| |
|
Date: 25 Sep 2009 / Views: 364
" کوشتاری به کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی گوند‌ی قارنێ" 1 , حامید گەوهەری
 کوشتاری به کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی گوند‌ی قارنێ http://hamedgohary.kurdblogger.com
به‌شی یه‌که‌م:
ڕۆژی 11/6/1358 له کاتێکدا چوار فڕۆکه‌ی بۆمبهاوێژی فانتۆم به‌سه‌ر شاری مهاباددا مانۆڕیان ده‌کرد و مه‌ترسییان له دڵی خه‌ڵکدا ده‌چاند، ژماره‌یه‌کی زۆر پاسدار و کۆمیته‌چی سه‌ر به مه‌لا حه‌سه‌نی له ورمێ و نه‌غه‌ده و جه‌ڵدیانه‌وه به سه‌رپه‌رشتی مه‌عبودی و سه‌رگورد نه‌جه‌فی سه‌رۆکی ئیتلاعاتی ژاندارمه‌ریی نه‌غه‌ده و عه‌زیزی قادری "کوڕی مام عه‌بدوڵای قادری جه‌ڵدیان" هێرشیان کرده سه‌ر گوند‌ی قارنێ له نێوان سه‌ربازگه‌ی جه‌ڵدیان و شاری نه‌غه‌ده و (68) که‌سیان به‌شێوه‌یه‌کی زۆر سامناک شه‌هید کرد. له‌و ژماره‌یه چه‌ند که‌سیان میوانی خه‌ڵکی گونده‌که بوون و به میوانیی هاتبوون ئه‌و گونده. به‌شێک له کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامیی له ناوچه‌که‌دا، ڕایانگه‌یاند که هێرشی هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامیی بۆ سه‌ر گوند‌ی قارنێ، به مه‌به‌ستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بووه له پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیموکرات که له به‌رزاییه‌کانی پاسگای دووئاودا، پانزه جاشپاسداری کۆمیته‌ی نه‌غه‌ده‌یان کوشتووه، به‌ڵام له ڕاستییدا تاوانی سامناکی کوشتاری به‌کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی گوند‌ی قارنێ، په‌یوه‌ندیی به‌و کاره‌وه نه‌بوو، به‌ڵکوو به‌شێک له‌و زنجیره تاوانانه بوو که هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامیی دوای فه‌رمانی ڕۆژی 27/5/1358 خومه‌ینی بۆ سه‌ر کوردستان و گه‌لی کورد جێبه‌جێیان ده‌کرد.
هێرشکه‌ران سه‌ره‌تا به چه‌ند تانک و ئوتۆمبێله‌وه به‌رزاییه‌کانی گوند‌ی قارنێ و کێڵگه و موچه‌کانی ده‌وروبه‌ریان گه‌ماڕۆدا که دانیشتووانی نه‌توانن خۆیان ده‌رباز بکه‌ن. دواتر ئه‌ڵقه‌ی گه‌ماڕۆکه‌یان ته‌نگ کرده‌وه و خه‌ڵکه‌که‌یان له ناو گونده‌که‌دا کۆکرده‌وه. دوای ئه‌وه به‌شێوه‌ی مه‌نگوڵه‌کان که‌وتنه گیانی خه‌ڵکه‌که و هه‌ر که‌سێکیان ده‌ستکه‌وت، به شێوه‌یه‌کی سامناک کوشتیان. مه‌لا مه‌حمودی مه‌ستورزاده مه‌لای گوند که چاوی به‌و دیمه‌نه ده‌که‌وێت، قورئانێک له‌سه‌ر تاخچه‌ی مزگه‌وتی دێ هه‌ڵده‌گرێت و به‌ره‌و پیری پاسداره‌کانه‌وه ده‌چێت و لێیان ده‌پاڕێته‌وه که خه‌ڵکی گوند ئازارنه‌دن و ئه‌گه‌ر بۆ ده‌ستگیرکردنی پێشمه‌رگه هاتوون، ته‌نانه‌ت تاکه پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌و گونده‌دا نیه.
