|
ده‌نگی کوردستانی ئێران
بیست وپێنجه‌مین مۆمی ته‌مه‌نی داده‌گیرسێنێ |
نووسینی: سوارۆ
٢٧ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ بیست وپێنجه‌مین ساڵوه‌گه‌ری
دامه‌زرانی ده‌نگی کوردستانی ئێرانه. به‌م بۆنه‌وه له
سه‌ره‌تا دا به پێویستی ده‌زانم ڕێز‌و سوپاس و قه‌درزانی
خۆم پێشکه‌شی هه‌موو ئه‌م که‌سانه بکه‌م که هه‌ر له
سه‌ره‌تای دامه‌زرانی ئه‌م ده‌نگه خۆشه‌ویسته‌وه تا ئێستا
له‌م ئۆرگانه دا ماندوو بوون. زه‌حمه‌تیان کێشاوه وکاریان
کردوه. هه‌روه‌ها پڕ به دڵ گه‌رمترین پیرۆزبایی پێشکه‌ش
کادرو به‌رێوه‌به‌رانی رادیۆ و هه‌موو کادرو
پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و
گوێگرانی به ئه‌مه‌گ و وه‌فاداری ده‌که‌م و سه‌رکه‌وتنیان
ئاواته خوازم.
٢٥ ساڵ به‌ر له ئێستا کاتێک ده‌نگی کوردستان به په‌یامی
نه‌مر دوکتۆر عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو ده‌ستی به کار کرد،
که هه‌موو حه‌ول و تێکۆشانی حیزب و ڕێکخراوه
سیاسییه‌کانی نێو گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان بۆ
دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌یه‌کی ئاشتیخوازانه بۆ کێشه‌ی کورد
له کوردستانی رۆژهه‌ڵات به هۆی پیلانه‌کانی حکوومه‌تی حاکم
و باوه‌ڕ نه‌بوون به کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێرانی فره
نه‌ته‌وه دا له گه‌ڵ شکست ڕووبه‌ڕوو ببوون. خومه‌ینی وه‌ک
ڕێبه‌ریی پاوانخوازانی کۆنه په‌رست جیهادی له دژی گه‌لی
کورد ڕاگه‌یاند بوو شه‌پۆلێکی به‌رینی دوژمنانه له
ڕاگه‌یه‌نه گشتییه‌کانی رێژیم دژ به گه‌لی کورد و داخوازه
ره‌واکانی وه‌رێخرا بوو. ڕوژ نه‌بوو له شاره‌کانیتری
ئێران به هاندان وبهرنامهرێژی حکومه‌ت به هه‌زاران که‌س
له خه‌ڵکی ساویلکه و فریو خواردووی ئێران نه‌یه‌نه سه‌ر
شه‌قامه‌کان و به دانی دروشمی دژی کورد ڕێپێوان ساز
نه‌که‌ن و به دوای ئه‌ویش دا بۆ جیهاد به‌ره و کوردستان
وه‌رێ نه‌که‌ون... به‌مجۆره له‌شکری نه‌زانی به‌ره‌و
کوردستان وه‌رێ که‌وت و شار و گونده‌کان درانه به‌ر
ڕهێڵه‌ی تۆپ وخۆمپاره وسه‌دان که‌س له پیرو لاوی کورد بێ
محاکه‌مه له لایه‌ن خه‌ڵخاڵییه‌وه گولله باران کران.
