| |
|
Date: 4 Sep 2008 / Views: 673
کۆنگره‌ی 14 له سێبه‌ری گلوبالیزاسیون‌دا, ره‌شید حه‌یده‌ری
 بایه‌خی کۆنگره زۆر سروشتی‌یه ئه‌گه‌ر حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران (حدکا) له ماوه‌ی تێکۆشانی درێژخایه‌نی خۆی‌دا حیزبێکی "بێ هه‌ڵه و که‌مووکۆڕی" نه‌بووبێ و جار نا جارێک لێره و له‌وێ له‌به‌ر هیندێک هه‌ڵوێست و تاکتیکی رۆژ ره‌خنه‌ی لێ گیرابێ. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ره‌خنه و گلێیی‌یه‌ک که له حیزبی دێمۆكرات هه‌مانبێ و به دوور له هه‌ر چه‌شنه ده‌مارگرژی و خۆهه‌ڵکێشانێک، ئه‌م حیزبه بۆ ته‌مرینی دێموکراسی له "رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نامۆ به دێموکراسی"دا و مامه‌ڵه کردنی ئوسووڵی و دیموکراتیک له‌گه‌ڵ کێشه، سه‌لیقه و بیروبۆچوونه جیاوازه‌کان‌دا، بۆ ئه‌ندامه‌کانی قوتابخانه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و بۆ ده‌ورووبه‌ره دیکتاتۆری‌لێدراوه‌که‌یشی نموونه و ئه‌زموونێکی پڕبه‌ها و سوودبه‌خش بووه. ئه‌م حیزبه له درێژه‌ی خه‌باتی شێلگیر و خوێناویی خۆی له ماوه‌ی پتر له شه‌ست ساڵی رابردوودا، بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی دێموکراسی و وه‌دیهێنانی مافه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه‌کانی گه‌لی کورد له‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان‌دا، هه‌تاکو ئێستا 13 کۆنگره‌ی به‌ستووه و دیسانیش خۆ له به‌رده‌م تاقیکاریی به‌ستنی کۆنگره‌یه‌کی گرینگ و مێژوویی دیکه‌دا ده‌بینێته‌وه. ئه‌م تاقیکردنه‌وه پڕ بایه‌خه چاره‌نووسسازه، نه‌ک هه‌ر بۆ ئه‌ندام و لایه‌نگری حیزب، به‌ڵکوو بۆ خه‌ڵکی خۆڕاگر و مافخوازی کوردستانیش، به هه‌موو چین و توێژه‌کانی‌یه‌وه، نرخ و قورسایی خۆی هه‌یه و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه به چاوی هیوا و هومێدێکی زۆره‌وه لێی ده‌ڕوانرێ. کۆنگره بۆ ئه‌ندامی حیزب، گرینگی‌یه‌کی تایبه‌تیی هه‌یه. یه‌کێک له‌و مه‌یدانانه‌یه که تیایدا بتوانێ ئازادانه و سه‌ربه‌خۆ، بێ ترس له هیچ سنوور و به‌ربه‌ستێک و به دڵنیا بوون له‌وه‌ی که که‌سایه‌تیی ده‌پارێزرێ، بیروڕای جیاوازی تایبه‌ت به خۆی و ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی‌یانی کردووه، بێنێته زمان و له بڕیاره گرینگ و هه‌ستیاره‌کان‌دا رۆڵی چالاک و کاریگه‌ر بگێڕێ. هه‌ر له‌و کاته‌دا، بڕیار و په‌سندکراوه‌کانی کۆنگره، هه‌رچه‌ند پێچه‌وانه‌ی مه‌یل و بۆچوونه‌کانی ئه‌ویش بن، به سینگفراوانی و بیرێکی کراوه قبووڵ بکا و له پاش ته‌واو بوونی کۆنگره‌ش، بۆ جێبه‌جێ کردنیان، هه‌نگاوی جیددی هه‌ڵێنێته‌وه. هه‌ر له دۆخێکی وایش‌دایه که کولتووری پێکه‌وه هه‌ڵ‌کردن و یه‌کتر قووت‌دان جێی توندووتیژی و زه‌بروزه‌نگ و به زۆر سه‌پاندن، که به‌داخه‌وه کولتووری رۆژهه‌ڵاتی ناوینه، ده‌گرێته‌وه. بێجگه له‌وه، کۆنگره له حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا هه‌میشه کاناڵ و میکانیزمێکی ره‌وا و دێموکراتیک بووه که به هۆیه‌وه ده‌سه‌ڵاتی حیزبی له که‌س یان که‌سانێکه‌وه بۆ که‌س یان که‌سانێکی دیکه گوازراوه‌ته‌وه و ده‌گوازرێته‌وه. هه‌ر چه‌ند هیندێک جار، که‌مایه‌تی‌یه‌ک له ئه‌ندامانی کۆنگره، له‌به‌ر نه‌بوونی گیانی لێبورده‌یی و یه‌کتر قووت دان و هه‌روه‌ها به‌هۆی لاوازبوونی ناوه‌رۆکی راسته‌قینه‌ی دێموکراسی له قووڵایی ناخیان‌دا، یان له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌کی دیکه، پشتیان له په‌سندکراو و ئاکامه‌کانی کۆنگره کردووه و خۆیان له بڕیاراتی "مه‌شرووع و لازم‌الاجرا"ی کۆنگره، که هه‌میشه به چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه گرێ دراون، کێشاوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت هیندێک جار بۆ دامرکاندنی کوڵی دڵیان هه‌وڵی له‌توپار کردنی حیزبیشیان داوه و به گژی‌دا چوونه‌ته‌وه، به‌و حاڵه‌ش هه‌تا ئه‌مڕۆ، کۆنگره له‌بارترین کاناڵ بۆ ته‌مرینی دێموکراسی و گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له نێو رێبه‌ریی حدکا دایه و به بێ کۆنگره‌یش، دێموکراسیی نێوخۆیی وه‌ک جه‌سته‌یه‌کی بێ‌گیانی لێ دێ و جه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆکی راسته‌قینه‌ی خۆی له ده‌ست ده‌دا. جیا له‌وه، به‌کورتی کۆنگره ده‌توانێ ده‌رفه‌تێک بێ بۆ خۆ نوێ کردنه‌وه و پیاچوونه‌وه به رابردوو و هه‌روه‌ها تاوتوێ کردنی ویست و