ئامریکای باکوور
---------------------
واتای سیاسه‌ت ، ڕامیاری ، پۆڵیتیك له زمانی ئه‌غریقی کۆندا :-
پۆڵیی = گه‌مه ، تیکا = ڕێوی ، پۆڵیتیکا = گه‌مه‌ی ڕێوی
( په‌یمانگای باڵای ئه‌پێستیزمی ئه‌رستۆتالییه‌ت )
--------------------------------------
- ونستۆن چه‌رچڵ - ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا سه‌رقاڵی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گرنگ بوو ده‌رباره‌ی چۆنێتیی بن بڕ کردنی گه‌نده‌ڵیی و دزیی و به‌رتیل خواردن ، له ناکاو زه‌نگی ته‌له‌فۆنه تایبه‌تیه‌که‌ی به‌رده‌می لێ ئه‌دات ، ده‌نگ هاوار هاواری شڵه‌ژاوی ژنه‌که‌یه‌تی :- ( پیاوه‌که فریا که‌وه دز هاتۆته سه‌ر ماڵه‌که‌مان ) ، چه‌رچڵ به هێمنیی چاوێك به ژماره‌ی هه‌موو وه‌زیره‌کاندا ئه‌خشێنێت و ئه‌بینێت سه‌رجه‌میان له‌وێ ئاماده‌ن و که‌س دووا نه‌که‌وتووه ، بۆیه به‌ر له‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌که دابخاته‌وه زۆر له سه‌رخۆ به ژنه‌که‌ی ئه‌ڵێت :- ( خۆشه‌ویسته‌که‌م بێ خه‌م به ، چوونکه به سه‌ری تۆ هه‌موو وه‌زیره‌کان لێره‌ن و باوه‌ڕ ناکه‌م ئه‌وه‌ی که هاتۆته سه‌ر ماڵه‌که‌مان دز بێت ، هه‌ڵبه‌ته چاوت ڕه‌شکه‌و پێشکه‌ی کردووه !! )
--------------------------------------------
سه‌راپای سیاسه‌تمه‌داران به هه‌ره کلاسیك و هاوچه‌رخه‌کانیانه‌وه زۆر چاك له‌وه دڵنیان - فه‌سادی سیاسی - که خوڵقێنه‌ری هه‌موو فه‌ساده هه‌مه چه‌شنه‌کا‌نی تری ناو کۆمه‌ڵگایه درووست له شێوه‌ی حوکمی هه‌ڕه‌مییدا له لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌ر هه‌ڵئه‌ده‌ن نه‌ك له بنکه‌وه ، نزیك ترین نموونه - حه‌بیب بورقێبه 1903 - 2000 وه‌ك سه‌رۆك کۆماری تونس و خاوه‌نی چوار جۆر دیپلۆمی باڵای ئه‌و کاته‌ی فه‌ره‌نسی ، دوو به‌کالۆریۆس له یاسا و سیاسه‌تی نێو ده‌وڵه‌تیی ، ماسته‌ر له زانستی ئیداره‌ی حوکم له سۆربۆن و چه‌ندان دۆکتۆرای - شانازیی ، فه‌خریی - له بوواره جیا جیاکانی سیسیۆلۆژیا و ئاشتیی و دێمۆکراتیی و هتد .. هاوکات دووه‌م مێردی خانمی نووسه‌ر و محامی - پارێزه‌ری - فه‌ره‌نسی ناسراو له مافه‌کانی مرۆڤ - ماتێلد لۆران = موفیده بورقێبه - ، هه‌موو ئه‌م خوێندن و شاره‌زایی و ناوبانگ و پله و ئیمتیازاتانه ، که‌چی ئه‌م سه‌رۆکه ناسراوه به عیشقی سه‌رمه‌دیی کورسی ده‌سه‌ڵاته‌وه ، که له یه‌ك کاتدا نموونه‌ی سه‌رۆکه دیپلۆمدار و دونیا دیده‌کان و ، له به‌رانبه‌ریشدا داپڵۆسێنه‌ر ترین حوکمڕانی عاره‌ب و سه‌ر سه‌خت ترین نه‌یاری ووشه‌ی دیمۆکراتییه‌ت و ئۆپۆزسیۆن و ڕای جیاواز بوو ، له دوای نزیکی په‌نجاو چوار ساڵ حوکمی تاکڕه‌ویی و شێوازی بڕیار دانی هه‌ڕه‌میی ئه‌نتیکه و نیمچه شێتانه ، سه‌ر ئه‌نجام سێ به‌شی هێزی مێشکی له ده‌ست دابوو ، جۆره له ده‌ست دانێك که زۆر جار له ناو کۆشکی