له‌م بارودۆخه دا ڕادیۆ وه‌ک پێویستێکی مێژوویی بۆ له
قاودانی جینایه‌ت وپیلانه‌کانی رێژیمی خومه‌ینی له لایه‌ک
و ناساندن و ته‌بلیغ کردنی ویست و داخوازه‌کانی خه‌ڵکی
کوردستان له لایه‌کیتره‌وه هه‌ست پێ ده‌کرا. بۆیه حیزبی
دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی که له هه‌ل
ومه‌رجی حاسته‌م و گرینگی ئه‌و کات دا زۆر پێویست و پڕ
بایه‌خ بوو هه‌ڵێنایه‌وه. پاش زیاتر له مانگێک تاقی
کردنه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی کاتژمێر ٩ی شه‌و به کاتی تاران له
شه‌وی ١٩ له سه‌ر ٢٠ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٥٩ ی هه‌تاوی
به‌رانبه‌ر به ٢٠ یونی ١٩٨٠ به په‌یامی سکرتێری حیزب نه‌مر
دوکتۆر قاسملوو (((((( به ره‌سمی به‌رنامه‌کانی خۆی ده‌ست
پێ کرد))))))٭
[ده‌نگی رادیۆ له‌و هه‌ل ومه‌رجه دا هیوا و هومێدێکی
تایبه‌تی به خه‌ڵک به‌خشی و به تامه‌زرۆیه‌کی زۆره‌وه گوێ
بیستی ده‌بوون. ده زگای نێره‌ر واته "فرستنده‌ی رادیۆ"،
ده‌زگایه‌کی بێ‌سیمی که‌م هێزی پادگانی نیزامی مهاباد بوو
کوتبۆوه ده‌ست حدکا. ئه‌م ده‌زگایه له لایه‌ن موهه‌ندس
خه‌ییاتی برایه‌کی ئازه‌ری زمان که ده‌نگی کوردستان بۆ
هه‌تا هه‌تایه قهرزدارێتی، هه‌روه‌ها ماندو بوونی چه‌ند
هاورێتری حیزبی له نێویان دا ره‌حمه‌تی سه‌ید ره‌سوڵی
بابی گه‌وره له دۆڵی شێخانی ناوچه‌ی مه‌نگوری مهاباد
دامه‌زرا. دیاره پاشان کار هاسانی بۆ کرا له ساڵی ٦٤ ی
هه‌تاوی ده‌زگایه‌کی به هێز له شوێنی ئه‌م که‌م هێزه
دانرا.]
ده‌نگی کوردستان هه‌ر چه‌ند له باری ئیمکاناته‌وه چ له
به‌شی فه‌ننی و چ له باری تۆمار کردن و ئاماده کردنی
به‌رنامه و بوونی شوێنێکی له بار بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کان
زۆر هه‌ژار و بێده‌ره‌تان بوو، به‌ڵام به هۆی خۆشه‌ویستیی
حیزی دێمۆکرات له لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان له
لایه‌ک وحه‌ول وماندو بوونی که‌م وێنه‌ی کارگێڕانی ده‌نگی
کوردستان له لایه‌کیتره‌وه، توانی له ماوه‌یه‌کی کورت دا
جێگه و پێگه‌ی خۆی له ناو جه‌ماوه‌ر دا بکاته‌وه.
ئه‌م رادیۆیه له سه‌ره‌تا دا رۆژی کاتژمێرێک نیو کاتژمێر
به زمانی کوردی و نیویش به زمانی فارسی هه‌واڵ و
رووداوه‌کانی کوردستانی بڵاو ده‌کرده‌وه
دیاره پاشان نیو کاتژمێر به‌رنامه‌ی ئازه‌ری لێ زیاد کرا.
له ساڵه‌کانی دواتر دا کاتی به‌رنامه‌کانی پتر کراو
به‌رنامه‌ی ئازه‌ری قرتا.
