| |
|
Date: 31 Dec 2008 / Views: 1509
پێنجوێن.. ده‌روازه‌ی ئیتلاعات , سات محه‌مه‌د
 پیاوه مه‌ترسیداره‌كانی ئیتلاعات كێن؟ پێنجوێن، ناوچه‌یه‌كی جه‌نجاڵی سه‌ر سنوری نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی ئێرانه. ئه‌م ناوچه‌یه، كه ده‌یان توله‌ڕێی باریك‌و مه‌رزی قاچاغی تیا هه‌ڵكه‌وتووه، به‌یه‌كێك له‌ده‌روازه سه‌ره‌كییه‌كانی دزه كردن‌و په‌ڕینه‌وه‌ی ئیتلاعات به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت. # سنوری پێنجوێن، كه له‌گوندی جۆمهرهسییهوه درێژ ده‌بێته‌وه تا سیاگوێزو زنجیره چیاكانی جۆمهرهسیو دۆڵی سورێن‌و سوركێو له‌خۆده‌گرێت، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا چه‌ندین روداوی ته‌قینه‌وه، جموجۆڵی ئه‌نسارو هێرشكردنه سه‌ر پاسه‌وانانی سنوری به‌خۆیه‌وه بینیوه. ئه‌وانه‌ی له‌نزیكه‌وه چاودێری ئه‌و سنوره ده‌كه‌ن، پێیانوایه ئه‌و ته‌قینه‌وه‌و جموجۆڵانه بهپلانو بهسهرپهرشتیو پشتیوانی ئیتلاعات ئه‌نجامده‌درێن. له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م پلانه‌دا، سێ ده‌زگای كارای كۆماری ئیسلامی، كه ئه‌ركی پاراستنی ئه‌منی ده‌ره‌كی ئێرانیان پێسپێردراوه، سه‌رتاسه‌ری سنووری پێنجوێنیان ته‌نیوه: 1ـ هێزی قودسی سوپای پاسداران. 2ـ ئیتلاعاتی سوپای پاسداران. 3ـ وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێران. هێزی قودس كه هێزێكی تایبه‌ت به‌چاودێریكردنی ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی ئێرانه، چه‌ندین قه‌رارگای له‌شاره سنورییه‌كان هه‌یه. یه‌كێك له‌و قهرارگایانه، قه‌رارگای (ره‌عد)ه كه له‌شاری مه‌ریوانه. ئه‌م قه‌رارگایه جگه له‌چاودێری كردنی سنوری پێنجوێن‌و ده‌وروبه‌ری، رێكخه‌ری زۆرێك له‌و كاره سیخوڕی‌و جموجۆڵانهیه كه له‌سنووره‌كه‌دا ئه‌نجامده‌درێن. له‌كوشتنی به‌رپرسی ئاسایشی شاره‌زور (ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان)ه‌وه بگره تا ته‌قینه‌وه‌و هێرشكردنه سه‌ر پاسه‌وانانی سنور له‌م ساڵانه‌ی دواییدا. هێزی قودس له‌سه‌ر خاڵی ته‌ماسی باشماخ بنكه‌ی هه‌یه. به‌رپرسی ئه‌و بنكه‌یه كه‌سێكه به‌ناوی (عه‌لیزاده). عهلیزادهو تیمه‌كه‌ی رۆژانه چاودێری هاتوچۆی ئه‌و سنووره ده‌كه‌ن. قه‌رارگای (ره‌عد) راستهوخۆو ناڕاسته‌وخۆ، ژماره‌یه‌ك سیخوڕیان له‌و ده‌ڤه‌ره دروست كردووه كه هه‌م رۆژانه زانیاری‌یان پێدهگهیهننو هه‌م له‌كاتی پێویستیشدا چاوساغییان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها كونسولگه‌ری ئێران لهسلێمانیو هه‌ولێر به‌شێكن له‌هێزی قودس‌و په‌یوه‌ندییه‌كی بهردهوامو سیستهماتیكیان له‌گه‌ڵ قه‌رارگای رهمهزانو له‌ڕێگه‌ی ئه‌مانیشه‌وه له‌گه‌ڵ قه‌رارگای (ره‌عد)دا هه‌یه. ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانیش، له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا چالاكن. ئه‌ركی ئیتلاعاتی سوپا، له‌لایه‌ك كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه له‌سه‌ر «دوژمن»و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌نجامدانی چالاكییه دژ به‌وانه‌ی كه له‌دیدی كۆماری ئیسلامییه‌وه دوژمنی ئێرانن‌و تا ئێستا چه‌ندین چالاكییان له‌و سنوره‌دا ئه‌نجامداوه، كه یه‌كێكیان تیرۆر كردنی دوو ئه‌ندامی پارتی ئازادیی كوردستان بوو له‌ساڵی 2006دا له‌ناو شارۆچكه‌ی پێنجوێندا. وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێرانیش، له‌ڕێگه‌ی ئیتلاعاتی ئوستانی كوردستان «سنه»ه‌وه، كه كۆمه‌ڵێك شوعبهو بنكه‌ی له‌شاره سنورییه‌كانی ئه‌ودیو سنوری پێنجوێندا هه‌یه، ئه‌ركی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی (هه‌موو جۆره زانیارییه‌ك)ی پێسپێردراوه، كه له‌ساڵی 2002ه‌وه زیاتر به‌دوای زانیاریی كۆكردنه‌وه‌یه ده‌رباره‌ی جموجۆڵی هێزه‌كانی ئهمهریكاو پاسه‌وانانی سنور، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی سیخوڕهكانیهوه چاودێری جموجۆڵی هێزه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتیش ده‌كات.
# له‌شه‌وێكی تاریكی دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ردا (15/12)، هێزێكی ئیتلاعات سنوریان به‌زاندو به‌قوڵایی كیلۆمه‌ترێك هاتنه ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئه‌م هێزه له‌نزیك گوندی كونهورچی سه‌ر به‌قه‌زای پێنجوێن میك زه‌مینییه‌كان دایه به‌ر ده‌ستدرێژی گولله‌و دوو سه‌رنشینه‌كه‌ی ناویان كوشت، پاشان له‌ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێكدا میك زهمینیو دوو ته‌رمه‌كه‌شیان به‌ره‌و ئێران ئاودیو كرد. ئه‌وه‌ی رۆڵێكی چالاكی لهڕێكخستنو ئه‌نجامدانی ئه‌م چالاكییه‌دا بینیوه، كه‌سێكه به‌ناوی «هیوا تاب»، كه خه‌ڵكی مه‌ریوانه‌و ته‌مه‌نی 39 ساڵه. هیوا تاب كه سه‌ر بهئیتلاعاتی سوپای پاسدارانه، پێشتریش سه‌رپه‌رشتی چه‌ندین چالاكی هاوشێوه‌ی له‌سنوری پێنجوێندا كردووه، وه‌ك كوشتن‌و ده‌ستگیركردنی چه‌ند كه‌سێك له‌سه‌ر سنور‌و ته‌سلیم كردنه‌وه‌یان به‌ناوی «پژاك»ه‌وه بهئیتلاعات له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بڕێك پاره‌دا، كه ته‌نانه‌ت ساڵی پار ژنێكی پێنجوێنی به‌ناوی «گه‌لاوێژ» به‌تۆمه‌تی یارمه‌تیدانی پژاك‌و گواستنه‌وه‌ی چه‌ك بۆیان له‌سه‌ر سنور ده‌ستگیر كرد‌و ته‌سلیم بهئیتلاعاتی كرد.