کۆماریدا به بیجامه و ته‌واوی پله سه‌ربازیی و مه‌ده‌نیی و مه‌دالیاکانی سه‌ر شان و به‌رۆکیه‌وه ده‌مێك به یاری تاووڵه کردن له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌کان و جار جاریش به سه‌ما کردن له‌گه‌ڵ ئافره‌ته کاره‌که‌ره‌کانی ناو کۆشکه‌وه سه‌رقاڵ بوو ، بۆرقێبه هه‌ر کات له ناو کۆشکیش بێزار ببووایه ئه‌وا دیسان وه‌ك خوویه‌کی هه‌میشه‌یی ، خۆ ئه‌گه‌رچی ئه‌و پیاوێکی سه‌ربازییش نه‌بوو ، به‌ڵام هه‌ر جاره‌و به ڕیزێك پله‌ی جیاواز و سه‌ر سووڕ هێنه‌ری سه‌ر شانیه‌وه ، له‌گه‌ڵ چه‌ند سندووقێکی پڕ له دۆلار و قافڵه که‌ژاوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێل ئه‌که‌وته گه‌شتی درێژ خایه‌نی ناو شاره‌کان ، بۆرقێبه به به سه‌ر بردنی هه‌مان که‌یفی سادیستیانه‌ی گوێ گرتن له گرمه‌ی ئاهه‌نگ و حه‌شره هوتافی پڕ موباله‌غه‌ی پیا هه‌ڵدان و درووشمی - بژی ، بژی - خه‌ڵکانی برسی شوێن دۆلاره‌که زۆر که‌یف خۆش ئه‌بوو ، ئه‌و پڕ به یه‌ك چنگ دۆلاری ئه‌به‌خشی و وه‌زاره‌تی دارایی‌ش پڕ به - ده - چنگ دۆلاری له لیستی خه‌رجیاتی بوودجه‌دا تۆمار ئه‌کرد ! ، له یه‌کێك له‌و گه‌شتانه‌دا که حه‌بیب بۆرقێبه شۆرتێکی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و کراسێکی خاکیی به تاج و ئه‌ستێره نه‌خشێندراوی پۆشیبوو ، له قافڵه که‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبێله‌کانی دابه‌زی و ڕووه و ئه‌و دیواره چوو که له سه‌ری نووسرابوو - ( ئه‌ی حه‌بیبی چوار لا پڕ ئه‌حبا‌بی دۆلار ، پشوو به ، ئه‌م ده‌وڵه‌ته برسییه به سه‌رۆکێکی خڵه‌فاو و چه‌ند وه‌زاره‌تێکی ئه‌ڵقه له گوێ ناچێت به ڕێوه ) - ئه‌م خێرا فرمانی دا که به دوو بزمار و ڕیزه ته‌نافێك دۆلار نووسینه‌که داپۆشن و له ژێریدا بنووسن - بژی سه‌رۆك بۆرقێبه‌ی قاره‌مان و کابینه هۆشمه‌نده‌که‌ی !! - ، بۆرقێبه هێشتا سواری ئوتۆمبێله‌که‌ی نه‌بووبۆوه که دیسان ڕیزه دۆلار له لایه‌ن خه‌ڵکانی ڕه‌ش و ڕووت و برسییه‌وه دزراو و هه‌مان نووسینه‌که‌ی پێشتر ده‌رکه‌وته‌وه ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م پینه و په‌ڕۆ مۆدێل کلاسیك و شێواز تۆتالیتاریه کاتیانه خه‌سڵه‌تێکی سیاسیی و بگره کلتووریی ڕه‌گ داکوتراوی زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌تانی خۆر هه‌ڵات و ناوینه‌که‌ی و سێ به‌شی ئاسیاشه ، جا ئه‌گه‌ر ئاستی خڵه‌فاویی بۆرقێبه‌یه‌کی خاوه‌ن چوار دیپلۆمی باڵا و چوار جۆر زمانی بێگانه زان بگاته ئه‌و قۆناغه‌ی که ده‌ستووری سیاسیی و یاسایی زاده‌ی فیکری سه‌دان پسپۆڕی ووڵاتی توونس بگۆڕێت به ده‌ستوورێکی خوار و خێچی چه‌ند شه‌وێکی سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی نووستنه‌که‌ی خۆی و ، ته‌نانه‌ت له شێواندنی بواری په‌روه‌رده‌شدا بڵێت :- ولیام شکسپیر - یش له بنه‌چه‌دا عاره‌بێکی بنه‌ماڵه‌ی کۆنی ئێمه‌یه و ناوه ئه‌سڵه‌که‌ی - وه‌لید شێخ زوبێره - !! ، ئیتر ئاخۆ به‌م حاڵه و بۆ ڕۆژێکی وه‌ك ئه‌مڕۆ له نێوان ئه‌م دوو پرسه‌ی خواره‌وه‌دا کامیان زیاتر مایه‌ی به‌ره‌و پێش چوون و خۆشنوودی گه‌لانی جیهانن ؟ ، یه‌که‌میان ئایا چوونه سه‌ر سندووقی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌گه‌ر - سه‌د ته‌زویری ئاوه‌شه‌م ئاسا و که‌مێك به‌رژه‌وه‌ندی تاکه که‌سیی به‌رجه‌سته کراویشی تێدا بێت ؟! - یاخوود ئایا دیسان ده‌می خۆ دوورین و سه‌ر له نوێ به باڵای لێپرسراودا هه‌ڵدان و ته‌قدیس کردنه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کان ، که سه‌ر ئه‌نجام ببێته مایه‌ی خووڵقاندنه‌وه‌ی تاقه یه‌ك - بۆرقێبه - ؟!! ، من له وه‌ڵامدا بێ هیچ دوو دڵییه‌ك ئه‌ڵێم :- ده‌یان فرت و فێڵی سه‌ر سندووقی هه‌ڵبژاردنه‌کانم پێ باشتره له یه‌ك سه‌رۆکی تاکڕه‌وی بۆرقێبه ئاسا و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی سیسته‌می - بڕیار هه‌ڕه‌میی - عامودی - پشت که‌والیسه تاریکه‌کان که دوای هه‌شت ساڵ حوکم ئۆتۆماتیکیانه پڕۆسیسه پڕ ماڵ وێرانییه‌کانی دیکتاتۆرییه‌ت به بێ هیچ گومانێك سه‌ر هه‌ڵ ئه‌ده‌ن ، چوونکه ئه‌شێت له‌و ده‌یان فرت و فێڵه‌دا - ئه‌گه‌ر کۆمسیۆنه باڵاکان چاریشی نه‌که‌ن - ئه‌وا ته‌نها چه‌ند هه‌زار ده‌نگێکی فه‌رامۆش کراو ببنه - قۆچی قووربانیی - ، به‌ڵام به هاتنه ئارای سه‌رۆکێکی تۆتالیتاری و بڕیار مه‌رکه‌زیی له لووتکه مه‌ته‌ڵ ئاساکانه‌وه ، به دڵنیایی ملیۆنه‌ها که‌س ئه‌بنه سووته‌مه‌نی دۆزه‌خه مه‌زاجییه‌کانی ئه‌و سووڵته دووره ده‌ست و نامۆ به کۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات شاقوولیانه ، دیکارت ئه‌ڵێت هه‌ر هێنده گرنگ نیه که هۆشێکی باشمان هه‌بێت ، به‌ڵکوو گرنگتر ئه‌وه‌یه که ئه‌و هۆشه به شێوه‌یه‌کی باش به کار بهێنین ، تاقه مه‌به‌ستم له‌م ووته‌یه‌ی دیکارت ئه‌وه‌یه ، ئه‌گه‌ر جه‌وهه‌ر و پێوانه‌ی هه‌موو دیارده‌کان ته‌نها هۆشمه‌ندی بوونایه ئه‌وا ئێمه‌ی کورد به‌ر له زۆرینه‌ی ووڵاتانی ده‌ڤه‌ره‌که له مێژ بوو ووڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆمانمان له مۆدێرن ترین شێوه‌دا پێکه‌وه نابوو ،
-------------------------------------------------------
له واده‌ی ئاشکرا کردنی به‌یانی یانزه‌ی ئازاردا که ئێمه‌ی کورد له‌و دایه‌لۆگه‌دا زیاتر لایه‌نێکی بڕیار سه‌پێنه‌ر و حکوومه‌تی به‌غداش له نێوان دوو به‌رداشی مه‌ته‌ڵ ئاسادا بوو ، ئه‌و ده‌م قووتابیی پۆلی سێ و چواری سه‌ره‌تایی بووم ، ئه‌وی ڕۆژێ به هه‌زاران خه‌ڵکی ساده و دڵپاك حه‌زیان ئه‌کرد له ژێر ئه‌فێکتی هه‌مان خۆ به خاوه‌ن بڕیار زاندا چه‌ند دێڕێك پیرۆزبایی بنووسن ، ناسیاوێكی به ته‌مه‌ن بۆ پیاهه‌ڵدانی پرۆتۆکۆلی ڕۆژی ژماره یانزه‌ی