به‌شی یه‌كه‌م
هێندێ پێشنیار بۆ کۆنگره‌ی 14 ی حدکا
ماوه‌یه‌كه به نیزیك بوونه‌وه له كۆنگره‌ی چوارده‌هه‌می حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندی دارم له سایته‌كان دیت، كه هاوڕیانمان به‌وپه‌ری دڵسۆزیه‌وه بۆ هه‌ر چی باشتر و پڕ به‌رهه‌م به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی حیزب ئاماژه‌یان به هێندێ مه‌سه‌له‌ی به‌که‌ڵك كردوه.
هه‌ر بۆیه منیش له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا له ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه ئاماژه به‌چه‌ند شت ده‌كه‌م. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه حیزبی دێمۆكرات خاوه‌نی ده‌یان ساڵ خه‌باتی پڕ له شانازی و فیداكاریه و له هه‌مان كاتیش دا جێی متمانه‌و بڕوای خه‌ڵكی كوردستانه‌و گه‌له‌كه‌مان به‌په‌رۆشه‌وه چاو له هه‌ڵس و كه‌وت و بڕیار‌و ڕێبازی سیاسی ئه‌م حیزبه ده‌كات.
سه‌ره‌تا پێم خۆشه ئاماژه به‌و ڕاستیه بكه‌م كه دوای كۆنگره‌ی 13 سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مو كه‌ندو كۆسپانه‌ی كه له‌سه‌ر ڕێگای تێكۆشانی حیزب دا پێك هاتن، به خۆشیه‌وه حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران له بواری كاری سیاسی و دیپلوماسی دا جووڵان و حه‌ره‌كه‌تی زۆری به خۆیه‌وه بینیوه. وێڕای فه‌عال بوونی ته‌شكیلاته‌كه‌ی له نێو خۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌سكه‌وتیشی له بواری ڕاگه‌یاندن و هاوكاری و هاوخه‌باتی له گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی گه‌لانی دیكه‌ی ئێران به‌ده‌ست هێناوه، ته‌نانه‌ت حیزب بووه‌ته میحوه‌ری كۆكردنه‌وه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه بن ده‌سته‌كان له ژێر ناوی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ. به‌ڵام ئه‌و جووڵانه به‌و مانایه نیه كاره‌كانمان ته‌واو كردوه و كه‌م كۆڕیشمان نیه.
نا، هه‌تا گه‌یشتن به ئازادی و دابین كردنی مافی چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌مان ڕێگایه‌كی زۆرمان له‌پێشه.
بوونی ئه‌و ڕێگا سه‌خت و دژواره پێویستی به بیر كردنه‌وه‌ی زانستیانه و سه‌ر ده‌میانه، یه‌كگرتوویی و ته‌بایی، پشودرێژی و شێلگیری هه‌یه. هه‌ر له‌به‌ر ئه وه‌یه كه كۆنگره‌ی چوارده‌هه‌می حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران ئه‌ركی زۆر قورس و مێژوویی له‌سه‌ر شانه.
بێگومان كادر‌و ئه‌ندامانی حیزب و دڵسۆزان و نیشتیمان په‌روه‌رانی گه‌له‌كه‌مان هه‌ست به‌و به‌رپرسایه‌تیه قورسه‌ی سه‌ر‌شانی كۆنگره ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوانیشن بایه‌خ بۆ نه‌زه‌رو بیرۆڕاكانیان دابنرێ. پێش هه‌مو شتێك به‌پێی بار‌و دۆخی قه‌یراناوی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی له نێو خۆ‌و له ڕاده‌ی جیهانی دا، كه له لایه‌ك ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی به‌و په‌ڕی خۆی گه‌یشتوه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه قه‌یران خولقێنی كۆماری ئیسلامی وه‌ك ناوه‌ندی پشتیوانی له تیرۆریزم و ئاژاوه نانه‌وه بۆ جیهان و به‌تایبه‌ت نائارامی دروست كردن له ڕۆژ‌هه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و ململانی بۆ دروست كردنی چه‌كی ئه‌تومی به ناوی فه‌ناوه‌ری ناوه‌كیه‌وه، دنیای ده‌ره‌وه‌ی به‌رابه‌ر به‌خۆی و ورووژاندووه و هه‌ڵوێسته‌كان به‌نوخته‌یه‌كی هه‌ره ناسكی ماوه‌ی ته‌مه‌نی ڕژیم گه‌یشتوون.
له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا حیزبه‌كه‌مان پێویسته ئاماده‌ی هه‌ر چه‌شنه ڕووداوێك ببێت و به‌رنامه‌و سازمانده‌هی خۆمان بۆ هه‌ل و مه‌رجێكی ئاوا له‌به‌ر چاوبێت.
