په‌خشانه شێعر
بۆ ڕێبه‌رێکی سادق و وه‌فادارو به بڕشتی نێو مه‌یدانی کوردایه‌تی،
بۆ خه‌باتگێڕێکی خه‌باتی به‌رهه‌ق و ڕه‌وای، مافی گه‌ل و مه‌ردایه‌تی،
بۆ تیشکێکی نه‌کووژاوه له ڕووی کردار‌و ڕه‌فتاریی،
له به‌ر پرسیی و هه‌ڵسوڕاوی، کار‌و چالاکی مودیری،
له پشتکاری و تیشکئاوێژی ڕه‌وتی ڕێبازی ئازادی!
ئه‌و، نوتق و زمان و قه‌ڵه‌م، هه‌یکه‌ڵێکی پشت ئه‌ستووری، جوڵانه‌وه‌ی
خه‌باتێک بوو؛ که جێگای ئومێدی گشت بوو.
ئه‌و هه‌ساره‌یه‌کی گه‌ش و پرشنگداری جوڵانه‌وی گه‌له‌که‌ی بوو،
بۆ ڕێپێشاندانی ڕێگای، دیمۆکرات و سه‌رفرازی؛
ڕووناکی ئه‌و، له پشت تیشکێکی گه‌وره‌تر شاردرابووه‌وه!
کاتێک ئه‌و تیشکه ئاوا بوو؛ ڕووناکایی ئه‌میتریان زیاتر ده‌رکه‌وت!
ئه‌و هاوبیر، هاوڕا، یادگاری، مه‌زنه ڕێبه‌ر؛ قاسملوو بوو.
ئه‌و ئاوا بوو! به داخه‌وه؛ لێمانیان زوو ئاوا کرد!
دواتر ئه‌م بوو؛ ڕووناکایی به خه‌بات و گه‌ل به‌خشییه‌وه.
دوژمنانی گه‌له‌که‌مان پێیان وابوو گه‌ر قاسملوو، و کاریزمای ئه‌و
له ناو به‌رن، خه‌بات ده‌مرێ، جۆڵانه‌وه سه‌رگه‌ردان و بێ هێز ده‌کرێ؛
پێیان وابوو وه‌کوو گڵای ده‌مه‌و پاییز، زه‌ردوو وشک و بابرده‌ڵه،
زوو ده‌نێژڕێ!؛
به‌ڵام؛ دوژمن خه‌یاڵ خاو بوون، به هه‌ڵا چوون،
نه‌یانزانی ئه‌ستێره‌کان، یه‌ک له دوای یه‌ک،
داگیرساون بۆ درێژه‌ی ڕه‌وتی خه‌بات،
نه‌یانزانی؛ ئه‌وان قه‌تاره ڕیبواری،
کاروانێکی دوور‌و درێژن بۆ خه‌بات.
مه‌زنایه‌تی گه‌وره‌یی تۆ '' دوکتور سادق''!
کاتیک بۆ ئێمه، وه‌ده‌ر که‌وت؛
ساته وه‌ختێکی زۆر کورت و زۆر حه‌ساس بوو؛
ئه‌و ساته بوو، بوێرانه له دوو دێڕا گه‌وره‌یی خۆت و حیزبه‌که‌ت
به دۆست و دوژمنان گه‌یاند.
شه‌هید بوونی قاسملوومان؛ زه‌برێکی قورس و گران بوو
له په‌یکه‌ری حیزبی پێشه‌نگ و گه‌ل درا!
به‌ڵام نه‌تهێشت ئه‌و هه‌یبه‌ته درز‌و شه‌قی پێوه دیار بێ!
به ڕسته‌یه‌ک که له دڵ و ئیمانێکی به‌رزو بته‌و ڕه‌وان کرا،
رێگای خۆت و ڕێبوارانت توند‌و قایمتر له جاران،
بته‌وتر کرد.
فه‌رمووت: '' قاسملوو شه‌هید بوو! به‌ڵام ئێمه له جیگه‌یداین،
گه‌لی کوردیش هه‌ر زیندووه‌و خه‌بات هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێ''!