له ڕاستییدا پاسداره‌کانی ئیسلام بۆ شه‌ڕ دژی پێشمه‌رگه و ده‌ستگیرکردنیان نه‌چووبوون، به‌ڵکوو بۆ جێبه‌جێکردنی فه‌رمانی خه‌زای خومه‌ینی و کوشتنی خه‌ڵکی بێتاوانی ئه‌و گونده چووبوون، بۆیه هه‌ر له‌وێدا به شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه مه‌لا مه‌حمود ده‌کوژن و دواتر سه‌ری ده‌بڕن. له‌شکری ئیسلام سه‌ری مه‌لا مه‌حمود له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات، به جۆرێک که تا ئێستا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. دواتر ماڵ به ماڵ هه‌ر چل بنه‌ماڵه‌ی گونده‌که ده‌پشکنن و هه‌ر که‌سێکیان ده‌ستده‌که‌وێت، ده‌یکوژن و له کۆتاییدا ته‌رمه‌کان ده‌به‌نه سه‌ر جاده بۆ ئه‌وه‌ی وا پێشانبده‌ن که ئه‌و خه‌ڵکه له شه‌ڕدا دژی پاسداران کوژراون! له ئاکامی ئه‌و کاره‌ساته سامناکه‌دا (68) که‌س کوژران و ته‌نیا ئه‌و که‌سانه ڕزگاریان بوو که له‌و ڕۆژه‌دا له گوند نه‌بوون. کاک مه‌نسور بلوری له وتاری "شه‌ڕی سێ مانگه له کوردستان" ناوی (60) شه‌هیدی کاره‌ساتی قارنێی بڵاوکردووه‌ته‌وه که بریتین له:
1- مه‌لا مه‌حمود به‌هتزاده 2- سه‌ید ڕه‌حمان تاهری 3- سید محه‌مه‌د تاهری 4- سه‌ید ئیسماعیل تاهری 5- حاج سه‌ید حه‌لی تاهری 6- سه‌ید قادر تاهری 7- ئامینه شه‌ریفزاده 8- حاجی ڕه‌حمان شه‌ریفزاده 9- عوسمان شه‌ریفزاده 10- مسته‌فا عه‌زیزی 11- محه‌مه‌د عه‌زیزی 12- محیدین ئه‌بر ڕۆشه‌ن 13- حاج شه‌ریف ئه‌بر ڕۆشه‌ن 14- ڕه‌حمان ئه‌بزه‌ن 15- ڕه‌حمان سلێمانی 16- ڕه‌حیم سوڵتانی 17- که‌رین سلێمانی 18- قادر سلێمانی 19- مسته‌فا ئه‌بزه‌ن 20- عومه‌ر عه‌باسی 21- جه‌عفه‌ر عه‌باسی 22- مسته‌فا عه‌باسی 23- محه‌مه‌د شه‌بڕه‌و 24- سلێمان هه‌مزه‌پور 25- ئیبراهیم پویا 26- ئیبراهیم ڕه‌سوڵی 27- عه‌لی چوپان ڕوستا 28- حه‌سه‌ن نه‌وجه‌وان 29- زێنه‌ب ڕامین 30- خاتوزین ڕامین 31- که‌ریم ڕامین 32- ئه‌حمه‌د ڕامین 33- ڕه‌حمان ڕامین 34- عوسمان ڕامین 35- ڕه‌سول خه‌سره‌وی 36- ڕه‌حمان خه‌سره‌وی 37- سه‌عید خه‌سره‌وی 38- عه‌بدوڵا خه‌سره‌وی 39- موراد خه‌سره‌وی 40- مسته‌فا خه‌سره‌وی 41- عوسمان خه‌سره‌وی 42- خالید خه‌سره‌وی 43- ڕه‌حیم خه‌سره‌وی 44- ئه‌بوبه‌کر شیشمان 45- جه‌عفه‌ر شیشمان 46- عه‌لی شیشمان 47- عوسمان شیشمان 48- ئه‌حمه‌د سه‌عاده‌تپوور 49- عومه‌ر ده‌روێشپوور 50- سه‌ید که‌رین ئه‌روندی 51- عه‌لی مه‌لا ڕه‌حیم له گوند‌ی دووئاو 52- حه‌سه‌ن مام ڕه‌سول له گوند‌ی ئاڵیاوێ 53- عه‌زیز مه‌رزه‌نگ 54- ئیبراهیم کایه‌ر 55- عه‌لی گاتوری 56- خه‌سره‌و ئه‌فشین 57- سه‌لاح عه‌لی زناوی 58- ئه‌بوبه‌کر حه‌سه‌نپوور 59- عوسمان ئه‌حمه‌دپوور 60- عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌دپوور.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سه‌باره‌ت به‌و تاوانه سامناکه‌ی که سه‌ربازانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له گوند‌ی قارنێ ئه‌نجامیاندا، ساڵی 1367 (1988) ، ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ی خواره‌وه‌ی بۆ ڕای گشتیی بڵاوکردووته‌وه. عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده ده‌قی به‌یاننامه‌که‌ی له ڕۆژنامه‌ی کوردستانی ژماره 141، خه‌رمانانی 1367 وه‌رگرتووه و له لاپه‌ڕه‌ی 164- 166ی کتێبی"نیو سه‌ده تێکۆشان" دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه و منیش له‌و کتێبه‌وه وه‌رمگرتووه:
