگه‌کان ناژمێردرێن. هێندێکی دیکه‌یان نابێ به تاوان بژمێردرێن. فیدراسیونی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤ هێندێک راسپارده‌ی به ئێران و کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی پێشنیار کرد. له‌وانه به سه‌رنج دان به‌و ئیراده بنه‌ڕه‌تیانه که سه‌بارت به ده‌سته‌به‌ر کردنی محاکمه‌ی دادپه‌روه‌رانه و جێ به جێ کردنی حوکمی ئێعدام ده‌ست به جێ رابگیردرێ. به داخه‌وه کۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وام درێژه‌ی به ره‌وتی په‌ره‌گرتنی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئێعدام له جیهاندا داوه. راده‌یه‌کی به‌رچاو له ولاتان تا ئێستا به لیستی ئه‌و وڵاتانه په‌یوست بوونه که حوکمی ئێعدام‌یان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه، که‌چی کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌میشه پاش چین پله‌ی دووه‌می هه‌یه‌و، به گوێره‌ی سه‌رانه‌ی وڵاتان له پله‌ی یه‌که‌مدایه. وا ده‌رده‌که‌وێ که ته‌نانه‌ت چین تا راده‌یه‌ک سه‌رنجی بیروڕاو داخوازییه‌کانی کۆڕوکۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی داوه‌و له رێبه‌ندانی 1388 ده‌زگای قه‌زایی چین داوای له دادوه‌ره‌کان کرد که، سزای ئێعدام ته‌نیا به تاوانه گرینگه‌کان به‌رته‌سک بکه‌نه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش کۆماری ئیسلامی درێژه به ئێعدامی لاوان و به‌ردباران کردنه‌کان ده‌دا. له حاڵێکدا که له ساڵی 2008 ی زایینی‌دا راده‌ی 346 که‌س له کۆماری ئیسلامی ئێعدام کراون ئه‌م ژماره‌یه له ساڵی 2009دا بۆ 387 که‌س به‌رز بوه‌ته‌وه. جگه له‌مه‌ش له کۆماری ئیسلامی ئێران له 2009 لانی که‌م 5 لاو ئێعدام کراون و له‌م بواره‌شدا پله‌ی یه‌که‌می له جیهاندا هه‌یه، که‌چی له عه‌ره‌بستان 2 لاو ئێعدام کراوه. له ساڵی 1387ی هه‌تاوی پیاوێک له ره‌شت به‌ردباران کرا. له‌م دواییانه‌شدا دوو لیستی به‌ندییه سیاسیه‌کانی مه‌حکووم به ئێعدام بڵاو کرایه‌وه که یه‌کێکیان 56 و ئه‌وی دیکه‌ی 65 که‌سی تێدایه.
رووداوه‌کانی داوی هه‌ڵبژاردن
به دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری له ئێران، له 22ی جۆزه‌ردان که ئاکامه‌که‌ی بووه هۆی ناڕه‌زایه‌تی گشتی، مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نژاد به براوه راگه‌یێندراو به میلیونها خه‌ڵک رژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان. ده‌یان که‌س کوژران. هه‌زاران که‌س ده‌ستگیر کران( زیاتر له 3000 که‌س و روو له زیاد بوونه). زۆرێک له‌وانه ئه‌شکه‌نجه کران و ده‌ست درێژییان کرایه سه‌ر و چه‌ند که‌سێکیش ئێعدام کران. له ماوه‌ی 50 رۆژ دوای هه‌ڵبژاردن تا رۆژی سوێندخواردنی سه‌رۆک کۆمار له رۆژی 14ی پووشپه‌ڕ 115 که‌س ئێعدام کران. هێندێک که‌س بۆ یه‌که‌مین جار به تاوانی به‌شداری له خۆپیشاندانه‌کان به محاربه تاوانبار کران. له رێکه‌وتی 8رێبه‌ندان 1388 دوو که‌س به ناوه‌کانی ئاره‌ش ره‌حمانی پووڕ 20 ساڵه و محمه‌دره‌زا عه‌لی زه‌مانی 46 ساڵه، یه‌که‌مین که‌سانێ بوون که به تاوانی پێوندیدار به