كۆنگره پێویسته چاو خشاندنێكی ته‌واو به‌سه‌ر به‌رنامه‌و په‌یره‌و دا بكاته‌وه. به‌تایبه‌ت له په‌یڕه‌وی ناوچه دا ئه‌و خاڵانه‌ی كه به ڕاستی ڕه‌خنه‌یان له سه‌ره‌و ڕه‌نگ و بۆنی ئه‌حزابی كۆمونیستی شكه‌ست خواردوویان پێوه‌دیاره ئاڵ و گۆڕی دێمۆكراتیكی به‌سه‌ردا بێنێ.
په‌یڕه‌و كردنی دێمۆكراسی به‌دایم یه‌كێك له شانازیه‌كانی حیزبی دێمۆكرات بووه، پێویسته دێمۆكراسی له جاران زیاتر هه‌م له‌به‌رنامه‌و په‌یره‌وداو هه‌م له كار‌و تێكۆشانی حیزبی دا ره‌نگ بداته‌وه. دێمۆكراسی بایه‌خه‌كانی كاری به‌كۆمه‌ل ده‌باته سه‌رو پێش به تاك و ته‌كڕه‌وی ده‌گرێ. سروشتی یه كه كاری ده‌سته جه‌معی هه‌ڵه‌كانی كه‌متره له كاری ته‌ك بیری. دێمۆكراسی ڕێگا به ته‌واوی قه‌واره‌ی حیزب و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكیش ده‌دات كه ره‌خنه‌و ئامۆژگاری و پێشنیاراته‌كانیان ئاراسته‌ی حیزب بكه‌ن و حیزبیش له هه‌نگاوه‌كانی دا كه‌ڵكیان لێ وه‌ربگرێ.
ئه‌وه‌ش خۆی له خۆی دا نوێ بوونه‌وه‌و نوێخوازی به دوای خۆی دا ده‌هێنێ و وه‌زعیه‌تێك ده‌خوڵقێنێ كه هه‌رگیز له خه‌ڵك دوور نه‌كه‌وینه‌وه. نابێت له بیرمان بچێ كه گه‌لی تامه‌زرۆی ئازادی كورد له كوردستانی ئێران ده‌یان ساڵه زۆربه‌ی زۆری بڕیارات و هه‌ڵوێسته‌كانی حیزبیان له پێناو دیفاع له ئازادی و مان و مه‌وجوودیه‌تی خۆیان دا، به‌لاوه په‌سه‌ند بووه و ده‌یان هه‌زار قوربانیشیان پێشكه‌ش به باره‌گای ئازادی كردوه.
ئێستا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌له‌كه‌مان و باری ڕۆشنبیریان له هه‌موو كاتێك له سه‌رتره، كه‌وا بوو حیزبی ئێمه پێویسته نه‌زه‌رو بیر‌و باوه‌ڕیان له به‌ر چاو بگرێ و میكانیزمی تێكه‌ڵاوی له گه‌ڵ خه‌ڵك له‌بیر نه‌كات.
شاراوه نیه كه تا ڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ندیه ته‌شكیلاتیه‌كانی نێو خۆی حیزب له دوای شه‌هید بوونی ڕێبه‌رانی حیزب شه‌هیدان دوكتۆر قاسملو دوكتۆر سه‌عید، ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ره.
باشتر وایه په‌یوه‌ندیه‌كانمان سالمتر و بێ غه ل و غه‌شتر بكه‌ینه‌وه و زه‌وابێت به‌سه‌ر ڕه‌وابێت دا زاڵ بكرێته‌وه. له گه‌ڵ ڕێزم دا بۆ یه‌ك یه‌كی ئه‌ندامانی حیزب كه بێ گومان هه‌ستی نیشتیمان په‌روه‌ری و گه‌ل دۆستی و حیزب خۆشه‌ویستی هه‌موانی له ده‌وری یه‌ك ئامانج و یه‌ك حیزب كۆكردوه‌ته‌وه، به‌ڵام هێندێ جار كه‌ڵكی خراپ له ڕه‌وابیت وه‌ر ده‌گیردرێ. بێ گومان به‌رپرسایه‌تی سالم سازی په‌یوه‌ندیه ته‌شكیلاتیه‌كان له سه‌ر شانی ڕێبه‌رایه‌تی حیزبه كه پارێزه‌ری به‌رنامه‌و په‌یره‌وه له نێوان 2 كۆنگره‌دا.
له پاشان ڕێبه‌ری ئۆرگانه به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان ده‌بێ ئه‌و سالم سازیه ڕه‌چاو بكه‌ن. له به‌رانبه‌ر دا سه‌ر به‌خۆ بوونی ئه‌ندام ده‌بێته هۆی گه‌شه كردنیان له كه‌ش و هه‌وایه‌كی سالم دا و سه‌داقه‌ت و سه‌ر به‌خۆیی ده‌بێته میعیاری سه‌ركه‌وتنی كاری ئه‌ندام له پله‌كانی ته‌شكیلاتی دا.
