01-07-1388
ئاسۆ سه‌ییاد
سێ ساڵ‌و سێ مانگ‌و پێنج رۆژ دوای تێرۆركردنی سكرتێری گشتیی به‌وه‌جی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، هاوڕێ‌و جێنشینه لێهاتووه‌كه‌ی، دوكتور سادق شه‌ره‌فكه‌ندی له‌لایه‌ن ده‌سته‌یه‌ك تێرۆریست به پلانێكی داڕێژراو له‌لایه‌ن سه‌رانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه، تێرۆر ده‌كرێ. بێگومان شه‌هیدبوونی دوو رێبه‌ڕ له ماوه‌یه‌كی وا كورتدا، كاره‌ساتێكی تاڵ‌و جه‌رگبڕ‌و له هه‌مانكاتدا زه‌ربه‌یه‌كی قه‌ره‌بوو نه‌كراو‌و ئه‌سته‌م بوو له حیزبی دێموكرات‌و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان. به‌ڵام شوێن‌و نه‌خشی ئه‌و رێبه‌رانه هێنده به‌سه‌ر حیزبی دێموكرات‌و بزووتنه‌وه‌كه‌دا دیاره، كه دوای تێپه‌ڕینی بیست ساڵ به سه‌ر كاره‌ساتی ویه‌ن‌و حه‌ڤده ساڵ به‌سه‌ر رووداوی میكۆنووسدا، سێبه‌ریان هه‌ر تۆخه‌و كاروكرداریان سه‌رمه‌شق‌و هه‌وێنی تێڕامان‌و لـێ وردبوونه‌وه‌یه.
ئه‌وه روونه كه ئامانجی كۆماری ئیسلامیی ئێران له تێرۆركردنی دوكتور قاسملوو ئه‌وه بوو كه زه‌وی حیزبی دێموكراتی كوردستان ویشكایی بێتێ نه‌توانێ چی دیكه به‌رهه‌م بدا. كارامه‌یی دوكتور سادق شه‌ره‌فكه‌ندی ده‌بێته رێژنه بارانێك بۆ زه‌وییه‌كی تینوو.
ئه‌گه‌ر خاڵه وێكچووه‌كانی ئه‌و دوو رووداوه تاڵه ئه‌وه بن كه قوربانییه‌كان ئه‌ندامانی حیزبی دێموكرات بوون‌و له نێو وانیشدا سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی تێدا بوو، هه‌ردوو كرده‌وه‌كه‌ش كرده‌وه‌گه‌ڵێكی تێرۆریستی بوون‌و له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه پلانڕێژ كرابوون، خاڵی جیاوازیان ئه‌وه‌یه كه چاره‌نووسی لێكۆڵینه‌وه‌كانی دوای شه‌هیدبوونی كاك سه‌عید‌و هاوڕێكانی له ده‌ستی ده‌زگای ئه‌منییه‌تیی ئاڵمان‌و مامه‌ڵه بازرگانی‌و سیاسییه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته دێته ده‌رێ‌و رێگه‌ی پرۆسه‌یه‌كه‌ی یاسایی دادگا ده‌بڕێ. له ئاكامدا، بڕیارێكی مێژوویی، لێبڕاو‌و ئازایانه‌ی دادگای به‌رزی ئاڵمانی لـێ ده‌كه‌وێته‌وه. دادگا دوای پێنج ساڵ كاری به‌رده‌وام، له حوكمنامه‌كه‌یدا ئه‌نجامدانی تێرۆره‌كه‌ی به‌كاری كۆماری ئیسلامیی ئێران زانی. له كاتێكدا كۆماری ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تای رووداوه‌كه‌وه وه‌ك هه‌موو كرداره تێرۆریستیه‌كانی دیكه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌نجامی ده‌دان، خۆی لـێ بێبه‌ری كرد‌و قامكی تاوانباریی بۆ رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران راكێشا. دادگا ئه‌وه‌ی به‌درۆ خسته‌وه‌و له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی قانوونی‌دا بۆ یه‌كه‌م جار‌و راسته‌وخۆ سه‌رانی رێژیمی به تاوانبار ناساند‌و ئه‌مری گرتنی وه‌زیری ئیتلاعاتی ئه‌وكاتی رێژیمی ده‌ركرد. بڕیاری دادگا شوێنه‌وارێكی زۆری له‌سه‌ر پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی ئێران‌و ئاڵمان‌و وڵاتانی ئورووپایی دانا، به جۆرێك كه ئێران بۆ ئاسایی‌كردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كان، ناچار، به رواڵه‌ت، پاپه‌ند به‌وه بێ كه جارێكی دیكه دژبه‌ره‌كانی خۆی له وڵاتانی ئورووپایی تێرۆر نه‌كا. قه‌ولێك كه هه‌ر ماوه‌یه‌كی پێش رووداوی میكۆنووس به ئاڵمانی دابوو.
