بۆ ئێمه‌ی شۆڕشگێڕ‌و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بڕێك پرینسیپ و داخوازی ڕه‌وا هه‌یه نه‌گۆڕن، دووپات كردنه‌وه‌یان وشیارترمان ده‌كاته‌وه كه له‌وان دوور نه‌كه‌وینه‌وه و له ڕه‌وتی خه‌بات دا باشتر به‌كاریان بێنین، بۆ وێنه ئازادی و دێمۆكراسی، عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاشتیخوازی و برایه‌تی و زۆرشتی دیكه. من نامهه‌وێ لێكدانه‌وه‌ی زانستیانه له سه‌ریان بكه‌م، ته‌نیا بۆ وه‌بیر هێنانه‌وه وه‌ك ئه‌سڵگه‌لێكی پیرۆز ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌م.
دێمۆكراسی خوازی و دیالۆگ:
زۆربه‌ی نزیك به‌ته‌واوی گه‌لی كورد خوازیاری دابین كردنی دێمۆكراسی و گه‌یشتن به ئازادین و ده‌یان ساڵه به كرده‌وه له‌و پێناوه‌دا خه‌بات ده‌كه‌ن و قوربانی ده‌دا. ئه‌و داخوازه سیاسی و ئینسانیه ڕه‌نگه له‌وه‌ڕا له نێو خه‌لكی كوردستان دا ڕیشه‌ی داكوتابێ كه نه‌ته‌وه‌كه‌مان له چاو گه‌لانی دیكه‌ی ناوچه‌كه له دوا كه‌وتوویی دا ڕاگیراوه وله سه‌ره‌تای ترین مافه‌كانی ئینسانی و نه‌ته‌وه‌یی بێ به‌ش كراوه و له ژێر ده‌ستی دا ڕاگیراوه. به پێچه‌وانه‌وه گه‌لانی دیكه‌ی ناوچه وه‌ك تورك، فارس، عه‌ره‌ب له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتن به‌و شێوه پان و به‌رینه‌ی كه كورد و خه‌ڵكی كوردستان باوه‌ڕیان به دێمۆكراسی و مافه‌كانی دیكه‌ی مرۆڤ هه‌یه، به‌كرده‌وه باوه‌ریان پێ نه‌هێناوه‌و له گه‌ڵی دا بێگانه‌ن. كه‌وابوو به‌شانازیه‌وه ده‌توانین بڵین كه گه‌لی تامه‌زرۆی ئازادی كورد له‌باری بیر‌و باوه‌ری سه‌رده‌میانه‌وه یه‌كێك له‌پێشكه‌وتووترین گه‌لانی ناوچه‌كه‌یه، چوون بۆ خۆی مافخوازه هه‌ر ئاواش باوه‌ری به مافی گه‌لانی دیكه هه‌یه و خوازیاری پێكه‌وه ژیانی به ئاشتی و برایه‌تیه له گه‌لیان دا.