پێویسته توانا‌و كارامه‌یی و ئیمان و بیر‌و باوه‌ڕی هاوڕێانمان له پراكتیك دا بۆ دانانی ئۆرگانه‌كانی هه‌ره سه‌ره‌وه هه‌تا خوارترین ئۆرگان له به‌ر چاو بگرین و نه‌خشی پیرۆزی دێمۆكراسیشمان به‌كار بێنین له هه‌ڵبژاردن و كار پێ سپاردنه‌كان دا.
دوای شه‌ڕی چه‌كداری كه دیاره به‌سه‌ر ماندا سه‌پێندرا ئه‌ركی هه‌موان گۆڕدرا بۆ كاری سیاسی و دیپلۆماسی. ڕه‌نگه به‌ڕواڵه‌ت له به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌هید و برینداری تێدا نیه، ئاسان بێته به‌ر چاو، به‌ڵام له ڕاستی دا كارێكی زۆر سه‌خت و دژواره، چوونكه سیاسی بوون لێزانی و وردبینی و پسپۆڕی ده‌وێ. هه‌ر بۆیه هوشیاری زۆری ده‌وێ تا له‌و سه‌نگه‌ره‌ش دا به‌ره‌و پێش بڕۆین. دیقه‌ت له چه‌ندی و چۆنی كاری سیاسی و دیپلۆماسی دا زۆر شه‌رته، ده‌ڵێن زۆر جار شه‌رت نیه چ شتێك ده‌لێی، به‌ڵكو چ شتێك نه‌لێی بۆ ئه‌وه‌ی كه نه‌بێته ماڵ به‌سه‌رته‌وه شه‌رته. سیاسه‌تی حیزب و هه‌لوێسته‌كانی وه‌ڵامده‌ری مه‌سایلی گۆره‌پانی سیاسیه. ده‌بێ ئه‌وه‌ی بڵین كه هه‌لوێستی حیزب و هه‌ڵ قوڵاوی بیروڕای ده‌سته جه‌معی ئۆرگانه‌كانمانه. له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ته‌نزیمی په‌یوه‌ندیه ته‌شكیلاتیه‌كنمان دا لێپرسینه‌وه نه‌خشێكی گرینگ ده‌گێڕێ. نابێ ڕێبه‌رایه‌تی و ئۆرگانه په‌یوه‌ندی داره‌كان له كه‌س غافڵ بن.
به‌رده‌وام پێویسته له په‌یوه‌ندی دا بن له گه‌ل به‌ده‌نه‌ی حیزب. ئه‌و ئه‌ركه له لایه‌ك ئاگادار كردنه‌وه‌ی به‌ده‌نه‌ی حیزب له ڕووداو‌و هه‌ڵوێسته جۆراو جۆره‌كان له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه په‌یوه‌ندی له گه‌ل به‌ده‌نه‌و خه‌ڵك یارمه‌تی ده‌كا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی هه‌ڵوێسته‌كانی حیزب و ڕێبه‌رایه‌تی. لێ پرسین له باری رۆحی و ڕه‌وانیه‌وه وره ده‌دا به هاوڕێانمان له به‌ڕێوه بردنی ئه‌ركه‌كنیان دا، بێ گومان هه‌ر به لێ پرسینه‌وه هه‌ڵه‌و كه‌م و كۆڕی ئه‌ندامان و ئۆرگانه‌كانمان كه‌متر ده‌بنه‌وه و ده‌ستی یه‌كتر ده‌گرین بۆ به‌ڕێوه بردنی كاری باشتر.
پێش كۆنگره‌ی 13 به‌ده‌نه‌ی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران به هاوكاری به‌شێك له ڕێبه‌ری به له‌به‌ر چاو گرتنی ڕاوه‌ستانی تێكۆشانی حیزب و ته‌نانه‌ت له پاشه كشه بوونی، وه هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی وه‌جووڵه خستنه‌وه‌ی حیزب هه‌نگاویان هه‌ڵگرت.
ئه‌و ڕه‌ته كه وه‌ك نوێخوازی ده‌ستی پێ كرد پێویسته كۆتایی پێ نه‌یه‌ت، له به‌ر ئه‌وه‌ی نوێ‌بوونه‌وه هه‌رگیز كۆتایی پێ نایه‌ت. نوێ‌بوونه‌وه له ئاڵ و گۆڕی وا‌قع بینانه له بۆ‌چوونی سیاسی و بڕیاره‌كان دا، نوێ بوونه‌وه له بارهێنانی به‌ده‌نه‌ی حیزب به‌تایبه‌ت بارهێنانی لاوان و ژنان و كار پێ سپاردنیان، نوێ بوونه‌وه له مێتودی كار كردن و زۆر بواری دیكه‌دا ئه‌ركی هه‌موو خه‌ڵكی شۆڕشگێڕ و دێمۆكراته.