داخوازه‌کانی خه‌ڵکی خه‌باتگێڕو تێکۆشه‌ری کوردستان که حیزب له به‌رنامه‌ی خۆی‌دا گونجاندوونی و دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی گونجاو و له‌بارتری خه‌بات بۆ گه‌ییشتن به‌و ئامانجانه. په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌یه‌کی دزێو له هه‌ڵبژاردنه نێوخۆیی‌یه‌کان‌دا خاێکی زۆر به‌هێز، که بتوانێ به روونی حدکا له زۆر لایه‌ن و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ده‌ورووبه‌ریشی جیا بکاته‌وه، راپه‌ڕاندنی هه‌ڵبژاردنی نێوخۆیی‌یه. له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا، که به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و نهێنی به‌ڕێوه‌ده‌چن، هه‌موو ئه‌ندامان مافی به‌شداربوونی ئازاد و وه‌ک یه‌کیان هه‌یه. ئه‌م شێوه هه‌ڵبژاردنه نێوخۆیی‌یانه، که له‌مێژه وه‌ک یه‌کێک له بایه‌خه پڕواتاکانی دێموکراسی له حدکادا جێیان گرتووه و به‌بته‌ویی ره‌گیان داکوتاوه، چ له نێوخۆ و چ له دنیای ده‌ره‌وه‌دا پێگه‌ی حدکایان له ئاستێکی زۆر به‌رزدا راگرتووه و سیما و روخسارێکی جیهانپه‌سندیان پێ به‌خشیوه. یه‌کێک له‌و هه‌ڵبژاردنه نێوخۆیی‌یانه، که بۆ ته‌شکیلاتی حدکا بایه‌خێکی تایبه‌تیی هه‌یه و وه‌ک دیتراوه، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه سه‌رنجی زۆری دراوه‌تێ و پێشوازیی گه‌رمی لێ‌کراوه، هه‌ڵبژاردنی کۆنفرانسه‌کانی پێش به‌ستنی کۆنگره‌ن. بایه‌خی کۆنفرانسه‌کانی پێش کۆنگره زیاتر له‌وه‌دایه که ئه‌ندامان تیایان‌دا نوێنه‌ر بۆ کۆنگره هه‌ڵ‌ده‌بژێرن. کۆنگره‌یه‌ک که به چاره‌نووسی ته‌واوی حیزبه‌وه گرێ دراوه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ش پێویسته ئه‌ندام، هه‌م له خۆ پاڵاوتن و هه‌م له ده‌نگ‌دان‌دا، به وردبینی‌یه‌وه ره‌فتار بکا و تێ‌بکۆشێ که‌سانێک هه‌ڵ‌بژێرێ که شیاوی چوونه‌وه بۆ کۆنگره بن و له دیاری کردنی داهاتووی حیزب‌دا شوێن ده‌ستیان دیار بێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له‌م ساڵانه‌ی دوایی‌دا له نێو هیندێک له رێکخراوه‌کانی حدکا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا سه‌ریان هه‌ڵ‌داوه و ورده ورده ده‌رده‌که‌ون، کۆمه‌ڵێک نه‌ریت و خووخده‌ی دزێو و ناپه‌سندن که ئه‌گه‌ر بێت‌و له کاتی گونجاو‌دا بنبڕ نه‌کرێن، له درێژخایه‌ن‌دا، به زیانی بایه‌خه دیموکراتیکه پێڕه‌وکراوه‌کانی نێو حدکا ده‌شکێنه‌وه و په‌یکه‌ر و جه‌سته‌ی حدکا، که به خوێنی هه‌زاران رۆڵه‌ی گیانبه‌ختکردووی ئه‌م حیزبه و فیداکاری و له‌خۆبوردوویی ئه‌ندامه چالاک و تێکۆشه‌ره‌کانی گه‌ییشتووه‌ته ئه‌مڕۆ، له‌گه‌ڵ پووکانه‌وه به‌ره‌وڕوو ده‌که‌ن و دیموکراسیی نێوخۆیی ده‌به‌نه ژێر پرسیار. له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان‌دا، که دێموکراسی تیایان‌دا په‌ره‌ی گرتووه و بووه به به‌شێک له کولتووری دانیشتوانی هه‌ر کام له‌و وڵاتانه، له نێوخۆی حیزبه‌کانیان‌دا رێگا به هیچ که‌س نادرێ که که‌س یان که‌سانی دیکه بخه‌نه دۆخێکه‌وه که حاشا له توانا و لێهاتوویی‌یه‌کانیان بکرێ، یان له ئه‌ندامان وه‌ک که‌ره‌سته و پرده‌باز بۆ بڕینی پله‌ی ته‌شکیلاتی یان سه‌رکه‌وتن له بواره جیاجیاکانی تێکۆشان‌دا که‌ڵک وه‌ربگرن. ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی تاقه حیزبێکیش سه‌یری کێشه‌که بکه‌ین و بۆ نموونه دوو حیزب به‌یه‌که‌وه به‌راورد بکه‌ین که پێکه‌وه له ململانێی گه‌ییشتن به ده‌سه‌ڵات‌دا بن، تاقه پێوه‌ری راسته‌قینه بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌م یان ئه‌وی تریان، ئه‌و به‌رنامه و پرۆگرامه‌یه که بۆ داهاتووی وڵاته‌که پێشکه‌شی ده‌که‌ن و له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه دوابڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێ. لێره‌دا، که‌سایه‌تیی ئه‌ندامان له هه‌ر دوو حیزبه‌که‌دا، له هه‌ر ئاستێکی ده‌سه‌ڵات‌دا که بن، رێزی لێ ده‌گیرێ و ده‌پارێزرێ. شه‌ڕ لێره‌دا شه‌ڕی پرۆژه و به‌رنامه‌یه نه‌ک شه‌ڕی خودی تاکه‌کان. ئه‌و پرۆژه و پرۆگرامه‌یش ده‌یباته‌وه که زۆرینه پێیان وا بێ که به‌که‌ڵکتره و قازانجی زیاتری بۆ خه‌ڵک تێدایه. به‌ڵام به‌داخه‌وه، له حیزبی دێموکرات‌دا، لانیکه‌م له‌م وڵاته‌ی که من تێیدا ده‌ژیم، پێوانه بۆ خۆپاڵاوتن له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێش کۆنگره، له دابه‌ش‌کردنێکی ناڕه‌وا و ترسناکه‌وه ئاو ده‌خواته‌وه، که بێبه‌زه‌یی‌یانه، لێره