![]() |
|||||
|
![]() وێنه ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان: له راست بۆ چه‌پ، کاک ئه‌حمه‌د شێربه‌گی ، کاک عه‌بدوڵای عیزه‌ت پوور، شه‌هید کاک دوکتۆر سه‌عید، نه‌مر کاک ته‌ها و شه‌هید کاک حه‌سۆ عه‌لی پوور چ زوو ڕۆشتی، ئه‌م ژیانه چ زوو ده‌رباز بوو، هه‌ر وا ئه‌زانم دۆێنیه که بۆ یه‌که‌م جار له قر‌چه‌قرچی گه‌رمای هاوینی 1984 له گه‌وره دێ هاتمه به‌رده‌م چادره‌که و وتم کارم به کاک دوکتور سه‌عید هه‌یه، له سه‌ره‌خۆ سه‌رت به‌رز کرده‌وه و ئاره‌قه‌ی ناو ته‌وێلت سڕیه‌وه و وتت: وه‌ره قومێ ئاوی سارد وه‌خۆ ئێسته دوکتور دێت. دیاره پێش ئه‌و دیداره من تۆم ئه‌ناسی، نه‌ک هه‌ر من به‌ڵکو به ملیۆن کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی و باشوری تۆیان ئه‌ناسی، تۆ ئه‌و میوانه خۆێن شیرنه نه‌دیتراوه بووی که هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی به ده‌نگی نه‌رم، قسه‌ی گه‌رم، وشه‌ی جوان و ده‌ربڕینی پڕ له ناوه‌رۆک، وه‌ڵامی نامه‌ی گوێگره‌کانت ئه‌دایه‌وه و به دوای وه‌ڵامه‌کانا ئه‌گه‌ڕای و به کوردیه‌کی پاراو و وردکردنه‌وه‌ی ساده و خۆماڵیانه گرینگیت به گوێگر و گویگرت هۆگر به ڕاستی و زانست و تێگه‌یشتن ئه‌کرد. بێگومان ئه‌و سه‌رده‌مانه وه‌ک ئێسته سیگناڵی ساتالیته‌کان دزه‌یان نه‌ده‌کرده ناو ماڵه‌کانا و ته‌نیا ڕادیۆی ده‌نگی کوردستانی ئێران بوو له ژێر ته‌وژمی پارازیتی حکومه‌تی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی ئیڕانا شه‌پولی ئه‌دا و هه‌واڵه‌کانی به گه‌ل ده‌گه‌یاند و به‌رنامه‌ی جۆربه‌جۆری پێشکه‌ش ئه‌کرد. ئاوه‌که‌م خوارده‌وه و لیوانه‌که‌م له په‌نا ته‌په‌دوره‌که دانایه و ته‌ماشایه‌کی کاتژمێره‌که‌م کرد، سه‌ر به‌رز کرده‌وه و پێنوسه‌که‌ی دانا و تی: پێشمه‌رگه‌ی کام هێزی؟ وتم: پێشمه‌رگه‌ی هێزی بێستون بوم به‌ڵام ئێسته له ناوه‌ندی ئاژوانم. بزه‌یه‌کی بێ گزه‌ی دایه ڕوما و تی: هێزی بێستون خۆشه‌ویستی خه‌ڵکی کوردن، به‌و عه‌مه‌لیاتانه‌ی ئه‌یکه‌ن و به‌و هه‌موو ئازایه‌تیه‌ی ئه‌ینوێنن بونه‌ته جێگه‌ی شانازی هه‌موومان. هه‌ر زۆر خێرا له دڵما جێگه‌ی بویه‌وه نه‌ک قسه‌کانی به‌ڵکو ڕوحێشی سووک بوو قسه‌کانی له‌به‌ر دڵان بوون. ئه‌وکاته هێشتا وه‌ک ئێسته ده‌م و زمانم نه‌کرابویه‌وه و نه‌م ئه‌توانی به ئاسانی هه‌ستی خۆم ده‌ربڕم ده‌نا ئه‌موت: ئێوه‌ش ئازا و خۆشه‌ویستن، ئه‌وه نیه به‌م قرچه قرچی گه‌ر‌مایه له‌م گونده سوتاوه‌ی کوردستانا ده‌ست به قه‌ڵه‌م و خه‌ێاڵ فراوان بۆ پێشکه‌ش کردنی به‌رنامه‌ی ڕادیو ئاره‌قه‌ی ناوچاوان ئه‌سڕنه‌وه و ساتێ ناسره‌ون. به‌ڵی به‌ڕاستی ده‌ور و کاریگه‌ری ڕادیو ده‌نگی کوردستانی ئێران به‌رچاو بو، له ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانا جێگه‌ی خۆی کردبوه‌وه و خه‌ڵک بڕوایان پێ ده‌کرد و چاوه‌ڕوانی بون. به‌رنامه‌ی وه‌ڵامی نامه‌ی گوێگره‌کان وه‌ک سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی ڕاده‌ربڕین و ڕا گۆڕینه‌روه بوو، به‌رپرسی ئه‌وبه‌شه واته کاک ته‌ها به پشوو درێژی و له‌سه‌رخۆیه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی شی ئه‌کرده‌وه و گویگر هه‌ستی به ئاسوده‌ی ئه‌کرد. له