ڕاگه‌یاندنی حیزب ده‌بێ به‌هێزتر بكرێ. ئێستا به‌خۆشیه‌وه به‌زه‌حمه‌تی هه‌مو ئه‌ندامان و ئازایه‌تی ڕێبه‌رایه‌تی حیزب ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندنمان داناوه و تاڕاده‌یه‌كیش له نێو خه‌ڵكدا جێی خۆی كردووه‌ته‌وه و هیوایه‌كی زیاتری به‌نیشتیمان په‌روه‌ران به‌خشیوه. كاره كانی پێویسته له‌وه‌ش ڕێك و پێك تر بكرێ. بۆ وێنه ڕه‌چاوی ئه‌ده‌بیاتی پاراوی كوردی بكات و ڕێگای رۆژنامه‌ی كوردستان و ڕادیۆ ده‌نگی كوردستانی ئێران بپارێزێ.
له به‌شی فارسیه‌كه‌ش دا مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی كورد زیاتر پێناسه بكات. ده‌كرێ بۆ پێك هێنانی به‌رنامه‌كان له كوردستانی ئازادی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم كه‌ڵكی باش وه‌ربگرێت. ڕووداوی جیابوونه‌وه، دیارده‌یه‌كی زۆر خراپه، ڕاست به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كگرتوویی‌یه. ئه‌م ڕووداوه به‌تایبه‌ت ئه‌م جاره له‌سه‌ر كورسی و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر حیزب دا سه‌پا.
له سێ خاڵی كورت دا ئاماژه به‌و ڕووداوه ده‌كه‌م.
یه‌كه‌م: ده‌رسه‌دی تاوان و هۆیه‌كانی جیابوونه‌وه كه‌متر ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، به‌و حاڵه‌شه‌وه پێویسته كۆنگره‌ی 14 لێك‌دانه‌وه‌یه‌كی ورد له سه‌ر ئه‌و دیارده ناله‌باره بكات و ئه‌گه‌ر ده‌رسه‌دێكی تاوان یان هه‌ڵه‌و كه‌م و كۆڕی وه‌به‌ر خۆمان ده‌كه‌وێ، به ڕاشكاوی دانی پێدا بنێین بۆ ئه‌وه‌ی ئێحتمالی جیا بوونه‌وه‌ی دیكه به‌لانی كه‌می خۆی بگه‌ینین و چی دیكه حیزب تووشی ئه‌و خه‌ساره نه‌بێته‌وه. نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێ كه رۆیشتن و دانیشتنی ته‌نیا یه‌ك كه‌سیش هه‌م خه‌ساره و هه‌م له‌هێز و توانا‌مان كه‌م ده‌كاته‌وه. پێویسته بگوترێ هه‌ر به‌و هۆیه‌وه به‌شێكی كه‌م له ئه‌ندامانی حیزب دڵ‌سارد بوونه‌ته وه و تێكۆشانی خۆیان ڕاگرتوه. ئه‌وانه هه‌ر خۆشه‌ویستی حیزب و هاوسه‌نگه‌ری ئێمه‌ن. پێویسته له گه‌لیان دانیشین و گوێ له نه‌زاراتیان بگرین و هه‌وڵی جیدی بده‌ین بۆ درێژه‌دان به‌تێكۆشانیان له ڕیزه‌كانی حیزب‌دا.
دووهه‌م: ئه‌و كۆنه هاوڕێانه له كاتی جیا بوونه‌وه‌یان دا (وه‌ك وتم له سه‌ر كورسی و مه‌قام) بۆ به‌لا ڕێدا بردنی بیروڕای خه‌ڵك و بۆ پاساو دانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی جیا بوونه‌وه‌كه‌یان به‌ڕاده‌یه‌كی بێ سنوور په‌ره‌ستیژی حیزبی دێمۆكراتیان خسته ژێر پرسیاره‌وه.
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش بۆ خۆی خاڵێكی گرینگه كه حیزبه‌كه‌مان دیسانه‌كه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر دۆخی به‌پرینسیپی و به نه‌زمی. پرینسیپه دێمۆكراتیه‌كانی خۆی له جاران زیاتر بپارێزێ و پێشره‌و بوونی خۆی و پابه‌ندبوونی به ئاوات و ئامانجه‌كانی گه‌لی كورد نیشان بداته‌وه.
سێهه‌م: هه‌ڵوێست و ته‌بلیغه‌كانمان ده‌بێ زۆر هه‌ڵ سه‌نگێندراو بێت. هه‌روه‌ك ڕاستیمان له ده‌ست دایه به هه‌ڵوێست و هه‌ڵس و كه‌وتی ئه‌وان وه مه‌له نه‌كه‌وین و هه‌ڵوێستی كرچ و كاڵتر بگرین. به‌كورتی ڕاستیه‌كان ئه‌وه‌ن كه ئه‌و كۆنه هاوڕێانه 10 ساڵ ده‌سه‌ڵات داری حیزب بوون، نوێخوازیش نه‌بوون ئێستا له پر بوون به نوێخواز (وه‌ك ئاماژه‌م پێ‌كردوه ئه‌وان له‌و ماوه‌یه‌دا حیزبیان به‌ره‌و پاشه‌كشه بردبوو).
