![]() |
|||||
|
ته‌زویر له دیموکراسیدا: خوێندنه‌وه, ئاوێنه![]() گه‌وره بیریاری کورد به‌ختیار عه‌لی، (له دوانوسینیدا)، به‌کورتی ده‌رباره‌ی ئه‌م دیارده‌یه نوسیوه. ئه‌م ستونه بۆ قسه‌کردنه له‌سه‌ر هه‌مان دیاریده له روانگه‌یه‌کی تره‌وه. بۆ من ته‌زویر، که لێره‌دا مه‌به‌ستمان ته‌زویرکردنی ده‌نگه له پرۆسه‌ی (دیموکراسیدا) هه‌ڵبژاردندا، وه‌ک خواست‌و کرده‌و دیارده، له زۆرجاردا بریتیه له زیادکردنی ده‌نگ، زیاتر لە ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی که ده‌نگیان داوه. له به‌رئه‌مه بۆ من ته‌زویر بریتیه له دروستکردنی مرۆڤی نه‌بوو (بۆ خواستی تایبه‌ت) بۆ جێگرتنه‌وه، هاوسه‌نگکردن یان له کارخستنی مرۆڤی هه‌بوو (له رووی خواست‌و ئاره‌زووەو له کۆتاییدا بووندا). چیه کاتێک په‌نا ده‌برێته به‌ر که‌سێک که نیه. چیه کاتێک لایه‌نێکی سیاسی، وه‌ک چۆن چیرۆکنوس و رۆماننوس بۆ گێرانه‌وه‌ی چیرۆکه‌کانیان و گه‌شتن به مه‌به‌ستیان که‌سی نه‌بوو ده‌هێننه ئاراوه. یه‌که‌م ده‌رکه‌وته‌ی ئه‌م دیاریده‌یه له‌وه‌دایه که کێشه‌یه‌ک له ئارادایه له گه‌ڵ که‌سه هه‌بووه‌کاندا. ناته‌باییه‌ک هه‌یه له نێوان خواستی ده‌سه‌ڵات و خواستی خه‌ڵكدا. که‌واته، یه‌کێک له مه‌به‌سته سه‌ره‌کیه‌کانی دروستکردنی که‌سێک یان که‌سانێکی نه‌بوو بۆ شه‌رکردنیه‌تی له‌گه‌ڵ که‌سانی هه‌بوودا. لێره‌وه سه‌رتاپا پرۆسه‌ی دیموکراسی، وه‌ک شێوازێک له گۆرینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، له سیاسه‌تکردن، له ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک، قه‌یرانی تێ ئه‌که‌وێت. قه‌یرانێک که سه‌رتاپا پرۆسه‌که پوچ ئه‌کاته‌وه. ئه‌گه‌ر دیموکراسی یانی به‌خشینی ده‌سه‌ڵات به خه‌ڵکی، مه‌به‌ست لێی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ن که بونیان هه‌یه، ئاماده‌ییان هه‌یه، خواستیان هه‌یه، ئه‌وا به‌خشینی ده‌نگ به‌که‌سی نه‌بوو مانای نه‌بوونی توانای به‌د‌ه‌ستهێنانی ده‌نگی مرۆڤه‌کانه‌وه هه‌روه‌ها یانی دروستکردنی هاوسه‌نگیه‌ک بۆ له کارخستنی ده‌نگی که‌سه هه‌بووه‌کان. دیموکراسی به‌خشینی ده‌نگه به‌وانه‌ی که هاووڵاتین، که تاکه ئامرازه و ساته‌و‌ه‌خته که خه‌ڵکی ساده بواریان ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتیان پیاده‌که‌ن. هاووڵاتیبوون بریتیه له رێکه‌وتنێک له نێوان که‌سه هه‌بوه‌کانو ده‌سه‌ڵاتدا (ئه‌م رێککه‌وتنه له سه‌ر دوو بنه‌مای ماف و ئه‌رک وه‌ستاوه). لێره‌دا ده‌سه‌ڵات یان راستتر ده‌وڵه‌ت نابێت هیچ شتێک بێت جگه له ناوه‌ندێک بۆ فه‌راهه‌مکردنی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی. ناوه‌ندێک