ماڵه‌وه‌
په‌یوه‌ندی
ناردنی بابه‌ت
لینک
پێناسه‌
بیره‌وه‌ری
ڕێبه‌ران
کۆنگره‌
ئاگاداریه‌کان
ئه‌رشیف
وێنه‌
سروود
فیلم
هۆنراوه‌
ده‌فته‌ری میوانان
تیرۆر
ترور و جنایت
فارسی
English
Svenska
کتێبه‌کان
‌ساڵه‌‌ نه‌ڵۆسی
وه‌رگێڕ
رادیۆ
 

ئاگاداریه‌کان

 هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاسۆیەكی روون، سەردار كاوە

هەڵبژاردنەكانی نوێنەرانی پارلمانی عێراق ، رۆژی یەكشەممە، 7ی مارس، بە بەشداریی زیاتر لە 6000 بەربژار لە 68 گرووپ‌و حیزبی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی 325 كورسیی پارلمانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو. 19 میلیۆن كەس لەو وڵاتەدا مافی ئەوەیان هەبوو بەشداریی لەو هەڵبژاردنانەدا بكەن. سەرەڕای كەشوهەوای نالەباری ئەمنییەتی لە عێراقدا‌و هەڕەشەی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكان بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنانە، 4/62ی خەڵكی عێراق ئامادە بوون مەترسییەكان بە گیان بكڕن‌و بۆ دیاریكردنی چارەنووسی داهاتووی وڵاتە پڕ ئاڵۆزەكەیان بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان. چاوەڕوان دەكرا كە لە رۆژی هەڵبژاردنەكاندا رووداوگەلی ناخۆش بێتە ئاراوە، بەڵام رێوشوێنە ئەمنییەتییەكان‌و ئیرادەی خەڵكی عێراق نەیهێشت ئەو چاوەڕوانییانە بێنە دی‌و بێجگە لە چەند نموونە تەقینەوە لە چەند شوێنی عێراق‌و بە تایبەت لە بەغداددا‌و كوژران‌و بریندار بوونی نزیكەی120 كەس، بە گشتی هەڵبژاردن لە كەشوهەوایەكی ئارامدا بەڕێوە چوو. لە هەرێمی كوردستان كەشوهەوا هێندە ئارام بوو كە خەڵك وەكوو جێژنێك بەرەوپیری هەڵبژاردنەكان چوون‌و لەو پەڕی ئارامیدا پاش دەنگدان جێژن‌و شایییان كرد.
ئورووپا و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئامریكا سپاسی خەڵكی عێراقیان كرد كە سەرەڕای هەڕەشەی گرووپە توندڕەوەكان لە هەڵبژاردنەكاندا بەشدارییان كرد. باراك ئوباما، سەرۆك كۆماریی ویلایەتەیەكگرتووەكان، لە بەیانیەیەكدا رایگەیاند كە بۆ بەشداریی میلیۆن كەسی خەڵكی عێراق لە هەڵبژاردنەكاندا كە لە هەمبەر توندوتیژیدا وازیان نەهێنا‌و لە مافی خۆیان بۆ دەنگدان كەڵكیان وەرگرت، رێزێكی زۆر دادەنێ‌. دەیوید