■ ئا: ئاوێنه
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی موخابه‌راتی ئاشكرایده‌كه‌ن، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئێران‌و لیستی ئیئتیلافی شیعه، رێككه‌وتوون له‌سه‌ر لاوازكردنی هاوپه‌یمانیی كوردستان. له‌م بواره‌شدا له‌تۆڵه‌ی نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی زۆری ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كورد‌و سوپای ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تی له‌ده‌ڤه‌ری دیاله، ئێران مالیكی راسپاردووه گه‌مارۆی خانه‌قین بدات.
كورد به‌ده‌ردی سوننه ده‌برێت
به‌پێی راپۆرتێكی موخابه‌راتی كه دوێنێ دووشه‌ممه1/9 رۆژنامه‌ی ئه‌لزه‌مان، پوخته‌یه‌كی بڵاوكردۆته‌وه‌و به‌پێی لێدوانی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی ئه‌منیی عێراقی بۆ ئاژانسه‌كان، ماوه‌یه‌كه كۆماری ئیسلامی ئێران خۆی بۆ قۆناغی دوای تاڵه‌بانی ئاماده ده‌كات له‌عێراق‌و، پلانی هه‌یه بۆ لاوازكردنی كورد له‌م وڵاته‌دا. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌چه‌ند رۆژی پێشوودا، ده‌رباره‌ی عێراق نوێنه‌ری خامه‌نه‌ئی، رابه‌ری شۆڕشی ئێران‌و قه‌رارگای ره‌مه‌زان‌و فه‌یله‌قی قودس، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت‌و چاره‌نووسسازیان رێكخستووه. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردراوه له‌ڕێگای مالیكی‌و هێزه شیعییه‌كانیتری هاوپه‌یمانی ئێرانه‌وه، لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌ره‌ی ته‌وافوقی سوننه، له‌سه‌ر شانۆی سیاسی عێراق په‌راوێزبخرێت‌و ئیمتیاز‌و سه‌لاحیاته‌كانی ئێستای له‌جاران كه‌متر بكرێته‌وه، به‌جۆرێك له‌هاوپه‌یمانه‌وه ببێته پاشكۆی ئیئتیلاف.
خانه‌قین، تۆڵه‌ی ئێرانه له‌پێشمه‌رگه
سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كان ئه‌وه‌شیان ئاشكراكردووه، ئه‌م تووڕه‌بوونه‌ی ئێران له‌كورد چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه، یه‌ك له‌وانه ئه‌و هاوكاری‌و ته‌نسیقه باڵایه‌یه كه له نێوان هێزه ئه‌منییه عێراقی‌و كوردییه‌كانی دیاله‌و خانه‌قین‌و شارۆچكه كوردییه‌كانی تره كه له‌گه‌ڵ سوپای ئه‌مه‌ریكادا هه‌یانه‌و بۆته كۆسپ له‌به‌رده‌م سوپای پاسداران‌و ناهێڵێت به‌ئاسانی ده‌ستی بگات به‌تیرۆركردنی هه‌ڵسوڕاوانی موجاهیدینی خه‌لق له‌كامپی ئه‌شره‌فی نزیك دیاله.
هه‌روه‌ها بوونی هێزێكی كوردیی باڵاده‌ست له‌خانه‌قین‌و هاوپه‌یمان‌و هاوكار له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، رێگره له‌به‌رده‌م جووڵه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئێران‌دا له‌ناوه‌ڕاستی عێراق. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئێران‌و شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت هێزێكی سوپای عێراقی، پێكهاتوو له‌میلیشیاكانی ده‌عوه‌و به‌در له‌بری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سه‌ربازه كورده‌كانی ناو سوپای عێراق له‌خانه‌قین جێگیر بكه‌ن. هه‌ندێك هه‌ڵسه‌نگاندن‌و ناوه‌ندی سه‌ربازیی سوننه‌ش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه پێكهاته‌ی سوپا‌و هێزه ئه‌منییه‌كانیتری عێراق، له‌ئێستادا 89%ی شیعه‌و 11%ی لهكوردو سوننه‌یه‌و، ئێران به‌ئاسانی ده‌توانێت له‌ڕێگای سوپای عێراق‌و له‌پشتی سوپاشه‌وه شیعه هاوپه‌یمانه‌كانی به‌مه‌رامه‌كانی بگات.
له‌لای خۆییه‌وه ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی كوردستان، د. مه‌حمود عوسمان ده‌ڵێت «بێگومان ئێران ده‌ستێكی باڵای هه‌یه، له‌كێشه‌ی ئه‌مدواییه‌ی خانه‌قیندا».
ئێران خۆی بۆ دوای تاڵه‌بانی
ئاماده ده‌كات
سه‌رچاوه ئه‌منییه عێراقییه‌كانیش ئه‌وه‌یان بۆ چه‌ند ماڵپه‌ڕو ئاژانسێكی عه‌ره‌بیی روونكردۆته‌وه، كه ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی به‌مدواییانه له‌ئه‌مه‌ریكا بۆ تاڵه‌بانی كراوه، ئێرانی خستۆته سه‌ر ئه‌وبڕوایه‌ی كه چیتر ناوبراو، ناتوانێت به‌هه‌مان ئاست‌و ئه‌دای جارانه‌وه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ركاری خۆی، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه «ئێران باشترین‌و نزیكترین هاوپه‌یمانی خۆی له‌ده‌ره‌وه‌ی لیستی ئیئتیلافی شیعه له‌ده‌ست ده‌دات». سه‌رچاوه موخابه‌راتییه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان له‌نزیكه‌وه ئاگای له‌ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م كۆبوونه‌وه گرنگه‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئێران هه‌یه كه دوای 22ی ته‌مووزو ڤیتۆكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان، له‌لایه‌ن كورده‌وه سازكراوه‌و تێیدا ئێران هاوپه‌یمانه شیعه‌كانی خۆی راسپاردووه به‌سوود وه‌رگرتن له‌بارودۆخی گه‌له‌كۆمه‌ی 22ی ته‌مووزی هێزه عه‌ره‌بییه‌كان له‌كورد، په‌له‌بكه‌ن له گه‌مارۆدانی ئه‌جێندای كورد له‌عێراق.