بۆئه‌وه‌ی پێکه‌وه ژیان فه‌راهه‌م کات. ئه‌م په‌یمانه کۆمه‌ڵایه‌تیه ئایا له شێوازه هۆبزیه‌که‌ی (مرۆڤ خراپه، بۆیه ده‌سه‌ڵات پێویسته هه‌تا بواری بۆ بر‌خسێنی چاکی کات) یان رۆسۆییه‌که‌ی (مرۆڤ به سروشتی خۆی چاکه بۆیه ده‌بێ بواری بۆ بره‌خسێت هه‌تا سروشتی خۆی ده‌رخات). به‌ڵام قه‌یرانی بێ ده‌رمانی ده‌سه‌ڵات له رۆژهه‌ڵات له‌وه‌دایه که ده‌وڵه‌ت خاوه‌ندارێتی ئه‌کرێت؛ خه‌ڵکانێک هه‌ن ده‌وڵه‌ت به موڵكی خۆیان ده‌زانن. بۆیه سه‌یرنیه که ده‌وڵه‌ت خواستی جودای هه‌بێت له هاووڵاتیان. که‌واته به‌پێی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه هاووڵاتیه که شێوازی ئه‌و په‌یمانه دیاریئه‌کات،وه له ده‌رئه‌نجامدا شێوازی ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام کاتێک که ته‌زویر دێته ئاراوه، کۆمه‌ڵێک مرۆڤی نه‌بوو دێنه ئاراوه، که ته‌مه‌نێکی کورتیان هه‌یه، له ساته‌وه‌ختێکی تایبه‌تا کارێکی تایبه‌ت ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، بۆ مه‌به‌ستێکی تایبه‌ت. ئه‌م بوونه نه‌بوانه کارکته‌ری مه‌لائیکه‌مان به بیرده‌هێننه‌وه. زۆر ده‌مانبیست که هێزه ئیسلامیه‌کان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ئه‌کرد که له کاتی جه‌نگدا فریشته یان مه‌لائیکه دێته هانایانه‌وەو یارمه‌تیان ئه‌ده‌ن به‌رامبه‌ر دوژمنه‌کانیان. هاتنی ئه‌م هێزه سه‌روو مرۆڤیانه بۆ لایه‌نگریکردنی کۆمه‌ڵیکی دیاریکراو له مرۆڤ له به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵیکی تردا شێوازێکه له په‌نابردنی هێزێکی ده‌ره‌کی (هه‌بوو یان نه‌بوو کێشه نیه) له پێناوی هاوسه‌نگکردندا. کاتێک هێزێکی سیاسی په‌نا ده‌باته به‌ر ته‌زویر، که یانی خولقاندنی مرۆڤی نه‌بوو، که‌واته ئه‌و هێزه سیاسیه کێشه‌ی هه‌یه له نێوان خواست‌و ئاره‌زوه‌کانیاو خواست‌و ئار‌ه‌زوی مرۆڤه بووه‌کاندا. بۆیه بۆئه‌وه‌ی خواست‌و ئامانجه‌کانی بێته دی ناچاره په‌نا به‌رێته به‌ر مرۆڤی نه‌بوو. ئه‌گه‌ر بێتوو بوونی فریشته به‌کاربه‌رین بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌مکی فریشته ئه‌وا یارمه‌تیمان ئه‌دات بۆ زیاتر خوێندنه‌وه‌ی کرده‌ی ته‌زویر. فریشته له ئایندا ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه که خواستی نیه، (ئه‌گه‌ر هه‌شیبێت ئه‌وا گوێلێناگیرێت). (به پێی ئایه‌تێکی قورئانی پیرۆز کاتێک فریشته‌کان نارازین له دروستکردنی مرۆڤ، خودا لەوه‌ڵامدا پییان ده‌لێت: من ئه‌زانم ئه‌وه‌ی که ئێوه نایزانن). که هه‌میشه گوێرایه‌ڵه، که هیچ شێوه‌یه‌ک له نار‌ه‌زاییو به‌رگریو دوودڵی تیا نیه. فریشته ناتوانێت یاخیبێت، چونکه