میلیبەند، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ئیرادەی خەڵكی عێراقی بۆ دەنگدان بە بەرچاو لە قەڵەم دا. بە هۆی مێژووی كورتی هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا حیزبگەلی زۆر تێیدا بەشداری دەكەن. ئەوە بەو واتایەیە كە دوورە دیمەنی بەربڵاو بۆ وتووێژ سەبارەت بە پێكهاتنی دەوڵەتی داهاتووی ئەو وڵاتە هەیە. بە هۆی پێشینەی درێژی مەزهەب‌و دەسەڵاتی مەزهەبی لە عێراقدا حیزب‌و گرووپگەلی جۆراوجۆری مەزهەبی لەو وڵاتەدا بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ململانێ‌دان .بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی 2005 كە پێكهاتەی ئیتلافەكان زۆرتر یەكدەست و مەزهەبی بوون، ئیتلافەكانی ئەم جارە تێكەڵاوێك لە بەریانە جۆراوجۆرەكانە. بەڵام ئەوەی كە لەم دەورەی هەڵبژاردنانەدا بەرچاوەو جێی دڵخۆشی بۆ داهاتووی ئەو وڵاتەیە، سەركەوتنی بەرچاوی لایەنە سێكۆلارەكانە. ئیتلافی دەوڵەتی یاسا بە رێبەریی نووری مالكی، پاش راگەیاندنی 30 لەسەدی دەنگەكان، روون بۆوە كە تا ئێستا لە عێراقدا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێناوە. لیستەی ئەلعەراقییە بە رێبەریی ئەیاد عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق‌و سێكۆلاری شێعە، كە لە ناوچە سوننیی نشینەكاندا زۆرینەی دەنگی بەدەست هێناوە، لە پلەی دووهەم دایە. حیزبی ئەلدەعوەی مالكی بە دووركەوتنەوە لە ئیسلامگەرایی شێعە لەگەڵا پێشوازیی زۆرتردا بەرەوڕوو بۆوە. ئەوە پیشاندەری هەڵگەڕانەوەی خەڵكی عێراق لە رەوتە ئیسلامگەرا توندڕەوەكانە.
وێدەچێ‌ خەڵكی عێراق پاش چەند ساڵا تاقیكردنەوەی چالاكییە سیاسییەكانی ئیسلامگەرا توندڕەوەكان‌و پڕ كردنەوەی بۆشایییە مەزهەبییەكان، بەو ئاكامە گەیشتبن كە ئەم جارە حكوومەتی سێكۆلارو غەیرە ئیسلامگەرایی بۆ چارەسەریی كێشەكانی عێراق تاقی بكەونەوە. فیكری ئەوتۆ لە سوننییەكانی عێراقدا زیاتر دەبینرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر بڕیار لە سەر ئیسلامگەرایی بێت، زۆرینەی شێعە دەستێكی باڵایان لە داهاتووی عێراقدا دەبێت. جان سیمسون، دەبیری كاروباری نێونەتەوەیی تۆڕی جیهانی BBC، وتی: ئەگەری هاتنە سەر كاری دەوڵەتێك بە بەریانە مەزهەبییەكان لە عێراقدا كەمە.