به‌سه‌ر ته‌شکیلاتی حیزب‌دا سه‌پێنراوه و لێنه‌پرسینه‌وه‌ی حیزب و که‌مته‌رخه‌میی ئه‌ندامانیش رێگایان بۆ سه‌پاندنی خۆش کردووه. دابه‌ش‌کردنێک که له‌سه‌ر خۆیی‌بوون و ناخۆیی‌بوون گه‌ڵاڵه کراوه و پێوه‌رێکی نوێی بۆ سه‌رکه‌وتن له هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا خستووه‌ته روو. ئه‌م پێوه‌ره نوێ‌یه، له پله‌ی یه‌که‌م‌دا، له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆبوونی ئه‌ندام‌دا بێگانه‌یه. لێهاتوویی و تواناکانی ئه‌ندام نابینێ و ته‌نیا ئه‌ندامێک په‌سند ده‌کا که ده‌سته‌مۆ و ملکه‌چی بێئه‌ملاو ئه‌ولای لایه‌نی خۆیی بێ و لایه‌ن یان لایه‌نه‌کانی به‌رامبه‌ر و توانا و لێهاتووی‌یه‌کانیان ره‌ت بکاته‌وه. به بڕوای من، سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیارده دزێوه ترسناکه، له‌لایه‌ک یاری کردنه به چاره‌نووسی گشتیی حیزب و خه‌ڵکی کوردستان، له‌لایه‌ک به‌شێک له تواناکانی ئه‌ندامانی حیزب پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه و په‌کیان ده‌خا، له‌لایه‌کی دیکه‌ش، رێگه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌ندام به‌شێوه‌ی نامه‌شرووع و هاتنی که‌سانی هه‌لپه‌ره‌ست و به‌رژه‌وه‌ندیخواز بۆ نێو ریزه‌کانی حدکا خۆش ده‌کا. هه‌ر بۆیه ئه‌رکی کۆنگره ئه‌وه‌یه به‌جیددی له‌م پرسه گرینگه بکۆڵێته‌وه و پێش به په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده ناحه‌زه نه‌خوازراوه له داهاتوودا، که دوور نییه شوێن و ئورگانه‌کانی دیکه‌ش بگرێته‌وه، بگرێ و بڕیاری پێویست و به‌جێی له‌سه‌ر بدا. کۆنگره‌ی چوارده، کۆنگره‌یه‌کی چاره‌نووسساز زۆر جار، لێره و له‌وێ، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه باس له چاره‌نووسساز بوونی کۆنگره‌ی چوارده له به‌راورد له‌گه‌ڵ کۆنگره‌کانی دیکه‌ی حیزب‌دا ده‌کرێ و هه‌ر که‌س له روانگه‌ی خۆیه‌وه "چه‌مکی چاره‌نووسساز بوون" شرۆڤه ده‌کا. به‌ڵام کۆی ئه‌و بۆچوونانه به‌گشتی له‌سه‌ر نوێگه‌رایی، گۆڕینی سیما و روخساری پیاوسالارانه‌ی رێبه‌ریی حیزب له رێگای هاتنی رێژه‌یه‌کی گونجاوی ژنان بۆ نێو ریزه‌کانی ئه‌و رێبه‌ری‌یه و بیرکردنه‌وه و بڕیاردان له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری تاکتیکێکی نوێی خه‌بات بۆ ده‌رباز بوون له‌و دابڕانه فیزیکی‌یه‌ی که به هۆی هه‌لوومه‌رجی ناوچه و له‌به‌ر پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له باشووری کوردستان حدکا هه‌ڵی بژاردووه، جه‌خت ده‌که‌نه‌وه. هه‌ر بۆیه ئه‌ندامانی به‌شدار له کۆنگره ده‌بێ به هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی کردنه‌وه ئاوڕێکی جیددی له‌م پرسه گرینگانه بده‌نه‌وه و هه‌وڵ بده‌ن به‌شی زۆری باسه‌کانی کۆنگره بۆ تاوتوێ کردنی ئه‌و پرسه ئاماژه‌پێکراوانه ته‌رخان بکرێن. بێجگه له‌و خاڵانه‌ی به‌کورتی ئاماژه‌یان پێ‌کرا، کۆنگره‌ی چوارده له بارێکی دیکه‌یشه‌وه گرینگ و چاره‌نووسسازه. ئه‌م کۆنگره‌یه له هه‌لوومه‌رجێک‌دا ده‌به‌سترێ که جیهان، به‌خێرایی‌یه‌کی تیژتر له رابردوو، به یه‌کێک له قۆناخه هه‌ستیار و پڕ له گۆڕانکاری‌یه‌کانی خۆی‌دا گوزه‌ر ده‌کا. ئه‌م قۆناخه، وه‌ک ده‌زانین، له فه‌رهه‌نگی سیاسیی جیهان‌دا ناوی گلوبالیزاسیونی به‌سه‌ردا بڕاوه. کۆنگره‌یه‌ک که له‌سه‌ر به‌رنامه و رێبازی فیکریی حدکا بۆ چوار ساڵی داهاتوو بڕیار بدا، ناتوانێ له بڕیاره‌کانی‌دا، دیارده‌ی گلوبالیزاسیون له‌به‌رچاو نه‌گرێ و خوێندنه‌وه‌ی وردی خۆی بۆ ئه‌م چه‌مکه نه‌بێ. خوێندنه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ ته‌نیا کاتێک دێته دی که ئه‌م دیارده‌یه به‌و جۆره‌ی که هه‌یه بناسین نه‌ک به‌و جۆره‌ی که هانده‌رو لایه‌نگرانی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن. ئێمه ده‌بێ بۆ خۆمان و دوور له کاریگه‌ریی ئه‌م و ئه‌و که‌لێن و قوژبنه‌کانی بپشکنین و به‌وردی له لایه‌نه باش و خراپه‌کانی ورد ببینه‌وه. له ئاکامی ناسینێکی دروستی وادایه که ده‌توانین له‌و هه‌ل و ده‌رفه‌تانه که‌ڵک وه‌رگرین که له سێبه‌ری ئه‌م چه‌مکه‌دا ده‌ڕه‌خسێن و هه‌ر له‌و کاته‌دا، له لایه‌نه نه‌رێنی‌یه‌کانی خۆ بپارێزین که بۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان، که به‌تایبه‌ت له رووی ئابووری‌یه‌وه دواکه‌وتوویه، زیانبه‌خشن. گلوبالیزاسیون: تێڕوانین و هه‌ڵوێسته جیاوازه‌کان وه‌ک ئاماژه‌ی پێ‌کرا، کۆنگره‌ی چوارده‌ی حدکا له‌سه‌رده‌می