كه‌مینه‌ی ئه‌و‌كات 10 ساڵ ئه‌وانی ته‌حه‌مول كرد، ئه‌وان نه‌ك ته‌نیا 1 ساڵ به‌ڵكو یه‌ك رۆژیش ته‌حه‌مولی دێمۆكراسیان نه‌كرد و جودا بوونه‌وه. به‌و كاره‌یان نه‌ك په‌یڕه‌وی یه‌ك كۆنگره، به‌لكو په‌یره‌وی 13 كۆنگره‌یان له‌ژێر پێ نا. ئێستاش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌بوونی به‌خاوه‌نی ئیفتخاراتی حیزب هه‌م تاوانی جوێبوونه‌وه وه‌پاڵ حیزب ده‌ده‌ن و بۆ شێواندنی بیروڕای خه‌ڵك تۆپی ته‌بلیغاته‌كه ده‌خه‌نه‌وه پاڵ حیزب و داوای یه‌كگرتنه‌وه ده‌كه‌ن. له ڕاستی دا ئه‌وان به‌یاننامه‌ی جیاییان ده‌ركرد و به‌و پێیه تاوان هی ئه‌وانه، بۆیه بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ش پێشی پێ نه‌گیراوه؛ به‌ڵام به‌ڕاستی داخوا ئه‌ساسی یه‌كگرتنه‌وه به‌و هه‌ڵبه‌زو دابه‌زه‌ی چه‌ند جاری ئه‌وان به‌قازانجی گه‌لی كورده یان نه؟
ئه‌وه پرسیارێكه ئه‌وان ده‌بێت وه‌ڵامده‌ر بن. ئێمه‌ش ده‌بێ ڕێگای ئه‌و ته‌بلیغه‌یان به‌ته‌بلیغی دروست و هه‌ڵسووران پێ ببه‌ستین. مه‌سه‌له‌كان زۆرن و شی كردنه‌وه‌ی خۆدی ئه‌و باسانه‌ش كه ئاماژه‌م پێ كردون هه‌ر به‌و شێوه‌یه زۆرن. به‌ڵام به‌گشتی له كۆتایی دا ده‌ڵێم چاوه‌ڕوانی له حیزب و كۆنگره‌ی 14هه‌م فراوانن. ئه‌ندامانی حیزب و دڵسۆزان و نیشتیمان په‌روه‌رانی گه‌لی كورد و جووڵانه‌وهڕه‌واكه‌مان كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوویان له حیزب ده‌وێ. پێویسته كۆنگره به‌شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه بچێ كه هیوا به‌خه‌ڵك و ئه‌ندامان ببه‌خشێ. به‌تایبه‌ت ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی حیزب چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن که كۆنگره هه‌موویان خۆشحاڵ بكا‌و جێگه‌و پێگه‌ی ئه‌وان له به‌رز ڕاگرتنی ئاڵای خه‌بات دا دیار بێ.
به‌هیوای سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی 14 ی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران.
......
به‌شی دووه‌م
هێندێ پێشنیار بۆ کۆنگره‌ی 14 ی حدکا
له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نووسراوه‌یه به‌ده‌ستنیشان كردنی هێندێ شت له ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه ئاماژه‌م به‌گرینگی كۆنگره‌ی چوارده‌هه‌می حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران كرد. له‌م به‌شه‌ش دا تێ ده‌كۆشم چه‌ند شتی گرینگی دیكه‌ی ته‌شكیلاتی و ڕێكخراوه‌یی كه په‌یوه‌ندیان به حیزبه‌وه هه‌یه بخه‌مه به‌ر چاو، نابێ له‌كه‌س بێ منه‌ت بین.