به‌هاری ناوبراو و به مه‌به‌ستی ڕزگار بوونیش له پرسی پڕ ته‌متوومانی سنووری حه‌مرێنی کورد ، ژماره - یه‌ك - ێکی نووسیبوو ، لێی پرسیم بۆ ئه‌وه‌ی له ژماره - یانزه - که دڵنیا بێت داخۆ ژماره - یه‌که - که‌ی تر بخاته لای ڕاست یاخوود چه‌پ ؟!! ، بیرمه کابرای ناسیاو دوای چاره‌که کاتژمێرێك دایه‌لۆگی خۆ سه‌پێرانه نه‌ئه‌هاته ژێر ئه‌و باره‌ی که ئه‌و ژماره - یه‌که‌ی - دووه‌م له هه‌ر لایه‌کدا بنووسرێت جیاوازی نیه چوونکه سه‌رئه‌نجام هه‌ر ئه‌کاته‌وه - یانزه - ، تا ئێره و بۆ ئه‌و زه‌مانه کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆ گه‌وره نه‌بوو ، به‌ڵکوو دیارده‌ی هه‌ره سامناك ئه‌وه بوو له یه‌که‌م سه‌ردانه‌وه‌ی هه‌رێمه فێدراله‌که‌ماندا بینیم کابرای ناسیاوی که‌م خوێنده‌واری جاران نزیکی یانزه ساڵ بوو به پله‌ی پشکێنه‌ر له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده خانه نشین کرابوو ، ئاخر هه‌ر هاوپێچ به شیکاری مانشێته‌که‌ی سه‌ره‌وه‌م ئه‌ڵێم ، که‌م نین ژماره‌ی ئه‌و نووسه‌ر و بیرمه‌نده گوومناو و ماندووه گوێ لێ نه‌گیراوانه‌ی ئه‌مڕۆی کورد که ساڵه‌هایه له ڕێگای ده‌یان ڕێنمایی پسپۆڕانه و هۆشداریی دانی خۆ به‌خشانه و پلان نیشان دان و هتد .. سه‌ره‌تا لێپرسراوێکی خۆ سه‌پێنه‌رو گوێ ئاخنراو هیچ نرخێك بۆ ڕاو بۆچوونی پڕ خزمه‌تگووزارییان ناگرێت ، که‌چی دوواتر و کاتێك که ناو براوانی ڕۆشنگه‌ر وه‌ك ئاوه‌شه‌می فه‌رامۆش کراو ڕۆ ئه‌چنه ناو پاییزه ته‌مه‌نی پیریی ، یا ئه‌بنه میوانی مه‌رگێکی بێ ده‌نگ ، ئیتر ده‌موو ده‌ست له غافڵه قه‌ڵه‌م وه‌شاندێکی بێ وویژدانه‌دا هه‌مان که‌سانی سه‌ر سفره حازره‌که به بێ بچووك ترین هێما دان به ڕه‌نجی ئه‌و دڵسۆزانه‌ی پێشتر ، زۆر بێ منه‌تانه چوون قه‌له ڕه‌شکه‌یه‌ك که په‌ڕی هه‌ڵۆی پۆشیبێت ، به قیڕه قیڕی نه‌شاز و به بێ هیچ شه‌رمێك سه‌راپای پانتایی ئاسمانی ئه‌و بیرۆ‌کانه‌ی پێشتر ئه‌که‌نه موڵکی خۆیان ، موخته‌سه‌ر سه‌باره‌ت به هۆکاری ئه‌م دیارده هه‌ره ناشرینانه‌ی وه‌ك سه‌پاندنی به زۆره ملێی فیکر و ، خۆ به زل زانین و دزینی داهێنانی یه‌کتر و هتد .. کاتی خۆی پرسیارم له مامۆستا مه‌سعود موحه‌مه‌دی به‌هه‌شتیی کرد ، ئه‌و زۆر به کورتیی و له وه‌ڵامدا ووتی جارێکیان نه‌فامێك له نه‌فامێکی تر ئه‌پرسێت ئه‌وه بۆ کوێ ئه‌چیت ؟ ، کابرای نه‌فامی دووه‌م ئه‌ڵێت وه‌ڵا نازانم ، ئه‌ی تۆ بۆ کوێ ئه‌چیت ؟ ئه‌میش هاو وه‌ڵام ئه‌ڵێت وه‌ڵا منیش نازانم بۆ کوێ ئه‌چم ، نه‌فامی دووه‌م به په‌له ئه‌ڵێت که‌واته هه‌ردووکمان ڕێگامان یه‌ك ڕێگایه و تکایه که‌مێك ده‌ست و برد بکه با دووا نه‌که‌وین !! ) جا کوڕی خۆم دونیا به‌هه‌شتی نه‌فامانه و قه‌ت هه‌وڵی به بلیمه‌ت بوون نه‌ده‌یت ئه‌گینا دوواجار کونجێك شك نابه‌یت تاکوو تیایدا بژیت .
.........
سه‌رچاوه: پێشمه‌رگه‌کان
?>