هیوا تاب لهچالاكییهكهی ئه‌مجاره‌یدا له‌كونه ورچ به‌دوای سه‌ری كێدا ده‌گه‌ڕا؟ كه‌سێك هه‌یه كه سه‌ر به‌حیزبه كوردییه‌كانی رۆژههڵاتو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانه« ئه‌م كه‌سه له‌سنوری پێنجوێن به‌كاری كاسبی سه‌ر مهرزو قاچاخه‌وه خه‌ریكه‌و ناوی سه‌لاحه، ئه‌م پیاوه له‌كاره‌كه‌یدا سه‌روكاری له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ناسیاویدا هه‌یه كه له‌ودیو سنور له‌ئێران داده‌نیشێت، سه‌لاح شته‌كانی بۆ مه‌رز نزیك ده‌خاته‌وه‌و ئه‌ویش ده‌یبات له‌ئێران ساغی ده‌كاته‌وه. هیوای تاب په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌م ناسیاوهیهوهو داوای لێده‌كات كه سه‌لاحی بۆ نزیك بكاته‌وه لهمهرزهكه «بۆ ئه‌وه‌ی بیكوژن»و پێشیدهڵێت: «له‌به‌رامبه‌ردا دوانزه ملیۆن تمه‌نت ئه‌ده‌مێ». پاش ئه‌وه، سه‌رله‌به‌یانی 15/12 ئه‌م ناسیاوه‌ی ته‌له‌فون بۆ سه‌لاح دهكاتو پێیده‌ڵێت: ده‌مێكه حسابمان نه‌كردووه، وه‌ره بۆ سه‌ر مه‌رز نه‌ختێك شتیش بهێنه با حساب‌و كتابێك بكه‌ین. سه‌لاح ده‌مه‌و ئێواره بهمیك زهمینییهك به‌ره‌و مه‌رزی كونه ورچ ده‌چێت، به‌ڵام كه ناسیاوه‌كه‌ی پێنج شه‌ش جار به‌شێوه‌یه‌كی نائاسایی ته‌له‌فونی بۆ دهكاتو ته‌ئكیدی ئه‌وه‌ی لێده‌كاته‌وه كه هاتیتو گه‌یشتیته كوێ، ده‌كه‌وێته گومانه‌وه. ئه‌و دوو كه‌سه‌ی له‌گه‌ڵی ده‌بن پێیده‌ڵێن: تۆ مه‌چۆ، ئێمه ده‌چینه سه‌ر مه‌رزه‌كه با بزانین چییه. ئه‌مان میك زه‌مینییه‌كه لهسهلاح وهردهگرنو روو ده‌كه‌نه ئه‌و شوێنه‌ی كه دیاری‌یان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتر ببینن. به‌ڵام چه‌ند هه‌نگاوێك به‌ر له‌گه‌یشتنیان به‌شوێنی دیاریكراو، هێزه‌كه‌ی ئیتلاعات ده‌ستی خۆیان ئهوهشێننو حسابی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌وان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌و دوای كوشتنی هه‌ردووكیان بهمیك زهمینییهكهوه به‌حسابی ئه‌وه‌ی سهلاحیان كوشتووه ده‌یانبه‌نه‌وه بۆ ئێران، به‌مه‌رجێك یه‌كێكیان خه‌ڵكی سلێمانییه. هیوای تاب، كه به‌رپرسی گروپێكی چه‌كداره له‌بیست كه‌س پێكدێت كه هه‌ندێكیان پێشتر پێشمه‌رگه‌ی حیزبه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات بوون، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی سه‌ر بهئهنساریشهوه یارمهتیدهدرێن، تا ئێستا سه‌رپه‌رشتی زۆرێك له‌و ته‌قینه‌وانه‌ی كردووه له‌مه‌رزی پێنجوێن روویانداوه. به‌ڵام چالاكییه‌كانیان له‌وكاته‌وه په‌كی كه‌وتووه كه ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی مینڕێژكراودا له‌كاتی چاندنیدا، دوو ئه‌ندامی شاره‌زا له‌كاری ته‌قاندنه‌وه لهگروپهكهی تیاچون، یه‌كێكیان حسێنی ره‌سوڵ زاده بوو كه بهدهستهڕاستی «هیوا تاب» داده‌نراو له‌ته‌كنیكی چاندنی بۆمبدا كه‌سێكی لێزان‌و كارامه بوو.