ئه‌و دێمۆكراسیه‌ی كه گه‌لی كورد خه‌باتی بۆ ده‌كا له وڵاتانی پێشكه‌وتووی جیهان له بواره جۆربه‌جۆره‌كان دا وه‌ك چاره‌سه‌ری گیر‌و گرفت و ته‌زاده‌كان. ده‌ربڕینی بیروڕا و خستنه‌به‌ر باسی داخوازه‌كانی كۆمه‌ڵ و سه‌ره‌نجام ئیداره‌كردنی كۆمه‌ڵ دا ده‌سكه وتێكی بێ وێنه‌ی هێناوه‌ته ئاراوه. دێمۆكراسی هه‌رده‌م له گه‌شه‌سه‌ندن دایه و رۆژ له‌دوای رۆژ پیرۆزی خۆی زیاتر ده‌نوێنێ و بووه‌ته به‌رزترین ئاواتی سیاسی له جیهان دا. ڕاسته مانای ساكار و سه‌ره‌كی دێمۆكراسی به واتای ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵكه، به‌ڵام ته‌نانه‌ت زانایانی بواری فه‌لسه‌فی و زانستی ماندوون له‌وه‌ی بتوانن هه‌موو پیرۆزیه‌كانی دێمۆكراسی و ده‌سكه‌وته‌كانی شی بكه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر وای لێك بده‌ینه‌وه كه دێمۆكراسی خوازیاری چاره‌سه‌ری هه‌موو گیروگرفته‌كانه له رێگای ئاشتی و دیالۆگه‌وه ده‌بینین ئه‌وه ڕاست به پێچه‌وانه ی دیكتاتۆری و سه‌ره‌ڕۆیی و شه‌ڕو تێكهه‌ڵچوون و زه‌برو زه‌نگه. هه‌ر بۆیه جێی خۆیه‌تی گه‌لی كورد و حیزبه‌كانی سه‌ر گۆ‌ڕه‌پانی سیاسی كوردستان و یه‌ك له‌وان حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران په‌یره‌وی له‌و پرینسیپه پیرۆزه‌ی دێمۆكراسی بكه‌ن و رۆژ به‌رۆژ له ژیان و خه‌باتی خۆیان دا گه‌شه‌دارتری بكه‌ن. بیر كردنه‌وه له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ناچارمان ده‌كا به‌پێی ئه‌سڵی دێمۆكراسی و دیالۆگ و دانووستان حیزبه‌كه‌مان له سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كانی نێو ڕێكخراوه كوردی و ئێرانیه‌كان هه‌نگاوی جیدی هه‌ڵبگرێ. ئه‌و یه‌كیه‌تیانه‌ی كه پێك هاتوون په‌ره گرتووتر و كارامه‌تر بكرێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هاوكاری ڕێكخراوه كوردیه‌كان له پله‌ی یه‌كه‌م دابنرێ.
عه‌داڵه‌ت خوازی:
خاڵێكی دیكه له‌و پرینسیپانه‌ی كه حیزبی ئێمه وه‌ك یه‌كێك له حیزبه سیاسی و شۆڕشگێڕه‌كانی ناوچه پێویسته په‌یڕه‌وی لێ‌بكات، دیفاع له عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیه. به‌پێی ئه‌و ئه‌سڵانه‌ی كه له‌به‌رنامه‌ی حیزب دا هاتوون و لایه‌نگری له كرێكاران و چین وتوێژه زه‌حمه‌تكێشه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن، حه‌ق وایه به‌پێی به‌رنامه‌كه‌شمان له كرده‌وه دا به دایم لایه‌نگری له عه‌داڵه‌ت بكه‌ین. ڕاسته گه‌لی كورد به هه‌موو چین و توێژه‌كانیه‌وه واته ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار، سه‌رمایه‌دار و كرێكار، مڵك دار و زه‌حمه‌تكێشان به گشتی له ژێر چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی باڵا ده‌ست دان، به‌ڵام جه‌وهه‌ری حیزبی شۆڕشگێڕ له‌وه‌دایه كه وێڕای داخوازی میللی دێمۆكراتیكی گشت گه‌له‌كه‌مان، لایه‌نگری بێ ئه‌م لاو ئه‌و لای هه‌ژاران زه‌حمه‌ت كێشان بێ.
