|
|
||
|
ی كوردی |
||
|
|
||
|
|
رۆزوێڵت: کۆماری کوردستان یه‌کێک له رووناکترین رووداوه‌کانی مێژووی هاوچه‌رخی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته
16ی ژانویه‌ی 2004 مێژووی خه‌باتی ره‌وا و ئازادیخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان گه‌لێک رووداوی به‌شکۆ و پرشینگداری له لاپه‌ڕه‌کانیدا تۆمار کردووه که له‌نێو دڵی ئه‌ویندارانی ئازادی و رزگاریی کوردستاندا جێگایان به‌رزه و هه‌رده‌م به رێزه‌وه یادیان ده‌کرێته‌وه. یه‌کێک له‌و رووداوه مه‌زنانه، دامه‌زرانی کۆماری پڕشکۆی کوردستانه. له‌دایک بوونی کۆماری کوردستان، بێگومان یه‌کێک له ده‌سکه‌وته هه‌ره پڕبایه‌خه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی کورد له سه‌ده‌ی بیسته‌م دایه. ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ رۆڵه‌کانی گه‌لی کورد شانازی به بوونی کۆماری کوردستانه‌وه ده‌که‌ن و به سه‌ربه‌رزییه‌وه یادی ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وا شانازیی گه‌وره‌تر بۆ حیزبی دامه‌زرێنه‌ری کۆماری کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ده‌گه‌ڕێته‌وه که سه‌ره‌ڕای دواکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگای ئه‌و ده‌می کوردستان و نزم بوونی ئاستی وشیاریی نه‌ته‌وایه‌تی، توانی به لێهاتوویی و لێزانیی که‌م وێنه‌ی خۆی و پێشه‌واکه‌ی، حکوومه‌تێک دابمه‌زرێنێ که ئه‌وڕۆ پاش تێپه‌ڕ بوونی زیاتر له نیو سه‌ده، هێشتا لایه‌نه به‌رز و پرشینگدارهکانی جێگای سه‌رنج و لێورد بوونه‌وه‌ن و بۆ ئه‌وه ده‌بن تا گه‌ییشتن به لووتکه‌ی به‌رزی ئاوات و ئامانجه‌کانی گه‌ل، وه‌ک چرای رووناک که‌ره‌وه‌ی رێگای خه‌بات که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێت. ئه‌گه‌ر چی شه‌هیدی نه‌مر دوکتور قاسملوو، به‌وردی له‌سه‌ر کۆمار لێکۆڵینه‌وه‌ی کردووه و هه‌موو لایه‌نه‌کانی، به‌تایبه‌ت لایه‌نه به‌رز و پرشینگدارهکانی خستووه‌ته روو، به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش ئاوڕدانه‌وه له نووسراوه‌ی مێژوویی نووسه‌رانی غه‌یره کورد له‌سه‌ر ئه‌و کۆماره دیموکراته‌ی کوردستان، کێش و قورسایی خۆی هه‌یه. یه‌کێک له‌و که‌سایه‌تییه بیانییانه‌ی له‌سه‌ر کۆماری کوردستان نووسیویه‌تی و ده‌کرێ وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی مێژوویی به‌نرخ بۆ وه‌ده‌ست خستنی زانیاری له‌سه‌ر کۆمار سه‌یری بکرێت، "ئارچی رۆزوێڵت"ه. گرینگیی نووسراوه‌که‌ی رۆزوێڵتمان کاتێک زیاتر بۆ ده‌رده‌که‌وێت که بزانین ناوبراو له سه‌رده‌می کۆمار‌دا ژیاوه و بۆ خۆی له نێزیکه‌وه شاهیدی کۆماری شکۆداری کوردستان بووه. " رۆزوێڵت له مانگی مارسی 1946 تا مانگی فیوریه‌ی 1947 وه‌ک یاریده‌ده‌ری کارداری نیزامیی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئامریکا له تاران کاری کردووه. له‌و ماوه‌یه‌دا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تیی له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی کورد کردووه و یه‌کێک له‌و چوار ئامریکایییانه بووه له ماوه‌ی ته‌مه‌نی کورتی کۆماری کوردستاندا سه‌ردانی مهابادیان کرد". رۆزوێڵت له نامیلکه‌که‌یدا له ژێر ناوی "کۆماری کوردستان له مهاباد" که به‌شێکه له کتێبێکی گه‌وره‌تر به ناوی "گه‌لی بێ وڵات"، باسی کۆمار ده‌کات و ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌کرێت بریتییه له هیندێک له لایه‌نه دره‌وشاوه‌کانی کۆمار و که‌سایه‌تیی به‌رزی پێشه‌وا له روانگه‌ی ئه‌و نووسه‌ره بیانییه‌وه:
