هه‌شت ساڵ پێش ئێستا، 11ی سێپتامبری 2001ی زایینی، 19 تێرۆریستی ئیسلامی به چوار فرۆکه‌ی مه‌ده‌نی هێرشیان کرده سه‌ر چه‌ند شوێنی گرینگی ئه‌مریکا و زیاتر له سێ‌هه‌زار که‌س بوونه قوربانی. ئه‌و هێرشانه له لایه‌ن ریکخراوی تێرۆریستی ئه‌لقاعیده‌وه به‌ریوه چوون و خالید شیخ مه‌حه‌ممه‌د و مه‌حه‌ممه‌د عاتف دوو له دارێژه‌رانی ئه‌سلی ئه‌و جنایه‌ته بوون.
ئه‌و رووداوه کۆمه‌لێک ده‌رئه‌نجامی لێکه‌وته‌وه و بوو به هۆی پێکهاتنی ئاڵوگۆر له هێندێک روانگه وهاوکات پێداچوونه‌وه به سه‌ر به‌شێک له سیاسه‌ت و هه‌لسووکه‌وت له پانتایی جیهاندا. رێوشوێنی ئه‌منیه‌تی چڕوپڕتر به‌رێوه چوو که ئه‌وه خۆی بوو به هۆی سنووردارکردنی ئازادی و ناره‌زایه‌تی ریکخراوه‌کانی مه‌ده‌نی و مافی‌مرۆڤی لێکه‌وته‌وه.
شه‌ر دژی ئه‌فغانستان بۆ له‌ناو بردنی ئه‌لقاعیده ده‌سپێکرا و دووسال دواتر هێرش کرایه سه‌ر عێراق و هه‌ر دوو رژیمی تاله‌بان و سه‌دام رووخان. پاش هه‌شت ساڵ، سیاسه‌تی شه‌ر له دژی تێرۆری ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی هه‌ر به‌رده‌وامه‌وه و ئه‌لقاعیده و پشتیوانه‌کانی هه‌ر ماون و ئێران وه‌ک مێحوه‌ری تێرۆر و ئاژاوه درێژه به سه‌ربزێویه‌کانی ده‌دات.
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی روودانی ئه‌وکاره‌ساته، لێکۆلینه‌وه‌ی فره‌چه‌شن کراون و له هه‌موو بارێکه‌وه هۆکاره‌کانی لێکدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر کراوه. له‌و باره‌وه ئاماژه به بیرۆکه‌ی خه‌باتی دژی ئیمپریالیستی له لایه‌ک و ره‌هه‌نده‌کانی به جیهانیبوون له لایه‌کیتر ده‌کرێت. هێندێک بۆچوونیش دیارده‌ی تێرۆریزمی ئیسلامی وه‌ک به‌رهه‌می مودێرنیزه بوون له کۆمه‌لگاکانی سوننه‌تی و له‌بواری ئابووری گه‌شه نه‌کردوو، زیاتر زه‌ق ده‌که‌نه‌وه.
هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م هێرشانه هه‌رچی بێت، ئه‌وراستیه ناگۆرێت که تێرۆر له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به ئاگاداری ولاتانی رۆژئاوا له ئاستی ده‌وله‌تیدا ده‌مێکه به‌رێوه‌ده‌چێت و بۆته یه‌کیک له ئامرازه‌کانی زیاتر خۆ سه‌پاندنی ده‌وله‌تانی سه‌ره‌رۆ و دژی گه‌لی.
9 سال به‌ر له هێرشه تێرۆریستیه‌کان بۆ سه‌ر ئه‌مریکا، هه‌ر له مانگی سێپتامبری سالی 1992 دا، سه‌رکرده‌ی ئازادیخواز و دێموکراتی کورد دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی، له شاری بێرلین له ولاتی ئالمان، له گه‌ل هاورێکانی تێرۆر کران. ئه‌و تێرۆره‌ش به ناوی ئیسلام دارێژرا و به‌رێوه‌به‌رانیشی هه‌ر وه‌ک هی ئه‌مریکا چه‌ند تێرۆریستی عه‌ره‌ب و ئێرانی بوون.
ئه‌گه‌ر له رووداوه تیرۆریستیه‌که‌ی ئه‌مریکا دوو بورجی به ناوبانگی تجاره‌تی جیهانی تێکرووخان ، له بێرلین تاقه ئه‌ستون و کۆله‌که‌ی خه‌باتی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ڕاهات. تیرۆریستان 3 سال پێش بێرلین، داری هیوای کورد و ئه‌ستونه سه‌ره‌کیه‌که‌ی شۆرشی کورد قاسملووی زانایان له ئوتریش بریبوو.
