وێنه: نهمر کاک تهها
ئامادە کردنی: رزگار شەریفی
بەشدارانی بەڕێزی رێ و ڕەسمی ماڵ ئاوایی کردن لە کاک تەهای ئازیز و خۆشەویستمان، سڵاوی ئێمەتان لێ بێ.
هەرگیز ناتوانم باوەر بکەم کە جارێکی دیکە مێژووی یەکی تاڵ و کارەساتێکی ئاوەها جەرگبڕ لە ئێمە دووپات دەبێتەو و دووبارە بۆ لە دەست دانی ئازیزێکی دیکەمان چاو پڕ لە فرمێسک و تازیەبار دەبینەوە.
پازدە ساڵ لە مەوبەر و لە دەشتی کۆیە بۆ شەهید بوونی باوکی خۆشەویست و ئازیزمان شەهید عەوڵای شەریفی شیوەنمان دەگێرا و ئەمرۆش بەهەزاران کیلۆمەتر دوور لە کوردستانی زێد بە دڵێکی بریندار و بە چاوی پڕ گریانەوە شیوەنی لە دەستدانی کاک تەهای خۆشەویستمان دەگێرین.
کاک تەها گیان، کاتێ کە تۆ دە ساڵ لەمەوبەر هاتیتە ناو ژیانمانەوە چارەنووس و زەمانە دەمێک بوو مەجبووریان کردبووم کە لە منالێک را ببم بە گەورەیەکی بەرپرسیار لە بەرامبەر دایکم و خوشک و براکانمدا و ئەرک و بارێکی چیها قوورسم کەوتبووە سەر شان، بەڵام ئا لەو سات و کاتانەدا بوو کە تۆ وهک فریشتەیەکی ئاسمانی هاتی بۆ ئەوەی کە لە غەمەکانی ئێمە کەم بکەیەوە. تۆ هاتیت و هەر لە یەکەمین رۆژی هاتنتەوە غەمەکانی ئێمەت کرد بە هی خۆت، تۆ هاتیت و باری قوورسی سەرشانی منت بە تەواوی لابرد. تۆ هاتیت و هەر لە یەکەمین رۆژی هاتنتدا بوویت بە باوک، بە مامۆستا بە نزیکترین هاورێ و بە هەموو کەس بۆ ئێمە. هەر بۆیە هاتنی تۆ بۆ ناو ژیانمان شاگەشکەی کردم و هەر ئەوەندە بوو کە لە خۆشیاندا باڵم نەدەگرت و هەلنەدەفریم.
کاکی خۆم گیان، قەت باوەرم نەدەکرد کە ئاوا زوو بەجێمان بهێلی و بۆ سبەینێ کە ساڵی تازەیە، ئاوا خەفەتبارمان بکەی. کاک تەها گیان ئاخر ئێستا کوا کاتی کۆچ کردن بوو بۆ تۆ، ئاخر کوا جەژنانە ئاوا دەبێ کاکی خۆم گیان.
ئاخ بۆ بەزەییت نایە کاک تەها گیان، ئێستاش پاش پازدە ساڵ زامی شەهید بوونی باوکی خۆشەویستم لە سەر جەستەمان سارێژ نەبووە کە تۆش بەجێمان دەهێلی و جەرگبراومان دەکەیەوە. کاک تەها گیان ئاخر ئێمە چۆن بەرگەی ئەو هەموو کۆستانە بگرین.
کاک تەها گیان هەموو کات هانام بۆ تۆ دەهێنا، گلەییەکانم لە فەلەکی زاڵم لە لای تۆ دەکرد، ڕازەکانی دڵم بۆ تۆ دەدرکاند. ئەی ئێستا لە پاش کۆچی تۆ هانا بۆ کێ بەرم کاک تەها گیان، نهێنیەکانی دڵم بۆ کێ بدرکێنم. لە کام کاک تەها بپرسم کە دەستم بگرێت و ڕێگام نیشان بدات.
کاکی خۆم گیان، چۆن دەبێ ئەو دڵە پاک و ساف و بێگەردەی تۆ ئاوا زوو لە لێدان بکەوێ، ئاخر تۆ نەتدەکوت تا زانیاریش گەورە نەبێت ناڕۆم بەجێتان ناهێڵم ، نە تدەکوت کاتێ زانیاریش چوو بۆ دانیشگا ئەو کات هەموو ئاوات و ئامانجەکانی منیش وەدی دێن، ئەوسا گەر مردیشم باکم نیە؟ کاک تەها گیان چۆن دەبێ ئەمجارە قەولی خۆت بەجێنەگەیەنی، ئاخر کوا ئەوە کاک تەها کەی ئێمەیە.