- جینایه‌تی ڕۆژی 11ی خه‌رمانانی ساڵی 1358 له گوند‌ی قارنێ ، نمونه‌یه‌کی هه‌ره به‌رچاوی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و سیاسه‌ته دژی ئینسانییه سه‌باره‌ت به خه‌ڵکی کوردستان بوو. چه‌ند ڕۆژ پێشتر پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستان له نێوان ئاواییه‌کانی "قازنێ" و "دووئاو" و شوێنێک به ناوی "جه‌واڵه‌ڕه‌شه" ده‌ستێکی باشیان له هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم وه‌شاندبوو. به‌م به‌هانه‌یه، گوند‌ی قارنێ که له چه‌ند کیلۆمیتری شاری نه‌غه‌ده و له‌سه‌ر ڕێگای پیرانشار- نه‌غه‌ده هه‌ڵکه‌وتووه، له هه‌موو لایه‌ک ڕا گه‌مارۆ درا. به ڕواڵه‌ت له‌شکریانی ئیسلام به نیازی دیتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه ڕوویان له‌و ناوه کردبوو. خه‌ڵکی بێدیفاعی ئاوایی له نێو ئاوایی و له موچه و مه‌زرادا خه‌ریکی ئیشوکاری ڕۆژانه‌ی خۆیان بوون و له‌به‌ر ئه‌وه که پێشمه‌ریه‌ک له‌و ده‌وروبه‌ره نه‌بوو به دیتنی ئه‌فرادی ڕێژیم نیگه‌رانییه‌کی ئه‌وتۆیان له دڵدا پێك نه‌هات. به‌ڵام کاتێک له‌پڕ له هه‌موو ته‌پۆڵکه و به‌رزایییه‌کانی ده‌وروبه‌ری دێ ڕا که‌وتنه به‌ربارانی گولله به‌جیددی دڵه‌خورپه‌یان تێکه‌وت و به‌په‌له به‌ره‌و ئاوایی و نێو ماڵ و خێزانیان ڕایان کرده‌وه. هێنده‌ی پێنه‌چوو چه‌ند تانک و ژماره‌یه‌ک ماشین له ئاوایی نزیک بوونه‌وه و ژ-3 به‌ده‌ست و قه‌مه هه‌ڵگر لێیان دابه‌زین و به‌نێو کوچه و کۆڵانه‌کانی دێ وه‌ربوون. پاسدار و کۆمیته‌چییه‌کان قین و نفره‌تیان لێده‌باری و له ڕه‌نگ و ڕوو و ڕه‌فتاریان ڕا دیار بوو تینووی خوێنن، مه‌لا مه‌حمود مامۆستای ئاوایی زۆر زوو له مه‌به‌ستیان گه‌یشت. قورئانه‌که‌ی سه‌ر تاخچه‌ی هێناخوار و بۆ لایان وه‌ڕێکه‌وت. قورئان له‌و حاڵه‌ته‌دا ته‌نیا دڵگه‌رمیی مامۆستا و خه‌ڵکی ئاوایی بوو، به‌ڵام ڕێز گرتن له قورئان و وه‌ڵامی سڵاوی مه‌لا ڕێژنه گولله‌یه‌ک له سنگی مه‌لا بوو. ئیدی خه‌ڵکی بێدیفاعی ئاوایی حیسابی ته‌واویان هاته‌ده‌ست. به‌ڵام مخابن که ڕێگای ده‌رباز بوون و خۆ حه‌شار دان نه‌بوو. جینایه‌تکاران پۆل پۆل به ماڵان وه‌ربوون، دار و دیوار‌یان ده‌دا به‌ر ده‌ستڕێژی گولله و هه‌رکه‌سیان ده‌دیت له لاو و پیر، به زه‌بری قۆنداغی تفه‌نگ له ماڵیان ده‌هێنا ده‌ر و له‌به‌ر ده‌رگای ماڵ له‌نێو کوچه و له پێش ده‌رگای مزگه‌وت، له خوێنی خۆیاندا شه‌ڵاڵیان ده‌کردن. دوای چه‌ند سه‌عات کوشتار به‌ره به‌ره، حه‌زیای دڵی خوێن خۆره‌وه‌یان بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی دامرکا. ته‌رمی 68 که‌س له‌نێو ماڵ و کووچه و کۆڵانه‌کانی دێ دا وه‌سه‌ر خوێن که‌وتبوو. دوای ئه‌و مه‌ئموریه‌ته شه‌رعییه، سه‌ربازانی ئیسلام بۆ ده‌سخۆشانه وه‌رگرتن به‌ره‌و باره‌گای فه‌رمانڕه‌واکانیان گه‌ڕانه‌وه و "قارنێ"یان له‌نێو ماته‌م و خوێندا هێشته‌وه. به‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه، خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان، به ته‌واوی له نێوه‌ڕۆکی ڕێژیمی ئاخوندی و له‌شکریانی به‌ناو پارێزه‌ری ئیسلام گه‌یشتن.