به‌و دوو ڕسته؛ بگره پێشمه‌رگه له جاران به وره‌تر،
له به‌رامبه‌ر دوژمنانی، له سه‌رتا سه‌ری کوردستان،
مۆڵگه‌و لانه‌ی داگیرکه‌رانی تێکشکان.
شه‌ره‌فکه‌ندی! تۆ بزه بووی له سه‌ر لێوی ڕیبوارانی کوڕی خه‌بات.
به به‌رده‌وام ده‌م به خه‌نده ڕۆح شیرین و ڕه‌زا سووک بووی.
تۆ به هه‌ق، جێنشینی و جێگرێکی به توانا،
کاریزمایه‌کی خۆش خولق و پڕ مه‌زاج بووی.
سه‌رداره‌که‌م! کاکه سه‌عید!
له بیرت دێ له که‌مپه‌وه، که‌مپی التاش!
پۆلێک هاتین بۆ خزمه‌تتان، بۆ قه‌ندیلی به‌رز و سه‌رکه‌ش!
هێشتا چله‌ی مه‌زنه ڕێبه‌رمان نه چووبوو! هێشتا کراسه سپییه‌که‌ی
خوێنی تازه‌ی لێ ده‌چۆڕی؛ خاکی سه‌ر گڵکۆی غه‌ریبی؛
نمه‌ی خوێنی، به ناهه‌ق ڕژاوی پێوه دیار بوو؛..
که هه‌ڵکشاین به‌ره‌و لوتکه، بۆ نێو بنکه‌و باره‌گاکان،
دڵه خۆرپه دایگرتبووین؛ هه‌رده‌مانوت:
ئاخۆ ئیستا له باره‌گاو، بنکه‌و ده‌فته‌ر، چۆن ده‌گوزه‌رێ!
له‌م ساته وه‌خته چی ده‌که‌ن! ئێمه چۆنین خۆمان به‌وان نیشان بده‌ین!!
که گه‌یشتین به بناری چییای قه‌ندیل، له مه‌رکه‌زی سه‌ردارانی کوردایه‌تی،
ئه‌و جا دیمان سه‌ری ئێوه چه‌نده به‌رزه!
به سروودی نیشتمانی و له قه‌ندیلی سه‌ربه‌رزه‌وه،
وڵامه‌کان چه‌نده گه‌وره‌و خۆ ڕاگربوون ده‌هاتنه‌وه!
چه‌ند ڕۆژدواتر هه‌ر له‌وێدا و لای ساڵۆنی په‌زیرایی،
له ژێر سێبه‌ری پڕ به‌ری دار‌و دره‌خته جوانه‌کان،
له نیوه‌ڕوان، له ڕێگای شه‌پۆلی ڕادیۆ ده‌نگی کوردستان بوو،
به شمشاڵی هونه‌رمه‌ندی شمشاڵژه‌نی به توانا، " قاله مڕه"
که ڕێبوارو یادگاری وه‌فاداری گشت لایه‌ک بوو،
له بڵیندگۆی هه‌ڵواسراوی سه‌ر دره‌ختان،
گڵاو دره‌خت و پێشمه‌رگه، گشت پێکه‌وه،
جوانی سروشتیان ده‌نه‌خشان.
ئێره ده‌نگی کوردستان و عه‌مه‌لیاتی یه‌ک له دوای یه‌کی
پێشمه‌رگه، له نێو وڵات دژ به رژیم؛ له‌ملاشه‌وه؛
ده‌نگی گه‌رمی بێژه‌ران و ده‌ست و قه‌ڵه‌می نوسه‌ران،
کاریزمایی و زانایی ژیریی تۆی ڕێبه‌ر؛
بوو بوون به هێزو گوڕ‌و تین پڕ له جۆش و شادی هێنه‌ر،
بۆ گشت لامان.
دیسان ئێژم: سه‌روه‌ری من! له بیرت دێ! هێشتا زوو بوو؛
پێش له چله‌ی قاسملوو بوو؛ 25ی گه‌لاوێژ هات،
جێژنێکی مه‌زنمان گێڕا!
که تۆ هاتی به‌شداریت کرد له‌و جێژنه‌دا؛
هه‌رچی له‌وێ دانیشبووین، که تۆمان دی؛
تۆ پێکه‌نیت؛ ئێمه گریاین!