گلوبالیزاسیون‌دا ده‌به‌سترێ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ناسینی ئه‌م چه‌مکه، لانیکه‌م بۆ به‌شێک له بڕیاره گرینگه‌کانی کۆنگره سه‌باره‌ت به مادده و به‌نده‌کانی به‌رنامه و پێڕه‌وی نێوخۆی حیزب، چ به ئاڵووگۆڕ پێک هێنان تیایان‌دا و چ به هێشتنه‌وه‌یان، زه‌رووره‌تێکی مێژوویی‌یه. ئه‌وه که گلوبالیزاسیون چی‌یه و چۆن پێناسه ده‌کرێ و هه‌ڵوێسته جیاوازه‌کان به‌رامبه‌ر به‌م دیارده‌یه کامانه‌ن، پرسیارگه‌لێکن که لێره‌دا به‌گوێره‌ی توانا وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه. گلوبالیزاسیون دیارده‌یه‌کی فره ئاڵۆز‌و گرێوگوڵداری دنیای سه‌رده‌مه. ئه‌وه‌ی راستی بێ، ئه‌م دیارده‌یه پێناسه‌یه‌کی فره روون و کۆنکرێتی نییه. ته‌وه‌رێکه، که له‌لایه‌ن نووسه‌ر و پسپۆڕانه‌وه مشتوومڕی زۆری له‌سه‌ره و کورد گوته‌نی، هه‌ویرێکه ئاوی زۆر هه‌ڵ‌ده‌گرێ. گرینگیی ئه‌م بابه‌ته پاڵی به نووسه‌ران له سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه ناوه تا به هه‌زاران وتار‌و نامیلکه‌و کتێبی له‌سه‌ر بنووسن. له‌به‌ر بوونی روانگه و بۆچوونی جیا جیا له‌سه‌ر گلوبالیزاسیون، ئه‌و نووسه‌رانه نه‌یانتوانیوه پێناسه‌یه‌کی وه‌ک یه‌ک پێشکه‌ش به خوێنه‌ران بکه‌ن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ده‌کرێ له کۆی ئه‌و پێناسه جیاوازانه، کۆمه‌ڵێک خاڵی هاوبه‌ش هه‌ڵێنجێنین که گرینگ‌ترینیان بریتین له: هاوچاره‌نووسیی مرۆڤه‌کان و په‌ره‌سه‌ندنی هاوکاریی نێوانیان، وه‌گه‌ڕکه‌وتن و سووڕانی سه‌رمایه له هه‌موو جیهان‌دا، به‌سترانه‌وه‌ی جیهان به یه‌که‌وه، که‌م بوونه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان مرۆڤه‌کان (جیهان گوندێکی بچووکه)، بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای زانیاری به هۆی پێشکه‌وتنی تکنیک و بوونی تۆڕ و رایه‌ڵه‌ی به‌هێز و خێرای پێوه‌ندی و ... هتد. وه‌ک وشه، گلوبالیزاسیون له زمانی کوردی‌دا "جیهانگیری" و "به‌جیهانی‌بوون"یشی پێ‌ده‌گوترێ. دیاره له باشووری کوردستان هیندێک جار وشه‌ی "عه‌وله‌مه"شمان وه‌به‌رگوێ ده‌که‌وێ که بێگومان مانا عه‌ره‌بی‌یه‌که‌یه‌تی. ئه‌مه وه‌ک وشه. به‌ڵام وه‌ک ناوه‌رۆک، به سه‌رنج‌دان به‌و خاڵه هاوبه‌شانه‌ی ئاماژه‌یان پێ کرا، ده‌کرێ بێژین که گلوبالیزاسیون چه‌مکێکه که بانگه‌واز بۆ یه‌کڕیزی و یه‌کبوون ده‌کا. پرۆسه‌یه‌که، که له‌م کات و ساته‌دا، به‌بێ هه‌لوومه‌رجی ئابووریی له‌بار و یه‌کسان!، جیهان له لێک‌دابڕان و چه‌ند پارچه‌بوون به‌ره‌و یه‌کێتی و یه‌کپارچه‌بوون ده‌با. به‌ره‌و یه‌ک کۆمه‌ڵگا بوون ده‌با. ئه‌م ره‌وته‌ی گلوبالیزاسیون له راستی‌دا به زیانی ئابووریی دواکه‌وتووی وڵاتانی په‌ره‌ئه‌ستێن ده‌شکێته‌وه و له به‌رژه‌وه‌ندیی پرسی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییش‌دا نابێ، که دواتر له درێژه‌ی ئه‌م نووسراوه‌یه‌دا دیسان ئاماژه‌ی پێ‌ده‌کرێ. نوکته‌یه‌ک که زۆر گرینگه و ده‌بێ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی گلوبالیزاسیون‌دا قامکی له‌سه‌ر دابنرێ، فره‌لایه‌ن بوونی ئه‌م چه‌مکه‌یه. واته ته‌نیا تایبه‌ت به بوارێکی دیاریکراو نییه. به‌ڵکوو زۆر بواری جیاجیا و گرینگی ژیانی هاوچه‌رخ له‌خۆ ده‌گرێ. له‌وانه ده‌توانین بۆ وێنه بواری ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و کولتووری ئاماژه پێ‌بکه‌ین. هه‌ڵبه‌ت تێکڕای ئه‌م لایه‌نانه‌ی به‌جیهانی‌بوون، به‌یه‌که‌وه گرێ‌دراون و کارتێکه‌ریی به‌رچاو له‌سه‌ر یه‌کتر داده‌نێن. هه‌ر له‌و کاته‌دا، هه‌ر هه‌موویان پێوه‌ندیی راسته‌وخۆیان به ژیانی مرۆڤه‌وه هه‌یه. هه‌ر بۆیه بۆ ناسینی هه‌رچی زیاتری چه‌مکی گلوبالیزاسیون، ده‌بێ شرۆڤه‌کردن و لێکدانه‌وه‌ی کۆی ئه‌م لایه‌نانه‌مان له‌به‌رچاو بێ. سه‌ره‌ڕای گرینگیی هه‌ر کام له لایه‌نه جیاجیاکانی گلوبالیزاسیون، له‌م نووسراوه‌یه‌دا زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نی ئابووریی پرۆسه‌که ده‌کرێته‌وه. هه‌ر وه‌ک باسم کرد، روانگه و بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر گلوبالیزاسیون له ئارادایه. لێره‌دا، بۆ تێگه‌ییشتن و به‌رچاوڕوونیی زیاتر، ده‌کرێ گلوبالیزاسیون به قه‌تارێک بشوبهێنین که به خێرایی‌یه‌کی زۆر رێ ده‌پێوێ و به‌ره‌و پێش ده‌ڕوا. دیاره پێش هه‌موو که‌س، ئه‌م قه‌تاره، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی توتالیته‌ر و پێشێلکه‌ری مافی