گه‌ر به ناخی مێژوودا بچینه خوار و لاپه‌ره‌کانی سێپتا‌مبر هه‌لده‌ینه‌وه، پڕن له کاره‌سات، زۆلم و زۆر و نابه‌رابه‌ری. 11ی سێپتامبری سالی 1973، دوو سال پاش کۆچی دوایی نیکیتا خۆرۆشچۆف رێبه‌ری پێشووی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت و یه‌کیك له به‌ناوبانگترین ره‌خنه‌گرانی دیکتاتۆری ستالین، سه‌رۆککۆماری سوسیالیستی شیلی، سالوادۆر ئالنده کوژراو به هۆی کودتایه‌کی نیزامی به سه‌رۆکایه‌تی ژێنرال ئاوگوستۆ پینۆشه کۆتایی به حکومه‌ته‌که‌ی هات.
پاش ئه‌و کودتایه له ماوه‌ی مانگێکدا حیزب و رێکخراوه‌کانی لایه‌نگری" ئالنده" هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه و هه‌زاران که‌س، که له‌ناویاندا ده‌یان رووناک‌بیر و که‌سایه‌تی به ناوبانگ ده‌بیندران، به شێوه‌یه‌کی درندانه کوژران.
یه‌ک له‌و که‌سایه‌تییه به ناوبانگانه‌ی شیلی که له سێپتامبری ره‌شی 1973 کوژرا، "ویکتۆر خارا" ی شاعیر و ده‌نگخۆش و هونه‌رمه‌ند بوو. ویکتۆر ئه‌وینداری زه‌حمه‌تکیشانی شارولادێ بوو و سروود و گۆرانیه‌کانی بۆ کۆمه‌لانی خه‌لک بوون. " ویکتۆر" ئاشقی نیشتمانه‌که‌ی شیلی بوو و هزر و بیری ئه‌و له ناو گۆرانی و شێعره‌کانیدا به ئاهه‌نگی دلبزوێنی ده‌نگ و گیتاره‌که‌ی، له‌ناو مێشک و دلی مرۆڤدا لانه‌ی ده‌کرد و رۆژبه رۆژ خۆشه‌ویستیی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی له‌ناو خه‌لکدا ده‌برده سه‌ر.
پاش کودتای پینۆشه و کوژرانی سالوادۆر ئالنده، ئه‌رته‌ش ویکتۆر خارا و پێنج‌هه‌زار لاوی به‌ندکراوی برده ستادیۆمی وه‌رزشی سانتیاگۆ، ئه‌و جیگه‌یه‌ی ویکتۆر زۆرجاران کۆنسێرتی هونه‌ری بۆ پشتیوانی له ئالنده به‌رێوه بردبوو. له‌کاتێکدا ئه‌رته‌ش که‌وتبوه گیانی لاوه‌کانی ناو ستادیۆم، هه‌ر دوو ده‌ستی ویکتۆریان به ته‌ور شکاند و داوایان لێکرد بۆ هاوبه‌ندییه‌کانی له ستادیۆم گۆرانی بچرێ و گیتار بژه‌نێت.
"ویکتۆر خارا"ی ئاشقی گه‌ل و نیشتمان بێ‌ئه‌وه‌ی وره‌ی بشکێت، ده‌سته شکاو و خوێناویه‌کانی هه‌لێنا و له ژێر چۆراوکه‌ی په‌نجه نه‌خشینه‌کانیدا ده‌ستی کرد به چرینی " سروودی یه‌کیه‌تی". هاورێ له گه‌ل ئه‌و ده‌نگی پێنج‌هه‌زار لاوی به‌ندکراو به‌رز بۆوه:
خه‌لکێکی یه‌کدل و یه‌کده‌نگ ، قه‌ت به چۆک دانایه‌ت ..........
به‌ندکراوانی ناو ستادیۆم وێکرا ئه‌و سرووده‌یان ده‌وته‌وه و به چۆکدا نه‌هاتن. سه‌رئه‌نجام ویکتۆر خرایه به‌ر ده‌سرێژ و کوژرا به‌لام یاد و بیر و سرووده‌کانی هه‌رماون و بۆ شیلی و خه‌لکی ژێرسته‌م و ئازادیخوازی جیهان جیگای رێزن.
ئیستا که ئیمه ئه‌مریکا نین بۆ تۆله‌ی شه‌هیدانمان هیرش به‌رینه سه‌ر ده‌وله‌تانی تیرۆریست، خۆزگه‌م ده‌خواست لاوانی کورد له کوردستاندا له یادی دوکتور سادقی شه‌هیددا، به یه‌که‌وه یه‌کده‌نگ سروودی " من پێشمه‌رگه‌ی کوردستانم" بلێنه‌وه و به کاربه‌ده‌ستانی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران بلێن؛ چاره‌نووسی ئه‌وانیش هه‌ر وه‌ک شا و سه‌دام و پینۆشه یه.
سه‌رشاخان
RSS
چاپ کردن/Print