تاوانی کۆماری ئیسلامیی له گوند‌ی قارنێ زۆر به‌په‌له له هه‌موو ئێران و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وی ئێران‌دا بڵاوبووه‌وه و هه‌ر که‌سه به شێوه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی دوا. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا دوکتۆر مسته‌فا چه‌مران جێگری سه‌رۆکوه‌زیران له حکومه‌تی کاتیی بازرگان دا، له کتێبی "کوردستان"بڵاوکراوه‌ی "بونیادی شه‌هید" که مه‌هدی چه‌مران پێشه‌کی بۆ نووسیوه، سه‌باره‌ت به کوشتاری خه‌ڵکی گوند‌ی قارنێ ده‌نوسێت:
- (کاتی ڕووداوی قارنێ من له پاوه بووم و ئاگاداری ڕووداوه‌که نه‌بووم. ئه‌وه‌ی بۆ ئێوه‌ی ده‌گێڕمه‌وه ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌که که دواتر کۆمیته‌ی لێکۆڵینه‌وه بۆ ئێمه‌ی ڕوونکرده‌وه. قارنێ گوندێکی کوردنشینه که حیزبی دیموکرات یا حیزبه چه‌په‌کان تیایدا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوون و نه‌غه‌ده شارێکی تورک نشینه. له جه‌ڵدیان، شنۆ و پیرانشار سه‌ربازگه و پێگه‌ی سوپا و ژاندارمه‌ری هه‌یه. ژماره‌یه‌ک جه‌وانمه‌ردی تورک و ژاندارمه و ئه‌ندامانی سوپا بۆ چوونه سه‌ر ئیشی ڕۆژانه‌یان له نه‌غه‌ده‌وه بۆ جه‌ڵدیان ده‌بووایه به‌و گونده‌دا بڕۆن. له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا خۆفرۆشه‌کان به به‌رده‌وامیی له ده‌وروبه‌ری قارنێ ده‌یانگرتن و ده‌یانکوشتن و تاڵانیان ده‌کردن و سه‌ریان ده‌بڕین. ته‌نانه‌ت گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که ئه‌گه‌ر که‌سێک له نه‌غه‌ده‌وه بچووایه بۆ جه‌ڵدیان، ناچار ده‌بوو دوو تانک له‌گه‌ڵ خۆی به‌رێت که له پێش و له پاشه‌وه بیپارێزن، تا له ده‌وروبه‌ری قارنێ هێرشی بۆ نه‌کرێت. بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌نێوان نه‌غه‌ده و جه‌ڵدیاندا، له ده‌وروبه‌ری قارنێ په‌لاماری تورکه‌کانی نه‌غه‌ده‌یاندا. دواجار هه‌ژده که‌س له تورکه‌کانی نه‌غه‌ده بۆ پشوودان له جه‌ڵدیانه‌وه ده‌گه‌ڕانه‌وه که له نزیک قارنێ په‌لاماریان ده‌ده‌ن و هه‌موویان ده‌کوژن و سه‌ریان ده‌بڕن و له‌شیان له‌ت له‌ت ده‌که‌ن و له ناوه‌ڕاستی جاده به‌جێیان ده‌هێڵن. ته‌نیا که‌سێک له‌وانه خۆی بۆ ڕزگار ده‌کرێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته نه‌غه‌ده و خه‌ڵک له‌و تاوانه ئاگادار ده‌کات و ژن و مناڵی گه‌وره و بچوک له نه‌غه‌ده‌وه خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه قه‌سابخانه‌که. کاتێک برا و مێرد و خزمه‌کانیان به له‌توکوتکراویی ده‌بینن، ده‌گرین و هاوار ده‌که‌ن. ئه‌و ژماره‌یه خۆیان ده‌گه‌یه‌نه نه‌غه‌ده و جه‌ڵدیان و پیرانشار و خزمه‌کانیان له‌و تاوانه ئاگادار ده‌که‌ن و خزمان و که‌سانی ده‌وروبه‌ریان له ده‌وری ئه‌و بنه‌ماڵه بێتاوانانه کۆده‌بنه‌وه و هێرش ده‌که‌نه سه‌ر قارنێ و (33) که‌س ده‌کوژن و تۆڵه‌ی خۆیان ده‌ستێننه‌وه!)
