| |
|
Date: 27 Sep 2009 / Views: 322
کوشتاری به کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی گوندی قارنێ 2, حامید گەوهەری
 http://hamedgohary.kurdblogger.com
به‌شی دووه‌م:
- هه‌وڵدان بۆ ده‌ستگیرکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی که پێکهێنه‌ری ڕووداوه‌کانن به‌رده‌وامه. ژماره‌یه‌کی زۆر به‌شوێن دۆزینه‌وه‌ی خوڵقێنه‌رانی کاره‌ساتی قارنێن و ئه‌گه‌ر ده‌ستگیر بکرێن، ده‌ستبه‌جێ ده‌درێن به دادگای شۆڕشی ئیسلامیی.
ده‌سه‌ڵاتداره توندڕه‌وه‌کانی کۆماری ئیسلامیی له حکومه‌تی مه‌هدی بازرگاندا ڕایانگه‌یاند مه‌هدی به‌هادوران نوێنه‌ری خومه‌ینی نه‌بووه و دژ به‌وه ڕاوه‌ستان که چه‌مران دره‌به‌گه‌کانی کوردستانی پڕچه‌ک کردبێت. له به‌رامبه‌ردا، حیزبی توده‌ی ئێران له ژماره‌ی 72ی ڕۆژنامه‌ی "نامه مردم"، ئۆڕگانیی ئه‌و حیزبه، ڕۆژی دووشه‌ممه 30/7/1358، وتارێکی له‌ژێر سه‌ردێڕی (میوه‌ی شه‌ڕ به‌سه‌ر لکی نه‌مامی شه‌ڕ و توڕه‌یی و چه‌ک له کوردستاندا) وه‌ڵامی هه‌ڵوێستی حکومه‌ت ده‌داته‌وه و ده‌نوسێت:
- ده‌رباره‌ی ڕاگه‌یاندنی ده‌فته‌ری سه‌رۆکوه‌زیران، به‌رله هه‌موو شتێک ده‌بێت بڵێین که ته‌نیا وه‌ڵامی ڕوون و ڕاسته‌وخۆ له‌و ڕاگه‌یاندنه‌دا، له وه‌ڵامی ڕاپۆرتی مه‌هدی به‌هادراندا، ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێن "ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ک له لایه‌ن دوکتۆر چه‌مرانه‌وه گوتراوه، به ته‌واویی درۆیه". وه‌ڵامه‌کانی تری حکومه‌ت ناڕوون و دوو لایه‌نه‌ن و وه‌ڵامی به‌شی زۆری نووسراوه‌که‌ی به‌ڕێز به‌هادوران نه‌دراوه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌لانه‌ی که ده‌رباره‌ی تیمسار زه‌هیرنژاد و سه‌رهه‌نگ شه‌هبازیان و فه‌رمانده‌کانی تری سوپا و ژاندارمه‌ریی و "فه‌رمانده‌کانی ئێستای کوردستان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا و پاوه" گوتراوه، ده‌رباره‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی "جه‌وانمه‌رده" دامه‌زراوه‌کانی ژاندارمه‌ریی و به ڕواڵه‌تی موجاهیده‌کانی نه‌غه‌ده که به‌ڕێز مه‌عبودی و سه‌رگورد نه‌جه‌فی سه‌رپه‌رشتییان ده‌که‌ن، ده‌رباره‌ی ئوستوار بێگله‌ری، ده‌رباره‌ی "ئه‌وانه‌ی به ڕواڵه‌ت مه‌لان و ساواکین و دژایه‌تی کورد ده‌که‌ن، ده‌ره‌به‌گه چه‌کداره‌کان که له لایه‌ن سوپا و ژاندارمه‌رییه‌وه پڕچه‌ککراون" و ته‌نانه‌ت دادگاکانی شۆڕش و سوپای پاسدارانیش "ده‌سه‌ڵاتی پێویستیان نیه که پێشیان بگرن" ، واته ئه‌وانه‌ی له ڕاپۆرتی به‌ڕێز مه‌هدی به‌هادراندا هاتووه، حکومه‌ت چ وه‌ڵامێکی بۆیان هه‌یه؟
ده‌رباره‌ی به‌شه‌که‌ی تری ڕاپۆرته‌که وه‌ک پڕچه‌ککردنی ده‌ره‌به‌گه‌کان دژی خه‌ڵکی هه‌ژار و چه‌وساوه، هاندان و پێکهێنانی دوژمنایه‌تی له‌نێوان تورکه‌کان و کورده‌کاندا، کوشتاری خه‌ڵکی قارنێ و تاڵانکردن و سوتاندنی گونده‌کان، هاندانی هه‌ستی دژی کوردان، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له کورده بێتاوانه‌کان، ڕێگه‌گرتن له ده‌ستگیرکردن و سزادانی پێكهێنه‌رانی ئه‌و تاوانانه که له بڵاوکراوه‌که‌ی سه‌رۆکوه‌زیراندا ئاماژه‌یان بۆ نه‌کراوه! حکومه‌ت چ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی کردووه و چ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی بۆ خه‌ڵک هه‌یه؟
وا دابنێین که به‌ڕێز به‌هادران نوێنه‌ری ئیمام نه‌بووه له ناوچه‌که‌دا، به‌ڵام ئێرانییه، موسوڵمانه و مرۆڤێکه که به لێکدانه‌وه‌ی خۆی (25) ڕۆژ له کوردستان خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه بووه و ڕاپۆرتی خۆی ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتداران کردووه. نابێت ڕاپۆرته‌که‌ی بێبایه‌خ بکرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که نوێنه‌ری ئیمام نه‌بووه.