# كه‌سێكی دیكه كه وه‌ك پیاوكوژه مه‌ترسیداره‌كانی ئیتلاعات له‌سنوری پێنجوێندا پێشتر ده‌ناسرا: كه‌ریمی حسێن چۆله‌كه» بوو كه له‌كوردستانی رۆژهه‌ڵاتدا به»كه‌ریمی ئه‌مین ئازه‌ر» به‌ناوبانگه. كه‌ریم خه‌ڵكی گۆخڵان بوو، تا كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی بوو، دوای ئه‌وه‌ی له‌یه‌كێتی ده‌ركرا، چووه ئێران‌و بووه سیخوڕ‌و پیاوی متمانه پێكراوی ئیتلاعات. پاشان له2006دا به‌بیانووی ته‌سلیم بونه‌وه‌وه خۆی ده‌كاته‌وه به‌كوردستاندا، دوای ئه‌وه‌ی به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی چه‌ند كارێك بۆ ئیتلاعات ده‌چێته كه‌ركوك‌و دواتر زۆر ناخایانێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆشارۆچكهی پێنجوێن، لهنیوهشهوێكی تاریكی هاویندا دوو كوردی رۆژهه‌ڵاتی سه‌ر به‌ئۆپۆزیسیۆنی ئێران به‌ناوی «حسێن ئازهركیشو سابیری ستاری» به‌ده‌مانچه‌ی بێده‌نگ له‌كاتی خه‌ودا ده‌كوژێ‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران، له‌وێ له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانه‌وه خه‌ڵات ده‌كرێت. هه‌روه‌ها كه‌ریم به‌كوشتنی كه‌سێكی تر به‌ناوی «مه‌جیدی كاك ئه‌وڵا» تاوانبار ده‌كرێت كه كه‌سێكی یاخی له‌ئێران بووه. له‌تۆڵه‌ی ئه‌و كارانه‌یدا، سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر كه‌ریمی حسێن چۆله‌كه له‌نزیك گوندی «كاومله»ی سه‌قز كوژرا. # دوو كه‌سی تر كه له‌ناوچه‌ی پێنجوێندا به‌ئه‌نجامدانی كاری سیخوڕی‌و پیاوكوژی بۆ ئیتلاعات ناسراون: «حه‌مه‌ی حسێن به‌گ»و «محه‌مه‌د مه‌حمود كه‌ره‌م»ن. كه هه‌ردووكیان تێكه‌ڵ به‌گروپی ئهنساریشنو له‌زۆربه‌ی ئه‌و هێرشانه‌دا به‌شداریان كردووه كه له‌ده‌وروبه‌ری پێنجوێندا كراونه‌ته سه‌ر پاسه‌وانانی سنور، وه‌ك كوشتاری 8 پاسه‌وانی سنوور له‌كانی خان‌و دوو پاسه‌وان لهسیاگوێزو چه‌ندین چالاكی دیكه‌ش. حه‌مه‌ی حسێن به‌گ، كه خه‌ڵكی سیاگوێزه، لهناوهڕلستی ده‌یه‌ی 1990دا، شه‌وێكیان كه ژنه‌كه‌ی له‌ماڵه‌وه نابێت، له‌سلێمانی ژنبراكه‌ی خۆی بۆ چوارده هه‌زار دینار‌و ده‌مانچه‌یه‌ك به‌ته‌ور ده‌كوژێ‌و ته‌رمه‌كه‌شی فڕێئه‌دات، پاشان ده‌ستگیر ده‌كرێت، به‌ڵام زۆر ناخایه‌نێت كه له31ی ئابدا له‌به‌ندیخانه هه‌ڵدێو رووده‌كاته شاخه‌كانی سیاگوێزو به‌مدوایانه‌ش له‌ئێران تێكه‌ڵ بهئهنسار ده‌بێت. حه‌مه‌ی حسێن به‌گ ساڵی پار له‌بانه له‌كاتی هاتنه ده‌ره‌وه‌یدا له‌ماڵ، له‌لایه‌ن ماتۆڕ سوارێكه‌وه كوژرا. كه‌سی دووه‌میش «محه‌مه‌د مه‌حمود كه‌ره‌م» كه خه‌ڵكی عێزهتاوهی سنوری پێنجوێنه‌و كاتی خۆی پۆلیسی هاتوچۆ بووه لهسلێمانیو به‌كوشتنی چه‌ند كه‌سێك تۆمه‌تبار ده‌كرێت، رۆڵێكی چالاك لهڕێكخستنو ئه‌نجامدانی جموجۆڵه‌كانی ئێستای ئیتلاعات‌و ئهنساریشدا ده‌بینێت.