ئه‌وانه‌ی که زانیاری‌یان له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ئایدیۆ‌لۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌یه، ده‌زانن که درۆکردن و بوختان هه‌ڵبه‌ستن یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ڕێبه‌رانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌موو ئه‌و درۆیانه‌شیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دیارده‌ی "ته‌قیه" که شیعه‌ی دوانزه ئیمام له کۆماری ئیسلامییدا باوه‌ڕیان پێیه‌تی. ئه‌وان بۆ ڕاگرتن و هێشتنه‌وه‌ی ئیسلامی شیعه و قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان، درۆده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش به دیارده‌یه‌کی باش و به‌سود بۆ ئیسلام هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رج پشتی پێده‌به‌ستن، هه‌ر وه‌ک مسته‌فا چه‌مرانی تاوانبار بۆ فریودانی ڕای گشتیی درۆکانی به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه، به‌ڵام تاوانی سامناکی قارنێ به ڕاده‌یه‌ک دڵته‌زێن بوو که که‌سانی تاوانبار و جه‌لادی مه‌زنی وه‌ک سادقی خه‌لخالیش نه‌یتوانی له به‌رامبه‌ریدا بێده‌نگ بن. ناوبراو له نامه‌یه‌کیدا بۆ خومه‌ینی که له سایتی "ناظر کبیر" http://big- brother.blogfa.com/cat-3.aspx دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، داوا له خومه‌ینی ده‌کات له خوڵقێنه‌رانی کاره‌ساتی قارنێ بکۆڵێته‌وه:
به‌ڕێز ده‌فته‌ری ئیمام خومه‌ینی دامت برکاته
ڕووداوه دڵته‌زێنه‌که‌ی قارنێ دڵی هه‌موو مرۆڤێک ده‌سوتێنێت. مه‌لا مه‌حمودی مستورزاده که به قورئانه‌وه چووه پێشوازیی خه‌ڵکه‌که، داروده‌سته‌ی مه‌عبودی و سه‌رگورد نه‌جه‌فی و عه‌زیز قادری و مه‌لا حه‌سه‌نی، (65) که‌سیان به شێوه‌یه‌کی ده‌ردناک کوشتووه. ئه‌گه‌ر ئیمام له‌و کاره دڵسوتێنه‌ره نه‌پرسێته‌وه، ده‌بێ کام ده‌سه‌ڵات لێی بپرسێته‌وه.