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران به‌پێی له‌به‌ر چاو گرتنی ڕابردوویه‌كی دوور‌و درێژی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی خاوێن و پڕ له فیداكاری و گیانبازی، هه‌روه‌ها به‌له‌به‌ر چاو گرتنی سیاسه‌تێكی دروست و ئوسولی له پێناو ئامانجه ڕه‌واكانی گه‌لی كورددا، یه‌كێك له خۆشه‌ویستترین حیزبه‌كانی كوردستانه. هه‌ربه‌م بۆنه‌وه ڕیشه‌یه‌كی قورس و قایمی له نێو دڵی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك دا داكوتاوه. ئه‌ندام و لایه‌نگری به‌وه‌فا و فیداكاری له سه‌رتاسه‌ری كوردستان دا هه‌یه. ئه‌ندامان و دۆست و دڵسۆزانی ئه‌م حیزبه خه‌باتكاره له ڕۆژه سه‌خت و دژواره‌كانی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی دا وه‌ك ڕۆڵه‌ی ڕۆژی ته‌نگانه ژێر باڵی حیزبیان گرتوه و وه‌ك چیا سه‌ربه‌رزه‌كانی كوردستان حیزبی دێمۆكراتیان پاراستوه و ڕایان گرتوه. ئه‌م خه‌باته بێ وچانه‌ی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب له هه‌موو مه‌یدانه‌كانی گۆڕه‌پانی خه‌بات دا، له شار له شاخ و له شه‌ڕی چه‌كداری و خه‌باتی سیاسی و ته‌شكیلاتی و له هه‌ر جێگا‌و بوارێكی ڕه‌خساو دا و ته‌نانه‌ت له زیندانه‌كانی دوژمنانی گه‌لی كورددا، ئه‌وه‌نده به‌ر بڵاو به‌ڕێوه چووه كه هیچ كات زمان و قه‌ڵه‌م توانای گێڕانه‌وه‌ی نیه. هێندێ جار بینراوه كه كه سانێك به‌رانبه‌ر به‌و فیداكاریه بێ ڕێزی و بێ لوتفی ده‌كه‌ن كه ڕاسته‌و خۆ به‌حیسابی حیزب ته‌واو بووه. به‌واتایه‌كی ڕوونتر زۆر جار هه‌ڵس و كه‌وته‌كان بێ منه‌تیان پێوه دیاره.
ئه‌و نوخته لاوازه له ڕه‌وتی خه‌بات و تێكۆشان دا دڵی هێندێ كه‌سی ئێشاندووه و له ڕیزی حیزب و دۆستایه‌تی له گه‌ڵ حیزب دووریانی خستوه‌ته‌وه، له حاڵێكدا حه‌ق وایه ڕێز و حورمه‌ت بۆ هه‌مو ئه‌و كه‌سانه دابنرێ كه ڕابردوویه‌كی خه‌باتكارانه‌یان هه‌یه و خزمه‌تیان به جووڵانه‌وه‌ی میللی دێمۆكراتیكی گه‌له‌كه‌مان كردوه. چاره‌سه‌ری ئه‌و مه‌سه‌له له‌وه دایه كه ڕێبه‌رایه‌تی به‌به‌ر چاو ڕوونیه‌وه ڕێنوێنی كادر و به‌رپرسانی و به‌ده‌نه‌ی حیزب بكات تا له هه‌ڵوێسته‌كانی دا دڵی خه‌ڵك نه‌ڕه‌نجێنێ و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش ناچار به‌هه‌ڵوێست له به‌رانبه‌ر ئه‌فراد كراین، نه‌خشی ئیسلاحمان زیاتر له‌به‌ر چاو گرتبێ نه‌ك نه‌خشی ڕووخان و دوورخستنه‌وه‌ی له حیزب.
حیزبی ئێمه پێویسته بۆ دڵگه‌رم ڕاگرتنی تێكۆشه‌رانی خۆی ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌دا كه هاوڕێانمان بۆ ماوه‌یه‌ك چالاكی خۆیان ڕاده‌گرن و یان به هۆی وه‌زعی ژیان ناچار به‌رۆیشتن بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌بن، به‌پێی ئیمكان هاوركاریان بكات. هه روه ها
ئه‌ندامان و دڵسۆزانی حیزبیش پێویسته هیچ كات نه‌قشی ماندوویی نه ناسانه‌ی حیزبی دێمكۆراتی كوردستانی ئێرانیان له بیر نه‌كه‌ن و بزانن چ ئه ركێكی گه‌وره و نیشتیمانیان له سه‌ر شانه.
دڵنیام كه حیزب له په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌ران و دۆستانمان له توركیه و یان له ئۆردوگاكانی دیكه‌ی په‌نابه‌ری دا گیرساونه‌ته‌وه هاوكاری كردوون، به‌ڵام ئه‌و هاوڕێانه ساڵه‌های ساڵه له چاوه‌ڕوانی دا ماونه‌وه و تا ئێستاش چاره‌نوسیان دیار نیه. ئه‌وان نه‌ته‌نیا ژیانی خۆیان و خاوخێزانیان تێك چووه، به‌ڵكو ئه‌منیه‌ت و ئاسایشیان لێ هه‌ڵگیراوه و به‌دایم سه‌رباری بێكاری و هه‌ژاریو بێ ئیمكاناتی، هه‌ڕه‌شه‌ی كۆماری ئیسلامی و سات و سه‌ودای دوژمنانی گه‌لی كوردیان له‌سه‌ره. به‌م بۆنه‌وه پێویسته په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حیزب وه‌ك ئه‌ركێكی دایمی و بێ ماندوو بوون كاریان بۆ بكات بۆ ئه‌وه‌ی تێكۆشه‌رانی حیزبمان له‌و وه‌زعه تاڵ و ناله‌باره ڕزگار بكات و له ناهومێدی نه‌جاتیان بدات. ده‌بێ ئه‌وه بزانین ئه‌وانه ئه‌گه‌ر چی چه‌كیان داناوه به‌ڵام بیروباوه‌ڕه‌كه‌یان وه‌ك گه‌وره‌ترین چه‌ك هه‌رپێ ماوه‌و ڕۆڵه‌ی حیزبن. . . .