كورد ده‌كرێته پاشكۆی ئیئتیلاف
هه‌ر ئه‌م سه‌رچاوانه‌ش جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه، ئێران فه‌رمانیكردووه شیعه‌كان لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان لاوازبكه‌ن‌و به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌ره‌ی ته‌وافوقی سوننه، بیخه‌نه ژێر هه‌ژموونی ئیئتیلاف، له‌هه‌مان كاتدا ئێران شیعه حوكمڕانه‌كانی عێراقی له‌وه ئاگاداركردۆته‌وه، با گوشاره‌كانیان له‌سه‌ر هاوپه‌یمانیی كوردستان نه‌گاته راده‌ی ده‌ركردنیان له‌پرۆسه‌ی سیاسی‌و بێبه‌شكردنیان له‌حكومه‌ت‌و پۆسته وه‌زاره‌ییه‌كان، به‌ڵكه رۆڵ‌و سه‌نگ‌و قورساییان له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا له‌جاران كه‌متر بكرێته‌وه. ئه‌و دراوانه‌ی ئه‌م زانیارییانه پشتڕاستده‌كاته‌وه، هێرشكردنه له‌ناكاوو كتوپڕه‌كانی لایه‌نه شیعه‌كانه، له‌نێویشیاندا ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامییه بۆ سه‌ر هه‌رێم‌و هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كورد، كه نزیكترین هاوپه‌یمانی كورد، ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامییه، ئه‌ویش كه‌وته به‌ره‌ی دژایه‌تیكردنی هه‌رێم.
له‌لێدوانێكدا بۆ ئاوێنه شێخ هومام حه‌مودی، سه‌ركرده‌ی دیاری ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ده‌ڵێت «نابێت زۆرینه حوكمڕان بێت له‌كه‌ركوك»و ئه‌مینداری حیزبی ده‌عوه ـ باڵی مه‌ركه‌ز، شێخ عیسا ئه‌لموسه‌وی به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند «بێده‌نگیمان له‌فیدرالیزم وه‌هایكردووه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ‌و دراوسێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدادا بكات». ئه‌مه جگه له‌وه‌ی سه‌رۆكی لیستی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، شێخ جه‌لاله‌دین ئه‌لسه‌غیر له‌خوتبه‌ی رۆژینی هه‌ینی مزگه‌وتی بوراسای به‌غدادا رایگه‌یاند «كه‌ركوكمان نه‌فرۆشتووه به‌كورد». سامی ئه‌لعسكه‌ریی، راوێژكاری نزیكی مالیكی‌و سه‌ركرده له‌نێو حیزبی ده‌عوه‌ش ده‌ڵێت «ناتوانین هاوپه‌یمانێتی چوار قۆڵی كورد‌و شیعه له‌سه‌ر حسابی یه‌كێتی خاكی عێراق درێژه پێ بده‌ین».
تیرۆركردنی به‌رپرسه كورده‌كان
پوخته‌ی ئه‌و راپۆته ئه‌منیه‌شی كه له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره ئێرانییه‌كانه‌وه ده‌ست ئاژانس‌و ناوه‌نده ئه‌منییه‌كانی عێراق‌و كوردستان كه‌وتووه، ئاماژه به‌وه ده‌كات «له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ره‌ی ته‌وافوقه‌وه بۆ نێو حكومه‌ت، ئێران ترسی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه كورد‌و لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستان، بتوانن حكومه‌تی مالیكی بڕوخێنن‌و ئه‌مه‌ش باشترین هه‌له بۆ لاوازكردن‌و تۆڵه‌كردنه‌وه لهكوردو ملكه‌چكردنیان بۆ لیستی ئیئتیلاف».
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی موخابه‌راتی كوردیش، ئه‌وه‌یان بۆ ئه‌لزه‌مان ئاشكراكردووه، نێوه‌ڕۆكی ئه‌م زانیارییانه‌ی ئه‌جێندای نوێی ئێران ده‌رباره‌ی هه‌رێمی كوردستان‌و كورد له‌عێراق، ده‌ست به‌رپرسانی كورد كه‌وتووه‌و ئه‌وانیش كه‌وتوونه‌ته كۆشش بۆ خۆئاماده‌كردنی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان‌و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ئه‌منیی توند، چونكه هه‌ندێك له‌بڕگه‌كانی كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئێران جه‌خت له‌تیرۆركردنی هه‌ندێك به‌رپرسی دیاری سیاسی كورد ده‌كاته‌وه كه په‌یوه‌ندی توندوتۆڵیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا.
..
20080901
ماڵپه‌ری ئاوێنه
RSS
چاپ کردن/Print