به حورمه‌ته‌وه- سادق خه‌لخالی
20/6/1358
ڕای گشتیی ئێران و جیهان و مه‌زنبوونی کاره‌ساتی سامناکی قارنێ، سه‌رئه‌نجام ئایه‌توڵا خومه‌ینی و ئایه‌توڵا مونته‌زری ناچارکرد که مه‌هدی به‌هادران بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بارودۆخی کوردستان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا ڕه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌رێمه بکه‌ن. ڕۆژنامه‌ی که‌یهان له ژماره‌ی ڕۆژی 26/6/1358ی‌دا ده‌قی ڕاپۆرتی ئاڕاسته‌کراوی مه‌هدی به‌هادرانی بڵاوکردووه‌ته‌وه و ده‌نوسێت:
- ڕاپۆرتی نوێنه‌ری ئیمام سه‌باره‌ت به کوردستان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا. به‌ڕێز مه‌هدی به‌هادران له‌سه‌ر ڕاسپاردنی خومه‌ینی و فه‌رمانی نوسراو‌ی ئایه‌توڵا مونته‌زری بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بارودۆخی کوردستان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا ڕه‌وانه کرا. ناوبراو له ڕاپۆرتێکدا په‌نجه بۆ چه‌ند دیارده و پلانی جیاواز ڕاده‌کێشێ و ده‌نووسێت له کوردستان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوادا خه‌ریکه پیلانێکی نهێنی له لایه‌ن ڕێبه‌رانێکه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت که به ڕواڵه‌ت جێگه‌ی باوه‌ڕن. ده‌قی ڕاپۆرتی نوێنه‌ری ئیمام له سه‌ر کوردستان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا به‌م جۆره‌یه:
- (به ناوی خوا. حه‌زره‌تی ئیمام خومه‌ینی دام ظله. به‌ڵگه‌ی هه‌موو دیتنه‌کان و لێکۆڵینه‌وه‌کانی (25) ڕۆژه‌م له نه‌غه‌ده و ده‌روبه‌ری و شوێنه‌کانی‌تری کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاپۆرته ئاراسته ده‌که‌م:
1- هه‌ندێک به‌ڵگه هه‌ن که پێشانده‌ده‌ن له کوردستان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوادا پیلانێکی نهێنی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌و ده‌ره‌به‌گ و خاوه‌ن موڵکانه‌ی که له‌سه‌رده‌می ڕژێمی ڕابوردوودا ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ریی شایان به‌ده‌ست بوو له ناوچه‌که‌دا، له لایه‌ن که‌سانێکی وه‌ک دوکتۆر چه‌مران، تیمسار زه‌هیرنژاد فه‌رمانده‌ی له‌شکری 64 ورمێ، سه‌رهه‌نگ شه‌هبازیان و فه‌رمانده‌کانی‌تری سوپا و ژاندارمه‌رییه‌وه به ته‌واویی پڕچه‌ککراون و له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژاری ناوچه‌که‌دا که به ساڵان له لایه‌ن ده‌ره‌به‌گه‌کانه‌وه ئازار دراون، خراونه‌ته ژێر گوشاری ئه‌وانه‌وه.
2- ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی سوپا، له‌وانه فه‌رمانده‌کانی ئێستای کوردستان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا و ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی ژێرفه‌رمانیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که خاوه‌ن بیری ئایینیی و شۆڕشگێڕانه نین، له په‌نای کاره‌کانیاندا به جۆرێک تۆوی دوژمنایه‌تی و بیروبۆچوونیان له‌ناو تورک و کورده‌کانی ناوچه‌دا چاندووه که ئه‌و کێشه‌یه بۆ هه‌میشه ده‌مێنێته‌وه و بێگومان به‌و هۆیه‌وه دیموکراته‌کان، ئێمه تێکه‌ڵاوی شه‌ڕێکی پارتیزانیی ده‌که‌ن. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هۆی بێزاریی خه‌ڵکی بێتاوانی دژی کۆماری ئیسلامیی به‌رزکردووه‌ته‌وه، خه‌ڵکه‌که باوه‌ڕ به ئێمه ناکه‌ن و له ئاکامدا به‌ره‌و دیموکراته‌کان ده‌چن.
3- به‌گوێره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد که ڕاپۆرت و کاسێته‌کانی به‌ده‌سته‌وه‌ن، جه‌وانمه‌رده دامه‌زراوه‌کان له لایه‌ن ژاندارمه‌ریی و به ڕواڵه‌ت موجاهیده‌کانی نه‌غه‌ده که له‌ژێر فه‌رمانی به‌ڕێز مه‌عبودی و سه‌رگورد نه‌جه‌فی دان، به لایه‌نی که‌مه‌وه (45) که‌سی بێ‌تاوانیان له گوند‌ی قارنێ کوشتووه و دواتر کوژراوه‌کانیان له مه‌زراکاندا فڕێداوه که وا پێشانبده‌ن له شه‌ڕدا کوژراون و گونده‌که‌شیان تاڵانکردووه و ئاگریان تێبه‌رداوه. ئوستوار بێگله‌ری له "تۆیکان" پێنج که‌سی کوشتووه و ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لاوازیی، یان خیانه‌ت و پلانی فه‌رمانده‌کانی ژاندارمه‌ریی و هاندانی هه‌ستی دژی کورد و به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌ستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه دژی کورده بێتاوانه‌کان له لایه‌ک و له لایه‌کی تره‌وه هه‌ر چه‌نده به‌داخه‌وه بکه‌رانی ئه‌و کوشتاره ناسراون، به‌ڵام به هۆی پشتیوانی کردنی زه‌هیرنژاد له خیانه‌تکارانی ناوچه، ده‌ره‌تانی ده‌ستگیر کردن و به‌سزا گه‌یاندنیان نیه.