ده‌زانم حیزبی دێمۆكرات له نێو خۆی دا عه‌داڵه‌تی له‌به‌ر چاو بووه و پایه‌ی ژیان و گوزه‌رانی ئه‌ندامانی ته‌واو وه‌ختی له چاو حیزبه‌كانی دیكه‌ی كوردستان جیاوازی هه‌یه* واته له یارمه‌تی دان و پێ ڕاگه‌یشتن به كادر‌و پێشمه‌رگه‌كانی درێغی نه‌كردووه‌و فاسیله‌ی ژیانیانی كه‌م كردوه‌ته‌وه*. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌و باره‌وه كه‌م و كۆڕیه‌ك ده‌بیندرێ، پێویسته چاره‌سه‌ر بكرێ. پێ ڕاگه‌یشتنی مادی و مه‌عنه‌وی به ئه‌ندامان و كادر‌و پێشمه‌رگه‌كان، هه‌م له‌لایه‌ك دڵخۆشی و دڵگه‌رمی به هاوڕێانی حیزبیمان ده‌به‌خشێ و وزه‌و و توانای درێژه‌دانی خه‌بات ده‌باته سه‌ر، هه‌م له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌و ئه‌سڵه بناخه دانانێكه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دوارۆژی كۆمه‌ڵ به شێوه ی عادڵانه. ڕێكخراوه كوردیه‌كانی كوردستانی عێراق بۆ خۆیان ئێعتراف ده‌كه‌ن كه گه‌نده‌ڵی و فه‌ساد هه‌یه له نێویان دا، خودی ئه‌وه له دڵ‌سارد كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی به‌ر‌چاو له سه‌ر خه‌ڵك شوێنی داناوه.
ئه‌بێ ئێمه دوور بین له‌و گه‌نده‌ڵیه، ئه‌گه‌ر خوا‌ی نه‌خواسته هاوڕێان رۆژێك مه‌یلی قازانج په‌ره‌ستی مادی زاڵ بێت به‌سه‌ریان دا و به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و خه‌لك وه‌ژێر پێ بنێن، ئه‌وا بزانن كه باری شۆڕشگێڕیان لاواز بووه و بێ گومان چوارده‌وریشیان به‌چاوی دیكه‌وه سه‌یریان ده‌كه‌ن.
ڕێز دانان بۆ یه‌كتر:
قه‌در و حورمه‌ت دانان بۆ ده‌ور و به‌ر چ له ژیانی شه‌خسی دا‌و چ له ژیانی حیزبی دا یه‌كێك له ئاكاره به‌رزه‌كانی ئینسانه و ده‌چێته خانه‌ی پێشكه‌وتوویی و ره‌وشت به‌رزی ئه‌و كه‌سانه‌وه كه رێز له خه‌ڵكی ده‌گرن.
ئه‌خلاقی باش و حورمه‌ت دانان بۆ هاوڕێانی حیزبی یه‌كێك له هۆیه سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌ماهه‌نگی و یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویه. له حیزبی ئێمه‌دا ڕێگای وه‌لانانی كه‌م و كۆریه‌كان به‌ره‌خنه‌و پێشنیاری چاك ساز‌و داهێنه‌ر ئاواله‌یه، به‌ڵام حورمه‌ت دانان بۆ یه‌كتری ڕێگایه‌كی دیكه‌یه كه هه‌م كه‌م و كۆریه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌كا و هه‌م له ڕێگای ره‌وشت به‌رزیه‌وه سه‌رنجی خه‌ڵك و هاوڕێان بۆ لای خۆمان ڕاده‌كێشین. له ماوه ی ڕابوردوو دا له نێو ڕیزه‌كانی حیزب دا ڕێز و حورمه تێكی بێ پایان داده‌نرا بۆ هه‌موو لایه‌ك به تایبه تی بۆ ڕیبه‌رایه‌تی و پێشمه‌رگه دێرینه‌كان. ته‌نانه‌ت زۆر جار ئاره‌زووی دیداری هاوڕێه دێرینه‌كانمان بووین. داستانێكی كورتی خۆم ده‌گێڕمه‌وه كه چه‌نده به‌ئاره‌زوو بووین ڕێبه‌رانی خۆمان ببینین. هاوینی ساڵی 60 كه ده‌بێته 81 ی میلادی بۆ بینینی ده‌وره‌ی سه‌ره‌تایی كادر 10 كه‌س بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ له سنه‌وه بۆ ناوچه‌ی سه‌رده‌شت وه‌ڕێ كه‌وتین. زۆربه‌ی ئه‌و ڕێگایه‌مان به‌ماندوویی بڕی به‌ڵام دڵخۆش بووین به‌وه‌ی كه رێبه‌رانی وه‌ك دوكتۆر قاسملو و دوكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی و ڕێبه‌ڕانی دیكه‌مان ده‌بینین، له ته‌واوی ئه‌و ڕێگایه‌دا هه‌ر جار فكرم له‌و بینینه ده‌كرده‌وه مووچرك به‌له‌شم دا ده‌هات.