کاک تەها گیان دەمێک بوو لە بیرت دابووم کە ئەو جارە بۆ بیستی فێبروار کە ساڵرۆژی لە دایک بوونتە چ کادۆیەکت پێشکەش بکەم. کاکی خۆم گیان، خۆشت باوەر ناکەی کە چارەنووس ناچاری کردم کە دوێنێ بەیانی کە ئێستا بە تەواوی رۆژ نەبوبۆوە لە گەڵ ڕزگار بێینە ئێرە و شوێنی بە خاکسپاردنی تۆ دیاری بکەین، ئاخر کوا ئەوە رەوایە کاک تەها گیان.
کاک تەها گیان، ئێستا لە تەنیشتت راوەستاوم و لەگەڵ گەلاوێژ جل و بەرگی کوردیمان بۆ لەبەر کردووی. لێشم پرسی کە ئەو جارە کام کراس بپۆشم، بەڵام تۆ وەڵامت نەدامەوە. چاوم ڕوانی تا بزانم چۆن سەیرمان دەکەی و وەکو جاران پێمان هەڵدەڵێی تا وەپێکەنینمان بخەی، بەڵام نازانم بۆچی نەمدیتی.
کاکی خۆم گیان ئیتر نازانم لە چی بۆت بدوێم، تۆ ئەوەندە گەوەرەو پیرۆزیت لە لام کە هیچ وشەیەک نادۆزمەوە تا ئەو هەموو ڕێز و خۆشەویستیەی کە لە ناخمدا بەرامبەر بە تۆ کۆبۆتەوە، دەرببڕم. بەڵام کاکی خۆم گیان باش بزانە کە تۆ بە تەنیا ناڕۆیت، بەڵکو گەورەترین ئاواتی منیش لەگەڵ خۆتدا دەبەیتە ژێر گڵ.
ساڵەهای ساڵ بوو کە خەونم بەوەوە دەدیت کە خوێندنەکەم بە یەکجاری تەواو بکەم و بتوانم بە جۆرێک لە جۆرەکان قەرەبووی یەکێک لەو هەموو ڕەنج و ماندووبوون و خۆشەویستیەی تۆ بکەمەوە، بەڵام زۆر داخدارم کە چەند مانگی تر نەوەستایت و ئەو ئاواتەم بە ناکامی لەگەڵ خۆتدا دەبەیت. کاکی خۆم گیان .
کاک تەها گیان سپاس لەوەی کە هاتیتە ناو ژیانمانەوە و لە بوونەوەرێکی نیمچە مردووەوە زیندووت کردینەوە و دوویارە ژیان و هیوات هێنایەوە ناومان، سپاس کە ژیانی ناو نزیکترین دۆست و هاورێیانی خۆت لە سوئێد بە ژیان لەگەڵ ئێمە گۆریەوە. سپاس بۆ لە خۆبووردویت، سپاس کە دە ساڵی بێ وچان باوک و هاورێ و پشتیوان و غەمخۆرمان بوویت. سپاس کە لە پێناو پێگەیاندنی ئێمە و بۆ ئێمە ژیایت. سپاس بۆ هەموو ئەو سات و کاتە شیرینانەی کە بزە و زەردەخەنەت خستە سەر لێومان.
کاک تەها گیان بەڵێنت پێدەدەم کە ئێمەش هەمیشە قوتابی بەوەفا دهبین بۆت و هەرگیز ئامۆژگاریە بەنرخەکانت لە یاد ناکەین. کاک تەها گیان دڵنیابە کە هەتا ئەو ڕۆژەی دڵی ئێمەش لە لێدان دەکەوێت، لە بیرت نەکەین و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی تۆ هەوڵ بدەین. کاکی خۆم گیان دڵنیا بە کە خۆشەویستیت لە ناو خوێنماندایە و بۆ هەمیشە بەشێکی دانەبڕاوی لە ڕابردوو و لە ئەمرۆ و لە داهاتوومان.
کاکی خۆم گیان بەڵێنت پێدەدەم کە ئێرە دوا مەنزڵگەی تۆ نابێت و هەرکات هەل و مەرج ڕەخسا و ئازادی کوردستان کە یەکێک لە گەورەترین ئامانجەکانی ژیانت بوووە وەدیهات، لەگەڵ خۆمان بتبەینەوه بۆ کوردستانی زێدی ئازیزمان.
کاک تەها گیان تۆ نەمردوویت و قەت نامریت، یادی تۆ هەمیشە لە دڵماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. کاک تەها گیان تۆ ئەوەندە گەورە و پیرۆزیت کە هیچ وشەیەکی تر نادۆزمەوە تا باس لە مەزنی و گەورەیی تۆی پێبکەم. بەڵام کڕنۆشت بۆ دەبەم و سوجدە دەبەم بۆ گەورەیی رۆحی پاکت.
..
سهرچاوه: پێشمهرگهکان
RSS
چاپ کردن/Print