له سه‌رده‌می به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كانی دادگای بێرلین له‌سه‌ر رووداوی میكۆنووس 1997 ـ 1992، هێشتا جیهانی كورد ئه‌و گونده بچووكه نه‌بوو كه ئێستا ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن به تایبه‌تی ته‌له‌ویزیۆنه ماهواره‌یی‌یه‌كان پێكیان هێناوه. له‌به‌ر ئه‌وه به‌و شێوه‌ی كه پێویست بوو له راگه‌یه‌نه جه‌ماوه‌رییه‌كانی كوردی‌و ناوچه‌ییدا ره‌نگیان نه‌داوه. به‌ڵام له‌و ماوه‌دا ته‌وه‌رێكی پڕ باسی میدیاكانی ئاڵمانی زمان بووه. راگه‌یه‌نه‌ره جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌و وڵاته‌دا، وێڕای چه‌ند فاكتۆرێكی دیكه، فاكته‌رێكی گرینگ بوون، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه له نێو به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاته‌كاندا دابپۆشرێ، جاڕ بدرێ. بۆ یه‌كه‌مجار له رۆژنامه‌ی "فۆكووس"ی ئاڵمانی له بابه‌تێكدا كۆماری ئیسلامی به بڕیارده‌ری ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه وه‌سف كرا. نووسه‌ره‌كه‌ی، ئه‌و زانیارییانه‌ی له ئه‌ندامی كۆمیته‌یه‌ك وه‌رگرتبوو كه بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێك له سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته دامه‌زرابوو. باڵیۆزی ئێران له ئاڵمان شكایه‌تی قانوونیی له‌سه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نووسه تۆمار ده‌كا، به‌ڵام ئاكامی دادگا به‌لای رۆژنامه‌وان‌و رۆژنامه‌كه‌دا ده‌شكێته‌وه. به‌و جۆره له‌قاودانه‌كانی دیكه‌ی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له ئاڵمان به نیشاندانی وێنه‌ی تاوانباره‌كان‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تی دیكه، ئه‌گه‌ری شاردنه‌وه‌ی رووداوه‌كه به ته‌واوی له نێو ده‌به‌ن، وێڕای هۆكاری دیكه‌و سه‌ره‌ڕای فشاری جۆراوجۆری ده‌وڵه‌تی ره‌فسه‌نجانی، بلیتی چوونه ژووره‌ی ئه‌و كه‌یسه به دادگای سه‌ربه‌خۆی ئاڵمان مسۆگه‌ر ده‌كرێ. دواتر له ره‌وتی دادگادا پلان‌و به‌رنامه‌كانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆركردنی جیابیران له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئاشكرا بوو.
ئێمه له‌م وتاره‌دا، 26 خه‌رمانان ساڵڕۆژی شه‌هیدبوونی دوكتور سادق شه‌رفكه‌ندی (كاك سه‌عید) به ده‌رفه‌ت ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ی له هێندێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كاك سه‌عید ورد بینه‌وه.