له بیرت تێ: دواتر هاتی و ته‌ک ته‌ک ده‌ستت هێناو ماچت کردین!
هه‌موومانت له ئامێز گرت؛ به بزه‌ی سه‌رلێوکانت،
به ڕووی گه‌ش، و به‌ڵام له ناخا هه‌ڵگری زامێکی قوڵی تازه بوویت!،
خێراتنت لی کردین و هندێک تۆزی خه‌می ئاواره‌یی، و
ژانی ئه‌و کۆسته گه‌وره‌یه‌ت لێ که‌م کردین!
سڵاویشت به ئه‌مانه‌ت پێ سپاردین، بۆ ئاواره‌کانی ئه‌لتاش و گشت هاورێیان!؟
له‌و کاته‌وه به ته‌واوی بوویت به جێگای هیواو هومید.
دوای قاسملوو؛ ڕیبه‌ری هه‌ر له خۆت ده‌چوو،
بۆ هه‌موو لا جێی ئاوات بووی،
به‌ڵام داخم ئه‌ستێره‌ی تۆش زوو ئاوا بوو!
دوژمن هه‌ر زوو که‌وته پلان، نه‌خشه‌ی کێشا؛
تۆشیان پێ ڕه‌وا نه بینین!
پێیان وابوو گه‌ر تۆ ببی هیچیان به هیچ نه‌کردووه؛
نه‌خشه‌کانیان به ئاو چووه.
دیسان ده‌ستی ڕه‌ش و چه‌قۆ، بوغز و تاوان،
له نێو دڵی ئوروپادا جنایه‌تیتریان خوڵقان!
ده‌ستی ڕه‌شی ڕیش و ڕیا تۆشیان خسته داوی پیلان،
له ئێمه‌و گشت کوردیان ستاند!
چه‌ند سه‌رکرده‌و چه‌ند ڕێبواری ئه‌مه‌گناسی لێوه‌شاوه،
له ڕێبه‌ریی جوڵانه‌وه‌ی پێشه‌نگایی، ڕه‌وتی خه‌بات،
که‌وتنه داوی تاوان خوازان، له سیداره‌و چه‌قۆ دران،
لێره‌و له‌وێ، و له هه‌نده‌ران شه‌هید کران.
با دوژمنان باش بزانن؛ شیشه هه‌رچی لێی بشکێنی تیژتر ده‌بێ
ڕۆژێک دا دێ، له هه‌موو لا سه‌رده‌ر دێنێ،
به‌ندی دڵی دوژمنانی پێ ده‌پسێنێ.
هاوڕێی شه‌هید! ئێوه له‌وه گه‌وره‌ترن له ئاست ده‌ست و قه‌ڵه‌می من
که بتوانم وه‌کو پێویست په‌خشانتان بۆ هه‌ڵببه‌ستم،
ته‌نیا ویستم ئه‌رکی سه‌رشانم که‌م بکه‌م.
به‌ڵام خۆزگه میدیاکانی ئه‌مڕۆی کوردستانی ئازاد،
به بارته‌قایی تۆسقاڵێک پاکی و بێگه‌ردیت له خه‌بات،
هه‌ست و سۆزت بۆ کوردستان، ئه‌مه‌گناسیان کردبایه.
هه‌ر هیچ نه‌بێ ساڵیادی شه‌هید بوونتیان بۆ بینه‌ران باس کردایه.
مه‌ر نازانن؛ که کوردستان به‌ره‌به‌ره ئازاد کرا تۆ گه‌ز به گه‌ز باڵات ده‌کرد!
که ڕزگاری''که‌رکوک''ت، بیست، ده‌ستت دایه ته‌قه‌ی خۆشی و شادیت گێڕا،
هه‌ڵپه‌رکێت کرد.!
خۆ ده‌زانم ئه‌مرۆش نه‌بێ، سۆزی هه‌ر تێ، له ویژدانی خۆ ببپرسن،
بۆ ده‌بوایه نه‌کرابایه باسی گه‌وره‌یی تۆی مه‌زن.
مه‌جید کاکه‌وه‌یسی
18/09/2009ز.دانمارک
RSS
چاپ کردن/Print