ڕه‌وتی جوڵانه‌وه‌ی شوڕشگێرانه‌ی گه‌لی کوردا زور که‌س ده‌ور و کاریگه‌ریان هه‌بووه و به کار و چالاکی و فیداکاری شوێنیان دیار و کرده‌وه‌یان له‌به‌ر چاوانه، به‌ڕیوه‌به‌ران و بێژه‌ران و نوسه‌ران و به‌رپرسانی ڕادیو ده‌نگی کوردستانی ئێران له‌و گروپ و که‌سانه‌ن و ئه‌توانم به ڕاشکاویه‌وه بڵێم خۆێندکارانی کورد ئه‌توانن له‌سه‌ر ئارشێڤی ئه‌و ڕادیویه دوکترای زانستی خۆیان وه‌رگرن. کاک دوکتور سه‌عید هات، له‌به‌ری هه‌ستامه‌وه و نامه‌که‌م دایه، خۆێندیه‌وه و وتی: کاک مسته‌فا چۆنه( دیاره مه‌به‌ست کاک مسته‌فا هیجری سکرتێری ئێسته‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه و ئه‌و کاته به‌رپرسی ناوه‌ندی ئاژوان بو و ئه‌و نامه‌ی پێدابوم که بیده‌مه کاک دوکتور) منیش وتم باشه و هه‌واڵتانی ئه‌پرسی. کاک دوکتور نامه‌که‌ی خۆێنده‌وه و به کاک ته‌های وت: ئه‌زانی ئه‌م کوڕه پێشمه‌رگه‌ی هێزی بێستونه؟ وتی: به‌ڵێ پێکه‌وه هێندێ قسه‌مان کرد. پاشان کاک دوکتور وتی: دوای نان خۆاردن وه‌ره‌وه نامه‌یه‌کت بۆ ئه‌نوسم بۆ کومیسونی ته‌شکیلات سه‌رتا بچۆ ده‌وره‌ی کادری ببینه وپاشان وه‌ره‌وه ده‌وره‌ی بێ‌سیم ته‌واو که. کاک ته‌ها به پێکه‌نینه‌وه وتی: ئاوا بڕوا ساڵێکی دیکه ئه‌بێته ئه‌ندامای کومیته‌ی ناوه‌ندیش. له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه دا که کاک ته‌هام ناسی و له‌وکاتانه دا که ئه‌چومه بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی و سه‌ردانی ڕادیوم ئه‌کرد و به‌تایبه‌ت ئه‌و ماوه‌یه که له بێسمی ده‌بیرخانه کارم ئه‌کرد زیاتر و زیاتر له کاک ته‌ها وهاورێانی تێده‌گشتم و ڕێزیان زیاتر ده‌بوو له لام به‌و کار و کرده‌وه وتێکۆشانانه‌ی ئه‌یانکرد. ته‌ها عه‌تیقی مروڤێکی به توانا، زانا، ساده، بێ فیز و خاوه‌ن بڕوا و هه‌ڵۆێست و ده‌ربڕینی خۆی بو. چ زوو ئه‌ڕوا ئه‌م ڕۆژگاره بێ پشویه، چه‌نده کورته ئه‌م ژیانه پڕ له ژانه‌ی مروڤ و چه‌نده ناخۆشه که خاڵیک له ژیانا ڕه‌ش ده‌بێته‌وه و بچوک ده‌بێته‌وه و ئیتر نابیدرێ و ئه‌ویش خاڵی کۆتاێی ژیان و مردنی مروڤه. ئه‌گه‌ر چی بڕاو به‌و مردنه ناکه‌م به‌ڵام دیسان خه‌مبارم به‌و هه‌واڵه و دڵنیام که ئارشیڤی ڕادیو ده‌نگی کوردستانی ئێران و ئه‌و دوو ده‌یه خه‌باتی پێسمه‌رگانه ناهێڵن ته‌ها و ته‌هاکان بمرن و له‌بیر بچنه‌وه و ژیان و مردنیان جێگای ڕیز و خوشه‌ویستی و پێزانینه. یادت به‌خێر کاک ته‌ها عه‌تیقی و ڕیگات کراوه و پڕ ڕێبوار بێت. هیوا گوڵ محه‌مه‌دی 2009-12-29 |
| |||
| هه‌موو مافه‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه پارێزراوه | |||||
ده‌س خۆش کاک هیوا
سڵاو له گیانی پاکی کاک ته‌ها، بێگومان ده‌نگی کاک ته‌ها له گوێی هه‌زاران گه‌نجی وه‌کو من که کاک ته‌هامان نه‌بینیوه ئه‌مێنێته‌وه،من زۆر منداڵ بووم کاتێک گوێم له ده‌نگی رادیو کوردستان ئه‌گرت، به‌ڵام ده‌ت ئه‌و ده‌نگه پرسۆزه‌ی کاک ته‌هاو کاک ئه‌حمه‌دی شێربه‌گیم له بیر ناچێ.
ڕؤحی شاد‌و هه‌زاران سڵاو له گیانی پاکی شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی
کاک هیوا ئه‌گه‌ر ئیمایلی خۆتم بۆ بنێری به ئه‌و ئادره‌سه،سپاست ئه‌که‌م
به‌سپاسه‌وه
سه‌روه‌ت حوسێنی\سوید
............