رۆژنامه‌وانێكی به پرینسیپ‌و سه‌رنوسه‌رێكی فێركه‌ر
كاك سه‌عید ساڵانێكی زۆر به‌رپرسی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی حیزب بووه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنه جه‌ماوه‌رییه سه‌ره‌كییه‌كانی حیزب وه‌ك ده‌نگ ''رادیو ده‌نگی كوردستانی ئێران''و وه‌ك چاپه‌مه‌نی گۆڤاری ''كوردستان'' بووه. له هێندێك ده‌وره‌دا به‌رپرسایه‌تیی هه‌ردووكیانی به ئه‌ستۆوه بووه. چاوخشاندنێك به وتار‌و بابه‌ته‌كانی ئه‌وكاتی كاك سه‌عید له‌و ده‌زگایانه‌دا ده‌ری ده‌خه‌ن كه چه‌ند له جیاوازیی سروشتی كار‌و نێوه‌رۆكی ئه‌و ئامرازانه شاره‌زا بووه‌و چۆن وه‌رگرانی په‌یامه‌كانی پۆڵین كردوون. بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و ئامرازانه شێوازی جیاوازی له نووسیندا به‌كار هێناوه‌و له‌گه‌ڵ هه‌ر چین‌و توێژێكی كۆمه‌ڵ له ئاست‌و به پێی پێویستیی ئه‌وان په‌یامی ناردووه.
زمان له ئامرازه‌كانی راگه‌یاندندا لای كاك سه‌عید، زمانی پاراو، پاڵاوته‌و ساده بۆ تێگه‌یشتنی وه‌رگرانی په‌یام بووه. هه‌رچه‌ند میراتی فه‌رهه‌نگی بنه‌ماڵه‌یی‌و زمانزانی توانای ئه‌وه‌ی پێدابوو كه بتوانێ یاری به وشه‌و ده‌ربڕینه‌كان بكا، به‌ڵام له نووسین بۆ میدیاكاندا جیاوازی له نێوان ده‌قێكی رۆژنامه‌نووسی‌و ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا داده‌نێ. له ده‌ربڕینی مه‌به‌ستدا زۆر دیاریكراوه، زۆر شاره‌زای ئه‌رك‌و به‌رپرسایه‌تیی راگه‌یاندنی سیاسی له هه‌لومه‌رجێكی نائاسایی‌دایه. دیسان چاوخشاندنێك به وتاره‌كانیدا ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه كاك سه‌عید چۆن خۆی له گشتی گوتن ده‌بوێرێ‌و به روونی مه‌به‌سته‌كانی به‌یان ده‌كا. له زۆر له وتاره‌كانیدا كه لێكدانه‌وه‌ی بابه‌تی رۆژن، ره‌چاوی ئه‌وه ده‌كا كه دژایه‌تییه‌كی توندی سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی به هێناونه‌وه‌ی به‌ڵگه‌وه بكا، زانیاری‌و روونكردنه‌وه‌ی پێویست به بیسه‌ر‌و خوێنه‌ر له‌سه‌ر رووداوه‌كه یان باسه‌كه بدا، لایه‌نه‌كانی باس شتیه‌ڵ‌و شرۆڤه بكا‌و له كۆتاییدا په‌یام‌و ئه‌ركی سیاسیی حیزب دیاری بكا.