ئێمه ڕای خۆمان دووپات ده‌که‌ینه‌وه: ئه‌و کاره‌ساته‌ی که له کوردستان هه‌یه به هه‌موو شێوه‌یه‌ک بۆ تێگه‌یشتن ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه هیوادارین به بینینی دروستی حکومه‌ت و هیمه‌تی برایان و خوشکانی کورد و به یارمه‌تی هه‌موو حیزب و هێزه‌کان و لایه‌نه نیشتمانپه‌روه‌ره‌کانی وڵات، به زوویی کۆتای‌یان پێبێت. گه‌لی کورد داوای مافێک ده‌کات که له شیری دایک حه‌ڵاڵتره و ئه‌ویش به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌که‌ی خۆیان و که‌ڵکوه‌رگرتنه له زمان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تی له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی یه‌کگرتوودا، به پاراستنی ته‌واویه‌تی خاکی ئێرانه‌وه. کاتێک له به‌رامبه‌ر داخوازییه‌کی ئاوا سروشتیی‌دا که جێبه‌جێکردنی سه‌د له سه‌د له چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامییدا ده‌گونجێت، کار ده‌گاته قه‌تڵوعام، سه‌ربڕین، سک دڕین، چاوده‌رهێنان و به‌ڕێخستنی تانک و تۆپ و هێلیکۆپته‌ر و فڕۆکه و خوێنی به‌ناحه‌قی خه‌ڵکی کورد و ئازه‌ریی و فارس له سه‌ر ئه‌م خاکه ده‌ڕژێت. بێگومان ده‌بێ دڵنیابین که ده‌ستی "ئیبلیس" واته ئیمپریالیزم و زایونیزم و پاشماوه‌کانی ڕژێمی ڕوخاو له کار‌دایه و کاتێک که‌سێکی ئێرانیی به ناو و نیشانی خۆی و به ئاراسته‌کردنی به‌ڵگه‌وه که خۆی باوه‌ڕی به ڕاستبوونیان هه‌یه، ده‌یه‌وێت گۆشه‌یه‌ک له کاره‌کانی ئیبلیس پێشانی ئێمه بدات، ده‌بێ به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه پێشوازیی لێبکرێت و خه‌ڵک به دروستیی له‌و "گه‌نه"یه ئاگادار بکرێت که به‌تایبه‌تی له‌م ڕۆژانه‌دا که هه‌موو لایه‌ک ده‌ستمان داوه‌ته ده‌ستی یه‌کتر و هه‌وڵده‌ده‌ین وڵاتی خۆمان له کاره‌ساتی براکوژیی ڕزگاربکه‌ین. په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ست و شێوازانه‌ی که کاره‌کانیان به‌و کاره‌ساته گه‌یاندووه ، یارمه‌تی سه‌رکه‌وتنی ڕێگه چاره‌ی ئاشتییانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کوردستان ده‌دات، چونکه ئه‌و ئیبلیسانه نه‌خه‌وتوون و دیسانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ دانانی کۆمه‌ڵێک له‌مپه‌ر که نه‌هێڵن وتووێژی ئاشتیی به ئاکام بگات.
هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌ی ئیتلاعات له ژماره‌ی ڕۆژی 16/9/1358دا باس له تاوانی سامناکی گوندی قارنێ ده‌کات و ده‌نوسێت: خه‌ڵکی قارنێ چۆن قه‌تڵوعام کران؟ کێ بوون ئه‌وانه‌ی له کاتژمێر 1300ی ڕۆژی 11/6/1358دا خه‌ڵکی قارنێ یان قه‌تڵوعام کرد؟ بنه‌ماڵه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته داوای سزادانی به‌رپرسانی قه‌تڵوعامی قارنێ ده‌که‌ن!
کاتژمێر یه‌کی پاشنیوه‌ڕۆی یازده‌ی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ، گوندی قارنێ که ده کیلۆمه‌تر له شاری نه‌غه‌ده‌وه دوره، له په‌لامارێکی داخهێنه‌ری سێ کاژێریی‌دا، (47) که‌سی لێکوژرا. له نێوان چل بنه‌ماڵه‌ی نیشته‌جێی ئه‌و گونده‌دا، له هه‌ندێک بنه‌ماڵه‌دا یه‌ک و له هه‌ندێکیشیاندا شه‌ش که‌س کوژران. کوژراوه‌کان بریتی بوون له ژن و پیاوی پیر و گه‌نج و ته‌نانه‌ت به‌شێکیان مناڵ بوون و ته‌مه‌نیان له ژێر پێنج ساڵه‌وه بوو.
پلانی تاوان: که‌م که‌س ده‌توانێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی کاره‌ساتی قارنێ دا‌نیشێت و گوێ بگرێت له‌و به‌سه‌رهاته‌ی که له ماوه‌ی سێ کاتژمێردا به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه هاتووه و خه‌م هه‌ڵینه‌گرێت. خه‌ڵکی قارنێ ده‌رباره‌ی ئه‌و کاره‌ساته، زانیاریی ڕاسته‌وخۆ و ڕوو‌نیان هه‌یه. هه‌مزه‌ی شه‌ریفی ته‌مه‌ن پانزده ساڵ خوێندکاری ساڵی سێیه‌می ڕێنمایی، به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر سه‌باره‌ت به کاره‌ساتی کاتژمێر یه‌کی پاشنیوه‌ڕۆی یازده‌ی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ ئاشکرا ده‌کات. به‌گشتیی هه‌موو بنه‌ماڵه‌کانی شه‌هیدانی گوندی قارنێ ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه. به‌ڵگه‌که ئه‌مه‌یه، که‌سێک به ناوی حاجی عه‌زیمی مه‌عبودی بۆ خه‌لیلی خه‌سره‌وی کوێخای دێ و چه‌ند پیاوی ماقوڵی دێی نووسیوه. نامه‌که له‌سه‌ر کاغه‌زی مارکداری توجاره‌تخانه‌ی مه‌عبودی، خاوه‌ن شه‌ریکه‌ی تراکتۆری "یونیڤێرسال" له شاره‌کانی نه‌غه‌ده، پیرانشار، شنۆ و ده‌وروبه‌ر نوسراوه. خه‌ڵکی قارنێ ده‌ڵێن: ئه‌و یه‌کێکه له ده‌ربه‌گانی سه‌ربه ڕژێمی پێشوو. نامه‌که ڕۆژێک به‌رله کاره‌ساتی قارنێ نووسراوه و ده‌قه‌که‌ی به‌م جۆره‌یه:
به‌ڕێز به‌هلول گوڵستانی و عه‌زیز بازدار و خه‌لیل خه‌سره‌وی. دوای سڵاو ، داواده‌که‌م بۆ هاتوچۆی شار بۆ خوارده‌مه‌نی گوندی قارنێ، بۆ خۆتان و برایانی تری گوندی قارنێ هاتوچۆتان هه‌بێت. هه‌ر که‌سێک بچوکترین گرفت بۆ ئێوه و بۆ برا کورده‌کانی تر پێکبهێنێت، زوو بچنه لای "ئینتزامات"، یان وه‌رن بۆ لای خۆم تا ئه‌و که‌سه به ناوی دژی شۆڕش بگرم و ته‌سلیمی کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی بکه‌م. به‌گشتیی هیچ مه‌ترسییه‌کتان نه‌بێت، ئێمه برای یه‌کترین.