ئه‌م ده‌نگه له ماوه‌ی ٢٥ ساڵ ته‌مه‌نی دا زۆر هه‌وراز و
نشێوی بڕیوه و زۆر سه‌ختی و کۆسپی تووش بووه. کار
به‌ده‌ستانی رێژیمی ئێران که له‌م ده‌نگه زوڵاڵه و موژده
به‌خشه نه‌تره‌یان چوو بوو وێڕای خستنه سه پاڕازێتێکی
یه‌کجار به هێز، چه‌ندین جار به فرۆکه بۆمبارانیان کرد و
که‌وته به‌ر په‌لاماری تۆپ و کاتیۆشای حکوومه‌ت. به‌ڵام
هه‌موو جارێ به هۆی وریایی و وشیاری پێشمه‌رگه‌کانی
پارێزه‌ریی ڕادیۆ و کار و ماندوبوونی تاقه‌ت پروکێنی
کارگێڕانی ڕادیۆ و دوور ئه‌ندێشی و وردبینی
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حیزب پیلانه‌کان پووچه‌ڵ ده‌کرایه‌وه و
ده‌نگی کوردستان رۆژ له رۆژ زیاتر ده‌نگی دلێرتر و به
گوڕتر ده‌بوو.
ده‌نگی کوردستان له ماوه‌ی ٢٥ ساڵ ته‌مه‌نی دا، نیزیکه‌ی
٢٠ جار جێ گۆرکێ پێکراوه. به‌ڵام ته‌نیا دوو جار که ئه‌ویش
هۆی ده‌ره‌کی هه‌بوو ده‌نگی کپ کرا. یه‌که‌م جار
به‌رنامه‌ی رۆژی ٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٦٢ ی هه‌تاوی
١٩٨٣ی زایینی بوو. فرستنده‌ی ڕادیۆکه ئه‌و کات هی مجاهدینی
خه‌لقی ئیرانی هاوپه‌یمانی حدکا بوو به هۆی هێرشی هه‌مه
لایه‌نه‌ی رێژیمی ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ئازاد کراوی
ئالانی سه‌رده‌شت، بۆ گوندی کاول کراوی گه‌ڵاڵه‌ی
شینکایه‌تی کوردستانی باشوور جێ گۆرکێ کرا بوو. به‌م
بیانووه درۆیه که ئێستا فرستندهکهیان وه‌کار نه‌خستووه
به کرده‌وه له بڵاو کردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌و رۆژی
ده‌نگی کوردستان پێشگیریان کرد. هه‌ر چه‌ند له رێی
بێسیمه‌وه داوای لێ بوردن له گوێگرانی کرا به‌ڵام پێم
وایه ده‌نگی بێسیمه‌که له دۆڵی گه‌ڵاڵه و سه‌فره و
زهروونهوه به ولاتر نه‌چوو. جاری دووهه‌میش زستانی ساڵی
١٣٧٣_١٩٩٤ بوو که یه‌کێتی نیشتمانی له ژێر فشاری
ئێرانه‌وه پێشمه‌رگه‌ی نارد ه فرستنده‌ی ڕادیو بۆ
ماوه‌یه‌کی درێژ ده‌نگی کپ کرد. ئه‌گینا قه‌ت هۆکاری نێوخو
نه‌بۆته کۆسپی سه‌ر ڕێگای بڵاو نه‌کردنه‌وه‌ی
به‌رنامه‌کانی . ڕادیۆ سه‌ره‌رای ئه‌وه مه‌ودای جێ
گۆڕکێکانی له یه‌کتر دوور و ڕاگوێزتنی به هۆی نه‌بوونی
ئیمکاناتی پێویست زۆر چه‌توون بوو به‌ڵام تووشی وه‌ستان
نه‌بوو و درێژه‌ی به کاره‌کانی دا ئه‌وه‌ش به‌شێکی زۆری
ده‌گه‌رایه‌وه سه‌ر به‌رنامه‌رێژی به ڕێ وجێ و
شۆڕشگێرانه‌ی نه‌مر دوکتۆر شه‌ڕه‌فکه‌ندی وه‌ک به‌رپرسی
ئه‌م ئۆرگانه به تایبه‌تی و ماندو بوون و هه‌ست به
به‌رپرسایه‌تی کادرو پێشمه‌رگه‌کانی ڕادیۆ به گشتی. له
به‌شێکی ئه‌م جێ گۆڕکێیه دا، خه ڵکی زه‌حمه‌تکێشی
گونده‌کانی ناوچه‌کانی سه‌رده‌شت و پیرانشار ده‌وریان
هه‌بووه و به ئه‌مانه‌ته‌وه ده‌زگای ڕادیۆیان به شان و
پیلی خۆیان شاخ به شاخ و دۆ ڵاو دۆڵ ڕاگوێزتووه.