رۆزوێڵت له ده‌سپێکی نامیلکه‌که‌یدا ده‌نووسێ: "خه‌ونی ناسیۆنالیسته‌کانی کورد، کوردستانی سه‌ربه‌خۆ، له دیسامبری 1945 تا دیسامبری 1946 تا راده‌یه‌کی که‌م له ئێران‌دا وه‌دی هات." ئه‌م وته‌یه‌ی رۆزوێڵت دوو راستیی حاشاهه‌ڵنه‌گر له‌سه‌ر کۆماری کوردستان ده‌رده‌خات. یه‌که‌م ئه‌وه که کۆماری کوردستان کۆمارێکی سه‌ربه‌خۆ بووه و به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندییه‌وه نه‌به‌سراوه‌ته‌وه. به‌و پێیه‌ش، به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمار خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی بوون و بۆ خۆیان و دوور له گوشار و به گوێدا چرپاندنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، له‌سه‌ر مه‌سه‌له جۆراوجۆره‌کانی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بڕیاریان داوه و به گوێره‌ی توانا جێبه‌جێیان کردوون. راستیی دووه‌م ئه‌وه‌یه که کۆماری کوردستان به ته‌نیا مڵکی حیزبی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و کۆماره، واته حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران یان خه‌ڵکی ئه‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان نه‌بووه. به‌ڵکوو خاوه‌نی سیمایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی گشتی بووه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش باوه‌شی بۆ هه‌موو کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ری پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان کردووه‌ته‌وه که روویان تێ کردووه و ئه‌وانیش له‌به‌رامبه‌ردا کۆماریان به ده‌سکه‌وتی خۆیان زانیوه و به وه‌دیهاتنی خه‌ونی له‌مێژینه‌ی خۆیان، با به نیوه‌چڵیش بووبێت، سه‌یریان کردووه.
رۆزوێڵت بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بدات که کۆماری کوردستان ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌لی بووه و له نێو دڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا جێگایه‌کی به‌رزی هه‌بووه، کوشتنی به کۆمه‌ڵی کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان له لایه‌ن خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه به نموونه دێنێته‌وه و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پێشه‌وای نه‌مردا به‌راوردی ده‌کات و ده‌نووسێ: "جیاوازییه‌کی به‌رچاو له نێوان حکوومه‌تی قازی محه‌مه‌د و حکوومه‌تی ئازه‌ربایجاندا هه‌بوو که پێویسته وه‌ک سه‌رکه‌وتنێک بۆ مهاباد ئاماژه‌ی پێ بکرێت. له هه‌موو شوێنێکی ئازه‌ربایجاندا، هه‌ر که یه‌که‌م نیشانه‌ی هه‌ره‌س هێنانی حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان ده‌رکه‌وت، جووتیاران، کرێکاران و دووکانداران دیموکراته‌کانی ئازه‌ربایجانیان قه‌تڵوعام کرد. ئه‌م دژکرده‌وه‌یه به‌ڕوونی رق و تووڕه‌یی خه‌ڵکی له حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان پیشان ده‌دا. به‌ڵام له مه‌هاباد، هه‌موو شتێک به هێمنی تێپه‌ڕی. ئه‌وه له حاڵێک دا بوو که حکوومه‌تی ئازه‌ربایجان خاوه‌نی ده‌زگای پۆلیسی به‌هێز بوو بۆ به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ کاره‌ساتی چاوه‌ڕوان نه‌کراودا. له حاڵێکدا قازی محه‌مه‌د ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌زگایه‌شی نه‌بوو. ئه‌م کرده‌وه‌یه راستیی ئه‌و راپۆرتانه ده‌سه‌لمێنێ که حکوومه‌تی قازی محه‌مه‌د خۆشه‌ویست بوو – هه‌ر هیچ نه‌بێ له پێتهختهکهیدا."