مرۆڤه‌وه، له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه که هه‌بن، به‌توندی دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ. ئه‌مه‌یش شتێکی زۆر سه‌یر نییه و دۆزینه‌وه‌ی هۆیه‌که‌شی بیرکردنه‌وه‌ی زۆری ناوێ. یه‌کێک له په‌یامه‌کانی گلوبالیزاسیون، که له په‌یامه هه‌ره به‌که‌ڵکه‌کانیه‌تی، دابین کردنی دێموکراسی‌یه. په‌یامێکی گرینگی تری گلوبالیزاسیون که ئه‌ویش هه‌ر رووی له کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی‌یه، په‌یامی پێکه‌وه ژیانی به ئاشتی و رێزگرتن له مافه‌کانی مرۆڤه. ده‌سه‌ڵاتدارانی توتالیته‌رو دیکتاتۆریش، گوێیان به‌و دوو په‌یامه ئاشنا نییه و له‌گه‌ڵ ره‌فتار و رۆحی پڕ له توندوتیژیی ئه‌وان‌دا یه‌ک ناگرنه‌وه و ناته‌بان. له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه، قه‌تاری گلوبالیزاسیون وه‌ک هه‌ڕه‌شه و زه‌نگی خه‌ته‌رێک له دژی ده‌سه‌ڵاتی شووم و نامه‌شرووعی خۆیان ده‌بینن. هه‌ر بۆیه بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان، لێبڕاوانه و به هه‌موو هێزو توانایانه‌وه، له‌به‌رده‌م تێپه‌ڕبوونی ئه‌م قه‌تاره به وڵاته‌کانیان‌دا، کۆسپ و ته‌گه‌ره داده‌نێن و هه‌موو هه‌وڵیان وه‌گه‌ڕ ده‌خه‌ن رێگای چوونه ژووره‌وه‌ی پێ‌نه‌ده‌ن. دوور نییه بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیان، لافی داکۆکی له به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ییش لێ بده‌ن. یانی ئه‌گه‌ر دژایه‌تیی گلوبالیزاسیون ده‌که‌ن، مه‌به‌ستیان پاراستنی قازانجی دانیشتوانی وڵاته نه‌ک ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، که ئه‌مه، به له‌به‌رچاو گرتنی کرده‌وه‌و ره‌فتاری دژی ئینسانیی ئه‌وان له دژی خه‌ڵکی وڵاته‌کانیان، ئیددیعایه‌کی پووچ و بێ‌بنه‌مایه و له راستی‌یه‌وه دووره. له لای به‌شێکی دیکه له وڵاتانی جیهان، واته وڵاتانی پیشه‌سازی و پێشکه‌وتووی رۆژاوا، هه‌ڵوێسته‌که به‌پێچه‌وانه‌یه. له‌م وڵاتانه‌دا، قه‌تاری گلوبالیزاسیون نه‌ک هه‌ر دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ناکرێ، به‌ڵکوو پێشوازیشی لێ‌ده‌کرێ‌و بانگه‌شه‌ی ژیانێکی پڕ له خۆشی و باشتری بۆ ده‌کرێ. له راستی‌دا، ئه‌م وڵاتانه بۆ خۆیان پاڵپێوه‌نه‌ر و بزوێنه‌ری قه‌تاری گلوبالیزاسیونن. له‌به‌ر ئه‌وه، هه‌ر کامه‌یان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان رێگای بۆ ته‌خت بکه‌ن و تا گه‌ییشتنی به دوا ئێزگه رێ‌نوێن و رێنیشانده‌ری بن. گلوبالیزاسیون، وه‌ک هه‌موو دیارده‌کانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه پڕ له گۆڕانه، خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی "ره‌نگدانه‌وه"یه. به هۆی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌وه، هه‌م له‌سه‌ر مرۆڤ شوێن داده‌نێ، هه‌میش له‌و شوێن هه‌ڵ‌ده‌گرێ. به واتایه‌کی دیکه، کارتێکه‌ری‌یه‌کی دوو لایه‌نه له نێوان گلوبالیزاسیون و مرۆڤ‌دا له ئارادایه. ئه‌گه‌ر ئه‌م کارتێکه‌ری‌یه‌مان قبووڵ بێ، که به‌گشتی تایبه‌تمه‌ندیی جیهانی مادی‌یه، ئه‌و ده‌م ده‌توانین ئه‌وه‌یش قبووڵ بکه‌ین که ده‌کرێ له ئاکامی شوێندانه‌ریی مرۆڤ‌دا، ره‌وتی گلوبالیزاسیون به قازانجی مرۆڤایه‌تی بشکێنرێته‌وه و کوردیش وه‌ک به‌شێک له کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی، له‌و شکاندنه‌وه‌یه سوودمه‌ند ببێ. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م تێڕوانینه، واته پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ له ئاراسته و ئامانجه‌کانی گلوبالیزاسیون به قازانجی مرۆڤ‌دا، هه‌ر له نه‌وه‌ده‌کانه‌وه، جووڵانه‌وه‌یه‌کی به‌رهه‌ڵستکاری له دژی گلوبالیزاسیون پێک هاتووه. له ریزی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌دا، هه‌ر له که‌سایه‌تیی ناودار و رێکخراوی جیهانی‌یه‌وه بگره تا خه‌ڵکی ئاسایی سه‌رشه‌قام ده‌بینرێن. بێگومان حیسابی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ رێژیمه سه‌ره‌ڕۆکان‌دا جیاوازه. به‌پێچه‌وانه‌ی رێژیمه دیکتاتۆری‌یه‌کان، که ته‌نیا له‌به‌ر مانه‌وه‌ی خۆیان له ده‌سه‌ڵات‌دا، دژایه‌تی گلوبالیزاسیون ده‌که‌ن، ئامانجی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه که هاوکات له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتن له‌گه‌ڵ قه‌تاری گلوبالیزاسیون‌دا، سیمای ئه‌م دیارده‌یه بگۆڕدرێ و روخسار‌و ناوه‌رۆکێکی ئینسانی‌تری پێ بدرێ. یانی زیاتر سه‌رنج به مرۆڤ و مافه‌کانی بدرێ تا قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی پێشکه‌وتوو و پیشه‌سازی که هه‌ڵگری په‌یامی پرۆسه‌ی به‌جیهانی‌بوونن. گلوبالیزاسیون چ زیانێکی بۆ وڵاتانی دواکه‌وتوو، له نێویان‌دا کوردستان، هه‌یه؟ گلوبالیزاسیون، وه‌ک پێشتر خرایه روو، دیارده‌یه‌کی فره‌لایه‌نه. ئه‌م دیارده‌یه ئه‌گه‌ر چی له باری دێموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ و تکنیک و خێرایی پێوه‌ندی گرتن و گواستنه‌وه‌ی خێرای رووداوه‌کان ... هتد، تا بڵێی قازانجی بۆ جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی کورد هه‌یه، به مه‌رجێک خۆی له‌گه‌ڵ بگونجێنێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه، هیندێک لایه‌نی نیگه‌تیڤی وایشی هه‌یه که ئێمه‌ی کورد ناتوانین پشتگوێ‌یان بخه‌ین یان له به‌رامبه‌ریان‌دا بێلایه‌ن بمێنێته‌وه. له‌نێو لایه‌نه‌کانی گلوبالیزاسیون‌دا، لایه‌نی ئابووری به یه‌کێک له لایه‌نه هه‌ره گرینگه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه ده‌ژمێردرێ. ته‌نانه‌ت هیندێک لایه‌ن بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن که دێموکراسی، که یه‌کێک له په‌یامه‌کانی گلوبالیزاسیونه ، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ پێشکه‌وتنی لایه‌نی ئابووریی پرۆسه‌که بڕه‌خسێنێ و ئاشتی و سه‌قامگیری، که پێویستیی هه‌ڵدانی ئابووری‌یه، له وڵاته دواکه‌وتووه‌کان‌دا ده‌سته‌به‌ر بکا. به واتایه‌کی دیکه، له گلوبالیزاسیون‌دا بۆیه داکۆکی له دێموکراسی ده‌کرێ، تا خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان بکا، که کۆمپانیا فره‌نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان رێبه‌ریی ده‌که‌ن. هه‌ر چۆنێک بێت، وڵاتانی په‌ره‌ئه‌ستێن، کوردستانیشی له‌گه‌ڵ بێ، به‌و باروودۆخه ئابووری‌یه شپرزه‌ی که هه‌یانه، ناتوانن مسافرێکی دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ری قه‌تاری گلوبالیزاسیون بن. ئه‌وان هه‌ر چه‌ند خۆ به‌و قه‌تاره‌دا بکه‌ن و داهاتووی خۆیانی پێ‌بسپێرن و له‌گه‌ڵ مسافره‌کانی ببنه هاوچاره‌نووس، یان باشتره بڵێم هاوسه‌فه‌ر، ناکرێ به روخساری زۆربه‌یانه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌یان که هه‌ژارو دواکه‌وتوون و به‌داخه‌وه له به‌راورد له‌گه‌ڵ دانیشتوانی وڵاته په‌ره‌گرتووه‌کان‌دا ژماره‌یان ئێجگار له سه‌رێ‌یه، جۆرێک له دڵه‌ڕاوکه و نادڵنیابوون له داهاتوو هه‌ست پێ نه‌کرێ. هۆی ئه‌و ترس و نیگه‌رانی‌یه، بێگومان بۆ ناڕوونی و دژواریی پێش‌بینی کردنی داهاتووی پرۆسه‌که، به‌تایبه‌ت له بواری ئابووری‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه. جێی خۆیه‌تی ئێمه به‌رپرسانه له خۆمان بپرسین و بزانین که ئایا دوا مه‌نزڵگه‌ی ئه‌م قه‌تاره خێرا و به‌هه‌ڵپه‌یه کوێ‌یه؟ ئایا به‌ره‌و دابین‌کردنی ئاوات و ئامانجه‌کانی هه‌مووان و به‌ره‌و وه‌دیهێنانی خه‌ون و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ به‌بێ جیاوازی، ملی رێی گرتووه و ده‌چێته پێش؟ ئایا، ئه‌و جۆره‌ی که لایه‌نگر و هانده‌رانی ئیددیعا ده‌که‌ن، ده‌سکورتی و هه‌ژاری له سه‌رانسه‌ری جیهان خاشه‌بڕ ده‌کا و، دادپه‌روه‌ری و ئاسووده‌یی له‌گه‌ڵ خۆی بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی به‌دیاری دێنێ؟ ئایا نیزامه دیکتاتۆری‌یه‌کان راده‌ماڵێ و دێموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ ده‌چه‌سپێنێ و له سێبه‌ری‌دا کوردیش به مافه نه‌ته‌وایه‌تی‌یه له‌مێژینه‌کانی خۆی ده‌گا؟ یان ئه‌وه‌تا، وه‌ک دژبه‌ره‌کانی ئیددیعا ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی ئه‌م قه‌تاره لێ‌ده‌خوڕن، سه‌رمایه‌داری دڵڕه‌ق و بێ‌به‌زه‌یین و ته‌نیا له بیری پڕکردنی گیرفانی خۆیان‌دان و ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه گرینگ نییه، قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکه؟ هه‌ر بۆیه‌ش قه‌تاره‌که به‌و ئاراسته و ئاقاره‌دا ده‌به‌ن که دڵنیابن سوودی زیاتریان لێوه وه‌چنگ ده‌که‌وێ؟! ئه‌وه‌ی راستی بێ، وڵاتانی جیهان هه‌ر هه‌موویان خاوه‌نی ئابووریی پێشکه‌وتوو نین. کۆمه‌ڵێک له‌و وڵاتانه، به کوردستانیشه‌وه، هه‌ژارن. پیشه‌سازی تیایان‌دا گه‌شه‌ی نه‌کردووه و له تکنۆلۆژیی مودێڕن بێبه‌شن. کشتوکاڵ به‌ردی بناخه‌ی ئابووریی ئه‌م وڵاته هه‌ژارانه‌یه و هه‌نارده‌کانیان زیاتر له به‌رووبوومی کشتوکاڵ پێک‌دێ. پێش‌نه‌که‌وتنی پیشه‌سازی له‌م وڵاتانه‌دا گرفتێکی گه‌وره‌یه که خه‌ڵک به‌ده‌ستی‌یه‌وه داناڵێنن. جووتیاران، بۆ نموونه له ئورووپا‌و ئامریکادا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له لایه‌ک له ده‌وڵه‌ته‌کانیان یارمه‌تیی ماڵی (سوبسید) وه‌رده‌گرن و له‌لایه‌کی دیکه، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی کڕیاره‌وه باج ناخرێته سه‌ر به‌رهه‌م و که‌لووپه‌له‌کانیان، ده‌توانن به نرخی که‌م له وڵاته هه‌ژار و دواکه‌وتووه‌کان‌دا به‌رهه‌مه‌کانیان بفرۆشن. ئه‌و به‌رهه‌مانه به‌و تایبه‌تمه‌ندی‌یانه‌وه که باس کران، توانای رقابه‌تیان له بازاڕی وڵاته هه‌ژاره‌کان‌دا له سه‌رێ‌یه و به‌رهه‌می وڵاته هه‌ژاره‌کان، له‌به‌ر گران بوونیان ناتوانن ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش جووتیاره‌کان ناچارن به‌رووبوومه‌کانیان به نرخی خوارتر له نرخی بازاڕ بفرۆشن که له درێژخایه‌ن‌دا هه‌ژاری‌و دواکه‌وتوویی زیاتری ئه‌وانی لێ ده‌که‌وێته‌وه. شه‌هیدی نه‌مر دوکتور قاسملوو له کتێبی "کوردستان و کورد"دا به‌ڕوونی ئه‌م راستی‌یه‌ی خستووه‌ته روو. له لاپه‌ڕه‌ی 204دا له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "ئه‌و شتوومه‌کانه‌ی له‌نێوخۆی وڵات‌دا دروست ده‌کرێن له‌و شتوومه‌کانه گرانتر ته‌واو ده‌بن که له ده‌ره‌وه‌ڕا دێن و باج و گومرکیان له‌سه‌ر نییه، که‌وابوو، نرخی شتوومه‌کی بێگانه له به‌رهه‌مه خۆوڵاتی‌یه‌کان هه‌رزانتر ده‌بێ و له ئه‌نجام‌دا بازاڕی شتوومه‌کی خۆوڵاتی ده‌شکێ." هه‌روه‌ها جووتیارانی وڵاتانی په‌ره‌ئه‌ستێن ناتوانن به‌رهه‌مه‌کانیان به وڵاتانی ده‌ره‌وه‌یش بفرۆشن، چوونکه وڵاتانی پیشه‌سازی به‌مه‌به‌ستی یارمه‌تی‌دانی جووتیارانی خۆیان هێنانی هاورده سنووردار ده‌که‌ن. ئه‌مه یه‌کێکه له‌و ناعه‌داڵه‌تی‌یانه‌ی که له سیستمی بازرگانیی دنیای ئه‌مڕۆدا، که گلوبالیزاسیون بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کا، به‌دی ده‌کرێ. ئه‌م ناعه‌داڵه‌تی‌یه ده‌بێته هۆی ئه‌وه که هه‌موو وڵاتێک نه‌توانن له بواری ئابووری‌دا وه‌ک یه‌ک له گلوبالیزاسیون سوود وه‌ربگرن. بێجگه له‌وه، له ئاکامی گلۆبالیزاسیون‌دا هێزی کاری وڵاته هه‌ژاره‌کان ده‌بنه ئامانجی کۆمپانیا فره‌نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی جیهان. به هۆی باروودۆخی دژواری ژیان له وڵاته دواکه‌وتووه‌کان‌دا، کرێکاران له‌م وڵاتانه‌دا ئاماده‌ن مل بۆ داواکاریی خاوه‌ن کۆمپانییاکان دانه‌وێنن. له هه‌لوومه‌رجی دژوار‌و نائه‌منی شوێنی کار چاوپۆشی بکه‌ن. ئه‌وه‌یش که سه‌عاتی کاری ئه‌وان زۆر له‌سه‌رێ بێ، با بوه‌ستێ. بوونی هێزی کاری زۆر‌و هه‌رزانی وڵاتانی دواکه‌وتووی جیهان، پاڵ به ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی پێشکه‌وتووه‌وه ده‌نێ، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌کانیان، ئه‌م وڵاته دواکه‌وتووانه، هه‌ر وا له دواکه‌وتوویی‌دا بهێڵنه‌وه. ئاکامی ئه‌مه‌یش نابه‌رابه‌ری‌و بێعه‌داڵه‌تی‌یه. له ئه‌نجام‌دا، هه‌ژاره‌کان هه‌ژارتر و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بن. هه‌ر وه‌ها، له ئاکامی گلوبالیزاسیون‌دا، ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی که‌م ده‌بێته‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتی کۆمپانیا فره‌نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان زۆر ده‌بێ. ئه‌م ئاڵووگۆڕه له ده‌سه‌ڵات‌دا، دوو زیانی هه‌ره گه‌وره‌ی به‌دواوه ده‌بێ: یه‌که‌م: مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که ئه‌و کۆمپانیانه، له‌به‌ر سه‌ربه‌خۆبوونیان به که‌یفی خۆیان نرخ له‌سه‌ر که‌لووپه‌ل دابنێن، کارێک که ده‌وڵه‌تی نیشتمانی ده‌بێ بیکا. یان خود سیاسه‌تی قۆرخ کردنی بازاڕ (سیاسه‌تی مۆنۆپۆلی) بگرنه به‌ر، که له هه‌ر دوو باردا، به زیانی خه‌ڵکی هه‌ژار و که‌مده‌ست ته‌واو ده‌بێ. دووه‌م: مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که ئه‌و کۆمپانیانه له نفووز‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان که‌ڵک وه‌ربگرن‌و له هه‌ڵبژاردنی وڵات‌دا، له پاڵێوراوانێک پشتیوانی بکه‌ن که هاتنه‌سه‌رکاریان له قازانجی خۆیان‌دا ده‌بینن. هه‌نگاوێکی له‌و جۆره، یانی ده‌ست تێکه‌ڵ کردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نیشتمانی، وڵات به‌ره‌و به‌سراوه‌یی له رووی ئابووری‌یه‌وه