|
.. ناخۆشترین و
دڵته‌زێنترین كاره‌ساتی كه به چاوی خۆم بینیم و
هه‌تاهه‌تایه قه‌ت له بیرم ناچێته‌وه دیتنی ته‌رمی ڕووت و
قووت و هه‌نجن هه‌نجنی ده‌سته‌یه‌ك له ڕۆڵه ئازادیخوازه‌كانی
گه‌لی كورد بوو كه له شه‌قام و چوارڕێ و مه‌یدانی شار ده‌یان
گێڕان و نیشانیان ده‌دان، تاكوو خه‌ڵك چاوترسێن بكه‌ن. زۆر
چاكم له بیره، له چوارچرای مه‌هاباد، ته‌رمی گولله‌دابێژی
ڕۆڵه‌ی بوێر و هه‌قبێژ (مراد شیرێژ)یان به نێردێوانی
به‌ستبۆوه، له‌پڕ هه‌ڵی كرده‌بایه‌ك و ته‌رمه‌كه داكه‌وت.
به چاوی خۆم بینیم هه‌رچی ئه‌فسه‌ر و ژاندارم و ئاژانی كه
له‌وێ بوون ڕایان كرد. له دڵی خۆمدا گوتم وه‌ره تۆ به‌شقی
خودا بزانه دیلی چ نیزامێكی ترسه‌نۆك و گه‌نده‌ڵین.
دوا به‌دوای ئه‌و كاره‌ساتانه وابزانم له مانگی جۆزه‌ران بوو
كه ته‌رمی كاك ”سوله‌یمانی موعینی“یان هێنایه‌وه ژاندارمه‌ری
مه‌هاباد، له زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستان گێڕابوویان به‌ڵام
له مه‌هاباد نه‌یانوێرا له ترسی خه‌ڵك ئه‌و كاره‌ی بكه‌ن.
ڕۆژێك له باغی گوڵان كه له‌گه‌ڵ سمایلی ره‌فیقم ده‌رس و
ده‌ورمان ده‌كرده‌وه، بیستمان كه‌وا كاك سوله‌یمانی موعینی
له گومبه‌زان ده‌نیژرێ. ئه‌و ڕوژه سه‌ر له به‌یانی ئاسمان
ساو بوو له‌پڕ هه‌ورێكی ڕه‌ش ئاسمانی داگرت و نم نم دایكرده
باران. له‌وكاته‌دا به دڵێكی خه‌ماوی و چاوێكی فرمێسكاوی، له
بن دارێكی ڕۆنیشتم و شێعرێكم گوت كه بۆ سبه‌ی ئه‌و شێعره‌م
گه‌یانده ده‌ست دوو كه‌سان كه یه‌كێك له‌وان ”خانه‌ی موعینی“
بوو (به‌داخه‌وه ئه‌ویش دوای چه‌ند ساڵان له كوردستانی ئه‌و
دیو شه‌هید كرا). هه‌رچه‌ند شێعره‌كه زۆر پته‌و نه‌بوو به‌ڵام
ده‌ست به ده‌ست گه‌ڕا. سه‌یر له‌وه‌دایه كه حه‌مه‌ده‌مینی
برام دوای ماوه‌یه‌ك هات و گوتی وه‌ره شێعری شاعیرێكی ئه‌و
دیوت بۆ بخوێنمه‌وه كه ده‌ستی پێكرد دیتم هه‌ر ئه‌و شێعره‌ی
خۆمه.
ده‌قی پارچه شێعره‌كه‌م له‌مێژساڵه فه‌وتاوه و ئه‌وه‌ی له
زه‌ینمدا ماوه ڕه‌نگه ئاماڵ فه‌رقێكی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌كه‌ی
پێشوو هه‌بێ كه‌وا به یادی ئه‌و نیشتمانپه‌روه‌ره لێره‌دا
سه‌رله نوێ تۆماری ده‌كه‌مه‌وه:
ئاسمانی شاری سابڵا‌غ پڕ له
هه‌ور و پڕ ته‌مه
ژیانی ئه‌مڕۆی كورده‌واری زۆر چه‌توون و ئه‌سته‌مه
دۆینی ته‌رمی قاره‌مان و ڕۆڵه‌ی ئازادیخواز
هاته‌وه نێو باوه‌شی ئه‌و نیشتمانه پڕ خه‌مه
ئاسمان ڕه‌نگی گرژ بوو وه‌ختێ دیتی ته‌رمه‌كه‌ی
بۆیه فرمێسك ده‌ڕێژێ خۆی وه‌كوو ئه‌و عاله‌مه
كاكه فایق ده‌ستی هه‌ڵگرت وا له ژینی خۆشی شار
ژیا له ڕێی كوردایه‌تی، قه‌ت دای نه‌نواند ئه‌و په‌رچه‌مه
پڕ به دڵ دای یارمه‌تی جووڵانه‌وه‌ی ئه‌و دیوی كورد
تا له زیددی وی نه‌یاران كه‌وتنه كایه و هه‌مهه‌مه
ناعیلاجی خۆی و ده‌سته‌ی هاته ناوچه‌ی مه‌نگوڕان
ده‌ورێكی گێڕا له شۆڕش تاكوو دۆینێ ئه‌و ده‌مه
ڕۆژی هیوای كورده‌واریم كه‌وته‌وه ژێر هه‌وری ڕه‌ش
بۆیه‌م ئێستا دڵ به خه‌م هه‌ر ناڵه‌ناڵ و پرته‌مه |