رۆزوێڵت سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تیی به‌رزی پێشه‌وا قازی ده‌نووسێت: "ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌رفه‌تی چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌دیان بۆ ره‌خسا بوو نه‌یانده‌توانی خۆ له کاریگه‌ریی که‌سایه‌تیی ناوبراو ببوێرن و زۆر زوو تێده‌گه‌ییشتن که له‌به‌ر چی (ئه‌و که‌سایه‌تییه) له هه‌موو شوێنێکدا بووه به ره‌مزی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد". رۆزوێڵت له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا ده‌نووسێت: "قازی محه‌مه‌د پیاوێکی کورته‌باڵای په‌نجا ساڵه‌یه و کۆتێکی نیزامیی کۆنی له‌به‌ردایه. چههرهیهکی زاهیدانه‌ی به ردێنێکی ته‌نکه‌وه هه‌یه و له‌به‌ر ئێشی زگ ره‌نگی روخساری به ئاسته‌م زه‌ردیی پێوه دیاره". پاشان درێژه ده‌داتێ و ده‌نووسێ: "قازی نه سیگاری ده‌کێشا و نه ده‌یخوارده‌وه و زۆریش که‌مخۆر بوو. ده‌نگی به‌رز نه‌ده‌کرده‌وه و خاوه‌ن میلۆدییه‌کی دڵ‌نشین بوو. هه‌یبه‌تێکی ئارام به‌ڵام کاریگه‌ری هه‌بوو. وه‌ک که‌سێکی تا راده‌یه‌ک نێونه‌ته‌وه‌یی، هۆگری هه‌موو گه‌لانی جیهان بوو و زۆر زمانی ده‌زانی که له نێویاندا، ده‌توانین ئاماژه به رووسی، که‌مێک ئینگلێزی و هه‌روه‌ها زمانی سپرانتۆ بکه‌ین. له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی ئاسایی کتێبی رێزمان و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به زمانی بێگانان دانرا بوون".
رۆزوێڵت له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی پێشه‌وا ده‌ڕوا و به‌م شێوه‌یه ده‌نووسێت: "قازی محه‌مه‌د وه‌ک پیاوێکی خاوه‌ن بڕوای به‌هێز ده‌هاته به‌رچاو و ئازایه‌تی و فیداکاریی تێدا ده‌بینرا که له‌گه‌ڵ رۆشنبیری و نه‌رمونیانیدا ئاوێته ببوو. ناوبراو خوازیاری ئوتونومی له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا بوو. به‌و حاڵه‌ش، ناکرێ حاشا له‌وه بکه‌ین که قازی محه‌مه‌د و یارانی هه‌روه‌ها ئامانجی کوردستانی گه‌وره‌یان هه‌بوو و هیوادار بوون مهاباد بکه‌نه ناوه‌ندی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و کو‌لتووریی کورد".