هه‌ڵبژرادنه‌وه ئێعدام کران. که هه‌ر دووکیان چه‌ندین مانگ پێش له هه‌ڵبژرادن گیرابوون. ده‌سه‌ڵاتدارانی قه‌زایی فێڵبازانه به دانی به‌ڵێنی که‌م کردنه‌وه‌ی حوکمه‌که‌یان و ئازاد کردنیان هانیان دابوون که به درۆوه دان به تاوانه‌کانیاندا بنێن. ره‌حمانی پووڕ دواتر به پارێزه‌ره‌که‌ی وتبوو که مه‌ئمووره‌کان خوشکه سک پڕه‌که‌یان هێناوه‌ته لای و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کردووه که ئه‌گه‌ر دان به تاوانه‌کانیدا نه‌نێت ئازاری خوشکه‌که‌ی ده‌ده‌ن. به وته‌ی وه‌کیله‌که‌ی زۆربه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی درابوونه پاڵی هی سه‌ر‌ده‌مێک بوون که ته‌مه‌نی له 18 ساڵ که‌متر بووه. هه‌مان رۆژ راگه‌یانێیدرا که 9 که‌سی دیکه‌ش هه‌ر به تاوانی هاوشێوه سزای ئێعدام هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌کا. ده‌زگای قه‌زایی ئێران و قانوون دانه‌رانی قانوونی سزا ئیسلامیه‌کانی به راڤه‌یه‌کی ته‌نگ نه‌زه‌رانه له فقهی شیعه تاوانی محاربه و مفسد فی الارض دژی دژبه‌ره‌کانی به کار هێنا. محاربه وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه که به مانای شه‌ڕکردنه و محارب واته شه‌ڕکه‌ر. به واتایه‌کی روون تر له فقهی شیعه‌و قانوونی سزاکانی کۆماری ئیسلامی محارب که‌سێکه که بۆ ترساندنی خه‌ڵک دست بۆ چه‌ک ببا. قانوونی سزاکانی ئیسلامی ته‌نانه‌ت پێ له سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێ که" که‌سێک که چه‌ک له رووی خه‌ڵک بکێشێ، به‌ڵام به هۆی بێ هێزییه‌وه نه‌بێته هۆی ترساندنی خه‌ڵک به محاربه ناژمێردرێ.( تێبینی ماده‌ی 183) به‌ڵام کاربه‌ده‌سته‌کانی کۆماری ئیسلامی به شێوه‌یه‌ک په‌ره‌یان به ماناکانی فقهی شیعه داوه، که له‌م چه‌مکه دژ به لایه‌نگرو ئه‌ندامانی رێکخراو و حیزبه‌کانی دژبه‌ر به کاریان هێناوه. هه‌رچه‌ند ره‌نگه ئه‌و که‌سانه‌ش ده‌ستیان بۆ چه‌ک نه‌بردبێ. گه‌ڵاڵه‌ی تۆمه‌تی محاربه دژی نارازییان پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری و ئێعدام کردنیان له رووداوه‌کانی جێگه‌ی سه‌رنج بوون که، پاش ده‌ست پێکردنی بشێوییه‌کانی داوی هه‌ڵبژاردن روویان داوه. ئه‌م بابه‌ته له ئێعدام کردنی دوو زیندانی سیاسی له 8 رێبه‌ندان به روونی ده‌رده‌که‌وێ، که به دوای ئه‌وه‌دا سه‌رۆکی شۆرای نیگه‌هبان ئایه‌توڵڵا جه‌نه‌تی ده‌ستخۆشی له ده‌زگای قه‌زایی کرد‌و دوای کرد که که‌سانی زۆرتر ئێعدام بکرێن. ئه‌م داوا کردنه بێ په‌رده نیشان ده‌دا که ویستێکی سیاسی له پشته‌وه‌یه بۆ له به‌رچاونه‌گرتنی رێوشوێنه گونجاوه‌کان بۆ دادگایی کردن و سه‌پاندنی سزای ئێعدام، بۆ خولقاندنی ترس و دڵه‌ڕاوکه له ناو ناڕازییاندا، بۆ ئه‌وه‌ی پێشگیری له داخوازه‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئازاد، ئازادی زیندانیانی سیاسی، چاپه‌مه‌نی، راده‌ربڕین، کۆبوونه‌وه‌و رێکخراو بکه‌ن. ئێعدامی به کۆمه‌ڵ