له راگه‌یاندندا، دژ به پۆپۆلاریستییه‌كی نابه‌رپرسانه بووه‌و هاوكات پابه‌ند به پرینسیپه ئه‌خلاقی‌و مرۆڤایه‌تییه‌كان له رۆژنامه‌نووسیدا بووه. ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌سڵ‌گه‌لێك له سیاسه‌تی راگه‌یاندنی حیزبیشدا چه‌سپاندوه كه ئیستاش ئه‌سڵ‌گه‌ڵێكی كارپێكه‌ر‌و گرینگن. هاوكارانی خۆی به‌وه راهێناوه كه ره‌چاوی بكه‌ن. به سه‌رنجدان به هه‌لومه‌رجی سه‌ختی خه‌باتی ئه‌و سه‌رده‌م كه پڕن له روودانی رووداوی دڵته‌زێن، ئیدیۆلۆژیای پڕ‌وپاگه‌ندی زاڵی رێكخراوه چه‌په‌كان له‌لایه‌ك‌و پڕ‌وپاگه‌نده به‌به‌رنامه‌كانی كۆماری ئیسلامی دژ به حیزب‌و بزووتنه‌وه له‌لایه‌كی دیكه‌وه بده‌ین به روونی ده‌رده‌كه‌وێ كه ره‌چاوكردنی كارێكی وا چه‌ند زه‌حمه‌ت‌و ئه‌سته‌م بووه.
كاك سه‌عید ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن به تایبه‌تی رادیۆ كه بوعدێكی فروانتری وه‌رگریی هه‌یه، به كه‌ره‌سه‌یه‌كی گرینگی گه‌یاندنی په‌یام‌و سیاسه‌ته‌كانی حیزب له پێناوی پێكهێنانی پێوه‌ندی له نێوان خه‌ڵك‌و حیزب‌دا زانیوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنی به كه‌ره‌سه‌یه‌كی شۆڕش داناوه، به‌ڵام لایه‌نی خه‌ڵك‌و وه‌رگری په‌یامه‌كانیش به هێند ده‌گرێ. له‌به‌ر ئه‌وه رادیۆ‌و رۆژنامه هه‌میشه له بیری ئه‌وه‌دان قورسایی‌و باوه‌ڕمه‌ندیی خۆیان لای خه‌ڵك دروست بكه‌ن‌و بیپارێزن.
كاك سه‌عید له به‌ڕێوه‌به‌رییدا، "به ئاكامبوون"ی كرادار به پێوه‌ر ده‌زانێ‌و تا گه‌یشتن به ئاكام كۆنترۆڵ ده‌كا. بۆیه له كاری راگه‌یاندندا، به‌شی تێكنیكی به نیوه‌ی كار ده‌زانێ‌و وێڕای ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی پێكهێنانی نێوه‌رۆك تا ده‌ركه‌وتنی ژماره‌یه‌ك "كوردستان"و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رنامایه‌كی رادیۆ چاو له‌سه‌ر لایه‌نی تێكنیكیش هه‌ڵ‌ناگرێ. له سه‌روی هه‌موو ئه‌وانه‌وه، بوونی تایبه‌تمه‌ندیی سه‌رنوسه‌رێكی دڵفراوان كه به‌رده‌وامی ده‌دا به سه‌ركه‌وتنه‌كانی له كاری راگه‌یاندندا، ئه‌وه‌یه كه له فێركردنی هاوڕێكانی درێغی ناكا‌و له به‌ره‌پێشچوونیش ماندوو نابێ.
چه‌پێكی داهێنه‌ر
كاك سه‌عید یه‌كێك له ئه‌ندامانی رێبه‌ریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو كه گاریگه‌رییه‌كی به‌رچاویان له دیاریكردنی ئامانجه سیاسییه‌كانی حیزب‌و شێوازه‌كانی جیبه‌جێكردنی بڕیاره‌كاندا هه‌بووه. ئه‌و رۆڵه‌ی كاك سه‌عید له چه‌ند قۆناخ له مێژووی ئه‌و حیزبه‌دا به‌رچاوه‌و شوێنه‌واریان ئیستاش هه‌ر دیارن.
له ساڵانی سه‌رتای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌ڵانی ئێران‌دا، بوونی كێشمه‌كێشه ئیدئۆلۆژییه‌كانی نێو رێكخراوه چه‌پییه‌كان كه لێكدانه‌وه‌ی جیاواز له‌سه‌ریان ده‌بوو به سه‌رچاوه‌ی بڕیاردان، سیاسه‌تڕێژی‌و دیاریكردنی شێوه‌ی پێوه‌ندی‌و باوه‌ڕیان به كۆماری ئیسلامیی ئێران، مه‌سه‌له‌یه‌كی گرینگ‌و سیاسیی كوردستان‌و ئێران بوو.