سیستمی ئینتساب دانان:
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران به پێی باوه‌ڕێك كه به دێمۆكراسی هه‌یه‌تی له سه‌خت ترین هه‌ل و مه‌رج دا بۆ دانانی به‌رپرسان له سیستمی هه‌ڵبژاردن كه‌ڵكی وه‌رگرتوه. ته‌نیا بۆ هێندێك له به‌رپرسایه‌تیه‌كان ڕێگای ئینتسابی گرتبوه پێش. بۆ نموونه دانای فه‌رمانده‌رانی نیزامی حیزب به‌شێوه‌ی ئینتسانی بوو. ئه‌وه‌ش زۆرتر ده‌گه‌ڕایه‌وه سه‌ر چۆنیه‌تی لێوه‌شاوه‌یی و پسپۆڕی كه‌سه‌كان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕاو بۆ‌چوونی زۆربه‌ی ئه‌و ئۆرگانه‌ی كه به‌رپرسه‌كه‌ی بۆ دیاری ده‌كرا له‌به‌ر چاو ده‌گیرا. به‌ڵام ده‌بینین ئێستا ڕاده‌ی ئینتساب و دانانی به‌رپرسان بڕێك زیاتر له جاران به‌كار ده‌برێت له حاڵێك دا كه هه‌ل و مه‌رجه‌كه‌ش له جاران له‌بارتره بۆ هه‌ڵبژاردن. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه هێندێ ئینتسابه‌كان حاڵه‌تی دایمی به‌خۆیه‌وه گرتوه. ڕێبه‌ری ده‌بێ به‌یه‌ك چاو تماشای ئه‌ندامان بكا نه‌ك به‌دایم پشتی كه‌سانێك بگرێ و له‌به‌رابه‌ر دا خه‌ڵكی دیكه بڕوخێنێ و هه‌رگیز پشتی نه‌گرێ. شێوه‌كاری ئینتساب له دووباره‌وه زیانی پێ گه‌یاندووین.
یه‌كه‌م: ڕه‌وابیت و خۆ زه‌ق كردنه‌وه‌ی نمایشی و دوورله‌كرده‌وه‌ی په‌ره پێ داوه و كارامه‌یی و شیاو بوونی كۆمه‌ڵێكی دیكه‌ی داپۆشیوه.
دووه‌م: به‌داخه‌وه زۆر له ئه‌فرادی ئینتساب كرا‌و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركه‌كانی حیزب هاوكاری و هاوفكری له گه‌ڵ ئه‌ندامانی دیكه‌یان له‌بیر ده‌چێ و بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ته‌نیا له فكری ڕازی كردنی دڵی به‌رپرسانی سه‌ره‌وه‌ی خۆیانن. حیزبی دێمۆكرات پێویستی به‌وه هه‌یه كه‌كارو ئه‌ركه‌كانی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و خه‌ڵك دا به‌ڕێوه‌بچێ، كه‌م كردنه‌وه‌ی ئینتساب و یان لابردنی ئه‌و شێوه مودیریه‌ته یارمه‌تی زیاتر ده‌كات به‌به‌ڕێوه بردنی ئه‌ركه‌كان. هه‌روه‌ها وه‌ك هه‌موان ده‌زانین له ته‌قسیمی كاریش دا پسپۆڕی و شاره‌زایی و پێ ئه‌سپاردنی كار به‌كارزان ده‌ورێكی گرینگی ده‌بینێ....
دانانی بونیادی ڕاوێژكاری:
شك له‌وه‌دا نیه كه ڕێبه‌رایه‌تی حیزب له سه‌خترین قۆناغه‌كانی خه‌بات دا جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی كوردی ڕێبه‌ری كردوه، دڵنیاشم له‌وه‌ی كه ڕێبه‌رایه‌تیه‌ك كه له كوره‌ی خه‌بات دا قاڵ بووبێت و له گه‌ڵ ده‌یان و سه‌دان كۆسپ و ته‌گه‌ره ده‌ست و په‌نجه‌ی نه‌رم كردبێ ده‌توانێ له داهاتووش دا ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌جێ بگه‌ێینێ. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مهه‌وێ باسی بكه‌م ئه‌وه‌یه كه ده‌كرێ بۆ ده‌قیق بوونی هه‌ڵوێسته‌كان و به‌رچاوڕوونی هه‌رچی زیاتری ڕێبه‌رایه‌تی بونیات یان بۆ نیاتگه‌لێكی ڕاوێژكاری له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ڕێبه‌رایه‌تی حیزب كۆ بكه‌ینه‌وه كه یارمه‌تی ده‌رمان بن.