شێوه‌ی جێ به‌جێ کردنی ئێعدامه به کۆمه‌ڵه‌کان که، له راپۆرتی بانه‌مه‌ڕی 1388ی فیدراسیونی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مرۆڤ هاتووه، له چه‌ند مانگی رابردوودا له ئێران به‌رده‌وام بووه . پاش بڵاو بوونه‌وه‌ی راپۆرتی فیدراسیون چه‌ندین ئێعدامی به کۆمه‌ڵ له ئێران‌دا به‌ڕێوه‌چووه. بۆ نموونه 12 بانه‌مه‌ڕی 1388ی هه‌تاوی ئێعدامی 8 که‌س به تاوانی پێوه‌ندیدار به ماده هۆشبه‌ره‌کان له زیندانی تایباد له باکووری رۆژهه‌ڵاتی ئێران، 11ی پووشپه‌ڕ 13 که‌س، 13ی پووشپه‌ڕ 20 که‌س به هه‌مان تاوان له زیندانی ره‌جایی شار له نزیکی که‌ره‌ج، 8ی گه‌لاوێژ 24ی مه‌حکووم به هه‌مان تاوان له هه‌مان زیندان و،23ی پووشپه‌ڕ 13 ئه‌ندامی که‌مه نه‌ته‌وه‌یی به‌لووچ دژبه‌ری رێژیم له زیندانی زاهدان له سێداره دران.
که‌مایه‌تیه ئایینییه‌کان ئه‌هلی حه‌ق: له کاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی راپۆرتی فیدراسیون له باره‌ی سزای ئێعدام له بانه‌مه‌ڕی 1388ی هه‌تاوی کوشت وبڕی که‌مایه‌تییه ئایینییه‌کان بێ پسانه‌وه درێژه‌ی هه‌بووه. هێندێک له ئه‌هلی حه‌قه‌کان سزای مه‌رگیان به سه‌ردا سه‌پێنراوه. مهدی قاسم زاده له گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ی ئه‌هلی حه‌قدا گیراون و له ساڵی 1383 وه له زیندان بووه. له سه‌ره‌تای ره‌شه‌مه‌ی 1388ی هه‌تاوی له سێداره درا. یونس ئاغایان یه‌کێ دیکه له هه‌مان که‌مایه‌تی که له ساڵی1383وه له زینداندا بووه به تاوانی محاربه له پووشپه‌ڕی 1388 له سێداره دراوه، که تا ئێستا به‌ڵگه‌یه‌ک له ده‌ستا نیه ئه‌و ئێعدامه پشت راست بکاته‌وه.
به‌هاییه‌کان
کوشت و بڕی به‌هاییه‌کان هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. له ره‌شه‌مه‌ی 1387 و بانه‌مه‌ڕی 1388ی هه‌تاوی هه‌فت که‌س له به‌هاییه‌کان که به‌رپرسایه‌تی ئایینی و ئیداری کۆمه‌ڵگای به‌هاییان له ئێران‌دا له ئه‌ستۆ بوو، ده‌ستگیر کراون و له گه‌ڵ مه‌ترسی ئێعدام به‌ره‌و روون. ئه‌وان به تاوانی مفسد فی الارض تاوانبار کراون. یه‌که‌م دادگایی کردنیان پاش چه‌ندین جار دواکه‌وتن له رێکه‌وتی 2ی رێبه‌ندانی 1388ی هه‌تاوی ده‌ستی پێ‌کرد. ئه‌وان به تۆمه‌تی سیخوڕی بۆ بێگانه، پڕوپاگه‌نده دژی نیزام، هاوکاری له گه‌ڵ ئیسرائیل، روو کردنی چه‌ندین به‌ڵگه ده‌سته‌به‌ندی کراوی بێگانه‌کان، کۆبوونه‌وه دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، بڵاوکردنه‌وه‌ی خراپه له سه‌ر زه‌وی، تاوانبار کران. هه‌موو ئه‌م تاوانانه ره‌نگه سزایان مه‌رگ بێ، لایه‌نگرانی ئایینی به‌هایی هه‌میشه به سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و پیلان دژی ده‌وڵه‌ت تۆمه‌تبار کراون و له جێ به جێ کردنی ئازادانه‌ی رێ و شوێنه دینییه‌کانیان بێ به‌ش کراون. له‌م دواییانه‌دا ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی به‌هاییه‌کانیان به به‌شداری له نائارامییه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردن به مه‌به‌ستی رووخاندنی رێژیم تاوانبار کرد. یه‌کێ له جێگره‌کانی وه‌زاره‌تی ئیتڵاعات وتی: 13 تا 14 که‌س له به‌هاییه‌کان به هۆی به‌شداری له نائارامییه‌کان له رۆژی 6ی به‌فرانبار ده‌ستگیر کراون. دادستانی تاران رایگه‌یاند له ماڵی ده‌ستگیرکراوه‌کان چه‌ک و تفاقی جه‌نگی دۆزراوه‌ته‌وه.