به ڕێزه‌وه ، حاج عه‌زیم مه‌عبودی
ئیمزا 10/6/1358
گه‌ماڕۆدانی گوند: ڕۆژنامه‌ی ئیتلاعاتی ڕۆژی 16/9/1358، له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌که‌یدا ئاماژه بۆ نامه‌ی مه‌عبودی ده‌کات و ده‌ڵێت: له‌و نامه‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که خه‌ڵکی گوندی قارنێ نیگه‌ران بوون و مه‌به‌ستی نووسه‌ری نامه ئه‌وه بووه که خه‌ڵکی قارنێ ئارام بکاته‌وه و به ڕواڵه‌ت سه‌رکه‌وتووه. هه‌مزه ده‌ڵێت: ڕۆژی 11ی خه‌رمانان ده‌وری دێیان به ته‌واویی به تانک و تۆپ گه‌ماڕۆ دابوو. کاتژمێر یه‌کی پاشنیوه‌ڕۆ نزیکه‌ی (100) که‌س له‌گه‌ڵ که‌سێک به ناوی قادری، به به‌رگی موجاهیده پاسداره‌کانه‌وه ڕژانه ماڵه‌کانه‌وه و هه‌ر که‌سێکیان ده‌ستکه‌وت، کوشتیان و سه‌ریان بڕی. مه‌لای دێ به قورئانێکه‌وه چووه لایان و سوێندی بۆ خواردن که خه‌ڵکی ئه‌م دێیه هیچ تاوان و گوناهێکیان نیه. هێرشکه‌ران ده‌ستبه‌جێ مه‌لای دێیان کوشت و سه‌ریان بڕی و سه‌ره‌که‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان برد به چه‌شنێک که هێشتا سه‌ری مه‌لای دێ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
ژنێک که له‌و کاره‌ساته‌دا دوو مناڵی 15 و 18 ساڵه‌ی کوژرابوو، ده‌ڵێت: ئه‌وان به‌زه‌ییان به هیچ که‌سدا نه‌هات. ئێمه نه‌ک هه‌ر ئه‌و هه‌موو بێبه‌زه‌ییه‌مان نه‌بینیبوو، به‌ڵکوو نه‌شمانبیستبوو. ئه‌وانه‌ی که ئێستا زیندوون له‌وکاته‌دا یان له گوند نه‌بوون یان توانییان به جۆرێک خۆیان بشارنه‌وه.
ده‌رباره‌ی چه‌شنی چه‌که به‌کارهاتووه‌کان له‌و کاره‌ساته‌دا، پیره‌مێر‌دێک به ناوی سه‌ید ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: ژماره‌یه‌کیان به تفه‌نگ کوشت و هه‌ندێکیشیان به کێرد و چه‌قۆ سه‌ربڕی و ژماره‌یه‌کیش به‌تایبه‌تیی مناڵه‌کانیان به شه‌ق و له‌ژێر پۆتینه‌کانیاندا خنکاند. سه‌ید ئه‌حمه‌د ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی کوژرانی نۆ ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌و کاره‌ساته‌دا، ده‌ڵێت: ئه‌و ڕۆژه من له نه‌غه‌ده بووم و ئێواره که گه‌ڕامه‌وه قارنێ ، دۆزه‌خم به چاوی خۆم بینی.
خه‌ڵک چی‌یان ده‌وێت؟ پتر له سێ مانگ له کاره‌ساتی قارنێ تێده‌په‌ڕێت. خه‌ڵکی ئازاردراوی ئه‌و گونده سه‌ره‌ڕای کوژرانی ئازیزانیان، به ده‌ردێکی مه‌زنی تریشه‌وه ده‌ناڵێنن، ده‌ڵێن: ده‌ردی ئێمه ئه‌وه‌یه که له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ که‌س به ده‌نگی ئێمه‌وه نه‌هاتووه. هیچ که‌س نه‌هاتووه که بارودۆخی ئێمه ببینێت. ئێمه قاتڵه‌کانی ئازیزانمان ده‌بینین که سه‌رکه‌وتووانه به ئارامیی به لاماندا تێده‌په‌ڕن. هه‌ندێکیان به هۆی ئه‌و تاوانه‌وه ته‌نانه‌ت خه‌ڵاتیش کراون! ئێمه ده‌زانین که پلان‌داڕێژی ئه‌و تاوانه تیمسارێک بووه له سوپادا.