زۆرن ئه‌و كورده نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی كه له نێو خۆ‌و به‌تایبه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له بواری جۆر به‌جۆری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی دا پسپۆڕیان هه‌یه. ئه‌و كه‌سایه‌تیانه به‌دڵ و به‌گیان بۆ ڕزگاری گه‌ل و خاكه‌كه‌یان تێ ده كۆشن و ئاماده‌ن بۆ هاوكاری حیزب وه‌ك هێزی ڕزگاری ده‌ور و به‌ڕێوه‌به‌ر. حیزبی ئێمه ده‌توانێ له‌بیر و ئه‌ندیشه و ته‌خه‌سوسی ئه‌وانه بۆ درێژه‌دانی خه‌بات كه‌ڵك وه‌ربگرێ و كۆمه‌ڵێك ئینسانی ئاكادێمیك و شاره‌زا بكا به‌ڕاوێژكاری فكری خۆی. ده‌بینین كه هه‌ر له كوردستانی ئێراق هه‌ردووك حیزبه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌زمونی باشیان له‌و بواره‌دا هه‌یه و له ڕاوێژكاری به‌شه جۆراو جۆره‌كان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. . . . .
سه‌رمایه‌گوزاری ماڵی:
باس له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ماڵی و ئابووری پێویستی به‌شاره‌زا هه‌یه كه من لێ نازانم، به‌ڵام وه‌ك دڵسۆزیه‌ك ئه‌و به‌شه‌م به‌لاوه گرینگه له‌به‌ر ئه‌وه كه وه‌زعی ماڵی و ئابووری بڕ بڕه‌ی پشتی هه‌موو حیزب و ڕێكخراو و ته‌نانه‌ت وڵاتانه. حیزبی ئێمه پێویستی به داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌كی درێژخایه‌ن هه‌یه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كار‌و درێژه‌دان به‌خه‌بات. ئه‌وه‌ی من بیزانم له باری ماڵی و ئیمكاناتی حیزبیه‌وه هه‌رچیمان هه‌یه هی ده‌ورانی شه‌هید دوكتۆر قاسملووی نه‌مره. هه‌تا ئێستاش هه‌ر له سه‌ر سفره‌ی كاك دوكتۆر ده‌ژین. كه‌س له حیزب‌دا نیه كه‌له‌گه‌ڵ وشه‌ی نیمانه‌و هۆشتان بێ خه‌رج نه‌كه‌ن شاره‌زا نه‌بێ. ئه‌وه له عه‌ینی كات دا كه له‌و په‌ڕی دڵسۆزیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، له هه‌مان كات دا نیشانه‌ی ده‌سته‌وه‌ستانیشمانه. واته فكرێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌كراوه و ته‌نیا به‌ده‌ست پێوه‌گرتن قه‌ناعه‌تمان كردوه.
وه‌ك هه‌موان ده‌زانین به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌ركی حیزبی به‌تایبه‌ت كاری شوێن دانه‌ر و به‌كه‌ڵك پێویستی به‌پووڵ و ئیمكانات هه‌یه. بۆ وێنه ئه‌و ده‌زگا ڕاگه‌یه‌نه‌ره (تلێفزیون) كه دانراوه ئه‌گه‌ر وه‌ك چه‌ند ساڵ پێش به‌ترس و له‌رزه‌وه لێی ورد باینه‌وه و له خه‌رجه‌كه‌ی بترساین، هه‌رگیز دانه‌ده‌نرا. ئه‌وه خه‌رجێكی له ڕاده‌به‌ده‌ری ده‌وێ تا كاری خۆی درێژه بدا، ره‌نگه زۆر خه‌رجی دیكه‌ی حه‌یاتیمان بۆ درێژه‌ی كار‌و باری حیزبی پێویست بێ كه هه‌موویان به پوڵ و پاره ده‌كرین. هه‌ربۆیه فكرێك له چاك سازی باری ماڵی به‌شێوه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری زه‌رووره‌تێكی ته‌واوی هه‌یه. سه‌رمایه‌گوزاریه‌ك كه وێڕای دابین كردنی پێویستیه‌كانی ئه‌مرۆی خه‌بات، وه‌ڵامده‌ری هه‌لومه‌رجی له‌بار یان ناله بار بێ. ئه‌و پێشنیارانه‌ی كه باس كراون په‌یوه‌ندی ڕاسته‌و خۆی به‌حیزبه‌وه هه‌یه و ده‌كرێ له كۆنگره‌ی چوارده وێڕای زۆر ئه‌ركی دیكه پێی له‌سه‌ر دابگیردرێ بۆ ئه‌وه‌ی حیزبه‌خۆشه‌ویسته‌كه‌مان حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران هه‌روا سه‌ربه‌رز بێ و قورس و قایمتر له جاران بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافه‌ڕه‌واكانی گه‌لی كورد درێژه به تێكۆشانی خۆی بدا.
نووسینی: حه‌مه عه‌لی عه‌نایه‌تی
2008-05-04
RSS
چاپ کردن/Print