که‌مایه‌تیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان
کورده‌کان: لانی که‌م 21 زیندانی سیاسی کورد ئێستا حوکمی ئێعدام‌یان هه‌یه‌و له‌م دواییانه‌شدا 2 زیندانی سیاسی له سێداره دراون. سه‌ره‌تا دادگا حوکمی 10 ساڵ زیندانی بۆ ئیحسان فه‌تاحیان بڕییه‌وه و پاشان دادگای پێداچوونه‌وه ئه‌و حوکمه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و له رێکه‌وتی20 خه‌زه‌ڵوه‌ر به تۆمه‌تی محاربه واته ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه که یه‌کێ له رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامییه له شاری سنه له سێداره‌ی دا. لاوێکی دیکه‌ی کورد به ناوی فه‌سیح یاسه‌مه‌نی 27 ساڵان به تۆمه‌تی هاوکاری له گه‌ڵ پژاک له رێکه‌وتی 16ی به‌فرانباری 1388ی هه‌تاوی به تاوانی محاربه له شاری خۆی له باکووری کوردستان له سێداره درا.
به‌لووچه‌کان: که‌مایه‌تی به‌لووچیش به‌ردوام قوربانی ئێعدامه‌کان بوونه. راده‌یه‌کی به‌رچاو له به‌لووچه‌کان بێ محاکمه‌ی دادپه‌روه‌رانه به تۆمه‌تی محاربه و ئه‌ندام بوون له رێکخراوێکی چه‌کداری دژبه‌ری رێژیم به ناوی بزووتنه‌وه‌ی به‌رگری خه‌ڵکی ئێران( پێشتر جوندوڵڵا بوون) له سێداره دراون. سی که‌سی دیکه‌ش هه‌ر به تۆمه‌تی محاربه له رێکه‌وتی 13ی بانه‌مه‌ڕی 1388ی هه‌تاوی له پێوه‌ندی له گه‌ڵ بومب نانه‌وه‌دا له زاهدان له به‌ر چاوی خه‌ڵکه‌وه له سێداره دران. له سێداره دانی ئه‌وان ته‌نیا دوو رۆژ داوای رووداوی ته‌قینه‌وه‌که بووه که، هه‌ر ئه‌مه نیشان ده‌دا که ئه‌وانه به‌شێوه‌یه‌کی دادپه‌ره‌وه‌رانه محاکمه نه‌کراون و قوربانی تۆڵه‌کردنه‌وه‌یه‌کی ده‌ست به جێ بوونه. له رۆژی 9ی جۆزه‌رداندا سێ که‌س و له 16 جۆزه‌ردان 2 که‌سی دیکه‌و 23ی پووشپه‌ڕ 13 که‌س هه‌ر له زاهدان به‌هه‌مان تۆمه‌تی محاربه له سێداره دراون. عه‌ره‌به‌کان: عه‌ره‌به‌کانی خووزستان که که‌مینه‌ی عه‌ره‌ب له ئێرانن هه‌میشه له گه‌ڵ توند‌و تیژی به‌ره‌و روو بوونه‌و له ره‌زبه‌ری 1388 له راپۆرتێک‌دا هاتووه که 7 که‌س له‌م که‌مایه‌تیه به تۆمه‌تی دژی ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و کوشتنی ئاخوندێکی شیعه له گه‌ڵ مه‌ترسی ده‌ست به جێی له سێداره دان به‌ره‌و روون.