ئیدئۆلۆژیی زاڵ به‌سه‌ر رێكخراوه چه‌پییه‌كانی ئێران‌و كوردستان له‌و سه‌رده‌مدا، ئه‌و ئیدئۆلۆژییه كۆپی‌كراوه له حیزبی كۆمۆنیستی سوڤیه‌ت بوو كه دوو ده‌یه بوو كه‌وتبووه به‌ر ره‌خنه، به‌ڵام هێشتا له ئێران‌دا به سه‌رچاوه ده‌زانرا. له كۆتایی‌یه‌كانی ده‌یه‌ی شه‌ستی سه‌ده‌ی رابردوودا، دوای به‌هاری پراگ، له ناو به‌شێكی به‌رچاو له حیزبه‌كانی كۆمۆنیستی وڵاتانی رۆژئاوادا دوو ره‌وت سه‌رهه‌ڵ‌ده‌ده‌ن، ره‌وتێكیان لایه‌نگری پابه‌ندمانه‌وه به وه‌رگرتنی خه‌ت له حیزبی كۆمۆنیستی سوڤیه‌ت بوو وه‌ك سه‌رچاوه، ره‌وته‌كه‌ی دیكه ره‌خنه‌ی له وابه‌سته‌یی ئیدئۆڵوژیی هاورده ده‌گرت‌و خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی سیاسی‌و چه‌پێكی به‌رهه‌مهێنه‌رانه به پێی هه‌لومه‌رجی وڵاتی خۆیان بوو. به‌و شێوه سنووربه‌ندییه‌ك دروست ده‌بێ. ئه‌و بارودۆخه له سه‌رده‌می شۆڕشی ئێران‌دا له قاڵبێكی دیكه سه‌رهه‌ڵ‌ده‌داته‌وه، به‌ڵام ئه‌وجار ئه‌وه‌ی پێوه زیاد ده‌بێ كه هاوسه‌نگی‌و خورێكخستنێك له‌گه‌ڵ ئیسلامیزمی ئایه‌تۆڵڵا خومینیشدا دروست ببێ. شه‌هید دوكتور قاسملوو ره‌خنه له سیستمی سوسیالیستی‌و كه‌موكووڕیی دێموكراسی له وڵاتانی ئورووپای رۆژهه‌ڵات‌و یه‌كیه‌تیی سوڤیه‌ت ده‌گرێ، زۆر زوو حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌و گێژاوه ده‌ردێنێ‌و له كۆنفرانسی سێهه‌می حیزب تۆوی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی‌و چه‌پییه‌كی داهێنه‌رانه له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان‌و ئێران له حیزب‌دا ده‌چێنی. كاك سه‌عید له‌وه‌دا له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو هاوده‌نگ‌و هاوڕا ده‌بێ. سه‌ربه‌خۆیانه به پێی سروشتی توێژه‌ره‌وانه‌ی له چه‌پی كلاسیك به تایبه‌تی له هه‌ڵوێستیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی كورد ره‌خنه ده‌گرێ. به‌و شێوه له گه‌شه‌كردنی ئه‌و ئه‌سڵانه‌و پاراستنیان له نێو حیزب‌دا، رۆڵێكی به‌رچاو ده‌گێڕێ. له‌و ماوه‌دا كه حیزب زۆر به تۆندی له‌لایه‌ن ئه‌و حیزبه چه‌پ‌و و ته‌نانه‌ت ئیسلامییانه‌وه ده‌كه‌وێته به‌ر هێرش‌و هه‌وڵدان بۆ به‌لاڕێدابردنی، كاك سه‌عید له راگه‌یه‌نه‌كانی حیزبی‌و كۆبوونه‌وه‌كاندا، زۆر به روونی‌و به به‌ڵگه‌وه هه‌ڵوێستی داهێنه‌رانه‌ی حیزب له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك چه‌مكی گرینگ وه‌ك مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان، سوسیالیزم، دێموكراسی، پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوا، به‌ستراوه‌یی، ئامانجی شه‌ڕ، چه‌پ‌و ره‌خنه، كۆماری ئیسلامی‌و مانه‌وه له ئێرانێكی دێموكرات كه زامنی مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی كورد بێ روون ده‌كاته‌وه كه ئیستاش سیاسه‌تی حیزبی دێموكراتن. به‌و شێوه سنوورێك له نێوان حیزب‌و ئه‌و رێكخراوانه‌دا دروست ده‌بێ. ئه‌و سنووره دواتر به په‌سه‌ندكردنی "سوسیالیزمی دێموكراتیك" به ته‌واوی روون ده‌بێته‌وه.