به‌داخه‌وه کۆماری کوردستان نه‌یتوانی زیاتر له 11 مانگ درێژه به ته‌مه‌نی پڕبه‌های خۆی بدات و سه‌ره‌نجام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی تارانه‌وه بێبهزهیییانه سه‌رکوت کرا و رێبه‌رانی کۆماریش، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه شه‌خسی پێشه‌وا قازی، له مه‌یدانی چوارچرای شاری مهاباد له سێداره دران. رۆزوێڵت له به‌شی کۆتایی نووسراوه‌که‌یدا ئاماژه به‌و فاکته‌رانه ده‌کات که بوون به هۆی له نێو چوونی کۆمار و ده‌نووسێت: "دوا هه‌وڵی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی کوردی به داگیر کردنی مهاباد له لایه‌ن ئێرانه‌وه کۆتایی پێ هات. وه‌ک جووڵانه‌وه‌کانی رابردوو، هۆکاری سه‌ره‌کیی رووخانی کۆماری کوردستان نه‌بوونی یه‌کێتی له نێو خودی کوردان‌دا بوو." هه‌روه‌ها رۆزوێڵت پشت به‌ستنی کورد به یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت به چاوه‌ڕوانییه‌کانی کورد، به هۆکاری ده‌ره‌کیی رووخانی کۆمار داده‌نێت. ناوبراو له‌و کاته‌دا که نه‌مانی کۆمار به زیانێکی گه‌وره ده‌زانێت که له جه‌سته‌ی جووڵانه‌وه‌ی میللیی کورد که‌وتووه، هه‌ر له‌و کاته‌دا به کۆتایی رێگا و کپ کردنه‌وه‌ی یه‌کجاریی ده‌نگی ئازادیخوازیی کوردی دانانێت: "رووخانی کۆمار گورزێکی کاریگه‌ر بوو له په‌یکه‌ری بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد. ئێستا نه کۆمه‌ڵه(ی ژ-ک) ماوه نه حیزبی دیمۆکراتی کوردستان. به‌شی زۆری رێبه‌رانی کورد یان مردوون یان زیندانی کراون یان له تاراوگه‌دا ده‌ژین. به‌ڵام ئه‌وه به مانای ته‌واو بوونی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد نییه. لایه‌نگرانی کۆمار که‌سانێک بوون که ژماره‌یان له زیادبوون دایه. ئه‌وانه‌ش که دوژمنایه‌تیی کۆماریان ده‌کرد وا دیاره چاره‌نووس به‌ره‌و نه‌مانیان ده‌بات..." به‌م جۆره ده‌بینین که رۆزوێڵت له رۆژانی ره‌شی رووخانی کۆمار‌دا، به لێزانییه‌کی که‌م وێنه‌وه داهاتووی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کوردی خوێندووه‌ته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بووه که کاروانی خه‌باتی گه‌لی کورد سه‌ره‌نجام به دوا مه‌نزڵگه‌ی سه‌رکه‌وتن ده‌گات.
کۆماری کوردستان لای رۆزوێڵت جێگایه‌کی به‌رزی هه‌یه. ئه‌وه‌ش، به ئه‌گه‌ری زۆر، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ردانی ناوبراو له مهاباد و له نێزیکه‌وه ئاشنا بوونی ئه‌و به که‌سایه‌تیی به‌رزی پێشه‌وا و کۆماری کوردستان. هه‌ر بۆیه به‌جێیه به وته‌یه‌کی به‌نرخی دیکه‌ی ناوبراو له‌سه‌ر گرینگیی ئه‌و ئه‌زموونه دیموکراتیکه‌ی کورد کۆتایی به‌م باسه بهێنرێت: "په‌یدابوون و ره‌گداکوتانی کۆماری بچووکی کورد، مێژووی کورت و تۆفان ئاسای ئه‌و کۆماره و هه‌ره‌س هێنانی له‌ناکاوی، یه‌کێک له رووناکترین رووداوه‌کانی مێژووی هاوچه‌رخی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته" به‌رز و پیرۆز بێت یادی کۆمار و پێشه‌وای کورد
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م نووسراوه‌یه: A people without a country - The Kurdish republic of Mahabad, 1946 By: Archie Roosevelt, Jr. پێوه‌ندی: rashidhaidari@hotmail.com |
|
|
2005-01-16 خاوه‌نی سایت و کاری تکنیکی سایت ساڵه نه‌ڵۆسی |
||