ئێمه پاره‌مان ناوێت! گروپێک له خه‌ڵکی قارنێ هه‌ر که ئاگاداربوون لیژنه‌ی وتووێژی ئاشتیی هاتووه‌ته کوردستان، به دوو مینی‌بوس له قارنێوه هاتنه مهاباد و به وته‌کانیان داریوش فروهه‌ریان خه‌مبارکرد. کاتێک فروهه‌ر به ژنێک که مێرده‌که‌ی و دوو کچی کوژرابوو، گوت: به کاره‌که‌ت ڕاده‌گه‌ن، ژنه‌که به ده‌نگی بڵند له کاتێکدا بوغوز گه‌رووی ده‌گوشی ، گوتی:
- له دێیه‌که‌ی ئێمه‌دا تاوان "جنایه‌ت" کراوه، ئێمه پاره‌مان ناوێت، ته‌نیا ده‌مانه‌وێت قاتڵی ئازیزه‌کانمان بگرن و موحاکه‌مه‌یان بکه‌ن و سزایانبده‌ن. ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌وانه‌ی په‌لاماری ماڵه‌کانی ئێمه‌یاندا و ژماره‌یه‌ک مناڵی بێ‌تاوانیان کوشت و ئێستا بێباکانه به لای ئێمه‌دا تێده‌په‌ڕن، ده‌ستگیر بکرێن و موحاکمه‌یان بکه‌ن. ئێمه جگه له عه‌داله‌ت، هیچمان ناوێت. ئێمه ده‌مانه‌وێت که‌سێک به دادی ئێمه بگات، که‌سێک بێته ئێره و به کاری ئێمه بگات. دوێنێ ژماره‌یه‌ک هاتن و گوتیان: شه‌ڕه و شه‌ڕیش شتی وای تێدا ڕوو ده‌دات، به‌ڵام به خوا به ئایین به پێغه‌مبه‌ر لێره شه‌ڕ نه‌بوو، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی بێ‌تاوانیان سه‌ربڕی. چۆن مناڵی چوار ساڵه ده‌توانێت به‌شداریی ڕاپه‌ڕین بکات!
فروهه‌ر به‌ڵێنی پێدان که وته‌کانیان به ئیمام بگه‌یه‌نێت و بنه‌ماڵه‌ی کوژراوه‌کانیش سواری مینیبوسه‌کانیان بوون و له حاڵێکدا که ساتێک له گریان و ناڵین نه‌ده‌بوونه‌وه و هه‌ر تازیه‌بار بوون، گه‌ڕانه‌وه گونده‌که‌یان.
ڕۆژی 26/6/1358 ئایه‌توڵا خومه‌ینی له قوم چاوی به بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی کاره‌ساتی قارنێ که‌وت. ڕۆژنامه‌ی که‌یهان له ژماره‌ی ڕۆژی 27/6/1358 دا به‌شێک له وته‌کانی خومه‌ینی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان بڵاوکردووه‌ته‌وه. خومه‌ینی له‌م باره‌یه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت که قه‌ره‌بووی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان ده‌کاته‌وه و ئه‌نجامده‌رانی کاره‌ساتی قارنێ به سزا ده‌گه‌یه‌نێت:
- بسم الله الرحمن الرحيم.... نوسراوه‌که‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌خوێنمه‌وه و کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ین. بزانن ئه‌وانه‌ی زوڵمیان له ئێوه کردووه، پێشتریش، دوێنێ شه‌و به‌ڕێز خلخالی پێی گوتم: له به‌دکاران بوون و سه‌رئه‌نجام ئینشائه‌ڵا گرفتار ده‌بن و من له‌م باره‌یه‌وه کاری بۆ ده‌که‌م که به عه‌داله‌ت به‌ڕێوه بچێت. ئه‌وانه‌ی زوڵمیان کردووه سه‌ر به کۆماری ئیسلامیی نه‌بوون، که‌سانی سه‌ر به کۆماری ئیسلامیی خه‌ڵک ناکوژن و زوڵم و ده‌ستدرێژیی ناکه‌ن، ئه‌وانه به‌دکار بوون که ئینشائه‌ڵا ده‌بێت دادگایی بکرێن و منیش ئینشائه‌ڵا کاری له‌سه‌ر ده‌که‌م. سه‌باره‌ت به ئاوایی ئێوه، ده‌کۆڵمه‌وه و هیوادارم قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه.
RSS
چاپ کردن/Print
|
|
|