تکایه ئێره کلیک بکه‌ن بۆ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌که PDF
نووسینی : مه‌رزیه جه‌وانمه‌رد
پێشه‌کی:
به گشتی نووسراوه‌گه‌ل له‌سه‌ر پێوه‌ندی ژن ومێردایه‌تی که توندوتیژی تێدابێ زۆره به‌ڵام، له‌سه‌ر هۆ و، پرۆسه‌ی مانه‌وه و نه‌مانه‌وه‌ی ژن له پێوه‌ندییه‌کی ئاوا دا نووسراوه و لێکۆڵینه‌وه که‌متر هه‌یه.
من بۆ تاوتوو و نووسینی ئه‌م بابه‌ته، له کتێبی _?Varför går hon به مانای "بۆ ئه‌و(ژنه) ده‌ڕوا؟" له نووسینیViveka Enander و، Carin Holmberg وه‌ک سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی که‌لکم وه‌ر‌گرتوه.
لێره‌دا ته‌نیا تیشک ده‌خسترێته سه‌ر هۆ و پێکهاته‌کانی ده‌روونی خۆڕزگارکردنی ژنی لێدراو، نه‌ک باره‌کانی تری ژیان وه‌ک باری ئایینی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری و، هتد. وازهێنان و خۆ ڕزگارکردن له پێوه‌ندییه‌کی ئاوا که توندووتیژی تێدا زاڵه، پرۆسه و قۆناخی خۆی هه‌یه که ژنی لێدراو ده‌بێ لێی تێپه‌ڕێ تاکوو بتوانێ به ته‌واویی هه‌ست به ئازادی بکا.
ده‌ستپێک
له نێو پێوه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵگادا توندوتیژی هه‌ڵسووکه‌وتێکه به پته‌ویی هه‌موو پێوه‌ندییه‌کانی ئینسانی داگیرکردووه. بوونی پێوه‌ندی ناخۆش له نێوان دوو که‌سدا که له‌سه‌ر ئه‌ساسی باڵاده‌ستی و ژێرده‌ستیدا خولقابێ به‌رده‌وام لایه‌نی ژێرده‌ست له ئازارکێشانی ڕووحی و جه‌سته‌ییدا ده‌هاوێ. له پێوه‌ندی ژنومێردایه‌تیدا که پێوه‌ندییه‌که کیپ و نزیکه، ئازارکێشانه‌که قووڵتره. له ژیانی ژنومێردایه‌تیدا بوونی نیوان خۆشی، ئارامی و، دڵنیایی پێویست و گرینگه، بێ ئه‌مانه هه‌ڵکردن و مانه‌وه له پێوه‌ندییه‌که‌دا زۆر چه‌توونه. هه‌روه‌ها نه‌مانه‌وه‌ش له ئاڵقه‌ی پێوه‌ندییه‌کی ئاوادا چه‌توونه.
زۆر جار کاتێک خه‌ڵک له دوور و نزیکه‌وه شاهیدی ژیانی ژنێک ده‌بن که له پێوه‌ندییه‌کی توندوتیژی ژنومێردایه‌تیدا ده‌ژی و، ئازاری جه‌سته‌یی و ڕووحی ده‌کێشێ ڕاسته‌وخۆ ئه‌م پرسیاره زه‌ینیان دادێ؛ بۆ به‌جێی ناهێڵێ؟ یان ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن؛ هه‌بێ و نه‌بێ ئه‌و ژنه ده‌بێ که‌مووکوڕی که‌سایه‌تی هه‌بێ، ده‌نا چۆن ئه‌م زه‌لاله‌ته قه‌بووڵ ده‌کا!؟ و، هتد.
کاتێک جوڵانه‌وه‌ی ژنان له ده‌هه‌ی 60-70 دا که‌وته نێو قۆناخی مودێڕن و ڕێکوپێکه‌وه، باردۆخی ژن زیاتر له هه‌موو سه‌رده‌مێک تاوتوو و، لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر کرا و، به خوێندنه‌وه‌ی فێمینیستی لێکدراوه.
خوێندنه‌وه‌ی فێمینیستی پێکهاته‌ی دۆخ و پله وپایه‌ی ژنی هه‌م له نێو بنه‌ماڵه و، هه‌م له نێو کۆمه‌ڵگادا ڕاسته‌وخۆ له پێوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی پیاو به سه‌ر ژن‌دا ده‌بینێ. هه‌ر له‌م ڕاستایه‌دا تووندوتیژی پیاو له سه‌ر ژن به گرفتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نێ.
تووندوتیژی به گوێره‌ی شیکردنه‌وه و ناساندنی WHO (World Health Organisation) توندوتیژی پیاو له‌سه‌ر ژن له لێداننه‌وه هه‌تا ده‌گاته "هه‌ڵسوکه‌وتی قه‌لس و تووڕه‌ییانه، نزیکی جنسی به زۆری یان ناچارکردن به شێوه‌ی جۆراوجۆری نزیکی، لێدانی نه‌فسی، شێوه ڕه‌فتاری جۆربه‌جۆری کۆنتڕۆڵ کردن که ببێته هۆی دوور خستنه‌وه له بنه‌ماڵه و هاوڕییان، یان سنووردارکردنی ده‌رفه‌تی ده‌ستپێڕاگه‌ێشتن به ئاگاداری و یارمه‌تیییه‌کان" ده‌گرێته‌وه. ڕێکخراوه‌ی سلامه‌تی جیهانی باس له‌وه ناکا که ژن یان پیاو خۆیان چ به توندوتیژی داده‌نێن یان دانانێن، به‌ڵکوو هه‌رهه‌ڵسووکه‌وتێک که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ئازادی و، ئاسایشی ڕووحی و جه‌سته‌یی که‌سێک زه‌ده‌دار بکا به تووندوتیژی داده‌نێ.
تکایه ئێره کلیک بکه‌ن بۆ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌که PDF
RSS
چاپ کردن/Print