لاوانی تاوانبار:
هه‌ر وه‌ک پێشتر وترا له ساڵی 2009 لانی که‌م 5 لاوی تاوانبار به جینایه‌ت له ئێران‌دا له سێداره دراون. جگه له مه‌لا‌ا گول حه‌سه‌ن که له راپۆرتی بانه‌مه‌ڕی 1388ی فیدراسیونی مافی مرۆڤ ئاماژه‌ی پێ کراوه 4 که‌سی دیکه‌ش له سێداره دراون. دڵارا دارابی له رێکه‌وتی 11ی بانه‌مه‌ڕی 1388ی هه‌تاوی به تۆمه‌تی کوشتنی عه‌لی جه‌عفه‌ری و له 30ی بانه‌مه‌ڕ بهنوود شوجاعی به تۆمه‌تی کوشتن و له رێکه‌وتی 19ی ره‌زبه‌ر موسڵح زه‌مانی به تۆمه‌تی ده‌ست درێژی به کچه هاوڕێیه‌که‌ی که، کچه هاوڕێیه‌که‌ی حاشای له‌م کاره کردووه له سێداره درا. ئه‌م چوار که‌سه هه‌ر چواریان له کاتی ئه‌نجامی تاوانه‌کانیان 17 ساڵیان بووه. به‌ڵام چه‌ندین ساڵ له زینداندا ماونه‌ته‌وه. کاتێ که له سێداره دراون به ته‌مه‌ن تر بوونه. ئه‌م شێوه کاره له کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا باوه. جگه له‌مه‌ش ده‌توانێ ئاره‌ش ره‌حمانی به تاوانبارێکی لاو بژمێردرێ.
به‌ردباران
پیاوێک به ناوی وه‌لی ئازاد له ره‌شه‌مه‌ی 1387ی هه‌تاوی له شاری ره‌شت له باکووری ئێران به‌ردباران کرا. دوو که‌سی دیکه‌ش به به‌ردباران مه‌حکووم کرابوون، وه‌کوو عه‌بدوڵڵا فه‌ریوه‌ر موقه‌ده‌م له سێداره دران. ئه‌فسانه‌ی.ر و ره‌حیم موحومه‌دی. له کاتی ئاماده کردنی ئه‌م راپۆرته لانی که‌م هه‌شت ژن و سێ پیاو به به‌رد باران مه‌حکووم کراون. ئه‌م ژنانه بریتین له: ئێران ئیسکه‌نده‌ری، خه‌یرییه والانیا، ئه‌شره‌ف که‌ڵهوڕی، کوبرا بابایی هاوسه‌ری ره‌حیم موحه‌مه‌دی، سه‌کینه مه‌حه‌مه‌دی له ته‌بریز که دوو جار داوای پێداچوونه‌وه‌که‌ی ره‌د کراوه‌ته‌وه. هاشمی نه‌سه‌ب، م.خ، سه‌ریمه سجادی 30 سالان خه‌ڵکی ورمێ، دایکی دوو منداڵه، سێ پیاوه‌که‌ش بریتین له: بووعه‌لی جانفشانی، خه‌ڵکی ورمێ یه‌ک مناڵی هه‌یه، موحه‌مه‌دعه‌لی نه‌ویدخومامی و ته‌قی ئه‌حمه‌دی که له ساڵی 1387 مه‌حکووم بوو.
چوارچێوه‌ی قانوونی
تا کاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی راپۆرتی فیدراسیونی مافی مرۆڤ له بانه‌مه‌ڕی 1388ی هه‌تاوی قانوونی جه‌زایی کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. به‌ڵام مه‌جلیس به‌گوێره‌ی ماده‌ی 85ی قانوونی ئه‌ساسی، ده‌سه‌ڵاتی به کومیسیونی قه‌زایی داوه تا گه‌ڵاڵه‌یه‌کی 737 ماده‌یی و، 204 تێبینی په‌سند بکاو جێ قانوونی ئێستای سزاکان بگرێته‌وه. مه‌جلیس له رۆژی 25 سه‌رماوه‌ز جێ به جێ کردنی قانوونی نوێی په‌سند کرد، به‌ڵام شۆرای نیگابان پاش پیداچوونه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌گونج له‌گه‌ڵ قانوونی ئه‌ساسی و شه‌رع دانا. له کۆتایی 1388ی هه‌تاوی گه‌ڕاندییه‌وه بۆ مه‌جلیس و داوای راست کردنه‌وه‌ی 80 ماده‌ی کرد. شۆرای نیگابان له کۆتایی نه‌زه‌ره‌کانی خۆی رایگه‌یاند که گیروگرفت و ناروونی زۆر له‌م په‌سندکراوه‌دا هه‌بووه‌و هێندێکی دیکه‌ش دواتر راده‌گه‌یێنرێن. تا کاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته هێشتا روون نیه که ئه‌و گه‌ڵاڵه نوێێه که‌ی په‌سند ده‌کرێ و جێگای قانوونی جه‌زایی ئێستا ده‌گرێته‌وه.
چوارچێوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی
په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مه‌ده‌نی و سیاسی که ئێران تێیدا ئه‌ندامه ده‌ڵێ: وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ سزای ئێعدام ته‌نیا بۆ جینایه‌ته گه‌وره‌کان به کار بێنن که، مانای جینایه‌ته گرینگه‌کانه که ده‌بێته هۆی مه‌رگ و له ناوچوون ... ده‌گرێته‌وه. تۆمه‌تی ئه‌و سزایانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدارانی قه‌زایی کۆماری ئیسلامی بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کا، ته‌نانه‌ت له حاڵی سه‌لماندنیانیش ناکه‌ونه چوارچێوه‌ی جینایه‌ته گه‌وره‌و گرینگه‌کان. ماده‌ی(1) 18په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافی مه‌ده‌نی و سیاسی" هه‌موو که‌س مافی ئازادی بیروڕا، بیروباوه‌ڕو ئایینیان هه‌یه". له لایه‌کی دیکه‌وه قانوونی بنه‌ڕه‌تی ئێران یه‌کسانی هه‌موو خه‌ڵکانی ئێران بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و زمانی و ره‌گه‌زی ده‌سته‌به‌ر ده‌کات.
- ئێران وه‌کوو وڵاتێکی ئه‌ندامی په‌یماننامه‌ی مافه‌کانی مه‌ده‌نی و سیاسی و کونڤانسیونی مافه‌کانی منداڵان، به‌ڵێنی داوه که لاوان و گه‌نجان ئێعدام نه‌کات. - کۆمیته‌ی مافه‌کانی منداڵانی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان داوای له ئێران کردووه تا هه‌موو جۆره ئه‌شکه‌نجه‌و هه‌ڵس وکه‌وت و سزا بێ به‌زه‌یانه‌و نامرۆڤایه‌تییه‌کان و سووکایه‌تی پێکردن وه‌کوو: بڕینی ئه‌ندامێکی له‌ش، شه‌لاق یا به‌ردباران ،دژی ئه‌و که‌سانه‌ی که له ته‌مه‌نی ژێر 18 ساڵه‌وه تووشی تاوان ده‌بن کۆتایی پێ بێنێ.
راسپارده بۆ ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی
کۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وام رێکه‌وتنامه و په‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی مافی مرۆڤ له بواری سزای ئێعدام پێشێل کردووه. - ئێعدامی تاوانباره لاوه‌کان رابگیرێ - ئێعدامی به‌ندییه سیاسییه‌کان و ویژدان رابگیردرێ - که‌ڵک وه‌رگرتن له سزای ئێعدام وه‌کوو ئامرازێکی سه‌رکوت دژ به که‌مایه‌تیه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان کۆتایی پێ بێنێ. - کۆتایی به سزای بێ به‌زه‌ییانه‌و نامرۆڤانه‌ی به‌ردباران کردن بێنێ. - وه‌کوو یه‌که‌م هه‌نگاو به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوکمی ئێعدام، به گوێره‌ی پێناسه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان سزای ئێعدام ته‌نیا بۆ جینایه‌ته گرینگه‌کان به‌رته‌سک بکاته‌وه. - به‌و وڵاتانه‌ی دیکه‌ی جیهان په‌یوست بێ به مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای ئێعدام و راگرتنی. راسپارده‌یه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی ئێمه له راگه‌یێندراوێکدا داوامان له کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی کردووه تا رێ و شوێنی کاریگه‌رتر بۆ پێڕاگه‌یشتن به بارودۆخی مافی مرۆڤ له ئێران له پێش بگری و ئێستاش جارێکی دیکه داواکه‌ی خۆمان دووپات ده‌که‌ینه‌وه.
کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێڤ
... سه‌رچاوه: پێشمه‌رگه‌کان
RSS
چاپ کردن/Print
|
|
|