ڕادیۆ ده‌نگی کوردستانی ئێران، هاورێ سه‌نگه‌ری
پێشمه‌رگه‌کان، میوانی ماڵێ هه‌موو کوردێک و ده‌نگێکی
ئاشنا‌و جێ باوه‌ڕ و متمانه‌ی خه‌ڵک بووه. ببووه هاوده‌مێکی
به وه‌فا. هه‌موو ڕۆژێ له کات و ساتی دیاری کراو دا سه‌ری
به ماڵان، به دووکان و بازاران، به مووچه و مه‌زرا، کارگه
و به گوند و شاران دا ده‌کێشا و ڕاشکاوانه ئاگاداری ده‌نگ
و باسه‌کان و هه‌ڵمه‌ت و خۆڕاگری ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کوردی
ده‌کردن. زۆرجار هه‌ڵگری هه‌واڵی ناخۆش و گه‌لێک جاریش
تیشکی هیوا و هومێد و سه‌رکه‌وتنی له دڵان هاویشتووه.
به‌ڵام له هه‌ر دوو حاڵه‌ت دا هه‌واڵده‌رێکی راست و دروست
بووه. به ئه‌مانه‌ته‌وه هه‌واڵه‌کانی به جه‌ماوه‌ر
ڕاگه‌یاندوه گوێ بیستی ڕاوبۆ چونی خه‌ڵکی کوردستان و به
تایبه‌تی گوێگرانی وه‌فاداری بووه.
ده‌نگی کوردستانی ئێران له هه‌موو بواره‌کان دا
لێکدانه‌وه‌ی خۆی له سه‌ر مه‌سه‌له جیاجیاکان دا هه‌بووه و
سیاسه‌ته دزێوه‌کانی کۆماری ئیسلامی له قاو داوه و
هه‌ڵوێستی خۆی به‌رانبه‌ر به روودا و پێشهاته
سیاسییه‌کانی ناوچه و جیهان ده‌ربڕیوه.
ده‌نگی کوردستان له ناساندنی هونه‌رمه‌ندان، شاعیران،
نوسه‌رانی خاوه‌ن ئه‌زموون به گوێ‌گران ته‌نه‌خی نه‌کردوه و
له به‌رنامه‌ی کۆلکه زێرینه دا تا ئه‌و راده‌یه‌ی بواری
بووبێ به شێوه‌یه‌کی زانستیانه شوێنه‌واره‌کانیان هه‌ڵ
سه‌نگێنێ و خاڵه کز و به هێزه‌کانی به‌رهه‌مه کانیان به
سه‌داقه‌ته‌وه ده‌ست نیشان بکا.
له به‌ختیاری کومه‌ڵ دا ده‌نگی کوردستان وێڕای باس له ژنه
ناوداره‌کانی کوردستان وجیهان تا ڕاده‌یه‌ک توانیوتی له
ده‌رد و مه‌ینه‌ته‌کانی ژنی کورد و چه‌وساندنه‌وه و
نابه‌رانبه‌ری ئه‌م توێژه له کۆمه‌ڵ که به درێژایی مێژوو
لێیان کراوه بدوێ وه‌ک لایه‌نگرێکی به هێزو به باوه‌ڕ
پشتگیری له مافی ژن بکا و هه‌موو ئه‌م که‌سانه‌ی یارمه‌تی
به چه‌وساندنه‌وه و له به‌ند دا مانه‌وه‌ی ژن وه‌ک نیوه‌ی
کۆمه‌ڵ ده‌که‌ن له قاو بدا‌و به پێی توانا له ڕێنوێنی و
ڕپێشاندهری دا ده‌وری خۆی بگێڕێ.
