لە یادی چلەمین رۆژی کووژانەوەی مۆمی تەمەنی نەمر تەها عەتیقی دا
ئهحمهد شێربهگی
ئهگهر ئهمهی خوارو نهکرایهوه تکایه ئێره کلیک بکهن بۆ بینین و گوێ گرتن
ئەو کاتە واپۆستی تەتەر
نامەبەری رێ یەکی دوور
زۆر پەشۆکاو،
ماندووشەکەت ،خۆی کردە ژوور،
بە دەستێکی لەرزۆکەوە، رەنگ بزرکاو
پسوولەی مەرگی تۆی دامێ،
بروام نەکرد
بڕوام نەکرد
رانەچڵەکیم،خۆم سڵ نەکرد،
کە بە پەلەو سەر لێشواو
خۆم گەیاندە لای ئەوانەی ئازیزت بوون
توێشەی هیوای داهاتووت بوون.
هەگبەی پڕی دەسکەوتت بوون.
خۆشتیان دەویست،خۆشت ویستن،
چاوپڕگریان سەیریان کردم!!
بروام نەکرد
بڕوام نەکرد،کاتێک لە وێنەتم روانی،
بزەی لێوتو زیتەزیتی چاوەکانتم،
لەرووناکیی کزەڵۆکەی
دوو مۆمی شێتی عاشق دا بەدیکردن،
قووڵ دەتروانی،
بروام نەکرد.
بڕوام نەکرد،
ئەوکاتەش وا،تابووتی ساردی بێ روحت
تاجە گوڵی رەنگ هەناریی دایپۆشیبوو،
تەرمت سەرمەست،لە بەرامەی بۆنی گۆڵاو،
پیلووی چاوت بە ئارامی نابوە سەر یەک،
نمێکی تەر دایپۆشیبوو،
بروام نەکرد.
بڕوام نەکرد، ئەو رۆژەی واچەشنی هەڵۆ
دات لە شەققەی شاباڵی باڵ،
ئەردت جێهێشت،
ئاسمان ئاوسانی باران بوو،
ماتو بێرەنگ
بە بێ دەنگی بۆ غەریبیت
ئەسرینی بە کوڵی دەرشت،
بڕوام نەکرد،
بڕوام نەکرد،
کاتێ چوومە ژێر تابووتت،
سووک بووی هیندەی رووحی مناڵ.
هەستم بە قورساییت نەکرد
چەشنی پەپوولەی سووکە باڵ.
بروام نەکرد
ئەوکاتەش وا
ئاڵای پرشنگی خۆری کورد،
بوو بە خەڵات دایانپۆشی.
خۆری ئاڵا،
لە سەر دڵت بووبەچرا،بە رووناکی ،
بەئارامی رۆیان هێشتی،
عەرزلە باوەشی گرتی؛
بروام نەکرد.
بڕکو ژانی ئەم کۆچبارەت،
ئەودەمە بوو:
یەکەم کەس بم،ببمە پێشەنگ!
کرو بێدەنگ،پێمەرەیەک،
گڵوخۆڵی سەر گڵکۆکەت: برێژمەسەر
چۆنم وێرا!
مێژووی زیندووی سێ دەیە خەم،
سێ دەیە ژان،
سێ دەیە ئێش،حەشار بدەم،
بروام نەکرد،بە دەستی خۆم ،
خۆڵ بکەمە سەرمێژووی خۆم!!
بەلام ئەمرۆ کە دەبینم،
ئەوەی عەشقی کوردستانتی لە دڵ دایە،
ئەوەی بۆ نەورۆز و
بۆ بەهاری سەربەستی کورد،
دەمێک سەر مەست،دەمێک عاشق،
دەمێکیش شێت و شەیدایە
ئەوەی دەروێشی رێگاتەو ئەتۆی ناسی
لە رووباریی بەتەوژمی شەپۆلاویت،
کەوتە مەلە،
ئۆگرت بوو،وەکوو ماسی
ئا لێرەیە،
راوەستاوەکزو خەمبار،
دەست لە سەر دڵ،بە ملی لار
یادو سۆزیی،
ئەو ساتانە دەکاتەوە،
کە تۆی ناسیی
ئەو کاتەیە:
ئارامیشێک رووم تێدەکا،
ئۆقرە دەگرم.
بروا دێنم؛
کە کۆچباری ئەمجارەیەت،
راستەو،دەبێ بیسەلمێنم.
بە حەسرەتی ئەوکاتانەی،
شینمان یەک بوو.
دڵمان یەک بوو،
ژینمان یەک بوو،
خۆزگەو هیواکانمان یەک بوو.
بە سەفەری یەکجارەکیت،
خۆم رابێنم.
بەڵام هاورێم!ئارام بنوو،
وچان بدە،با شەکەتی رێت دەر بچێ.
زۆرت جەور کێشا،بۆ گەل
زۆرت جەفا هاتە سەر ڕێ.
زۆر بێ مرادسەفەرت کرد،.
زۆر ئاواتت وەدی نەهات بردتە ژێر گڵ،
بەئارامی سەر بنێوە،
وچان بدە،
چاوەکانت بە ئارامی بخە سەر یەک،
بەهەر چرکە لە ساتێکی ئەو سی ساڵە،
بەڵێنی بێ،
لە هەر شوێنێ پێشمەرگەیەک،
گوڵێکی سوور
لە پەنجەرەی دڵی کەوتبێ،
لە هەر شوێنێ مەتەرێزێک
خوێنی گەشی پێشمەرگەیەک،
نەخشی کرد بێ،
ئەو کاتەش وا،کە پێنووسی مێهرەبانت
ڕستە ڕستە لە جوامێری،
لەگیانبەخشی،لە گەورەیی
پێشمەرگەکانی خۆر دەدوێ
ئەوزەمەنەش،دەنگی زوڵاڵو ئارامت
شەپۆل شەپۆل،فرمێسک فرمێسک،
ئاهەنگی شین،
هیندێ جاریش،گۆرانی ژین،
بە کوڵ دەچڕێ،
یادت بکەم
بەڵێنی بێ.
لە مەجلیسێ، لە کۆزیلەی هەر میوانی یەک،
لەگۆوەندورەشبەڵەکی هەرشایی یەک
یادت بکەم.
لە سەر کانیو لە کەناری هەر رووبارێ،
لە سەر دووندولە بناری هەر چیایێ
یادت بکەم،
لە هەر شوێنێ،
چرکەکانمان گرێ دەدا
چەلی وابوو بە ناو زاری هەژدیهاداو،
هێندێک جاریش لە ناو نوێنی خەونەکاندا
ساتەکانمان تێپەر دەکرد.
یادت بکەم، سەر دانوێنم.
کرنۆش بەرم،
باوەش بە رووحتدا بێنم.
بڵێم :
هاوڕێم،یادت بە خێر،
هەزاران جار یادت بە خێر
یادت بە خێر
یادت بە خێر
...........
سهرچاوه: پێشمهرگهکان
RSS
چاپ کردن/Print