به‌خۆشیه‌وه ئاواته‌كه‌شمان وه‌دی هات و ڕێبه‌رانی حیزب بۆ خۆیان مامۆستای كلاسه‌كه‌مان بوون كه له دێهاتی ئاڵوت له سه‌رده‌شت له گه‌ڵ ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی دیكه ده‌وره‌كه‌مان ته‌واو كرد. ڕێز و خۆشه‌ویستی ئه‌و دیدارانه‌م هه‌رگیز له‌بیر ناچێ و به‌و پێیه حورمه‌ت بۆ ڕێبه ر‌انی ئێستای حیزبیـش قایلم. حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران پڕه له‌و كادر و پێشمه‌رگه دێرینانه‌كه له كووره‌ی خه‌بات دا بار هاتوون و ئێستاش له ڕیزه‌كانی حیزب دان چ له ناو خۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات. حه‌ق وایه هاوڕێانی حیزبی به چاوی ڕێز‌و حورمه‌ته‌وه به هه‌ڵس و كه‌وت له گه‌ڵ ئه‌وانه دا بكه‌ن. هه‌ر جێگایه‌ك كۆبونه‌وه‌ی لێ ده‌گیرێ ئه‌ندامی ڕێبه‌ری، به‌رپرسانی كۆمیته‌كان، فه‌رمانده‌رانی هێز، سه‌رپه‌ل و سه‌رلكه‌كان، كادره‌كان، پێشمه‌رگه كۆڵنه‌ده‌ره دێرینه‌كانی لێ دانیشتوون. ئه‌وانه هه‌ریه‌كه‌و كۆ‌ڵه‌بارێك له ئه‌زموونی كووره‌ی خه‌باتیان پێیه
نه‌ك ته‌نیا ده‌بێت ڕێزیان لێ بگیردرێ، به‌ڵكو ده‌توانین بۆ درێژه‌دانی ئه‌ركه‌كانی حیزبی كه‌ڵك له‌و ڕێنوێنیه كانیان وه‌ربگرین و مه‌شوه‌ره‌تیان پێ بكه‌ین. گومان له‌وه‌دا نیه كه ئه‌و كۆنه هاوڕێانه‌ش به‌دڵ ئاواڵه‌یی و به چاوی ڕێزه‌و حورمه‌ته‌وه هاوكاری تازه هاتووه‌كان ده كه‌ن. ئه‌وان خۆشحاڵ و سه‌ربه‌رزن به‌وه‌ی ڕێبواری ڕیگای ئه‌وان و شه‌هیده‌كانمان له ڕێبازی حیزب دا بۆ یه‌ك ئامانج و یه‌ك مه‌به‌ست واته بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ئازادی نه‌ته‌وه‌كه‌یان خه‌بات ده‌كه‌ن. ئه‌و هاوڕێانه به ماندووی نه‌ناسی خۆیان له نێو حیزب دا پێگه‌یشتوون. بێ گومان حیزبی خۆشه‌ویستی دێمۆكرات شه‌خسیه‌تی پێ داون، به‌ڵام ئه‌وانیش ئێستا شه‌خسیه‌ته‌كه‌یان له پێناوی ڕێبازی حیزبه‌كه‌یان داناوه. پێكه‌وه هه‌موان دڵمان لێ ده‌دا بۆ سه‌ركه‌وتنی گه‌له‌كه‌مان و به‌و ئاواته‌وه ده‌ژین.
حه‌مه عه‌لی عه‌نایه‌تی
2008-07-12
RSS
چاپ کردن/Print