گوێگره‌کان دایمه ڕێنوێن وڕێ پێشان ده‌ری ده‌نگی کوردستان
بوون. له به‌ر ئه‌مه به هی خۆیان زانیوه ڕاشکاوانه بێ پێچ
و په‌نا پرسیار و کێشه‌کانی خۆیانیان له گه‌ڵ هێناوه‌ته
به‌ر باس. به ناردنی نامه و په‌یام گله‌ییان لێ کردوه،
ره‌خنه‌یان لێگرتووه. زۆر جاریش له به‌رنامه‌ی وه‌ڵامی
نامه‌کان دا وه‌ڵامی خۆیان به مه‌سه‌له جۆراجۆره‌کان
ته‌نانه‌ت حاستهمترین کێشه‌ی ژیانیان پێ دراوه‌ته‌وه.
په‌یوه‌ندێکی زۆر قووڵی دۆستانه له نێوان به‌رێوه‌به‌رانی
ئه‌م به‌رنامه‌یه و گوێگرانی دا هه‌بووه.
یادی رۆڵه خه‌باتگێڕ و گیانفداکان، ئه‌م رۆڵه به
ئه‌مه‌گانه‌ی له پێناوی به‌ختیاری و سه‌ربه‌رزی گه‌ل و
نیشتمان دا به سه‌خاوه‌ته‌وه گیانیان به‌خت کردوه به‌شێکی
گرینگی به‌رنامه‌کانی ده نگی کوردستانی پێک هێناوه. یادی
ئه‌م نه‌مرانه، بیره‌وه‌رییه‌کانیان، قاره‌مانه‌تیان،
بیروباوه‌ڕیان، ژیان و خه‌باتیان بۆته ئه‌زموون و
هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕانه و چرای رووناکی ده‌ری ڕێگای خه‌باتی
هاوسه‌نگه‌رانیان.
ڕاسته ده‌نگی کوردستانی ئێران له ماوه‌ی ٢٥ ساڵی ڕابردوو
دا به هه‌موو تواناوه حه‌ولی داوه ئه‌رکی شۆڕشگێرانه‌ی خۆی
به ئه‌نجام بگه‌یه‌نی. ڕاسته تووشی سه‌ختی و نه‌هامه‌تی
بووه. به‌ڵام ئه‌وه به‌م مانایه نییه که له بارودۆخی
ئێستاش دا ده‌نگی کوردستانی ئێران به‌رنامه‌کانی به شێوازی
ڕابردوو بێ.
پێویسته هاوکات له گه‌ڵ به‌ره‌و پێش چوونی کۆمه‌ڵ و
گۆڕانکاریه‌کانی سه‌رده‌م و بوونی پێوه‌ندیه‌کانی خێرا و
که‌ره‌سه‌ی مۆدێرنی ڕاگه‌یاندن گۆڕانکاری له هه‌موو
بواره‌کانی ژیانی ڕادیۆش دا پێک بێ. به‌رنامه‌کانی
وه‌ڵامده‌ری هه‌ل و مه‌رجی بواره جیاجیاکانی کوردستان و
ئێران بن و بتوانن خۆیان له گه‌ڵ وه‌زعی سه‌رده‌م
بگوونجێنن. پێویسته ڕادیۆ هه‌ڵوێستی خۆی وه‌ک هه‌ڵوێستی
حدکا به زووترین کات به‌رانبه‌ر به رووداوه‌کانی کوردستان
و جیهان به گوێ‌گران بگه‌یه‌نێ و گرینگی بدا به نوێترین
هه‌واڵ و رووداوه‌کان. سه‌رده‌می ئێستا ته‌نانه‌ت له گه‌ڵ
ده ساڵ له مه‌و پێش جیاوازی هه‌یه که ته‌نیا سه‌رچاوه و
ماتریاڵی ده‌نگی کوردستان ڕادیۆکانیتر و ئه‌م گۆڤار و
رۆژنامانه بوون که له لایه‌ن هێندێک پێشمه‌رگه و کادری
دڵسۆز، به رادیۆ ده‌گه‌یشت. به داخه‌وه مهتڵهبهکانی
ئه‌وه‌نده کۆن ده‌بوون که به جارێک که‌ڵکی نه ده‌ما.