ئیتلاعات
وه‌زاره‌تی ئیتلاعات، یه‌كێكه له‌و كۆڵه‌كه قایمانهی كۆماری ئیسلامی ئێرانی‌یان له‌سه‌ر بنیاتنراوه. ئیتلاعات له‌گه‌ڵ ده‌زگای موسادی ئیسرائیلی‌دا، بهگهورهترینو بهكاراترین ده‌زگای سیخوڕی‌و پۆلیسی نهێنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێن. ئیتلاعات زاده‌ی كه‌شوهه‌وای پڕ لهنائارامیو كوشتنی دووه‌مین سه‌رۆك كۆمار‌و دووه‌مین سه‌رۆك وه‌زیری كۆماری ئیسلامی بوو له‌سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 1980دا، كه به‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئێران‌و دامه‌زراندنی كۆماری ئیسلامی‌دا، له‌پێناو پاراستنی بهرژهوهندیو به‌رده‌وامبونی ئه‌و رژێمه تازه دامه‌زراوه‌دا، باشترین مه‌غزو مێشكی هه‌وادارانی ئه‌و رژێمه كه‌وتنه نه‌خشه‌كێشان بۆ دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی مخابه‌راتی هاوشێوه‌ی ده‌زگای «ساواك»، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو ئه‌و فره كۆمیته ئه‌منییانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا هاتبوونه ئاراوه بهڕێوهبباتو له‌هه‌مانكاتیشدا نه‌خشه‌و پلان بۆ سه‌ركوت‌و خه‌فه‌كردنی هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی وه‌ك موجاهیدینی خه‌لق‌و چهپو رێكخراوه كورده‌كان دابڕێژێت. ئیتلاعات كه له‌ساڵی 1983دا ده‌ستی به‌كاركرد، به‌تیرۆركردنی سه‌دان كه‌سایه‌تی ناڕازی كۆماری ئیسلامی له‌ناوخۆی ئێران‌و له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا تاوانبار ده‌كرێت. كوردستان، له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه ئامانجێكی ئیتلاعات بووه، كه رۆڵێكی ئه‌كتیڤی له‌شه‌ڕه‌كانی ناوخۆی نێوان هه‌موو هێزه‌كاندا بینیوه، هه‌روه‌ها ئیتلاعات نزیكه‌ی 300 كوردی ناڕازی رژێمی كۆماری ئیسلامیان له‌هه‌رێمی كوردستاندا كوشتووه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه زۆرێک له‌چاودێران پێیانوایه یه‌كێك له‌كاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئیتلاعات له‌كوردستان بڵاوكردنه‌وه‌ی ماده بێهۆشكه‌ره‌كان بووه.
■ ئا: سات محه‌مه‌د ماڵپه‌ڕی ئاوێنه 20081231
RSS
چاپ کردن/Print
|
|
|