|
بۆ مامۆستای
شەهید مەلا ئاوارەی نەمر |
پارچە پەخشانيك بە بۆنەی 10 ی مای ڕۆژی لە سێدارە دانی
شەهید مەلا ئاوارە و هاوڕێ نەمرەكانی .
نوسینی : زاهید شاعیری
*****

زستان بە ڕاستی زستان بوو
،دوای چەندین ڕۆژ كڕێوەو بۆران ،خۆریكی جوان لە ئاسمان بو
،بەر بەڕۆچكەی كۆڵانی دێ، كۆڕی تاقمێك پیرەپیاو بو
ناوئاخنی وتووێژیان هەروەك سەدان جاری پێشوو سكاڵا
لەدەست ژیانو بێبەزەی ودڕندەی دوژمنان و هەڵوێست گرتنی
میرانەو نەبەزانەی لاوان و ڕاپەڕینوو بەرخۆدانبوو،بەروو
بوی بێستانی باسیان ڕێژنەی فرمێسكی جاوانوو لە دڵەوە ئاخ
هەڵكێشانبوو .
هاوكات لە گەڵ باسەكانیان . بە دەنگێكی پڕ پەرۆشی دەیانگوت
:
- سەدمەخابن بۆ شەهیدان
- هەر باكیشیان نەبوو لەدار
- پەك حەیفت كرد ئاوارەگیان .
ئاوارە .! ئاوارە دمێك بوو بۆم ببوە دەریای پرسیاروو
كەوتبوومە ناوی،بۆ دەربازبوون لە دەست شەپۆلی نەزانی
،هانام بردە بەر باپیرم ،گوتم : تۆ باشترین گەمیەوانی لەم
گێژاوە نەجاتم دە گەر دەتوانی،پێم بێژە كێیە ئاوارە ؟ دڵی
گشت بۆی لە ئازارە .
جوابی دامەوە باپیرم :
گوێگرە ئەی ڕۆڵەی ژیرم، بزانە كێیە ئاوارە ؟ هەرچی كوردە
بۆی غەمبارە ،لە كاتێكا كە شای جەلاد ،درێژی كردبوو
دەستی بێداد لەسەرتاپای هەمووەڵات ،بە تایبەت لەو
كوردستانە زوڵمی دەكرد بێ بەهانە ،وا بای ببون دەرەبەگ بە
پشتیوانی ئەو، وەك سەگ خەرمانیان لێ بەش دەكردین ماڵیان
بەتاڵان دەبردین . هاوین ، زستان ، پایزو بەهار، ڕایان
دەكێشاینە بێگار، مزگەوتێكیان دەكرد بەدوان، ئیی هەژاران
بۆ حیبادەت،ئیی ئەوانیش بۆ جندرمان،ئەو زاڵمانە دەیان
هەویست، چونكە ئازادیمان دەوییست ، هەتا بتوانن قڕمان كەن
زیندانەكانمان لێ پڕكەن،ڕاست ببین بەكۆیلەی ئەوان هەرچیان
گوت : بڵێین بەچاوان، زوحاكی زەمانەبون هاودەستەكانی لەگەڵ
شا،لەجارەگۆریینی چاتر،بە سەدان كاوە خرۆشا یەكێك لەوان
ئاوارە بوو، خوێندواروو كارامەبوو، لەڕێگەی خەبات پێشەنگ و
لە دڵی وەرزێردا پاڵە بوو، وەك شێر دژی زوڵم ڕابو، بە
كورەی شێعرو چەكوچی چەك،كۆشكی بەخوێن مژان كرد تەنگ .
بەكەم تێم بگە بۆت ناڵێم زۆر، ئاوارە بۆ كورد بوو بەخۆر،
خۆری هیوای هەموو وەڵات لە چەنگەی شەوەزەنگ هەڵات،شێرانە
لەشا ڕاپەڕی، جەرگی نەیارانی بڕی بۆ ڕاوی مامزی ئازادی
،بوە ڕێبواری ڕێی بێ مرادی وازی هێنا لە ئاوایی بوو بە
هەڵۆی تیژی چیایی بە جێی پوڵوو پارەو سامان چەكی شەڕەفی
كردە شان،پشت لەشاران ڕو لەكێوی تا ڕێگەی شۆڕش بپێوی تاكوو
مافی گەلەكەمان گەلە ژێر چەپۆكەكەمان ،لەشەوانی دژی ئینسان
بستێنێ شورەی بەرزی زیندانەركان بڕوخێنێ،نەورۆزێكی نوێی
ئازادی دوای سەدان ساڵ بێمرادی بۆ كوردستان وەدی ببێنێ .
بۆگەیشتن بەو مەبەستە، زریان تۆفان ، بە هەزارران بەڵای
سامناكو بێ ئامان نەیان توانی بەربەستی كەن هیوای گەیشتن
بەو مەنزڵگەی لە دڵ دەركەن تۆزقاڵەیەك ورەی كز كەن .
خەباتی كردبوە شایی لە چۆلو لە ئاوای سەرچۆپی ڕەشبەڵەكی
گرت چونە دەست یەك درشتوو ورد،گۆرانیشی ئاوادەگوت : بۆیە
گۆڤەندیی سەری گرت .