4- له نه‌غه‌ده و ده‌وروبه‌ری و ته‌نانه‌ت له هه‌موو کوردستان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوادا، یه‌کێک له هۆیه‌کانی شه‌ڕ و خوێنڕێژیی ژماره‌یه‌ک مه‌لای ساواکیی خاوه‌ن هه‌ستی دژی کوردن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌به‌گه چه‌کداره‌کان که له لایه‌ن سوپا و ژاندارمه‌رییه‌وه پڕچه‌ککراون و دادگای شۆڕش و سوپای پاسدارانی شۆڕش ناتوانن پێشیان پێبگرن، وه‌ک ڕووداوی قارنێ که وه‌ڵامی حوکمی قازی شه‌رع به‌ڕێزان خلخالی و ئومێد نه‌جه‌ف ئابادی نه‌درایه‌وه.
5- له په‌نای ڕێگه‌چاره‌ی سه‌ربازییدا، ڕێگه‌چاره‌ی فه‌رهه‌نگیی و ئایدیۆ‌لۆژیی و عیمران و ئاوه‌دانکردنه‌وه بۆ کوردستان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا پێویسته.
پێشنیاز:
- لابردنی ئه‌و به ڕواڵه‌ت مه‌لایانه‌ی که له دوو سێ مانگی ڕابوردوودا بوونه‌ته هۆی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ له نه‌غه‌ده و شوێنه‌کانی تردا.
- گرتن و سزدانی قاتڵان و تاڵانکه‌رانی قارنێ و به‌گم قه‌ڵا، سوتێنه‌رانی خه‌رما‌ن و ماڵه‌کانی دووئاو و شوێنه‌کانی تر.
- چاودێریی کردنی دادگاکانی شۆڕش و به‌هێز کردنیان بۆ ده‌ستگیر کردنی خیانه‌تکاران.
- لابردن یان سزادانی ئه‌و فه‌رمانده‌رانه‌ی که زانیاری‌یان داوه به دژه شۆڕشه‌کان و هه‌وڵی لاوازکردنی سوپای پاسداران ده‌ده‌ن. ناردنی دوو بازره‌س له لایه‌ن ئیمام، دوو بازره‌س له لایه‌ن حکومه‌ت و شورای شۆڕش و که‌سێکیش له لایه‌ن دادوه‌ری گشتییه‌وه.
به ڕێز و حومه‌رته‌وه: مه‌هدی به‌هادران
24/6/1358
هاوکات له‌گه‌ڵ لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌هدی به‌هادران لیژنه‌یه‌کیش له لایه‌ن مه‌هدی بازرگان سه‌رۆک وه‌زیران، دوکتۆر حه‌قگو پارێزگاری ورمێ و مه‌لا ساڵحی ڕه‌حیمی ئیمام جومعه‌ی کورده‌کانی نه‌غه‌ده ڕه‌وانه‌ی گوند‌ی قارنێ کرا. ئه‌ندامانی لیژنه‌که بریتی بوون له: حه‌کیم نژاد نوێنه‌ری سه‌رۆکوه‌زیرانی حکومه‌تی کاتیی، محه‌مه‌د باقر هاشمی نوێنه‌ری پارێزگاری ورمێ و عه‌بدوڵا ڕه‌حیمی برای حاجی مه‌لا ساڵحی ڕه‌حیمی. هه‌واڵنێری ڕۆژنامه‌ی که‌یهان له ڕاپۆرتێکیدا له‌سه‌ر کاری ئه‌و لیژنه‌یه که له ڕۆژنامه‌ی ڕۆژی 31/6/1358 که‌یهاندا بڵاوکرایه‌وه له زمانی پارێزگاری ورمێوه ده‌نوسێت:
..
RSS
چاپ کردن/Print
|
|
|