كۆماری ئیسلامی لە عێراقی پاش هەڵبژاردنەكاندا:

لە ماوەی تەبلیغاتی هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا بەردەوام ناوی رێژیمی كۆماری ئیسلامی وەكوو دەوڵەتێك كە تێیدا دەستێوەردان بكات، لە ئارادا بوو. تەنانەت باڵوێزی ئامریكا‌و فەرماندەی هێزی ئامریكایییەكان لە عێراقدا بە فەرمی وتبوویان كە ئێران لە رێگای مۆرەكانیەوە لە عێراقدا بۆتەی هۆی رەتكردنەوەی سەلاحییەتی ئەو بەربژارانە كە بەرامبەر بە ئێران هەڵوێستی دژبەرانەیان هەیە. چوار ئیتلاف لە عێراقدا شانسی سەركەوتنیان زۆرە. ئیتلافی نەتەوەیی عێراق بە رێبەریی عەمار حەكیم، ئیتلافی دەوڵەتی یاسا بە رێبەریی نووری مالكی، لیستەی ئەلعەراقییە بە رێبەریی ئەیاد عەلاوی‌و هاوپەیمانیی كوردستانی بە رێبەریی مەسعوود بارزانی.
لە ئیتلافی نەتەوەیی عێراقدا، ئەحمەد چەلەبی، سیاسەتوانی سێكۆلار، لەگەڵا رەوتی سەدر بە رێبەری موقتەدا سەدر، ئاخووندی لاوو توندڕەوەی شێعە، لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی ئەو ئیتلافەن كە لەگەڵا ئێراندا پێوەندیی نزیكیان هەیە. مەجلیسی بەرزی ئیسلامیی عێراق سەر بە بنەماڵەی حەكیم‌و سەر بە ئیتلافی نەتەوەیی عێراق، لەگەڵا ئێراندا پێوەندیی سیاسی‌و ماڵیی هەیە. بەڵام مەسەلەی گرینگتر ئەوەیە كە رێبەرانی ئەو حیزبە پێبەند بە تیۆرییەكانی ویلایەتی فەقیهی ئێران واتە خامنەیین‌و زۆربەیان خامنەیی بە تەنیا بڕیاردەری موسڵمانانی جیهان دەزانن.
نووری مالكی پێوەندیی باشی لەگەل بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی هەیەو لە دەورانی چوار ساڵەی سەرۆك وەزیرانیدا چەندین جار سەردانی ئێرانی كردووەو لەگەڵا پلەبەرزەكانی رێژیمدا لەوانە خامنەیی چاوپێكەوتنی هەبووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش مالكی دەڵێ‌ بۆ یەكگرتووی عێراق هەوڵ بدرێت. لیستەی ئەلعەراقییە بە رێبەریی ئەیاد عەلاوی كە زۆرتر لە سێكۆلارە سوننی مەزهەبەكان پێك هاتووە، كەسانی وەك ساڵح موتڵەك‌و تارق هاشمی تێدایە كە دژی سیاسەتەكانی رێژیمی ئێران هەڵوێست دەگرن. ساڵح موتڵەك كە وەك دژبەری توندی كۆماری ئیسلامی ناسراوە، پێش لە هەڵبژاردن سەلاحییەتی رەت كرابۆوە.
لە پرۆسەی دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەكانی پارلمانی عێراقدا كە ئەم وڵاتە دەچێتە نێو قۆناغێكی نوێوە، بە كەمڕەنگ بوونەوەو دابەزینی ئاستی پێگەی ئەو حیزبەو گرووپانە كە لایەنگرو پێڕەوی كۆماری ئیسلامیی ئێرانن، وێدەچێ‌ پێگەی كۆماری ئیسلامیش لەو وڵاتەدا كەمڕەنگ بێتەوە. بەڵام لە ناكۆكیی نێوان گرووپە شێعەكان لە عێراقدا كە هێندێكیان سێكۆلارو هێندێكیان ئیسلامگەرا، هێندێك لایەنگری ئێران‌و هێندێكیان دژی ئێرانن، لەوانەیە كۆماری ئیسلامی بتوانێت كەڵكی خۆی وەربگرێت‌و دەستێوەردان لە داهاتووی عێراقدا بكات.