) ١ (} كوردم كوردستتانم دەوێ
هەدا نادەم ڕۆژو شەوێ
خۆ م بسرەوم دڵ ناسرەوێ تاكو
هەلم دەست دەكەوێ
دننیا گشتی سەرێك كەوێ لێم ببڕن خۆراكوو خەوێ
كوردم كوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
تاكوو قۆناغی سەربەستی ئەسپی خەباتم ناوەستی
تادەرنەچم لە ژێردەستی نامهەوێ سەرمایەی هەستی
مەرگ نەك ژینی ژێردەستی كوردم كوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
بۆ ئازادیو خودموختاری بۆ سەربەخۆیو ڕزگاری
بەسەر بەرزیو بەختییای بەگیان دەكەم فیداكاری
تادەبڕم كلكی زۆرداری كوردم كوردستانم دوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
كلكی زۆردار دەقرتێنم قەڵای سەختی دەروخێنم
بەردی بناخەی دەردێنم وەك دێڵە سەگ دەیتۆپێنم
كەنەشتۆپا دەی ڕەتێنم كوردم كوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
دەی ڕەتێنم تا كێوی قاف جیهانی پێدەكەم تەواف
بەبێ گاڵتەو لاف و گەزاف شەرتە نەكەم وعدە خیلاف
یا بمرم یا بستێنم ماف كوردم كوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
دەستێنمەوە مافی خوراو بۆ نیشتیمانی بەش كراو
هەزاران دایكی زگ سوتاو هەزاران لاوی سەربڕاو
دەژینمەوە وەك گوڵ بەئاو كوردم كوردستانم دەوێ
هوای بەرزم قەت نانەوێ
من ناهێڵم نەسڵی بەدكار وەكوو هەڵۆ دەكەومەكار
بچتە ئاسمان نایكەم قووتار لەژێر زەوی بۆی دەچمەخوار
لێی ناهێڵم یەك جوقەوار كوردم كوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
جوقەواری لێ ناهێڵم وەڵاتی پێ بەجێ دێلم
خاكی خۆم بۆ خۆم دەكێڵم سودی بزنو ، مەڕو چێڵم
چی دی نایدەم بەفڕوفێڵم كوردم كوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ
تاكەی خەزێنەو نەوتەكەم بەبووكۆڵەو فیت فیتە دەم
خەڵك شادو من دڵ بەخەم لەسەر گەنجی و وڵاتەكەم
خاكی خۆشم ئاوارەكەم كوردم كوردستانم دەوێ
هیوای بەرزم قەت نانەوێ {
بەڵێ ڕۆڵە،
كاتێ زانیان شەوەكانی دژی ئینسان بە پێنوسوو لولەی تفەنگ
كۆشكەكانیان پێ دەكات تەنگ بە نوسراوەو بەهەڵبەستی،جوان
دەردەبڕێ مەبەستی خەباتی كردۆتە شای لەشارو لەئاوای،
لەدۆڵوو چیای كوردستانا، لەگەرمێنو لەكوێستانا، لەدەوری
سەمفۆنیایی چەك گەنجوو پیر دەگرن ڕەشبەڵەك دڵنیابون
هەلپەڕكەی ڕەوای سەردەگرێ درەنگ یازوو ،گشت كوردستانی
دادەگرێ، كاتێ زانیان قەڵاكانیان دەڕوخێنێ، گاڵتەیان
لەگەڵدا ناكات مافی گەلیان لێ دەستێنێ، بڕیار درا لە
تارانا، لە كانگای زوڵموو تاوانا خۆری بونی لە ئاسۆی ژین
بەگێژەڵۆكەی رقوو قین بەیەكجاری وەكوژێنن ئاواتی لەمێژینەی
دەیان ملێۆن ڕوتوو برسی لەگێژاوی پیلانێكی نوێی دیكەدا
بخنكینن،بە تەویابون ئاوارەكان ببڕنەوە ،شوێنەواری ئەو
خەباتە بسڕنەوە، لە پیلانێكی گڵاوا لەگەڵ چەند،تێكۆشەری
كە ئاوارەیان كرد بەداوا، لەبەر چاوی چەند هەزارا ئەوانیان
كرد بەدارا، پردی ئاواتمان ڕما لەو ڕوژەی ئاوارە نەما .
ئێستا هەرچەند ساڵانێكی زۆر
بەسەر ئەو ڕۆژەدا گوزەراوە ،بەهەزاران بۆگەیشتن بەئاواتی
وان شەهیدان، ڕاپەڕیون خوێنیان داوە،گیانیان داوە،لەپێناو
ئەو هیوایە بۆ ڕوحوو ژیانی ئاسای هەیچ نرخێكیان دانەناوە.
بەڵام ئەمن بەقەد دڵیی پێشمەرگەیەك پڕ لە هیواو بڕواوە
ڕوودەكەمە ڕووحی باپیرموو گشت دنیا دەڵێم ; نا وانیە، نا
وانییە،دڵنیابن دڵنیا ، ئاوارە نەمردوەو ماوە زۆر لە
ڕابردوو قایمتر، لە سەر زەوی هیوای پیرۆز ڕەگوو ڕیشەی
داكووتاوە،لە دەفتەری بیرەوەری دڵی گشت كوردێكی ئازادی
خواز ناوی بەنەمر نوسراوە .
)1(= كوردم كوردستانم
دەوێ،یەكێك لە هەڵبەستە بەرزەكانی مامۆستای شەهید مەلا
ئاوارەی نەمرە .
ـ ئەم پەخشانە دوای تێپەڕ بونی ٢٠ ساڵ بەسەر فەرمودەكانی
باپیرمدا نوسراوە، لە كاتی پشودانی هەرەوەزێكی گەورەی
گوندێ ئاغەڵان كە سەروو بنی باسەكانیان بەهەمان شێوە
تەرخانكرابوو بۆ داستانی ئازایەتی شەهید ئاوارە، بەلام
ئەمجارە زۆربەیان لاو و بەورەیەكی بەرزەوە و بەوپەڕی
هیوا بە وەدیهاتنی ئاواتە پێرۆزە كەی دەدوان .
زاهید شاعیری
پایزی 1379 ی هەتاوی گوندی ئاغەڵان ناوچەی سەردەشت
shaheri2004@yahoo.com
|