به‌خێر هاتن بۆ سایتی پێشمه‌رگه‌كان
ی كوردی Digital clock Local time: GMT:
بیست و شه‌شی سه‌رماوه‌ز رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
له 26ی سه‌رماوه‌زی ئه‌مساڵ دا جارێکی دیکه كوردستان ده‌بێته شاهیدی ڕێوره‌سمی رێزگرتن له پێشمه‌رگه‌كانی خۆی و جارێكی دیكه خۆشه‌ویستی ئه‌و رۆڵه قاره‌مانانه‌ی له دڵی گه‌له‌كه‌مان خۆی ده‌نوێنێته‌وه، كه به فیداكاری و له خۆ بردوویی توانیویانه ناوی كورد و كوردستان زیندوو ڕاگرن و حه‌قانیه‌تی ئه‌م خه‌باته به جیهان بناسێنن. ئه‌وه‌ی كه ئێستا ناوی كورد و كوردستان بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی دونیا ناوێكی بێگانه نیه و هه‌روه‌ها سه‌دان كه‌سایه‌تی ناوبه‌ده‌ره‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی پشتیوانی له خه‌باتی رزگاری خوازانه‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ن، به‌رهه‌می خه‌بات و گیان فیدایی و شه‌ونخوونی ئه‌م رۆڵانه‌ی گه‌له‌كه‌مانه. رۆژی 26ی سه‌رماوه‌ز، ساڵرۆژی بیره‌وه‌ری گرتن و چه‌ك كردنی شاره‌وانی مه‌هاباد به‌ده‌ست هێزی چه‌كداری كوردستانه. له رۆژی 26ی سه‌رماوه‌زی 1324 ژماره‌یه‌ك له رۆڵه شۆرشگێر و قاره‌مانه‌كانی شاری كورد په‌روه‌ری مه‌هاباد، ده‌ستیان دایه چه‌ك و ئاخرین مۆڵگه‌ی رێژیمی دژی گه‌لی و دیكتاتۆری په‌هله‌ویان له‌م شاره گرت و كۆتایی یان به‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م نیزامه هێنا. چه‌ك كردنی شاره‌وانی مه‌هاباد، وه‌ك یه‌كه‌م چالاكی نیزامی هێزی چه‌كداری كورد كه پاشان به هێزی پێشمه‌رگه ناودێر كرا، بوو. ئه‌م رۆژه پیرۆزه له مێژووی گه‌له‌كه‌مان دا تۆمار كراوه و له‌و باره‌وه جێگای سه‌رنجه كه مه‌یدانی بۆ ده‌سه‌ڵاتی دێموكڕاتیكی گه‌ل به سه‌ر خۆی دا خۆش كرد. ناوی پێشمه‌رگه توانی زۆر زوو جێگه‌ی خۆی له نێو دڵی گه‌لی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان دا بكاته‌وه زۆربه‌ی حیزبه سیاسیه‌كانی كوردستان، رۆڵه شۆرشگێڕه‌كانی گه‌له‌كه‌مانیان به ناوی خۆشی پێشمه‌رگه ناودێر كردووه، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به خه‌بات و گیان فیدایی و له خۆبردوویی خۆیان سه‌لماندوویانه كه به راست ئه‌م ناوه شیاوی ئه‌وانه و توانیویانه ناوی كورد به‌رز ڕابگرن و نه‌هێڵن داگیركه‌ران به سه‌ر گه‌له‌كه‌مان دا زاڵ بن. پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی گه‌لی كورد نیشانی داوه كه به بیروباوه‌ڕ گیانی له گره‌وی وه‌دی هاتنی ئامانجه سیاسی و له مێژینه‌كانی گه‌له‌كه‌ی ناوه و ئه‌و راستی یه‌ش له هێنانه سه‌ر كار و پاراستنی كۆماری كوردستان دا نیشانی دا. هێزی پێشمه‌رگه ئه‌و هێزه‌یه كه گه‌لی كورد به‌ڕێزه‌وه سه‌یری ده‌كات و به ده‌گمه‌ن شوێنی كوردستان هه‌یه كه پێشمه‌رگه‌ی كورد قاره‌مانه‌تی ڵی نه‌نواندبێ و زه‌بری له داگیركه‌ران نه‌وه‌شاندبێ، حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران وه‌ك به‌رێوه‌به‌ری جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی كورد له كوردستانی ئێران، ساڵرۆژی گرتنی شاره‌وانی مه‌هاباد له سالی 1324 وه‌ك رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دیاری كرد. ئه‌م بڕیاره‌ی حیزب ده‌ست به جێ له نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌كه‌مان دا جێی خۆی كرده‌وه و له‌گه‌ڵ پێشوازی گه‌رمی گه‌له‌كه‌مان و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هێزی پێشمه‌رگه به هێزی خه‌باتگێڕی ڕێگای وه‌دی هاتنی ئامانجی پیرۆزی ئازادی ده‌زانن رو به رو بوو. ئه‌م رۆژه بوو به جێژنی ده‌ربڕینی ڕێز و خۆشه‌ویستی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به پێشمه‌رگه و وه‌ك ڕیوره‌سمی نوێ كردنه‌وه‌ی په‌یمانی وه‌فاداری گه‌ل و پێشمه‌رگه به یه‌كتری ڵی هاتووه. 26ی سه‌رماوه‌ز ته‌نیا تایبه‌ت به پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمۆكرات یان رێگخراوێكی دیاری كرا‌و نیه. ئه‌م ڕۆژه تایبه‌تی هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌كی كوردستان و بۆ ڕێز گرتن له هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌گشتی یه. چوونكه روداوه‌كانی وه‌ك 26ی سه‌رماوه‌زی ساڵی 1324ی هه‌تاوی و پێك هاتنی كۆماری كوردستان، ئاكامی ئیراده‌ی خه‌باتگێڕانی گه‌لی كورد و به‌شێك له مێژووی پڕ له شانازی گه‌لی كوردمان به‌گشتی یه. پێشمه‌رگه رۆڵه‌یه‌كی به بیروباوه‌ڕیی فیداكاره كه به‌دڵخوازی خۆی چه‌ك هه‌ڵده‌گرێ و ئاماده‌یه گیانی به سه‌خاوه‌ته‌وه له پێناو ئامانجه‌كانی دا ببه‌خشێ. ده‌یان ساڵه رێژیمه داگیركه‌ره‌كانی كوردستان شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ریان به سه‌ردا سه‌پاندوین، ئه‌وه هێزی پێشمه‌رگه‌یه كه حه‌ماسه و خۆراگری له خۆی نیشان داوه و دوژمنی به چووك دا هێناوه . ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه له ناو كۆمه‌ڵگای ئه‌مرۆی كورد دا به‌رابه‌ره له گه‌ڵ ئازایه‌تی، شۆڕشگیری، دڵپاكی و گیان به‌خت كردن له پێناو ئازادی گه‌له‌كه‌مان دا. بیست و شه‌شی سه‌رماوه‌ز رۆژی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پیرۆز بێ له گه‌لی قاره‌مانی كورد و ته‌واوی پێشمه‌رگه خه‌باتگیره‌كانی كوردستان نوسین و ئاماده كردنی شه‌وبۆ قه‌له‌نده‌ری
2004-12-18 خاوه‌نی سایت و کاری تکنیکی سایت ساڵه نه‌ڵۆسی