ده‌بات. ده‌وڵه‌تێک که به پشتیوانیی کۆمپانیا فره‌نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کان هاتبێته سه‌رکار، ناتوانێ ملکه‌چی ویست و داواکاری‌یه‌کانی ئه‌وان نه‌بێ. لایه‌نێکی نه‌رێنیی دیکه‌ی گلوبالیزاسیون له رووی ئابووری‌یه‌وه، ئه‌وه‌یه که کارگه و کارخانه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان و کۆمپانیا خزمه‌تگوزاری‌یه‌کانی وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتووی جیهان، روویان له کرێکاری پسپۆڕ‌و شاره‌زایه و له دامه‌زرانی کرێکاری ناشاره‌زا و ناکارامه خۆ ده‌بوێرن. هه‌ر بۆیه به کرانه‌وه‌ی ئابووری وڵاتێک به‌ڕووی ململانێی ده‌ره‌کی له ئاکامی گلوبالیزاسیون‌دا، مه‌ترسیی ئه‌وه هه‌یه که پشت له کرێکاری ناکارامه بکرێ، که ژماره‌یان له وڵاته دواکه‌وتووه‌کان، به‌تایبه‌ت له کوردستان‌دا، ئێجگار له سه‌رێ‌یه. له ئاکام‌دا جیهان له‌گه‌ڵ بێکاری‌دا رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. لێره‌دا، ئه‌وه‌ی زیانی هه‌ره قورسی تووش ده‌بێ، وڵاتانی دواکه‌وتوون. له‌م شیکردنه‌وه کورته‌ی سه‌ره‌وه، به‌و ئاکامه ده‌گه‌ین که لایه‌نی ئابووریی گلوبالیزاسیون بۆ وڵاتانی په‌ره‌ئه‌ستێن، له‌به‌ر باری شپرزی ئابووری‌یه‌که‌یان، نه‌ک هه‌ر به قازانج نییه، به‌ڵکوو زۆر زیانبه‌خشیشه. وڵاتێک که له‌به‌ر نه‌بوونی تکنۆلۆژیی مودێڕن ئاستی به‌رهه‌مهێنان تیایدا زۆر له خواره‌وه بێ و توانای ململانێی له‌گه‌ڵ بازاڕه جیهانی‌یه‌کان‌دا نه‌بێ و له‌به‌رامبه‌ردا ته‌نیا بازرگانی به که‌رسته‌ی خاوی وڵاته‌که‌وه بکا، که سامانی نه‌سڵه‌کانی داهاتوویشه، به کرانه‌وه‌ی ئابووری‌یه‌که‌ی به‌ڕووی دنیای ده‌ره‌وه‌دا، زه‌حمه‌ته بتوانێ له‌سه‌ر پێی خۆی رابوه‌ستێ و هه‌ره‌س نه‌هێنێ. وڵاتێکی له‌و چه‌شنه، ته‌نیا ده‌بێته بازاڕێک بۆ که‌لووپه‌لی وڵاتانی بیانی و له‌م رێگایه‌وه ته‌وقی به‌سراوه‌یی بۆ هه‌مێشه له مل ده‌کا. ئه‌گه‌ر کۆنگره‌ی چوارده له به‌رنامه‌ی‌دا هه‌بێ له مادده و به‌نده‌کانی پێوه‌ندیدار به سیاسه‌تی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی، که له فه‌سڵی چواره‌می به‌رنامه‌ی حیزب‌دا هاتووه، ده‌ست وه‌ر بدا، یان له ئامانجی دواڕۆژی حیزب‌دا، که پێك هێنانی كۆمه‌ڵێكی دێموكراتیكی سوسیالستی‌یه، ئاڵووگۆڕ پێک‌بێنێ، با ئه‌م باسه‌ی له سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به لایه‌نی ئابووریی گلوبالیزاسیون خرایه روو، له‌به‌رچاو بگرێ. هه‌ر چه‌ند به بڕوای من، ئه‌و ماددانه ئه‌وه‌نده له جێی خۆیان‌دان که پێویست به ده‌ستێوه‌ردان و گۆڕین ناکه‌ن. ئه‌گه‌ر بۆچوونێکیش هه‌بێ که پێی وا بێ که سوسیالیست بوون له سه‌رده‌می گلوبالیزاسیون‌دا به مانای حه‌ره‌که‌ت به‌پێچه‌وانه‌ی ئاوه، به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و شی‌کردنه‌وه‌یه‌ی سه‌ره‌وه، ناتوانێ ده‌ربڕینێکی راست و به‌جێ بێت. با وه‌ک نموونه، هه‌ر چه‌ند زۆر به‌کورتیش بووه، چاوێک له وڵاتی سوئید بکه‌ین. ئه‌م وڵاته، هه‌ر چه‌ند له‌لایه‌ن راستگه‌راکانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێ، به‌ڵام هاوکات دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی تیایدا ره‌چاو ده‌کرێ و هێشتا هه‌ر ئابووری‌یه‌کی تێکه‌ڵاوی هه‌یه (به‌و مانایه که به‌شێک له ئابووری‌یه‌که‌ی له کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تی ئه‌م وڵاته‌دایه و ئه‌و به‌شه‌که‌ی له رێگای بازاڕی ئازاده‌وه به‌ڕێوه ده‌چێ). به‌و حاڵه‌ش، ئه‌م وڵاته خاوه‌ن پیشه‌سازی‌یه پێشکه‌وتوویه توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی گلوبالیزاسیون‌دا بسازێ و ئه‌م سازانه‌یش مه‌یدانی به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م وڵاته چۆڵ نه‌کردووه. مه‌به‌ست له هێنانه‌وه‌ی ئه‌م نموونه‌یه ئه‌وه‌یه که زیاتر روون بێته‌وه که حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ده‌کرێ وه‌ک حیزبێک که بڕوای به پێك هێنانی كۆمه‌ڵێكی دێموكراتیكی سوسیالستی له دواڕۆژدا هه‌یه، بمێنێته‌وه و به‌ره‌و وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه هه‌نگاو بنێ به‌بێ ئه‌وه‌ی له جیهان داببڕێ. سه‌رکه‌وتوو بێ کۆنگره‌ی 14ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران! بڕووخێ رێژیمی کۆنه‌په‌رستی کۆماری ئیسلامیی ئێران!
ره‌شید حه‌یده‌ری 2ی سپتامبری 2008
rashidhaidari@gmail.com
RSS
چاپ کردن/Print
|
|
|