مێژووش ئه‌وه‌ی نیشان دا كه چۆن گیرخواردن له ناو ئه‌و گێژاوه‌دا، هێندێك له‌و رێكخراوانه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵدێر راكێشا. دوای رووخانی دیواری بێرلین‌و رمانی كۆمۆنیستی سۆڤیه‌تی، له راپۆرتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ كۆنگره‌ی نویه‌م، كاك سه‌عید جارێكی دیكه كۆبه‌ندێك له ره‌خنه‌كانی له‌و باره‌وه دووباره ده‌كاته‌وه.
لایه‌نگریی لێبڕاوانه‌ی كاك سه‌عید له "سوسیالیزمی دێموكراتیك"، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لایه‌نگری له چه‌پییه‌كی داهێنه‌رانه نه‌ك قه‌رزكردنی وشه‌ی "سوسیالیزم" له بڵاوكراوه چه‌پییه‌كان‌و "دێموكراسی" له تێئۆرییه‌كانی رۆژئاوا، به‌ڵكوو هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا سوسیالیزمی دێموكراتیكی پێ سیستمێكی ئابووری‌و سیاسیی گونجاو بوو بۆ كۆمه‌ڵگای كورده‌واری كه هه‌ژاری له ناو به‌رێ، دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، یه‌كسانی‌و فه‌راهه‌میی ئابووری دابمه‌زرێنێ‌و كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێشه‌وه ببا. كاك سه‌عید له‌وه‌ی كه شه‌هید دوكتور قاسملوو له هێندێك جێ‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌كا كه ''حیزب ناكه‌وێته ژێر هیچ جه‌وێكه‌وه، به‌ڵكوو جه‌و دروست ده‌كا''، زۆر كارساز‌و كاریگه‌ر بووه‌و بوێرانه له‌و هه‌ڵویستانه‌ی حیزب كه له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی سیاسه‌ته سه‌ربه‌خۆكانی حیزب پێك ده‌هاتن، روونكردنه‌وه‌ی ده‌دا‌و به‌رگریی ده‌كرد‌و به‌و شێوه داهێنه‌ری‌و سه‌ربه‌خۆیی له بڕیاردان له حیزبی دێموكرات‌دا، ده‌بێته ئه‌سڵێكی بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولای چه‌سپاو.
دیپلۆماتێكی شۆڕشگێر
له راپۆرتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ كۆنگره‌ی نۆیه‌مدا، كاك سه‌عید بێ‌هێزی‌و په‌رش‌و بڵاویی رێكخراوه‌كانی ئۆپۆزیسیونی ئێران، به یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی مانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ده‌زانێ. هه‌ر بۆیه جارێكی دیكه پێویستی‌و یه‌كگرتووكردنی رێكخراوه چه‌په دێموكراتییه‌كان‌و دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی سه‌رانسه‌ریی كاریگه‌ر به ئه‌ركی سه‌رشانی حیزبی دێموكرات داده‌نێ. كاك سه‌عید له‌و باره‌وه ته‌نیا یه‌ككه‌وتن‌و لێككۆبوونه‌وه له ده‌وری هه‌ندێك وشه‌ی وه‌ك ئازادی‌و دێموكراسی‌و دۆزینه‌وه‌ی هه‌ندێك ئامانجی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوانه به ته‌نیا مه‌رج نازانێ، به‌ڵكوو پێی وایه ده‌بێ ئه‌و هاوكاری‌و یه‌كگرتنه به‌رهه‌مهێنه‌رانه بێ.
هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی شۆڕشی ئێرانه‌وه ناڕوونییه‌ك له رێكخراوه چه‌په پێشكه‌وتنخوازه‌كان له سه‌ر مافی نه‌ته‌وایه‌تی، دێموكراسی‌و چاره‌نووس‌و پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌كان له سیستمی سیاسیی ئێران‌دا هه‌بووه. كاك سه‌عید له وتار‌و وتووێژه‌كانیدا هه‌ندێك پێشمه‌رجی روون له‌و باره‌وه شیته‌ڵ ده‌كا‌و نموونه‌ی به‌رجه‌سته دێنێته‌وه. زۆر راشكاوانه ئاماژه به‌وه ده‌كا كه مانه‌وه‌ی كورد له ئێران‌دا به‌وه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه كه مافه‌كانی دابین بكرێن‌و له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی ته‌نیا پرس به خۆی بكه‌ن‌و خۆی بڕیارده‌ر بێ. هیچ له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران نابێ ببنه ده‌مڕاستی خه‌ڵكی كوردستان‌و داوا له رووناكبیرانی ئێرانی ده‌كا له دوگم بوون ده‌ربێن‌و ئه‌وه قبووڵ بكه‌ن كه له ئێران‌دا وێڕای سته‌می گشتی، سته‌می نه‌ته‌وه‌ییش هه‌بووه‌و هه‌یه. به‌و شێوه پێ له‌سه‌ر هه‌ندێك ئه‌سڵی بنه‌ره‌تی بۆ ئه‌و هاوكارییه به‌رهه‌مهێنه‌رانه دادگرێته‌وه، كه ئه‌وانیش داننان به مافی ره‌وای نه‌ته‌وه‌كانی ئێران، دێموكراسی‌و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هه‌ماهه‌نگی ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه.
مرۆڤێكی مرۆڤدۆست
كاك سه‌عید رێبه‌رێكی ساده‌و موته‌وازع‌و مرۆڤدۆست بووه. له هه‌مانكاتدا رێبه‌رێكی جه‌ماوه‌ری‌و خۆشه‌ویست بوو به‌و راده كه له كۆنگره‌ی نویه‌مدا به ده‌نگی نزیك به تێكڕا به ئه‌ندامی كۆمیته‌یی ناوه‌ندی‌و له كۆمیته‌ی ناوه‌ندیشدا به تێكڕای ده‌نگ به سكرتێری گشتیی هه‌ڵ‌ده‌بژێردرێ. خوشه‌ویستییه‌كی بی په‌روای بۆ به ته‌ك ته‌كی پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامانی حیزب هه‌بووه‌و ئیش ئازه‌كانی به هی خۆی زانیون‌و خه‌می له‌گه‌ڵ به‌ش كردوون. شۆڕشگێر بوون‌و ساده‌ژیانی كاك سه‌عید وای كردبوو كه هه‌میشه له نێو هاوكار‌و پێشمه‌رگه‌كاندا وه‌ك ئه‌وان ساده بژی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له كاری رۆژانه‌دا به‌ڕێوبه‌رێكی لێبڕاو‌و جیاوازیدانه‌نه‌ر بووه، له كاتی حه‌سانه‌وه‌دا هاوده‌مێكی خه‌مڕه‌وێن‌و دڵسۆز بووه. به ته‌واوه‌تی مانا شۆڕشگێڕێكی شۆڕشگێر‌و مرۆڤێكی مرۆڤدۆست بوو.
***
رۆژنامه‌ی كوردستان ـ ژماره 517
کوردستان مێدیا
RSS
چاپ کردن/Print