ئێستا سه‌رده‌م، سه‌رده‌می ئینترنێت و که‌ره‌سه‌ی گرینگی
هه‌واڵ گیریه. مروڤ به کرته‌یه‌ک ده‌توانێ له نوێترین
رووداوه‌کانی جیهان ئاگادار بێ. شک له‌وه دانییه ته‌نیا
رههندی پێوه‌ندی حدکا له گه‌ڵ کوردستان و ئێران ئه‌م
ده‌نگه‌یه نابێ ببێته قوربانی کێشه‌ی نێوخۆ و ناکرێ هه‌ر
به فۆرم نێوه‌رۆک و شێوه ی ده ساڵ به‌ر له ئێستا به‌رێوه
بچێ. پێویستێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره که بۆ چاکسازی رادیۆ چ له
باری کادره‌وه، چ له باری فهننییهوه، چ له باری دارشتنی
به‌رنامه‌کانه‌وه حه‌ولێکی جیدی بدرێ. به تۆری ئینترنێت
گرێ بدرێ هاسان کاری بۆ پێک بێ و ئاڵ وگۆڕێکی بنه‌ڕه‌تی
له به‌رنامه‌کان، ته‌نزیم و شێوه‌ی ده‌رهێنان و ئاماده
کردنی، موزیک و شێوه‌ی وێژه‌ری دا پێک بێنێ. به بێ
گوڕانکاری به بێ خۆ ڕیکخستن له گه‌ڵ بارودۆخی نوێ ته‌بلیغی
ده‌نگی کوردستان ناتوانێ وه‌ک ڕابردوو خۆشه‌ویستی
کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بێ و له حاستی وشیاریی و
به‌رزیی راده‌ی تێگه‌یشتنی گه‌لی کورد دا بێ.
٭_له راستی دا هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا ده‌نگی
کورستان له شه‌وی ١٩ له سهر٢٠ جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٥٩_١٩٨٠
ده‌ست به کار بوو. له کاتژمێر ٩ ی شه‌و به کاتی تاران
به‌رنامه‌کانی بڵاو ده‌کرده‌وه. له به‌ر ئه‌وه هێزی
فرستنده‌ی ڕادیۆ له ١٥٠ وات تێنهدهپهری بیستنی
به‌رنامه‌کانی له‌و کاته دا له شه‌و، که جه‌وی هه‌وا پڕه
له شه‌پۆل دژوار بوو . بۆیه که زانرا که‌ڵکی لێ وه‌ر
ناگیرێ پشتی حه‌وتوویه‌ک واته رۆژی ٢٧ جۆزه‌ردان بڵاو
کردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌کانی کرا به ٧ ی پاش نیوه‌رۆ و
تاراده‌یه‌ک له‌م لاو له‌ولا دهنگیده بیسرا. هه‌ر له‌م
ڕێکهوتهشهوه کاسیته‌کانی به‌رنامه‌کانی ده‌نگی
کوردستانی ئێران ئێستاشی له گه‌ڵ بێ وه‌ک سه‌رمایه‌کی به
نرخ وه‌ک مێژووی پڕ له سه‌روه‌ری حدکا و وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی
ته‌ژی له قاره‌مانه‌تی و فیداکاری پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی
دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و
وه‌ک سه‌نه‌دێکی زیندو له جینایه‌ت ودڕنده‌یی رێژیمی
کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌رحه‌ق به گه‌لی کورد پارێزراون.
|