سروشتی‌و ئه‌و بونیاده‌ی که بروای توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی دارشتوه رێگه‌ی پێنادات. که‌واته فریشته بوونه‌وه‌رێکه که خزمه‌تی هه‌میشه‌یی ده‌سه‌ڵاتێکی تایبه‌ت ئه‌کات. بونیادی ده‌سه‌ڵات له کۆمه‌لگا ئاینیه‌کانا، ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی که خه‌یاڵدانی دونیابینینیان له رووی هه‌ستو نه‌سته‌وه خه‌ڵتانی دیدی ئاینیانه بووه ئه‌وا بونیادی ده‌سه‌ڵات تیایانا هه‌میشه ستراکتۆرێکی ئاینی هه‌یه. ده‌سه‌ڵاتی کوردی چونکه نه‌یتوانیوه ده‌سه‌ڵاتێکی مۆدرێن بێت ئه‌واوه‌ک ده‌سه‌لاته‌کانی تری نامۆدرێن ده‌سه‌لاتێکی ئاینیانه‌یه. ده‌سه‌لاتی ئاینی هه‌میشه پێویستی به بوونه‌وه‌ری وه‌ک فریشته هه‌یه. که‌واته کاتێک ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئاینیانه که بۆ به‌رده‌وام بونیان‌و مانه‌وه‌یانو درێژه‌پێدانیان پێویستیان به فریشته‌یه ئه‌وا به هیچ جۆرێک بواریان نیه بۆ هاووڵاتی، هه‌روه‌ها دیموکراسی. چونکه هاووڵاتی ئه‌و بونه‌وه‌ره‌یه که پڕاوو پر پێچه‌وانه‌ی فریشته‌یه. ئه‌وه‌ی ئێمه له ده‌رئه‌نجامدا هه‌مانه: هاوکێشه‌یه‌کی ناهاوسه‌نگه. له‌لایه‌ک که ده‌سه‌ڵاته پێویستی به مرۆڤی ناهاووڵاتی فریشته‌یانه هه‌یه، له‌لایه‌کی تره‌وه هاووڵاتیه که ده‌خوازێت ده‌سه‌ڵاتێکی مۆدرێن له شێوازی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تیا بێته ئاراوه. ئه‌م دوو خواسته دژ به‌یه‌که، ئه‌م دوو ئاراسته پێچه‌وانه ناتوانن پێکه‌وه هه‌ڵبکه‌ن. دیاره هه‌تا ئه‌م هاوکێشه‌یه به ناوهاوسه‌نگی بمێنێته‌وه ئه‌وا سه‌رتاپا کۆمه‌ڵگا هه‌میشه له دۆخێکی پڕ له ئازاری، دواکه‌وتووی، بێ هیوادا ئه‌ژی. له خه‌یاڵدانی ئاینیا فریشته ره‌نگی سپیه. ره‌نگی سپی ره‌نگێكی پاکی بێگه‌رده. ئه‌مه له هه‌مانکاتدا ئه‌وه‌مان پێده‌ڵیت که ئه‌م بوونه‌وه‌ره تاکه ره‌نگێک ره‌نگو شێوازی بوونی دیاری ئه‌کات. هه‌موو ئه‌مانه به پێچه‌وانه‌ی سروشتی بوونی مرۆڤه‌وه‌ن. مرۆڤ به سروشت ره‌نگاڵه‌یه. هه‌رگیز ناتوانرێت بۆ ته‌نها ره‌نگێک کورتبکرێته‌وه، هه‌ر لایه‌ک، دیدێک، ئایده‌لۆژیایه‌ک، به‌کاری له‌م شێوازه هه‌ستێت ئه‌وا جگه له کۆمه‌ڵگایه‌کی چه‌ق به‌ستوی بێ گه‌شه هیچی تر به‌رهه‌م ناهێنی. ئێمه لێره‌دا له ته‌زویر وه‌ک کرده‌و خواست دواین دیاره هاوئاهه‌نگیه‌ک له نێوان ئه‌م دوانه‌دا هه‌یه. ته‌زویر وه‌ک دێوزه‌مه ره‌دووی پرۆسه‌ی دیموکراسی ده‌نێت له ناوچه‌که‌و کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا. . سه‌رچاوه: ئاوێنه |
| |||
| هه‌موو مافه‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه پارێزراوه | |||||