هەرێمی كوردستان‌و داهاتوویەكی گەش:
لە هەریمَی كوردستان كە دەتوانین بڵێین ئارامترین ناوچەی عێراقە، هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی مەدەنیانەو دوور لە توندوتیژی‌و تەقینەوە بەڕێوە چوو كە تێیدا چوار لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی بە رێبەریی مەسعوود بارزانی، لیستی گۆڕان بە رێبەریی نەوشیروان مستەفا، یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی چوونە ململانێیەكی تا رادەیەك زۆر شارستانییەوە. ئەم جارە رادەی بەشداریی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستاندا لە ناوچەكانی دیكەی عێراق زیاتر بووە. كەشوهەوایەكی هێمن بەسەر هەڵبژاردنەكان لەم هەرێمدا زاڵا بووە. ئەمنییەت بە رادەیەك لە هەرێمی كوردستان لە رۆژی هەڵبژاردنەكاندا پارێزراو بوو كە تەنانەت هێندێك لە هەواڵنێرانی كاناڵە ئاسمانییە ناودارەكان وەك BBCو دەنگی ئامریكا، لەو هەرێمەدا هەواڵ‌و راپۆرتیان لە سەر بارودۆخی گشتیی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەو پێشكەش دەكرد.
ئەوەش پیشاندەری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان پاش ئەو هەموو خەبات‌و قوربانیدان‌و بەرخۆدانە بە ئەزموونێكی باشەوە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو دێموكراسی‌و سەقامگیری هەنگاو دەنێ‌. سەرەڕای فیكرو ئایدۆلۆژیای جۆراوجۆر لە هەرێمی كوردستاندا، هەموو لایەنەكانی لەسەر خاڵە بنەڕەتییەكان كە پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیییە هاوڕاو هاودەنگن. هەر ئەو چاوەڕوانییەش لە بەرپرسان‌و لایەنە جۆراوجۆرەكانی هەرێمی كوردستان هەیە كە پاراستنی بەهاو بەرژەوەندییە نەتەوەیییەكان بە ئەركی هاوبەش‌و سەرەكی چ لە ئاستی هەرێمدا‌و چ لە ئاستی عێراقدا بزانرێت‌و بۆ جێبەجێ‌ بوونی هەوڵا بدرێت. بە دڵنیایییەوە دەتوانین بڵێین كە ئەم جارەش هەرێمی كوردستان لە بەردەم تاقیكارییەكی هەستیاردا سەربەرز‌و سەركەوتوو هاتە دەر كە ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی یەكگرتووی‌و یەكڕیزیی نیشتمانی‌و نەتەوەیی‌و داكۆكی لە خاك‌و مافەكانی كوردەكانی ئەم بەشەی نیشتمانە خۆشەویستەكەمان. ئیرادەی خەڵكی كوردستان ئەم جارەش پیشانی دا كە كورد خوازیاری ئاشتی، دێموكراسی، هاوژینی، سەقامگیری‌و ئارامی‌و دژی توندوتیژیو نائارامی و ناتەبایییە.بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا هەرێمی كوردستان دەبێ‌ وشیارتر لە هەمیشە لە گەڵ هاوكێشە سیاسییەكاندا بجووڵێتەوە.دوكتور مەحموود عوسمان،پارلمانتاری فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی لە پارلمانی عێراقدا،لە لێدوانێك بۆ رادیۆ نەوا وتی : پێویستە كورد لە بەغداد ئەزموون لە هەڵەكانی پێشووی وەربگرێت.ناوبراو وێرای ئاماژە بە بەشداریی كورد لە حەوت ساڵی رابردوو لە بەرێوەبەریی عێراقدا وتی :كورد دەبێ‌ بزانێ‌ چۆن یاری بە كارتەكان دەكات ،بۆ نموونە ئەگەر پێشتر هاوپەیمانی كردووەو هەڵە بووە دەرسی لێ‌ وەرگرێ‌ و بە شێوەیەكی دیكە بجووڵێتەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە 25 لەسەدی كورسییەكانی پارلمانی ئەم وڵاتە بۆ ژنان دیاری كراوەو تەنانەت ژن بە پێی یاسا مافی ئەوەی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش خۆی هەڵ بژێرێت، هەموو رەوتە فیكری‌و سیاسییە جۆراوجۆرەكان تێیدا بەشدارن، سەركەوتنێكی گەورە بۆ خەڵكی عێراقە كە بەرەو داهاتوویەكی نوێ‌‌و پڕ لە ئومێد هەنگاو دەنێن.
لە كۆتاییدا ئەو قسەیەی كاترین ئاشتۆن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا دێنمەوە یاد كە وتی: رادەی بەشداریی خەڵكی عێراق لە هەڵبژاردنەكاندا تەئیدێكی دیكە بۆ دەروەستیی خەڵكی عێراق بە عێراقێكی دێموكراتیكە.

....
سه‌رچاوه‌: پێشمه‌رگه‌کان
20100312


?>

 
     
  هه‌موو مافه‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ پارێزراوه‌